بۆ یادی ئەو کیژ و کوڕە ئەویندارانەی گەلی ئەرمەن وا لە جینۆسایدی ٢٤/٤/١٩١٥
بەدەست حکوومەتی تورکیا دەستەملانی خاک بوون
بەیتی 'خەج و سیامەند'ی کوردی و تراژێدیای مەرگی ئەو دوو دڵدارە جوانەمەرگە، ناسیاوی گوێی زوربەی ئێمە لە کوردستانە. بەڵام واهەیە کەمتر کەسێکمان ئاگاداری ئەوە بین کە چیرۆکە شیعری 'سیامانتۆ و خەجێ زارە'ی شاعیرێکی ئەرمەنی دەقی هاوشێوەی بەیتە کوردییەکەی ئێمەیە.
چیرۆکە شیعرەکە، 'هوهانس کاراپێتیان (شیراز)' شاعیری گەورەی شیعری لیریکی ئەرمەنستان (١٩١٤-١٩٨٤) لە ساڵی ١٩٣٥دا هۆندوویەتەوە، ئالک خاچادوریان وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و ساڵانێک پێش ئێستا لە تاران چاپکراوە.[1] سەرەتا و ناساندنی کتێبەکە هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکەن کە ئایا چیرۆکەکە لە فەرهەنگی گەلی ئەرمەندا بنەمایەکی کۆنتری فۆلکلۆریشی هەبووە یان نا، و دیارە ئەگەر نەبووبێت، سەرجەم شاکارەکەی هوهانس شیراز خوڵقاوی زیهنی خۆی و لەژێر کارتێکەریی ڕاستەخۆی بەیتە کوردییەکەدا نووسراوە.[2]کورد و ئەرمەن وەک دوو گەلی هاوچارەنووسی ژێرچەپۆکەی تورکانی عوسمانی و ئیتیحادی، نزیکایەتی فەرهەنگیشیان زۆرە.
لە بەیتی کوردییدا هەردوو ئاشقە و ماشقەی ناو حیکایەتەکە، کورد و خەڵکی کوێستانی 'کێلە سیپان'ن لە ناوچەی لاجانی پیرانشار. بەڵام بەگوێرەی چیرۆکە ئەرمەنییەکە، خەج کورد و تاقە منداڵی 'زارە'- دەرەبەگی گەورەی ناوچەکەیە و کۆمەڵی ڕەعیەتان بە سیامانتۆی شوانی ماڵی زارەوە، ئەرمەن و لە کوێستانی گەورە وگرانی 'سیپان' لە سەر دەریاچەی وان دەژین. چیرۆکی شیراز جگە لە هاوشێوەیی ناوی خەج لەگەڵ خەجێ و سیامەند لەگەڵ سیامانتۆ، دیاردەی هاوبەشی زیاتری لەگەڵ بەیتە کوردییەکە هەیە: ناوی جەمۆ و حەمۆ کە یار و پشتیوانی سیامانتۆن، کوردییەکی تەواون، سیپان و کێلەسیپان کە شانۆی سەرەکیی ڕووداوەکانن، باوەکوو لە دوو ناوچەی جیاواز، بەڵام وێچووی یەکترن؛ لەهەردوو داستانەکەدا کوڕەلاوەکە کچی دڵخوازی هەڵدەگرێت و پێکەوە دەچنە کوێستان؛ خەج لە بەیتە کوردییەکەدا خەون بە حەوت گامێش و کەڵێکی گچکەوە دەبینێ بەڵام لە شیعری شیرازدا چل کەڵەکێوی دێنە خەونی خەجێ. سیامانتۆش وەک سیامەند دەچێتە شەڕەجەنگی کەڵەکێوییک و لە هەردوو ڕیوایەتدا لەسەرچیاوە بەردەبێتە خوارەوە و دەکەوێتە سەر دارەبەنان. بەیتە کوردییەکە دەڵێ سیامەند بە شاخی کەڵەکێوییەکە لە چیا هەڵدەدێردرێت بەڵام چیرۆکە شیعرەکە چارەنووسی بە شێوەیەکی دیکە بۆ دەنووسێ. لەوێدا دوای ئەوەی سیامانتۆ کەڵەکێوی دەکووژێ، سوارەی ڕەشپۆش بە تیرێک دەیپێکێ و دەیخاتە خوارەوەی دۆڵەکە. خەجی ئەوینداری فیداکار کە ناتوانێ مەرگی خۆشەویستەکەی ببینێ، لە هەردوو چیرۆکدا خۆی لە چیاوە دەخاتە خوارێ و لەمردندا دەبێتە هاوبەشی کوڕەلاوی فیداکاری بوێر.[3]
چیرۆکە ئەرمەنییەکە وەک بەیتە کوردییەکە شیرین بەڵام دڵتەزێنە. ئەوەی خوارەوە هەڵبژاردەیەکی ڕووداوەکانە بە قەڵەمی سیحراویی هوانس شیراز- شاعیری مەزنی ئەرمەنستان:
سیامانتۆ لە شەوێکی درێژی شوانکارەییدا خەو بە خەجی ژیکەڵانەوە دەبینێ کە سەرەتا لە بیچمی ئاسکە کێوییەکی چەلەنگدا لێی دەردەکەوێت و پاشان دەبێتە کچۆڵەیەکی نازدار. کوڕ و کچ دەکەونە داوی ئەوینی یەکتر و بۆ 'درێژەی سوێندی ئەوینداری' ئەنگوستیلەکانیان دەگۆڕنەوە.[4] هەر لە خەونەکەدا 'دوو لێوی گەرمیان لێک گرێدەدرێن' وپاشان کچی گۆرین دەستبەجێ دەبێتەوە ئاسکە سڵەکەی سەرەتای کار و لەناو تاشە بەردەکانی چیای سیپاندا لەچاوی سیامانتۆی حەسرەتکێش بزر دەبێ. ئیتر ئەوە سیامانتۆیە و سێڵاوی فرمێسکی چاوە تامەزرۆکانی و هاوارێک کە هیچکەس جگە لە ئەشکەوتەکان گوێیان لێنابێت.
شانۆی دواتری چیرۆکەکە، دەستەی کیژۆڵانی گوندەکەیە هەرکام بە گۆزەیەکەوە هاتوونەتە سەر کانیاوێکی پیرۆز و گۆرانی دەچڕن:
"ئەی کانیە پیرۆزەکە، ئەی سەرچاوەی ئاوات، جێ خەوی تەنیاییم کێ پڕی دەکاتەوە؟
چۆن دەکرێ لەگەڵ پیرێکدا پەیمان ببەسترێ کە شایانی من نەبێ؟
گوڵێکی وەک من گوڵدانێکی گەنج و لاوی پێویستە."
شوانەوێڵە لە دوورەوە بە ودمی ئاوازی شمشاڵ یارە ژیکەڵانەکەی خۆی لە ناو گەلی دە نازداراندا دەناسێتەوە و پێیدا هەڵدەڵێ:
"جووتە مەمکی لە گوێن دوو سێوی سەر لقەداری تازەبەر و
ناوقەدی لە چەشنی ملی قووی دەریای 'وان'ە."
ئینجا بانگ دەهێڵێ:
"ئەی ئاسکۆڵەی ناو خەوی شیرینی دوێشەوم!
قومێک لە ئاوی گۆزەکەت خەڵاتی لێوی تینووم بکە."
خەجێ دێتە پێشەوە و بە شەرمەوە گۆزەکەی پێشکەش دەکات و دەڵێ:
"من ئاسکەکەی خەوی دوێشەوی تۆم، تۆ ڕاوچی و من ئاسک!"
گەلی دەچاوکاڵانی هاوڕێی خەج کە شانۆکە دەبینن، دەنگ بەرز دەکەنەوە:
'خەڵوەتێکی خۆشتان بێت؛ ئەوینی نهێنی چ شیرینە!' و پێکەوەیان جێدەهێڵن.
تاشەبەردەکان لە خەمی خەوی ئەویندا دەچەمێنەوە، بەڵام چ کەردەن؟ ئەم زونناری بەستووە و ئەویش کچی خانێکی دەست ڕۆیشتووی کورد! چەندە دڵڕەشی دەبێ دڵی عاشق بشکێنی!
ئەوین هێز دەهێنێتە بەر سیامانتۆ و بە دەستی بەتاڵ دەیباتە خوازبێنی خەج لەلای باوکە دەسەڵاتدارەکەی.
زارە خان: "شوانە ڕووتە، چ بوێرییەک توانیویەتی ئەو کەلامە بخاتە سەر لێوت؟ تەنیا فەرمانی مردن بەرخ دەباتە پێشوازیکردنی گورگ! سیپان و وان بەجێ بهێڵە، هیچیتر چاوت بە خەجێ ناکەوێتەوە؛ کچی خان هەزار سەر مەڕی دەوێ و تۆ بزنەگەڕێکت نییە!"
هەوری پایز بەسەر سیپانی خەمباردا داباری.
خەج لەباوکی پاڕاوە: " هێلانەی پەڕەسێلکەی بێ باڵ تێکمەدە بابە! لێگەڕێ با هەڵۆی سیپان بگەڕێتەوە سەر هێلانەکەی!"
تووڕەیی خان زیاتر بڵێسەی سەند؛ سیامانتۆ شاربەدەر کرا.
چاوەڕوانیی سیامانتۆ حەوت ساڵی ڕەبەقی کێشا، و لەو ماوەیەدا ئاگری ئەوینی خەج لە گرپە وگڕ نەکەوت. بەشێک لە نۆکەرانی کورد و ئەرمەنیی خان، کە دژایەتیی چینایەتیشیان لەگەڵیدا بوو، دڵیان بە دوو دڵدارەکە سووتا و پشتی سیامانتۆیان گرت:
"هۆ سیامانتۆ! کوردی هەژار، ئەرمەنییەکی نەدار لە خانی زۆردار بە چاکتر دەزانێ. خەڵکانی ئازاد فرمێسکەکانت دەسڕنەوە. ئێمە دۆستی ڕۆژانی تەنگانەی تۆین و وەک دیارییەک گراوییەکەت پێشکەش دەکەین."
شەڕێکی قورس لە نێوان ڕەعیەتی لایەنگری خان لەلایەک و سیامانتۆ و دۆستەکانی لەلایەکیتر، ڕوویدا. جەمۆ و حەمۆی دلێر ئەسپ و شیری ناو کەلانیان بەتاڵان هێنا و دایانە سیامانتۆ.
سیامانتۆی ئازا لە شەڕدا زارەی گرت بەڵام لەبەر خاتری خەج نەیکوشت و ئازادی کرد.
دوایین شانۆی چیرۆکەکە، کاتێکە خەجێ بەنابەدڵی بە مێرد دراوە و سوارێکی سیاپۆش لە تەرکی ئەسپەکەی خۆی دایناوە و دەیبات بۆ زاوا. سیامانتۆ و هاوڕێ کورد و ئەرمەنەکانی ڕێگەیان پێدەگرن، سیامانتۆ لە شەڕێکی بێ ئەماندا خەج لە تەرکی ئەسپی سوارە دەڕفێنێ و لەگەڵ خۆیدا دەیبا:
"هۆ خەجێ تۆ لە باوەشمدای و هەرگیز باوەڕم نەدەکرد!"
و خەج بۆی دەستێنێتەوە:
"تۆ لەباوەشمدای و هەرگیز باوەڕم نەدەکرد!"
خەج بە ماچێکی سیامانتۆ دەبوو بە هەڵم و سەیری حەوت قاتی ئاسمانی دەکرد.
دوو گیانی ئارەزوومەند بە چاوەڕوانیی حەوت ساڵانەوە لە سەر چیای سیپان بوون بەیەک. برینی ئەو هەموو دوورییە بە مەڵحەمی ماچ چاک بوونەوە و خونچەی هەڵاڵەی کوێستانان سوورتر پشکووتن. ئاوازی بولبول شەوقێکی تازەی بەخۆیەوە بینی و شەو بوو بە شەوگاری ئەوین و شادی. ئەی هەتاوی بەیانی! چیتر دەرمەکەوە و ئەی گوڵ و بەرد و ئاسکۆڵان، ئەی ڕووبار و ئەی بای شەماڵ، وەرن ئێوەش لەو جەژنەدا بەشدار بن، با ئەوینی دوو دڵدار هەموولایەکتان هاوبەشی شادییەکەیان بکات.
سیامانتۆ - "خەجێ، خاڵی سەر سینگت چەندە لە خاڵی ڕوومەتت دەچێ!"
خەج- "خۆشەویستەکەم، پێشکەشی تۆ بن!"
- خەجێ ،ئەوین لە کوێستان ڕەشماڵی هەڵداوە، تۆش دابەزە!
- ئەوین هەر خۆی کوێستانە، بەخێر بێ!
-خەجێ، لە ئەوین بەولاوە بەهەشتێک نییە.
- ماچ لەویش باڵاترە.
سیامانتۆ بە ماچێک دەمی خەجی بەست و وشە لە ناو شیرینیی ماچدا ون بوو.
مخابن ئەوین و باوەش تەنیا خەونێکن. دوو دڵدار چوونە خەوێکی قووڵەوە. خەج لە خەونیدا چل کەڵی بینی شوێن گامێشە کێوییەک کەوتبوون و هەرکام دەیویست خۆ بکاتە خاوەنی. لە ئەنجامدا یەکیان سەرکەوت.
کەڵەکێوییەک لەژوور سەریان نەعرەتەی کێشا. ڕەنگی خەج زەردهەڵگەڕا
سیامانتۆ چاوی هەڵێنا، ڕابوو و کەوتە ڕێگا.
- بۆ کوێ دەچی؟
- تۆ خەریکی دەستچینی گوڵ بە، تا دەگەڕێمەوە.
- وەرە با گوڵی لێوی یەکتر دەستچین بکەین!
سیامانتۆ گوێی لێ نەبوو و بەرەو دۆڵ داکشا. لەوێ، کەڵەکێویی براوەی شەڕی دۆزییەوە و بە خەنجێر جەرگی ئاژنی.
بەڵام سوارە ڕەشپۆشەکەی شەڕی دوێنێ، خۆی لە بن بەردێکدا مڵاسدابوو و لە میانەی شەڕی سیامانتۆ و کەڵەکێویدا، بە تیرێک سیامانتۆی ئەنگاوت و بەسەر دارەبەناندا شۆڕی کردەوە.
خەج لای وابوو سیامانتۆ فریوی داوە و ڕۆیشتووە. بەشوێنیدا ڕۆیشت و بەلقی دارەبەنەوە دۆزییەوە:
- هۆ سیامانتۆ! کامە تیری ڕەش دڵی پێکای؟ بەزەییت بە تەنیاییەکەمدا بێت.
- خەجێ، چارەنووس ئەوینی لە خاچ داوە!
- چۆن بتوانم بە بێ تۆ باری خەفەت هەڵبگرم؟ ڕازی دڵم بە کامە مەحرەم بڵێم؟
- ئەوینەکەم، بێدەنگی بکە پەردەپۆشی ڕازی من.
- نا، خۆشەویستەکەم بەلەمی هیوام سوککانی شا، ئازارم لە بن نایەت، بەختەوەریم لێ ون بوو، پانتایی زەوی بکەنە گۆڕستان بۆم! دەریای وان لە داوێنی چیای سیپان، بە فرمێسکی گەلی ئەرمەن پێکهات! ئێوە ئەی با و بۆران پەنجە بخەنە ناو زوڵفەکانم، ئەم زوڵفە چیتر کەس دەستی پێدا ناهێنێت! هۆ قەلەڕەشەکان، بە دەندووک چاوم دەرێنن، چونکای چیتر کەسێک چاوم ماچ ناکات!
خەج وەک دایکی کۆرپە مردوو شیوەنی دەکرد؛ شیوەن دۆڵاودۆڵ دەڕۆیی؛ ڕوومەتی دەڕنی و پەنجەی دەخستە ناو زوڵفی پەرێشانیەوە.
دەنگی ناڵەناڵێک لە قووڵایی دۆڵەکەوە دەگەیشتە گوێ:
- خەجێ بگەڕێوە، بڕۆوە ماڵەوە.
- چ ماڵ و چ هێلانەیەک؟ من دەستەمۆی باوەشی تۆم، نە باڵم ماوە نە پەڕێک بۆ هەڵفڕین!
سوارەی ڕەشپۆش وەک قەلە ڕەشەیەک گەیشتە سەری و هاواری کرد: خەجێ! کوڕە شوان هاوسەری تۆ نییە، لە بن بەردێکدا چاوەڕێی ڕاوکردنی بووم و بە تیرێک سزای سەرکێشییەکەیم داوە بۆ ئەوەی بووکی براکەم نەڕفێنێت.
خەج وەک بەرخێکی ژێر چنگوڕی گورگی برسی، تێیدەڕوانی و قسەی بۆ نەدەکرا. لەپڕ وەک برووسکەیەک باڵی گرت و هاواری کرد:
- سیامانتۆ، سیامانت، ڕابە و بڕوانە!
پاشان وەک هەڵاڵەیەک لەبەر بای شەماڵ سەری شۆڕ کرد و ڕوانییە دۆڵەکە:
- سیامانتۆ باوەشت واڵاکە، باوەش بۆ خەجی خۆت واڵاکە! سیاماااااانننننننن... ناوی سیامانتۆ بە ناتەواوی لەسەر زمانی مایەوە؛ خۆی فڕێدایە قووڵایی دۆڵەکە، هەموو ئەندامی بەسەر دارەبەنەوە لەبەریەک چوون.
لەگەڵ چەرخی زەمانە و پشکوتنی بەهاران، هەمووساڵێ دوو هەڵاڵەی داغ لەسەردڵ، لە گیانی دۆڵەکەدا شین دەبن. دەگوترا پێش ئەو ڕووداوە، هیچ گوڵێکی داغدار لە باخچەی ڕۆژگاردا نەبوو و هەڵاڵەی ناوباغ یادگاری ئەو ئەوینە بێئەنجامەی خەجێ و سیامانتۆن!
"هەڵاڵەبرایمە گری گری!"[5]
[1] هوهانس شیراز، "سیامانتۆ و خجەزارە،"، ترجمە آلک خاچادوریان، ناشر ؟، ساڵ؟ دەبێ دوای ١٩٦٥ بێت.
[2] لەبیرمان نەچێت کە بەیتە کوردییەکە لە هەردوو زاراوەی کرمانجیی سەروو و خواروودا مێژوویەکی کۆنی هەیە و بەیتوێژەکان بە درێژایی سەدە و ساڵ، دەماودەم گێڕاویانەتەوە، بەڵام چیرۆکە شیعرە ئەرمەنییەکەی شیراز بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٥ دا نووسراوە.
[3] من بەیتی خەج و سیامەندم یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٠ بە نووسینەوەی نەمر سەیید عوبەیدیللای ئەییوبیان چاوپێکەوت کە کۆلێجی ئەدەبی زانکۆی تەورێز بە پیتی لاتینی بڵاوی کردبووەوە. بەڵام بۆ ئەم بەراوردکارییە کەڵکم لە دەقی دەنگبێژ حەمەڕەسووڵی سۆفی مینە وەرگرت لەم سەرچاوەیەدا: ئەحمەد بەحری، "گەنجی سەربەمۆر"، بەرگی یەک، چاپی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ساڵی ٢٠٠٠، لل ٣٠٥ -٩
[4] ئەو ئەنگوستیلە گۆڕینەوەیەی ناو، خەو دەمانگەڕێنێتەوە سەر بەیتی مەم و زین و چیرۆکە شیعرییەکەی ئەحمەدی خانی. وێدەچێ هوانس شیراز شارەزاییەکی باشی لە ئەدەبی فۆلکلۆریی کورددا بووبێت.
[5] ئەم شیعرە لە فۆلکلۆری کوردی وەرگیراوە و مامۆستا گۆرانی نەمر لە پارچە شیعرێکیدا کەڵکی لێوەرگرتووە.