پۆلیسی ئەمەریکا ناسنامەی تۆمەتباری ڕووداوی کوشتنی دوو کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی ئاشکرا دەکات
  2025-05-22       386       

پۆلیسی ئەمەریکا ناسنامەی تۆمەتباری ڕووداوی کوشتنی دوو کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن ئاشکرا کرد.

ئاوێنە: ئەمرۆ پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، پۆلیسی واشنتن ڕایگەیاند، ناسنامەی تۆمەتبارەکەیان ئاشکرا کردووە کە ناوی 'ئیلیاس ڕۆدرێگز' ـە و تەمەنی 30 ساڵە و  خەڵکی ویلایەتی شیکاگۆی ئەمەریکایە،  هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی واشنتن، تۆمەتبارەکە پێشتر لای پۆلیس ناسراو نەبووە.

پۆلیسی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە "پێش تەقەکردنەکە هیچ زانیارییەکی هەواڵگرییان لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستی یان تاوانی ڕق و کینە نەبووە."

پۆلیسی واشنتن ڕوونیشیکردەوە، تۆمەتبارەکە لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا هاواری کردووە "ئازادی بۆ فەڵەستین."

ئەوەش هاتووە: تۆمەتبارەکە پێش تەقەکردنەکە لە دەرەوەی مۆزەخانەی تایبەت بە جووەکان بینراوە،  دواتر لەلایەن کارمەندانی ئەمنیەوە دەستگیر کراوە.

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە کە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن تەقەیان لێ کراوە و کوژراون.

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: تەقەکردن لە دەرەوەی مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن، کردەوەیەکی تیرۆرییە دژە جووەکان.

دانۆن ڕوونیکردەوە کە دوای ڕووداوی تەقەکردنەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە.

بەپێی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن، ئەو دوو کارمەندەی باڵیۆزخانە کە لە دەرەوەی مۆزەخانەی جووەکان کوژراون، لە نزیکەوە تەقەیان لێ کراوە. کە ئافرەتێک و پیاوێک بوونە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×