عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی و دەشڵێت، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیلدا، ئەمریكا بە بەشدار دەزانن و بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ و جەختیش دەكاتەوە كە وەڵامی توندیان بۆ هەر هێرشێك دەبێت.
ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە نامەیەكی رەسمیدا كە ئاڕاستەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كردوە، وتویەتی، سەرنجتان رادەكێشین بۆ هەڕەشە دوبارەكانی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران كە لەدوایین هەڕەشەدا بەپێی میدیای ئەمریكی كە رۆژی 20ی ئەم مانگە بڵاویكردۆتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا باسیان لەوە كردوە كە ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئامادە دەكات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی بڕیارنامەو یاسا نێودەوڵەتییەكان هەر جۆرە هەڕەشەو هێرشێك بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتان پێشێلكارییەو هێرش بۆ سەر ئەو دامەزراوانە دەكرێت سەرەنجامی خراپی هەبێت بۆ سەر ئەو وڵاتەی هێرشی كراوەتە سەرو بۆ سەر وڵاتانی دەرەوەی سنورەكانی ئەو وڵاتەش.
عراقچی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەئەستۆیە، هەنگاوی خێراو كاریگەر لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانە بگرێتەبەر.
ئەوەشی خستۆتەڕو، زۆر پێویستە كە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش، دەستەبەجێ لەسەر ئەم بابەتە بێتە سەر خەت و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەكە، ڕاشكاوانە ئیدانەی ئەو هەڕەشانە بكات.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئێران هەمو هەنگاوێكی پێویست بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە هاوڵاتیانی و بەرژەوەندی و دامەزراوەكانی خۆی لەبەرامبەر هەر هێرشێكدا دەگرێتەبەر و هۆشداریش دەدات لەبارەی هەر سەركێشییەكی ئیسرائیل و ئاماژە بەوەشدەدات كە وەڵامی توندی بۆ هەر هەڕەشەو هێرشێكی ئیسرائیل دەبێت.
ئەوەشی وتوە، ئێمە لەو باوەڕەداین هەر جۆرە هێرشێك بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەمریكاش بەشدار دەبێت تێیدا و ئەمریكا بەرپرسیارێتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆ.
وتوشیەتی، لە حاڵەتی بەردەوامبونی ئەو جۆرە هەڕەشانەدا، ئێران ناچارە رێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی دامەزراوەكان و ماددە ئەتۆمییەكانی خۆی بگرێتەبەرو دواتر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە وردەكاری ئەو رێوشوێنانە ئاگاداردەكرێتەوە.