عراقچی: گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا ئەستەم نییە
  2025-05-23       154       

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی گەڕی پێنجەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە رۆما بەڕێوەبچێت. وەزیری دەرەوەی ئێران بەر لە بەڕێككەوتنی بەرەو رۆما رایگەیاند، گەیشتن بە رێككەوتن كارێكی ئەستەم نییە.

ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس لە پەیامێكدا وتی، دۆزێنەوەی رێگەیەك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، كارێكی ئەستەم نییە.

بەرپرسانی ئەمریكا لە لێدوانەكانیاندا جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئێران بۆی نییە بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خۆی وڵاتەكەی و دەبێت كورە ئەتۆمییەكانیشی لاببات، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە بەردەوام دەبن لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

عەباس عراقچی لە پەیامەكەیدا بە راشكاوی ئەوەی دوپاتكردتۆتەوە كە نەبونی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، بە واتای ئەوەیە كە دەتوانن بگەنە رێككەوتن، بەڵام نەپیتاندنی یۆرانیۆم بە مانای ئەوەیە ناتوانن بگەنە رێككەوتن.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی كردۆتەوە "ئێستا كاتی بڕیاردانە."

دوابەدوای پەیامەكەی، بەپێی میدیای ئێران عەباس عراقچی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەرەو رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێككەوتوە بۆ ئەنجامدانی گەڕی پێنجەمی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا كە بە نێوەندگیری عومان بەڕێوەدەچێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×