ئەندامێكی كونگرێسی ئەمریكی داوا دەكات غەززە بە چەكی ئەتۆمی بۆردومان بكرێت
  2025-05-23       281       

راندی فاین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی کە سەر بە کۆمارییەکانە داوا دەکات بە چەکی ئەتۆمی غەززە بۆردومان بكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەمریکا کوژران.

 ئاوێنە: راندی فاین، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكی كە سەر بە كۆمارییەكانە لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە بۆردومانکردنی غەززە بە چەکی ئەتۆمی کرد و رایگەیاند، "ئێمە دو جار ژاپۆنییەکانمان بە چەکی ئەتۆمی بۆردومان کرد بۆ ئەوەی بەبێ مەرج خۆیان بەدەستەوە بدەن. لێرەش (لە غەززە) پێویستە هەمان شت بکرێت."

بەقسەی ئەو كۆنگرێسمانە "شتێکی زۆر زۆر هەڵە لە کولتوری (فەلەستینییەكان)دا هەیە و دەبێت شکستی پێبهێندرێت."

 کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکە ئاماژەی بە خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین لە ئەمریکا کرد و وتی، "هیچ شتێکی ئاشتییانە لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستیندا نییە و دەبێت ئەو ئەهریمەنانە بە هەر رێگەیەک بێت سەرکوت بکرێن."

هەروەها پێی وایە کە "تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە (جەنگی غەززە) خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی و یەکجاری ئەوانەیە کە پشتیوانی لە تیرۆری موسڵمانان دەکەن."

وتەکانی ئەو کۆنگرێسمانە دوای ئەوە هاتن، شەوی چوارشەممە، کاتژمێر 09:05ـی شەو بە کاتی واشنتن 4:05ـی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەرێم لە نزیک مۆزەخانەی جوەکان لە واشنتن دی سی، دو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کوژران.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×