خولی پێنجەمی دانوستانەكانی تاران و واشنتۆن لە رۆما دەستپێكرد، وەزارەتی دەرەوەی ئیرانیش دەڵێت، ئەم خولەی دانوستانەکان یەكلاكەرەوە دەبین.
ئاوێنە: دوای سەعاتێك و 30 خولەك لە وادەی دیاریكراو دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستیپێكرد و ئێستا لە كۆبوونەوەدان.
هاوكات میدیاكانی ئیران راگەیاندووە، تا ئێستا هۆكاری دواكەوتنی دانوستانەكان بۆ ئەو سەعات و نیوە روونەبۆتەوە بەڵام پێدەچێت بەهۆی ئاڵوزی و قورسایی ئەم خولەی دانوستانەكانەوە بێت كە هەردوولا دەیانەوێت بە ئەنجامێكی باشەوە كۆتایی بە دانوستانەكان بهێنن.
لە لایەكی دیكەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیران رایگەیاند، خولی پێنجەمی دانوستانەكان زۆر هەستیارن و روبەروی زۆر ئاڵانگاری بونەتەوە بەڵام پێدەچێت یەكلاكەرەوەبێت.
هاوكات، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێش گەشتەكەشی لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك رێككەوتنێك ناكات كە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی سفر بێت، هەر بۆیە كاتی ئەوەیە ئەمریكا بڕیاری كۆتایی خۆی بدات لە بارەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە.