دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر یەكێتی ئەوروپاو كۆمپانیای ئەپڵ دەكات و دەڵێت، پێشنیار دەكەم لە 1ی مانگی داهاتوەوە، باجی گومرگی بەڕێژەی 50% بەسەر یەكێتی ئەوروپادا بسەپێنرێت.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ هەینی، لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" راگەیاند، یەكێتی ئەوروپا كە ئامانجی سەرەكی دامەزراندنی بەكارهێنانی ئەمریكایە لەڕوی بازرگانییەوە، مامەڵەكردن لەگەڵیدا زۆر سەختە.
سەرۆكی ئەمریكا پیی وایە، كۆسپە بازرگانییەكانی ئەمریكا، گومرگەكانی، سزا گەورەكانی لەسەر كۆمپانیاكان، تەگەرە بازرگانییە نانەختینەكانی، یاریكردن بە كاش، سكاڵا یاساییە ناڕەواكانی لەدژی كۆمپانیا ئەمریكییەكان، بۆتە مایەی كورتهێنانی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا بە بەهای زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری ساڵانە كە ئەوەش بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە.
ترەمپ وتوشیەتی، گفتوگۆكانمان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا هیچ ئەنجامی نابێت، بۆیە پێشنیار دەكەم لە 1ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە باجی گومرگی بەڕێژەی 50% بەسەر یەكێتی ئەوروپادا بسەپێنرێت.
وتوشیەتی، ئەو باجە گومرگییە ئەو بەرهەمانە ناگرێتەوە كە لە ئەمریكا دروست دەكرێن.
ترەمپ لە پۆستێكی تردا وتویەتی، ماوەیەكی زۆر لەمەوبەر بە تیم كوك، سەرۆكی كۆمپانیای ئەپڵم وت، ئەو تەلەفۆن و ئایفۆنانەی كۆمپانیاكە كە دروستیان دەكات دەبێت لە ئەمریكا دروست بكرێن نەك لە هیندستان یان شوێنێكی تر، ئەگەر نا ئەوا دەبێت ئەپل باجی گومرگی بەڕێژەیەك كە لە 25% كەمتر نەبێت بە ئەمریكا بدات.