لەبارەی كاردانەوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەبارەت بەو دوو گرێبەستەی لەم رۆژانەدا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی واژۆیان كرد، بۆ پێشخستنی چەند كێڵگەیەكی نەوت و گاز، بەرپرسێکی پێشووی نەوت دەڵێت: پێدەچێت بەغدا تەنها بەیاننامەی رەتکردنەوە دەربکات و نەتوانێت گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان رابگرێت.
ئەو بەرپرسە كە قسەی بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت كردووە و وتویەتی: ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن لە نەبوونی یاسایەکی روون و ئاشکرای تایبەت بە نەوت.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو گرێبەستە نوێیانەی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە پێدەچێت مەبەست لێی پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ بێت، بەتایبەتی لە پرسی پەیوەست بە غاز، كە وڵات زۆر پێویستی پێیەتی، مەبەست لێی هەناردەکردنی دەرەوەی وڵات نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بابەتە پێویستی بە رێککەوتنی روون و شەفاف هەیە لەنێوان بەغدا و هەولێر.
ناكۆكییە نوێكان لەكاتێكدایە، بەهۆی وەستانی نزیکەی دوو ساڵەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، زیانەکانی عێراق بە نزیکەی 15 ملیار دۆلار دەخەمڵنێرێت، سەرەڕای چەندین لێدوانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی نزیکبوونەوەی هەناردەکردن، بەڵام تائێستا هەناردەكردنی نەوت راگیراوە.
ئەو بەرپرسە نەوتییە ئاماژە بەوە دەکات: لە بەرژەوەندی دارایی عێراقدایە کە هەناردەکردنی نەوتی کورد لە رێگەی جەیهانەوە رابگیرێت؛ بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی زۆری بە بەراورد بە نرخی نەوت لە کێڵگەکانی باشووری وڵات.
بەدووریشی دەزانێت بەغدا و هەولێر بگەنە رێككەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی تەمەنی ئەم حکومەتەی ئێستادا، کە بەرەو كۆتایی دەچێت و رەنگە ئەو پرسە بگوازرێتەوە بۆ حکومەتی داهاتوو.
دادگاکانی عێراق پێشتر دانیان بە شەرعیەت و یاسایی بوونی ئەو گرێبەستانەدا ناوە و هیچ کەم و کوڕییەکی یاساییان لەسەر نییە، تاکە گۆڕانکارییەک کە روویداوە، سنووردارە بەو کۆمپانیایە کە ئەو گرێبەستانە بەڕێوەدەبات و، گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بەپێی ئەو رێکارە یاسایی و گرێبەستیانەی کە لە رێککەوتنە واژۆکراوەکانی پێشوودا دیاریکراون.
رۆژی دووشەممە 19ـی 5ـی 2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.
ئەو دوو کۆمپانیای ئەمریکییەی کە رێککەوتنەکەیان لەگەڵدا واژۆ کراوە، چەند ساڵێکە سەرقاڵی پەرەپێدانی وەبەرهێنانن لە کەرتی نەوت و غاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوتن لە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەری نوێ نین.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا وتی: ئەو دوو گرێبەستە، بەتایبەتی گرێبەستی تایبەت بە کەرتی گاز، دەبنە هۆی زیادکردنی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز.
جەختیشی کردەوە کە "بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی گازەوە، بەرهەمی کارەباش زیاد دەکات،" ئەمەش وادەکات ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەهێزتر بکرێت.