بۆ ئەوەی ناونیشانێکی وەها بسەلمێندرێت، لایەنی کەم دەبێت ناوەڕۆکی بابەتەکە لەسەر چەند فاکتێک هەڵچنرابن:
یەکەم: هەموو جارێک پڕۆفیسۆر "جۆن مێرشایمەر" پێمان دەڵێت؛ ناتوانیت پێشبینی هیچ داهاتووییەک بکەیت، بەبێ بوونی "تیۆر"ێکی دیاریکراو. ئایا لەم لووتکەو دیدار (Forum) و کۆڕبەندانەدا کەسێک لە ئێوە گوێی لە تیۆرییەکی زانستی بوە!؟ بەپێچەوانەوە، ئێستا ئێوە دەتوانن سەدان قسەی سواو، جووڵەو شتی پڕوپووچ بژمێرن کە تەنانەت هەندێک میدیای فووتێکراو (خۆیان فوویان تێکراوە) فوو دەکەنە ئەم ژینگەیەوە؛ ئەمە داماوی فیکرییە (لە ئیشی کەسێک دەچێت ئاو بکاتە تانکییەکەوە، کە لەژێرەوە کون-کون بوە).
دیدار و لووتکەو کۆنفڕانسەکان گوایە بەرئەنجامی ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییەکانن، تەنانەت لە پێشکەشکارو ڕێبەرانی ئەم دیدارانە بپرسیت "ڕووداو-Event" چی یە؟ ئایا لە ڕووانگەی کۆڵۆنیاڵیست و پۆست کۆڵۆنیاڵیستەکان، مۆدێرنسیست و پۆست مۆدێرنیستەکان، لیبراڵیست و نیۆ-لیبراڵەکانەوە "ڕووداو"بۆ ڕوودەدا!؟ مارکسیزم و پۆست مارکسیتەکان (کە ئێستا قیت بوونەتەوە) چۆن دەڕواننە "ڕووداو"!؟ مەگەر هەموو ئەوانەو هی دیکەش تیۆریی ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نین!؟
دوەم: کەواتە لێرەدا دیالەکتیک (Dialigo ی ئیغریقی) نییە، واتە مشتوومڕ، گفتوگۆ نییە؛ کە هەر تەنانەت لەسەدەکانی کۆنەوە دیالۆگ (دیالەکتیک واتای بەریەککەوتنی دژەکان و تێزە جیاوازەکانی بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی گونجاو و دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەریی-ڕاستەقینە) هۆکار بوە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت. بەڵام لەم دیدارانە ئەوانە بەیەک دەگەن کە پارە سپی دەکەنەوە، نمایش بە کچی جوان و ئافرەت دەکەن، بەناوی لۆبییەوە ملیۆنەها دۆلار لە دەستەڵاتداران دەکەنەوە، کارت دەگۆڕنەوە بۆ ئەوەی گرووپ- گرووپ لەئایندەدا سەربەکدابکەن بۆ داماڵین و داهێزرانی کۆمەڵگە، هەموویان وەکو یەکن، هیچ گفتوگۆ و مشتومڕێک نییە لەسەر هیچ پرسێکی ئەوتۆ!
سێهەم: کەواتە ئەگەر دیالۆگ نەبێت، تیۆرییەک یان مەعریفەیەکی ڕاستەقینە نەبێت تۆ خۆتی پێوە سەرقاڵ بکەی؛ گوایە خەریکی چیت!؟ مانای وایە لەناو هەمان بازنەی بۆش و بەتاڵدا دەسووڕێیتەوە، میوانەکان و قسەکەرەکان هەموویان هەر-دەڵێن؛ من پارساڵ لە ئەم جێگەیە وام وت و ئێستاش هەر ئەوەتا هەر وایە و وەکو خۆیەتی! مانای وایە تۆ وەک ناوەندێکی توێژینەوە، وەک خانەیەکی بیرکەرەوە (Think-tank) ئیشت زانست و مەعریفە نەبوە، کاری تۆ کۆکردنەوەی داتاو زانیاری نەبوە، دیالۆگ نەبوە...و...تادوایی و، ژینگەکە بەگشتی وەک خۆیەتی و خراپتریش بوە! هەر ئەوانە خۆیان پیس و خراپیان کردوە.
چوارەم: لووتکەو دیدارەکان و تەنانەت میدیا فووتێکراوەکان کە هەر بە زۆر و جەبری پارەو مکیاج دەیانەوێ خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن، نەک ئیش لەسەر دەرخستنی ڕەگی کێشەکان و چارەسەرکرنیان ناکەن، بەڵکو ئیشی ئەوان شاردنەوەی ئەو هەقیقەتەیە کە لە پشتەوە چی دەگوزەرێت، چەند کەسێک چۆن بەرژەوەندییەکانیان پێکەوە نووساندوەو چەند کەسێکی دیکەی مشەخۆریش لەولاولەملاوە دەیانەوێ سەرەتاتکێیەک بکەن!
بۆ نموونە، ئایا کۆمەڵگەو ژیانی-ماددیی- کۆمەڵایەتی کوردستان بەرەو دواوە چوە یان پێشەوە!؟ زۆرینەیەک دەڵێن بۆ دواوە چوە..بۆچی؟ جاڕیکیان دۆستی ئازیزم کاک جەلالی سام ئاغا (کە لە زوەوە منی وەک برازایەکی خۆی ناوبردوە) بەناوی خووشکەکەیەوە باخچەیەکی ساوایانی درووستکردبو، ڕادەستی حکومەتی دەکرد، لەوێ جەنابی وەزیری پەروەردە (ئەویش هەر هاوڕێیەکی بەڕێزمانە) لە وتارەکەیدا وتی؛ دەبێت پەروەردە بەرەو پێشەوە بیەین! مامۆستایەکی ئافرەتی خانەنشین، هەستاو وتی؛ وەڵا،،دەبێت پەرورەردە ببەنە دواوە، چوونکە جاران باشتر بوو!
ئێستا پرسیارەکەی من ئەوەیە سەرەکیترین هۆکارێک کە ڕاستەوخۆ ئیش لەسەر باشترکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی دەکات، ئیش لەسەر مێژووی کۆمەڵگە دەکات چی یە!؟
هەیە دەڵێت فاکتەری جوگرافیا هۆکار بوە، بێ گومان ژینگەی جوگرافی یەکێکە لە هەلومەرجە بەردەوام و حەتمیەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگە و بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی کۆمەڵگا هەیە، یان خێراترکردنی یان دواخستنی. بەڵام کاریگەرییەکەی یەکلاکەرەوە نییە؛ ئەوروپا زیاتر لە سێ هەزار ساڵە سێ سیستەمی مێژوویی تێپەڕاند (کۆمەڵگەی سەرەتایی، کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، تا گەیشتوە بە سەرمایەداریی) و، هیچ گۆڕانێکی جوگرافی ئەوتۆشی بەسەردا نەهاتوە.
هەیە لایوایە ژمارەی دانیشتوان هۆکارە. بێ گومان "دۆخی ماددی ژیانی کۆمەڵگایەک"پەیوەستە بە بوونی خەڵکەوە. بەڵام ئەگەر گەشەی دانیشتووان پێوەری هێزی گەشەسەندنی کۆمەڵگا بووایە، ئەوا لە چلەکانی سەدەی بیستەمدا "چین" لەپێش ئەمریکاو سۆڤییەتەوە دەبوو؛ چڕی دانیشتوانی چین لەسەرەتای دوەمین جەنگی جیهانیشدا چوار هێندەی ئەمەریکا بوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا لە پێوەرەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیدا لە چین زۆر لە پێشتر بوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە سیستەمی نیمچە فیۆداڵی لە چین هێشتا ئەوساش ئێستاش تاڕادەیەک زاڵە، لە کاتێکدا ئەمریکا لە مێژە گەیشتە بەرزترین قۆناغی گەشەسەندنی سەرمایەداری. گەشەی دانیشتوان هێزی سەرەکی پاڵنەری گەشەسەندنی کۆمەڵگە نییە، و ناتوانێت ببێتە ئەو هێزەی کە سیمای سیستەمی کۆمەڵایەتی، و تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگە دیاری بکات. تەنانەت ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ژمارەی دانیشتوانەکەی یانزە ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسێکە ( ٨٥٪ بۆ ٩٢٪ ی دانیشتوانی دوبەی بیانیین) بەم ژمارە کەمەوە نیزیکەی ٤٠٠ ملیار
دۆلار وەبەرهێنانی لە تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکردو سیستمەکانی هەڵگرتنی داتاو زانیارییدا کردوە! وڵاتیش هەیە چل ملیۆن کەسە، خەریکە مووچەی پێ دابین ناکرێت!
ئەی کەواتە هێزی بنچینەیی لەناو کۆی هەلومەرجی ماددی ژیاندا چییە کە سیماکانی کۆمەڵگا و سیمای سیستەمی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی کۆمەڵگا لە سیستەمێکەوە بۆ سیستەمێکی تر دیاری دەکات؟ مێژوو پێمان دەڵێت؛ بەرهەمهێنان و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و یاساکانی بەرهەمهێنانە. ئێوە قەت یەکێک لەو پیاوە سپۆرتانەی ناو دیدارەکانتان بینوە ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی شتێکدا هەبوو بێت؟! قەت دیدار و لووتکەیەکتان بینوە باس لە ژیانی مادیی کۆمەڵگە بکات لەڕوانگەی بەرهەمهێنانەوە!؟ خەباتکاری ڕاستەقینە لەوێدا نین؛ ئەوێ لە زۆڕ ڕوانگەوە خوانێکی حەرامە. زۆربەی ئەوانە هەر زۆر `ڕق و داخیان لە کۆمەڵگەو خەڵکە، چینایەتی درووست دەکەن، لووتبەرز، بێ بەها (هیچ خاڵێکی ئەوتۆی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژووییان نییە بۆی بگەڕێنەوە).. ئەوانە هەندێکیان قەڵس و تووڕە دەبن و تەوسەیان بەوە دێت یەکێک ڕۆژێک بڵێت؛ من ئەوەندە شەهیدو ئەنفالم داوە...زۆر لەدڵەوە پێکەنینیان بە ئەقڵی کادرەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانیش دێت؛ چوونکە ئەوانە قووڵاییەکی هزریی، کۆمەڵایەتی و مێژووییان نییە، وە لەبنەمادا ئیشی ئەوان باشترکردنی ڕەوشی کۆمەڵگەو توانای ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان نییە:
سەیری بکە، لە ناوچەیەکی وەک هەرێمی کوردستان چەندین ماددە بەرهەم دێت و هەناردە دەکرێت، من تەنها باسی کارگەو پاڵێوگەکانی قیر و بازرگانی قیر دەکەم، کە "قیر"ی کوردستان دەگاتە چین و هیندو تورکیاو بەندەرەکانی تەڕتوس و حوڕە زەرگەو مێرسین و...تادوایی، هەموو ئەمانە ئاستێکی خوێندەواریی وەهاشیان نییە، توانیویانە بگەنە ڕاستییەکانی ژیان، شێوازەکانی کارکردنی ڕاستەقینە بدۆزنەوە، بەڵام پیاوان و ژنانی ناو دیدارەکان بە دانیشتن و خۆ-گۆڕینێکی ئاسایی و کۆفی-برێکێک دەیانەوێت بێن خۆیان بەسەر ئەم چین و توێژە بەرهەمهێنەرانەشدا بنوێنن.
بۆیە، دیدار و کۆڕبەندو لووتکەکان ماوەیەک هەر قسەی زلیان تیا دەکرد، ئێستا قسەی پووچ و سواو؛ بۆ نموونە؛ تۆ چەند ساڵە نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە جیهان گوێت لە لووتکەی جیهانی ژینگەو پیسبوونی کەشوهەوا دەبێت؟ ئایا کێشەکان کەڵەگەترو ئاووهەوا تادێت پیستر نەبوە!؟ با.. دە-دیارە بۆ شتێکی تر، مەرامێکی تر ڕێک دەخرێن!
بەهەرحاڵ، هەر یەکێک و ""یەکێک"" ئاڕاستەی دەکات، هەر یەکێک و "شوێنێک" ئاڕاستەی دەکات؛ هەیە خۆی نازانێت کێ ئاڕاستەی دەکات بەڵکو ئەو هەر کۆمپانیاکە دەناسێت کە پاڵپشتی دەکات.. بەگشتی خەم و خواستە زانستی و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانیی و کوردستانییەکان لەم شوێنانە نین.
ئینجا ئەوەی باشە، کەس ناتوانێت لە خوار ئەم نووسینەوە بنووسێت؛ ئەم کابرایە خۆی هیچی پێ ناکرێت و پڕمە و پلار لەخەڵکی دیکە دەگرێت؛ من منداڵیم لەلادێ شوان بووم، ئێستا کڕیارەکانی نەوتی عێراق و کەنداو بۆ پرسی کەشتییەکانیان ئیمەیڵ و تەلەفۆنم بۆ دەکەن، کۆتا کتێبم لە ٧٠٠٠ دامەزروەی جیهانی و ١٨٠ دەوڵەت بەردەستە لەلایەن یەکەمین و بەهێزترین بڵاوکەرەوەی جیهان (سپرینگە نەیچە) بڵاوبۆتەوە، خۆشم زیاتر لە دە ساڵە بێ هیچ پاڵپشتی و هاوکارییەک (بگرە دژایەتییەکی بێماناو زۆر) ناوەندێکی توێژینەوەم دامەزراندوەو، هەر خۆم زیاتر لە (١٥٠) توێژینەوەو ڕاپۆرتی پۆڵەسیم بە سێ زمان تیا بڵاوکردۆتەوە و بەدەیان ئاژانسی عێراقی بیانیش وەک سەرچاوە ئاماژەیان پێکردوە.. بە توانای خۆم و پاڵپشتی دۆستەکانم ماستەرو دکتۆرام خوێندوەو، تامی زانستێکی ڕاستەقینەم کردوە؛ بە دەیان کۆڕبەندو دیداریش لە چەندین وڵات بەشداربووم،،قوربانی و مێژووی بەرخۆدانەکەش هەر هی ئێمەو خانەوادەی هاوشێوەی ئێمەیە؛ بەڵام ئەوە بۆ خاکی کوردستان بوە نەک بۆ باسکردن.. زیاتر لەوەش گازی سرووشتی و کارەباو غازی ماڵانەکەش هی ئێمە لە لادێ و قەزای ئێمەوە دێت، ئەو نوخبەیە بۆ خۆیان ڕۆژانە ملیۆنەها دۆلاریان لێوە دەستدەکەوێت.