با مێشەکان گوێیان لێ نەبێ: وەرنەوە بۆ خوێ! 

بەهرۆز جەعفەر
  2024-02-05     130

کەسێک لوقمەقازی دەفرۆشێ، بە گەڕەکەکانی شاردا دەگەڕێ و هاوار دەکا؛ وەرنەوە بۆ خوێ..ئەوەیە خوێ! پێی دەڵێن ئەمە کەی خوێیە!؟ دەڵێ؛ خوێیە..دەنگتان هێواش بکەن با « مێشەکان» نەزانن کە لوقمەقازییەو گوێیان لێ نەبێ. 

بۆ ماوەی ساڵێک پتر دەبێ، زۆر بە ئاشکرا دەبینم، بەتەواوەتی هەست بەهەوڵی دامودەستگەی سیخوڕییە دەرەکییەکان لەناو ناوەندە حیزبی و حکومیی و میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان دا دەکەم. مرۆڤ هەرچی بێ ڕەوشتییە لەم گۆی زەوییە بیکات تا ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندی بە خودی خۆیەوە هەیە (بۆیە لە مێژوودا ئەم جۆرەیان کەمتر باس دەکرێ). لەبەرانبەردا، بەد-ئەخلاقترین مرۆڤەکانی ناو مێژوو ئەوانەن سیخوڕییان لەسەر خاکی خۆیان بۆ بێگانە کردوە؛ ئەوانەی بۆ گەیشتن بە پلەو پۆستێک، بە کۆمپانیایەک، بە بەڕێوەبەری وێبسایتێک بە دەستی یەک بێ یان دوو و  سێ دەبنە فەرمانبەر و چاوی دوژمنانی خاک و گەلەکەی خۆیان، پێشووتر دەزگا سیخوڕییەکان هەموو خاڵە لاوازەکانی ژیان و کەسێتی ئەمانە وەردەگرن، لەوێوە بۆی دەچنە ناوەوە و لە هەموو بەهاو ڕەوشت و کەرامەتێک دای دەماڵن، تاوەکو بێدەربەست بێ بەرانبەر هەموو شتێک. 

بەپێی ئەزموونی حەڤدە ساڵ لە پیشەکەمان و پەیوەندی بەرفراوانمان لەگەڵ ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، بە پێی زانیاری و کنەکردنی بەردەوام، لە سێ ئاستدا دامودەزگەی جاسووسی و سیخوڕی وڵاتان هاتونەتە ناوەوە:

یەکەمیان/ لە ئاستی حیزب و حکومەت و سەرکردایەتی و سکرتێری بەرپرسەکان و بەڕێوەبەری دیوانەکاندا، ئەمانە لە تۆڕێک دەچن کە «داتا بەیس» ی خۆیان هەبێ بۆ هەرکەسێک ڕوو لە حکومەت بکات. بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دەستوەردانەکان لەناوچەکەدا؛ ڕووسیا ( سۆڤیەتی پێشوو) لەگەڵ ئێران ئەم هەوڵانە پتر دەدەن، بۆ داڕزاندن و بۆگەن کردنی کۆمەڵگاکانی دەوروبەری خۆیان؛ خەڵکی زۆر نەشیاو دەخەنە شوێنە هەستیار و گرنگەکانەوە، ئافرەت بەکاردەهێنن و دەیخەنە پۆستی جۆراوجۆرەوە، کۆمپانیا لە ژێر ناوی سەرمایەگوزارییدا دەکەنەوە، ئامرازەکانی میدیا ئاڕاستە دەکەن و..تادوایی. جۆرێک لە داتا بەیسیان هەیە بۆ ئەوەی هەرکەسێک ڕووی تێکردن و زانییان یەک تۆزێک ئەقڵ و بیرکردنەوەی هەیە؛ ئەوان بە هەموو شێوەیەکی ناجۆر ئیش لەسەر بێ هیواکردن و تووڕەکردن و پەراوێزخستنی بکەنەوە. لەبەرئەوە ئەگەر کوردێک پرۆژەیەکی زانستی یان ڕزگاریی نیشتیمانیی تەواوەتی هەبوو؛ دەبێ زۆر وریا بێ لە ناو حیزب و دامەزراوە حکومییەکانەوە نە باسی بکات نە پێشکەشی بکات ( ئەگەر یەک تۆز ئەقڵت هەیە نابێ بەهیچ شێوەیەک نیشانی بەیت، ئەگینا تووشی زۆر بابەتی سەیر و سەمەرە دەبێ).  

دووەمیان/ لەسەر ئاستی داعش و تۆڕە توندڕەوەکانە. بە لێکدانەوە بۆ ئەو مێرد منداڵ یان کەسانەی داعش دەستی پێیان گەیشتوەو کردونی بە خانەو شانەی نهێنی خۆی، هەموویان ئەوانەن کە خاوەن کەسێتی لاواز، کەسانێک و نیشتەجێ بووی شوێنانێک کە کەمترین ئاست و دەستی هوشیاری و زانستی  پێگەیشتوە و لەوێوە داعش هاتۆتە ناوەوە. نزیکەی ساڵێک زیاترە داعش و شانەکانی هەوڵی داوە بگاتە ماڵی بەرپرسەکان و پلەدارە سەربازیی و حیزبییەکان و ئەندامانی ئەو خێزانانە فریو بدات. 

سێهەمیان/ درووستکردنی ناڕەزایی و پشێویی لە ژێر ناوی بێ مووچەیی و نەبوونی ژیان بە دەست دەستەڵاتی بێباک و بێدەربەست و بێ دامەزراوەی نیشتیمانیی دا. هاوڵاتییەک کە نانی نییە، نەخۆشەو پارەی چوونە پزیشکی نییە، سەرچاوەی گوزەرانی نییە و خەمەکانی ڕۆژگار لە پەلوپۆی خستوە؛ ماڵ و منداڵی هەیەو پێداویستیی پێ دابین ناکرێ، ئەمە حکومەت و حیزبە دەستەڵاتدارەکان لێی بەرپرسن، کاتێک دوژمن دێتە ناوەوەو هەموو ئەو بۆشایی و ناڕەزایەتییانە دەقۆزێتەوە، تا چاوی کۆمەڵگا لەسەر ئەوە لابدات چەند کیلۆمەترێک ئەولاتر دەستی کردوە بە بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک بۆ ئەجێندایەکی ناوچەیی مەترسیدار؛ ئەمەش هەر دەستەڵاتی ناوخۆیی لێی بەرپرسە. وڵاتێکی وەک ئێران و کەسێکی وەک «حەسەن سەباح» نیزیکەی هەزار ساڵ پێش ئێستا لە «قەڵای ئەلەموت» ەوە ڕاهێنانی بە منداڵ و گەنجان کردوە لە ڕێگەی خەواندنیان بە ماددەی هۆشبەر و نیشاندانی بەهەشت و..  تادوایی. حەسەنی سەباح لە قەڵای ئەلەموتەوە نامەی بۆ پاشاکانی مەغریب و تونس و میسر ناردوەو دەستوەردانی لە دوو کیشوەردا کردوە [ حەسەنی سەباح دوو جار هەوڵی کوشتنی سەڵاحەدینی ئەیوبی داوە]. ڕووسەکان زیاتر لە ڕێگەی چەسپاندن و جێکردنەوەی پیاوەکانی خۆیان لە ناو حکومەتەکان و حیزبەکاندا هەوڵیانداوە کاری خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی لەولاوە خۆیان بە بێدەنگ هەژموونی ئابوریی و سیاسیی خۆیان زاڵ بکەن. ئەمانە بەرەبەرە ئافرەتێکی تەواو بێ کەسێتی دەدۆزنەوە دەیکەن بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەکان، پیاوی زۆر نەخوێنەوار و دەبەنگ لەناو دەستگا ئەمنییەکاندا دەکەن بە بەڕێوەبەری پەیوەندییە دەرەکییەکان، کچ و کوڕی هەڵپە- هەڵپکەری سەردەمەکە ( ئەوانەی قەت دەستیان بەر کتێبێک نەکەوتوە بۆ خوێندنەوە) بە ڕێگەی پیاوەکانی خۆیانەوە دەهێنن دەستگای میدیایی و پەیج و تەلەفزیۆنی ئەلیکترۆنیان بۆ دەکەنەوە، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لەژێر ناوی عەنتیکەدا دەکەنەوە ( بە بێ ئەوەی سەرۆک و ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانە تەنانەت بزانن کۆمەڵگە- Society چی یە؟ مەدەنی- Civil چییەو لە کوێوە هاتوە). ئیتر ئاوا چییان ویست بە دەستی دوو  پێیان دەکەن، بۆ کوێیان بوێ دەیانبەن بەملاولادا.. ئیتر کوردیش چوونکە هەمیشە حەزی لە چاولێکەریی و کێبڕکێیە لەگەڵ نیزیک و هاوڕێکانی خۆی، حەزی لە گۆڕینی ئۆتۆمبیل و مۆبایل و کەرەستەی ناو ماڵەکەیەتی، قەت حەزی لەوە نییە ئەقڵییەت و شێواز و کەرەستەکانی بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێ، بۆیە زۆر ساویلکانە تێی دەکەوێ!  لە هەرێمی کوردستان چوونکە کاری هەواڵگریی و دامەزراوەی نیشتیمانیی و خۆ- گونجاندن لەگەڵ زانستی هاوچەرخدا نەبوەو نییە، کەشوهەواکەش لەبارە بۆ دوژمنان و وڵاتانی ئەملاولا تاوەکو بە ئاشکراو نهێنی کاری خۆیان بە پێی ئەجێندای خۆیان بکەن. حیزبی کوردیی و ماڵی کوردیی ئەوەندەی داخ داوە بە تاکەکانی کۆمەڵگە؛ زۆر بن یان کەم پەیدا بوونە هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی تۆڵە لە یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی دی بکەنەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×