وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا
دواکەوتنی پێدانی مووچە بووە پشێوەییەک کە گوزەرانی ژیانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بێزار کرد، کە هەزاران لە خێزانەکان پشت بەم مووچانە دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان. ئەم دواکەوتنە بووەهۆی فشارێکی گەورەی ئابووری و دەروونی ،کە پاڵنەری فەرمانبەران بوو بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ داواکردنی مافە داراییەکانیان. لە هەنگاوێکی بوێرانەدا، ١٣ مامۆستا مانیان لە خواردن گرت بۆ ماوەی دوو هەفتە لە شاری سلێمانیدا ، وەک دەربڕینێک لە نائومێدی و وەڕسبونیان لە خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی دارایی لە هەرێمدا. وێڕای کۆتاییهێنانی مانگرتنەکە بەهەڵپەساردنی، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێشینەیەک دادەنرێت لە کاری ئاشتییانەدا دژی گەندەڵی کارگێڕی ودارایی لەهەرێمدا.
ڕەگ وریشەکانی کێشەکە
بۆ تێگەیشتن لەو واقعە تاڵەی کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تیایدا دەژین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ رەگو ریشەکانی کێشەکە. حکومەتە خۆجێیەکان سەدان هەزار کەسی لە کارەکاندا دامەزراند بەشێوەی ڕاستەقینە وخەیاڵی، نەک لەسەر بنەمای پێویستیی یان لێهاتوویی، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزییە سیاسییەکان. وەلەگەڵ هەڵئاوسانی ژمارەی فەرمانبەراندا، حکومەت دەستەوەستان بوو لە خەرجکردنی مووچەکانیان، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامبونی گەندەڵی کارگێڕی وداراییدا. وەلەبری چارەسەرکردنی قەیرانەکە لە رەگوریشەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە دەسەڵاتداران پەنایان بردە بەر بڕینی مووچەکان لەژێر بیانووی جۆراوجۆردا ،وەک بانگەشەکانی پاشەکەوتکردنی مووچە ونەبوونی پارە هاتووەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی لە بەغداوە.
مانگرتن لە خواردن : هەنگاوێکی ئاشتی بوێرانەیە
کاتێک ١٣ مامۆستا دەستیان کرد بە مانگرتن لە خواردن کرد ، شوێنێکی ستراتیژییان هەڵبژارد نزیکی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، کە پارێزگارییەکی ڕێژەیی بۆ دابین کردن و سەرنجی میدیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڕاکێشا. ئەم هەنگاوە زیرەکانە کاری بەکۆمەڵی ڕێکخراوەیی دەرخست ودەنگدانەوەی فراوانی بەدەستهێنا لە نێوان چالاکوانان وداکۆکیکارانی مافەکانی فەرمانبەران . پاش ١٥ ڕۆژ لەمانگرتن ،وبە فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وکەسایەتییە گشتییەکان ،مانگرتنەکە کۆتایی پێهات. بەڵام ئەو وانانە چین کە دەکرێت لەم هەنگاوە بوێرەدا کورتبکرێنەوە ؟
١. ئیرادەی بەرگری ئاشتیخوازانە: مانگرتن لە خواردن ئیرادەیەکی بەهێزی لە نێو هاوڵاتیانی سلێمانیدا دەرخست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکردنی مافە سەرەکییەکانیان، بەتایبەتی مافی بەدەستهێنانی مووچەکانیان بەشێوەیەکی ڕێکخراو. ئەم هەنگاوە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە بەرگریکردنی ئاشتیخوازانە دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت لەسایەی بارودۆخە سەختەکاندا، بەتایبەت کاتێک داواکارییەکان دادپەروەرانە وڕەوا بن. مانگرتن لە خواردن ،وەک ئامرازێکی ناڕەزایی، ڕەنگدانەوەی ئاستێکی باڵای پابەندبوون وقوربانیدانە ،بەشێوەیەک ناڕازییەکان تەندروستی وژیانیان دەخەنە مەترسییەوە لەپێناو سەرنجڕاکێشان بۆ پرسەکەیان .
٢. پشتیوانی کۆمەڵگەی مەدەنی: بزووتنەوەکە پشتگیرییەکی فراوانی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە گشتییەکانەوە بەدەستهێنا، کە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی هۆشیارییە بە گرنگی کاری بەکۆمەڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وخراپی بەڕێوەبردن. ئەم پشتیوانییە تەنها مەعنەوی نییە، بەڵکو دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ فشاری راستەقینە لەسەر بڕیاردەران گەر هەوڵەکان بەشێوەیەکی باشتر ڕێکخران. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن لە هەماهەنگی هەوڵەکان و دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە نێوان هاوڵاتیاندا.
٣. کەمتەرخەمی حکومەت: پشتگوێخستنی داواکارییەکانی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە ڕەنگدانەوەی شکستێکی کارەساتبارە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکەدا. ئەم فەرامۆشکردنە تەنها کارگێڕی نییە، بەڵکو ئەخلاقیشە، بەشێوەیەک گەمە بە ژیان و کەرامەتی هاووڵاتیانەوە دەکرێت. کەمتەرخەمی حکومەت لە پێشکەشکردنی چارەسەری ریشەیی ناڕەزایی وتوڕەیی زیاتر دەکات لەنێوان ریزەکانی کارکردوواندا، وەدەشێت ببێتە هۆی زیادبوونی نارەزایەتییەکان لە داهاتوودا گەر مامەڵەی جدی لەگەڵ قەیرانەکەدا نەکرێت.
٤. بەسیاسیکردنی پرسەکە: هەندێک لە لایەنە سیاسی و ڕاگەیاندنەکان هەوڵیاندا ڕووداوەکە بۆ دەستکەوتی شەخسی یان حزبی بقۆزنەوە ،کە پرسەکەی لاواز کرد و لەکێشەیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕی بۆ پەڕاوێکی سیاسی. ئەم سیاسەتکردنە هەوڵەکان دابەش دەکات ویەکێتی نێوان ناڕازییەکان لاواز دەکات ،کە بەهانەیەک دەداتە حکومەت بۆ پشتگوێخستنی داواکارییەکان. ئەوەی گرنگە پرسەکە جەخت بخاتە سەر لایەنە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان ، بە دوور لە ململانێی حزبییەکان.
٥. پێویستی هەماهەنگی: سەرەڕای سەرکەوتنی ڕێژەیی مانگرتنەکە، دەتوانرا کاریگەری گەورەتر بەدەستبهێنرێت ئەگەر هەماهەنگی هەوڵەکان بکرایە لە نێوان چەندین شار وگروپەکاندا . هەماهەنگی نێوان ناڕازییەکان لە ناوچە جیاجیاکاندا دەشێت فشاری گەورەتر لەسەر حکومەت بخوڵقێنێت ،وەوا بکات پشتگوێخستنی داواکارییەکان قورس بێت. کاری بەکۆمەڵی ڕێکخراو کلیلی سەرکەوتنە لە هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزاییەتیدا.
پێشنیارەکان:
١. هۆکارە ریشەییەکان: دەبێت شیکردنەوەیەکی وورد بکرێت بۆ هۆکارە بنچینەییەکانی لە پشت قەیرانی مووچەکانن، جا گەر خراپی بەڕێوەبردن، نەبوونی دراوی دارایی، یان گەندەڵی دارایی وکارگێڕی بێت. ئەم دەستنیشانکردنە دەبێت شەفاف وئاشکرا بێت بۆ هەمووان ،لەگەڵ دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان بەشێوەیەکی روون.
٢. بەهێزکردنی شەفافیەت: پێویستە حکومەت سیاسەتی شەفافیەت بونیاد بنێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێمدا. بڵاوکردنەوەی ووردەکارییەکانی بودجە بەشێوەیەکی خوولی وڕوون دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی متمانەی نێوان هاوڵاتیان وحکومەتدا. شەفافییەت هەنگاوی یەکەمە بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵی.
٣. چاکسازییە پێکهاتەییە درێژخایەنەکان: دەبێت رێوشوێنی چاکسازییە ڕیشەییەکان بگیرێتەبەر لە سستەمی دارایی و کارگێڕی هەرێمەکەدا. کە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کارە خەیاڵیییەکان، وباشترکردنی توانا خەرجییەکانی حکومەت، وهەمەجۆری سەرچاوەکانی داهات دەگرێتەوە. چاکسازییە پێکهاتەییەکان دەبێت بەشێک بێت لە پلانی ستراتیجی درێژخایەن بۆ زامنکردنی سەقامگیری دۆخی دارایی.
٤. پاڵپشتی نێودەوڵەتی وتەکنیکی: عێراق وهەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لەئەزموونی ووڵاتانی تر وەربگرن کە ڕووبەڕووی قەیرانە هاوشێوەکان بوونەتەوە. داواکردنی یارمەتی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی، وەک رێکخراوی کاری نێوەدەوڵەتی یان سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، دەتوانێت پاڵپشتی تەکنیکی ودارایی پێویست دابین بکات. ئەم ڕێکخراوانە شارەزاییان هەیە لە بەڕێوەبردنی قەیرانە داراییەکان ودەکرێت چارەسەرە پراکتیکییەکان پێشکەش بکەن لەسەر بنەمای ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ووڵاتانی تر.
٥. هەمەجۆری سەرچاوەکانی داهات: دەبێت هەرێم کار بکات لەسەر هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوە سنووردارەکانی وەک نەوت. ئەمە پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی بەرهەمهێنان دەگرێتەوە، وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی وگەشتیاری، کە دەتوانێت هەلی کاری نوێ بڕەخسێنێت و داهاتەکانی حکومەت زیاد بکات.
٦. بەهێزکردنی دیالۆکی نێوان حکومەت وفەرمانبەران: دەبێت کەناڵەکانی پەیوەندی کاریگەر لەنێوان حکومەت وفەرمانبەراندا دابمەزرێنرێت بۆ زامنکردنی گوێبیستی داواکارییەکانیان وچارەسەرکردنی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. دیالۆگی کراوە وڕاستەوخۆ دەتوانێت گرژییەکان کەم بکاتەوە ویارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە هاوبەشەکان.
بەکورتی:
قەیرانی مووچەکان لەهەرێمی کوردستان تەنها قەیرانێکی دارایی نییە ،بەڵکو پرسێکی مرۆییە پەیوەستە بە کەرامەت و مافە سەرەکییەکانی فەرمانبەرانەوە. دەبێت حکومەت ژیرانە وشەفافانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە دا بکات ، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرە بەپەلە و درێژخایەنەکان. سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی تر کە سەرکەوتوو بوون لە دەربازبوونی قەیرانەکانی هاوشێوەدا کە دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ دەرچوون لەم تەنگانەیە. تەنها لە ڕێی مامەڵەی جددی و بەرپرسیارانە دەکرێت متمانە لەنێوان فەرمانبەران وحکومەتدا بگەڕێنرێتەوە ،و دوورکەوتنەوەی زیاتر لە نائارامی وگرژییەکان.