لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی، لە ناو هەر یەکەیەکی سەربازیدا، هەمیشە کادیرێکی هوشیارو خوێندەوار دیاریدەکرا، وەک (ڕابەر سیاسی)، هێزی پێشمەرگە ڕوی بکردایەتە هەر ئاوەدانیەک، ئەوان ئەرکیان گەیاندن و ڕونکردنەوەی پەیام و دروشمەکانی شۆڕش بوو بۆ گوندنشینان، دەگێڕنەوە گوایە هێزێکی پێشمەرگە کاتێک دەچنە هەر گوند و ئاوەدانیەک، ڕابەر سیاسیەکەیان خەڵکەکە کۆدەکاتەوەو بۆیان باسی شۆڕش و بابەتی سیاسی ڕۆژ دەکات، دوای تەواوکردنی قسەکانی بە گوندنشینان دەڵێ ئێستاش هەڤاڵ فڵان ( درود بۆ ڕوحی پاکی)، کە سەرکردەی سەربازی هێزەکەبوە، ئەگەر قسەیەکی هەیە با بفەرموێ، بێگومان بەشێکی زۆری سەرکردە سەربازیەکانی ئەوکات، ئەوەندەی قاڵبوی بابەتە سەربازی و شەڕو شۆڕو بوون، ئەوەندە پرسی سیاسەت و شڕۆڤەی بارودۆخەکانیان بەلاوە گرنگ نەبوو، بۆیە هەمووجار سەرکردە سەربازیەکە زۆر بەسادەیی دەیگوت، وەڵامن شتێکی ئەوتۆم نیە تەنها ئەوەندە نەبێت، تکایە داری تەڕ مەبڕن، لەلایەک بە بڕیاری سەرکردایەتی شۆڕش قەدەغەیە، لەلایەکیتر بۆ جوانی و سەروزایی و پێویستی خۆتان باشترە و هەرکەس داری تەڕ ببڕێ سزادەدرێ، کوردوستان بەم دارو بارەوە جوانە، ئیتر بەم شێوەیە خۆی لەباس و خواسی سیاسی دەدزیەوە، تا ڕۆژێکیان لە گوندێک ڕابەرسیاسیەکە، دوای ئەوەی بارودۆخی سیاسی بۆ دانیشتوان شیکردەوەو باسی زۆر بابەتی گرنگی ئەوێ ڕۆژێی کرد، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی تکایە داری تەڕ مەبڕن، چونکا بە بڕیاری شۆڕش سزای لەسەرەو داری تەڕ بۆ ئاوەدانی و جوانی کوردوستان پێویستە، کاتێک قسەکانی تەواوکرد، وەک جارەکانی پێشوگوتی: ئێستاش هەڤاڵ فڵان کەبەرپرسی سەربازی هێزەکەمانە قسەتان بۆ دەکات، بەرپرسە سەربازیەکە بە توڕەییەوە سەیرێکی دەکاو دەڵێت: وەڵا هەڤاڵ هەر دارە تەڕەکە مابوو ئەتۆ ئەویشت باسکرد … لە ئەمڕۆشدا بۆ ئێمەمانان هەر پرسی دارە تەڕەکە مابوو، جەنابی موتەسەڕیف خودا خێری بنوسێ ئەویشی باسکرد !!
مەترسیدارترین شتێک، کە ڕووبەڕووی هەر دەوڵەت و کۆمەڵگایەک دەبێتەوە، تەنها قەیرانی دابەشبونی سیاسی یان دارایی نییە، یان تەنها پە تای گەندەڵی و مۆنۆپۆلکردنی دامودەزگاکان نیە، بۆ کۆمپانیای ڕەنگاو ڕەنگی حزبی و بنەماڵەیی، بەڵکو ئەوەیە دامەزراوەکان ببنە زوڕنا ژەنی بڕیارو ڕاسپاردەی حزبی، ببنە پردی تێکەڵبونەوەی بەرژەوەندیە گشتیەکان لەگەڵ بەرژەوەندیە حزبی و تایبەتیەکان، بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان بخرێنە خزمەت بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی دەستەبژێرێکی دیاریکراو.
کێشەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا ژینگەیی و قەیرانی ئابوری و کێشەی خزمەتگوزاری، یان چەقبەستویی بارودۆخی سیاسی نیە بەتەنها. بەڵکو کێشەکە قووڵترە: کێشەکە پێش هەر شتێکیتر کێشەی (بڕیارە)، واتا ئەو ناوەند و بیرکردنەوانەی لە پشت بڕیارەکانەوەن، چونکە هەموو ئەوەی ڕودەدات یان ڕویداوە، دەرئەنجامی ئەو بڕیارانەیە کە لە تاریکیدا دراون. بێگومان خودی بڕیار، ئەگەر لە دەرئەنجامی گفتوگۆ و تێگەیشتنی عەقڵانی بە کۆمەڵ و بە تونێلی دامودەزگای فەڕمی و هەڵبژێردراوی دیموکراسیدا تێپەڕێ، نەک هەر سروشتیە بەڵکو پێویستی و ژیاریە ، بەڵام کاتێک ئەم بڕیارانە، دەکەونە دەست تەنها کەسێک یان دەستەیەکی بچوک، ئیتر شیمانەی هەڵەو نا تەندروستی هێندە هەڵدەکشێ، زۆر جار جوگرافیای بەرژەوەندیە گشتی و نیشتیمانیەکان تێدەپەڕێنێ و بێشەرمانە دەڕژێتە کاسەی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانەوە. لێرەوە مەترسی و قەیرانەکان سەرهەڵدەدەن.
بۆیە پێش هەر شتێکیتر، ئەگەر مەبەستمان بنبڕکردنی کێشە موزمینەکانە، بە قەیرانی سیاسی و ئابوری و بە ژینگەو سامانی سەر زەوی و ژێر زەویەوە، بە سەروەری بەسەر قوڵایی ئاسمان و سنورەکانیەوە، ئەوە پێویستمان بە وەرگرتنەوەی ئیرادەو یەکخستنەوەی هێزی بڕیاردانە، واتا خۆماڵیکردنەوەی بڕیار، تەنانەت خۆماڵیکردن و وەرگرتنەوەی ئازادانە و سەربەخۆیی بڕیار، زۆر لە خۆماڵیکردنی نەوت پێویستترە، بۆ ئێستاو ئایندەمان، چونکە زۆر بە سادەیی خۆماڵیکردنەوەی بڕیار، واتا جارێکیتر خۆماڵیکردنەوەی نیشتیمان، واتا گێڕانەوەی قورسایی، بۆ ژێر دەستی خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەم نیشتیمانە و نوێنەرە ڕاستەقینەکانی. کاتێکیش نیشتیمان خۆماڵی دەکەینەوە ئیتر نە جەنابی موتەسەریف و نە قارداش و ئاغای مەشهەدی، ناتوانن چیتر دار و بارو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەتاڵان بەرن و خۆشمان پاسەوانیان بکەین و پاساوی نابەجێیان بۆ بێنینەوە.