قەیرانی مووچە لە کوردستان: برینە ئابوورییەکان پەڵەی دەروونی بەرھەم دەھێنن 

د.نزار گزالی
  2025-12-19     153

•    دکتۆرا لەدەروونزانی
•    بەرێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی EPU

 

"مووچە دیاری و چاکەیەک نییە، بەڵکو مافێکی سروشتییە کە گەرەنتی کەرامەتی مرۆڤ دەکات"

لە سەروبەندی پێنانە نێو ساڵی (٢٠٢٦)، فەرمانبەران لە ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی دیمەنێکی دووبارەبوونەوەی چاوەڕوانی و نائومێدی دەبنەوە. مووچەی مانگەکانی (١٠ و ١١ و ١٢) لە ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکاندا گیری خواردووە و چارەنووسی ئەم سێ مووچەیە بەنادیاری ماوەتەوە، لە کاتێکدا مووچە لە ژمارەیەکی تەنیا سەر ھەژماری بانکییەوە گۆڕاوە بۆ ھێڵێکی ژیان کە کەرامەت و سەقامگیری بۆ خێزانەکان دابین دەکات.
ھەر ھەواڵێک سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەندی و ھەرێم لەسەر دابەشکردنی مووچە، بووەتە مانشێتی پەخشی ھەواڵ و دەزگاکانی راگەیاندن، بووەتە تەوەری گفتوگۆ لەسەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، ھەندێکجاریش ئامرازێکە کە بە ئاگاداری یان نائاگادارانە، بۆ گرژکردنی دەمارەکانی فەرمانبەران و ماندووکردنی دەرونییان بەکاردێت. لەوەش خراپتر، ھەموو ئەم قەیرانانە ھاوکاتن لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و سەپاندنی باج و رسوماتی جۆراوجۆری حکومەت و کەڵەکەبوونی پسوڵەی فەرمی بۆ پارەی ئاو و کارەبا، فەرمانبەران گیریان خواردووە لە نێوان چەکوشی داھاتی لەدەستچوو و سەبەتەی زیادبوونی خەرجییەکان.
ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات ناتوانرێت لە دواکەوتنێکی دارایی کاتی تەنھا کورت بکرێتەوە؛ قەیرانێکی ئاڵۆزە کە لەگەڵ رەھەندە ئابووری و دەروونی و دامەزراوەییەکان تێکەڵ بووە، کاردانەوەکانی بەجێدەھێڵێت، کە رەنگە بۆ نەوەکانی داھاتوو درێژببێتەوە.
ئاستی یەکەم: کاردانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی – نوقمبوون لە ھەژاریدا
دەستبەجێترین و دیارترین دەرئەنجامیش داڕمانی ئابووری خێزانە مووچەخۆر و فەرمانبەرە میرییەکانە. باسەکە چیتر لەسەر کەمکردنەوەی شتە رووکەش و جوانکارییەکان نییە، بەڵکو لەسەر وازھێنان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانە. چیرۆکەکان زۆرن لەو خێزانانەی کە سەردەمانێک چینی مامناوەند بوون، دوای ئەم قەیرانە درێژخایەنە ناچار بوون منداڵەکانیان لە قوتابخانە ئەھلیەکان بکێشنەوە و لە داھاتووی پەروەردەیی کە ھیوایان بۆ دەخواست، بێبەشیان بکەن، نەک بەھۆی نەبوونی ھۆشیارییەوە، بەڵکو بەھۆی توندی بارودۆخەکانیانەوە. ئەم دابەزینە لەناکاوە نەک ھەر ئاستی ژیان دادەبەزێنێت بەڵکو پێگەی کۆمەڵایەتیش دەشکێنێت و برەو بە ھەژاری دەدات، ئەمەش دەبێتە ھۆی بچووکبوونەوەو سنوردارکردنی ئابوری و بازاڕی نێوخۆیی و خاوبوونەوەی گشتی ئابووری. ئازارێکی و سەخت و برینێکی دەروونی قوڵە، کاتێک دایباب ناچارە بۆ منداڵەکانی روونبکاتەوە کە ئیدی بەھۆی بێ مووچەیی و دواکەوتنی مووچە زۆر شتیان لەدەست نایەت! 
ئاستی دووەم: لێکەوتەی دەروونی – ئازاری نەبینراو کە ھەڕەشە لە شیرازەی خێزان دەکات
تاوانی بێدەنگ لێرەدایە. ئەو گوشارو تەنگەژە دەروونییە بەردەوامەی کە لە ئەنجامی نادڵنیایی داراییەوە دروست دەبێت، ھێزێکی تێکدەرە کە تەندروستی دەروونی فەرمانبەران تێکدەدات. جەستە دەبێتە کارگەیەکی ھەمیشەیی بۆ بەرھەمھێنانی ھۆرمۆنەکانی فشار وەک کۆرتیزۆڵ، ئەمەش دەبێتە ھۆی دڵەڕاوکێ و کەمخەوی و خەمۆکی. لەگەڵ درێژەکێشانی قەیرانەکەدا، فەرمانبەران بەرەوڕووی ئەو شتە دەبنەوە کە لە دەروونزانیدا بە شەکەتی و ماندووبوونی دەروونی ناسراوە، لەوێدا وزەی دەروونی خۆیان لەدەست دەدەن و نوقم دەبن لە حاڵەتێکی بێھودەیی و بێھیوایی.
ئەم دۆخە نالەبارە بە چێندراوی قەتیسی نامێنێتەوە؛ وەک ھەست و سۆزی نەرێنی و توندوتیژی لەناو خێزانەکەدا دەتەقێتەوە و ھەڕەشە لە ئاسایشی خێزان دەکات و پیرۆزترین پەیوەندییەکان ژەھراوی دەکات. ئەو بەخێوکارە فەرمانبەرە کە بڕیارە پایەی خێزانەکەیان بێت، بەھۆی ئەو تەنگەژەو گوشارە زۆرانەوە دەگۆڕێت بۆ بارستاییەک لە توڕەیی و بێدەسەڵاتی، کەشێکی ناتەندروست بۆ گەشەکردنی منداڵ و سەقامگیری ژیانی ھاوسەرگیری دروست دەکات و نەوەیەکی نوێی دێنێتە بەرھەم، لەسەر ترس و بێبەشی پەروەردە بووە لەبری ئاسایش و ئارامی دەروونی. 
ئاستی سێیەم و مەترسیدارترین: لێکەوتەی دامەزراوەیی – وەرینی ئەخلاقی کارکردن و داڕمانی خزمەتگوزاری گشتی.
ئەمەش گەورەترین ھەڕەشەی ستراتیژییە لەسەر خودی بوونی ئیدارە و حوکمڕانی لە ناوچەکەدا. لە ھەوڵێکی مرۆیی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی فەرمانبەران، ھەندێک لە بەڕێوەبەران پەنا دەبەنە بەر پێدانی جۆرە ئیمتیازاتێکی ناچار، وەک چاوپۆشیکردن لە ئامادەنەبوون و دەوام کردن یان کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن. بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانەکەدا، ئەم "مۆڵەت و چاولێپۆشی کردنە کاتییانە" دەگۆڕدرێن بۆ خوویەکی چەسپاو و کولتوورێکی نوێی کارکردن کە لەسەر بنەمای بێھێزی و بێباکی و دابەزینی ئەدای کاری دامەزراوەکان. ئەم وەرچەرخانەی ئەخلاقی کارکردن لە سنووری فەرمانگە حکومییەکاندا ناوەستێت؛ راستەوخۆترین و توندترین کاریگەرییەکەی دەکەوێتە سەر ھاووڵاتییەکی ئاسایی. مامەڵەکان خاو دەبنەوە، خزمەتگوزارییەکان تا وەستان و خولگەیەکی بێزاری بەکۆمەڵ دەست پێدەکات. لەم زەمینە بەپیتانەی نائومێدی و پێویستیدا، بەرتیل وەک ئامرازێک بۆ "خێراکردن"ی رێکارەکان گەشە دەکات و ھەندێک لە کارمەندانی بێھیوا پەنا دەبەنە بەر ئامرازی نایاسایی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، ئەمەش زیاتر سیستەمی کارگێڕی دەڕووخێنێت.
ھەروەھا ناتوانرێت چاوپۆشی لە کاریگەریی رابردووەکانی قەیرانەکە بکرێت لەسەر کەرتی پەروەردەی گشتی، کە لێرەو لەوێ مانگرتنی پچڕپچڕمان بینی، نابێت ئەوەش نادیدە بگرین کە بەردەوام بوونی ئەم قەیرانە نەخوازراوە ئاسایشی دەروونی مامۆستاکانیشی خستۆتە و مەترسی, ھەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر داھاتووی تەواوی نەوەیەک دروست دەکات، سووڕێکی خراپەکاری نەزانی و دواکەوتوویی دروست دەکات کە کاریگەری نەرێنی لەسەر داھاتووی تەواوی ناوچەکە دەبێت. بەگشتی تەندروستی دەروونی و ئاسایشی دەروونی لەشوێنی کارو فەرمانگە میرییەکان لە ئێستادا بوون و سەقامگیرییەکەی لە مەترسیدایە؟ ھەرچی زووە دەبێت دروشمێکی نوێ و واقیعی بگرینەبەر ئەویش: "پێویستی پاراستنی تەندروستی دەروونی فەرمانبەران بە دەستەبەرکردنی سەقامگیری دارایی و ژیانیان" کە دەبێت دروشمی سەرەکی ھەردوو حکومەتی ناوەندو ھەرێمیش بێت.
دەرەنجام: بانگەوازێک بۆ ویژدان و بەرپرسیارێتی
قەیرانی مووچەی ھەرێمی کوردستان زیاترە لە کێشەیەکی دارایی نێوان حکومەتی ناوەند و ھەرێم لەسەر سەرچاوەی نەوت و گاز، تێکەڵ بە دەستوەردانی دەرەکی و ھەرێمایەتی. پێشێلکردنی ھەموو لایەنەکانی ژیانە. بۆمبێکی کاتییە کە لە ئابووری خەڵک و لە مێشکیان و لەو دامەزراوانەدا دەتەقێتەوە کە بڕیارە خزمەتیان بکەن. چارەسەری تەکنیکی بۆ کێشەی دارایی ناسراوە، بەڵام ئەوەی بەڕاستی پێویستی بە چارەسەرکردنە، ئەو برینە دەروونیانەیە کە بەسەر ھەزاران کارمەنددا ھێنراوە وخەریکە دەبێتە ھۆی وەرینی کولتوری دامەزراوەیی . کۆتاییھێنان بەم ئازارە چاکەیەک نییە لەلایەن کەسەوە؛بەڵکو پاراستنی مرۆڤایەتی و پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی ھاوڵاتیان بە دامەزراوەکانیان، ئەمەش ئەرکێکی بنەڕەتی و ئاکاریە.
لێرەدا زۆر گرنگە ھەم حکومەتی ناوەندی و ھەم حکومەتی ھەرێمی کوردستان بیر بخەینەوە کە مێژوو لەو کەسانە خۆشنابێت کە زیان بە ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان دەگەیەنن. مووچە دیاری و چاکەیەک نییە، بەڵکو مافێکی سروشتییە کە گەرەنتی کەرامەتی مرۆڤ دەکات. پشتگوێخستنی ئەم راستییە تەنیا دەبێتە ھۆی دووبەرەکی و ناڕەزایی زیاتر لە سەردەمێکدا کە ھەمووان پێویستیان بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی ھەیە بۆ گەڕاندنەوەی بەھای ئینسانی و شکۆمەندی دەوڵەت.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×