منداڵان لە سەردەمی دڵەڕاوکێدا... چۆن ماڵێکی ئارام فەراھام بکەین

د.نزار گزالی
  2026-03-12     112

"باوەشکردن... سادەترین و بەھێزترین فۆڕمی پشتگیری دەروونی"

•    پسپۆری دەروونی
•    بەرێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە EPU


عێراق و ھەرێمی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە رووداو و شەڕی دڵتەزێنیان ھەیە. زۆرجار لەنێو گەورەساڵانی کۆمەڵگای ئێمەدا دەوترێت کە جۆرێک لە "بەرگری دەروونی"یان بەدەستھێناوە بەرامبەر بە قەیرانە دووبارەبووەکان. بەڵام واقیعی دەروونی ئاماژە بەوە دەکات کە زەبر و زەنگەکان بە سادەیی تێناپەڕن؛ ھەموو ئەزموونێکی سەخت جێپەنجە لەسەر دەروونمان بەجێدەھێڵێت و نیشانەکانی رەنگە بۆ چەندین ساڵ بمێننەوە، ھەندێکجار بەدرێژایی تەمەنیشمان.
رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کە لە ئەنجامی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە ھەبووە، دیارترینیان عێراق و ھەرێمی کوردستانە. بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەئامانجگرتنی بەشێک لە شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ھەولێر و سلێمانی دۆخێکی دڵەڕاوکێ و ترسی لای زۆرێک لە ھاووڵاتیان دروستکردووە.
بەھۆی پسپۆریەکەم وەک دەرونزانێک لەھەولێر، سەرنجم داوە کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو خەڵکێکی زۆر پرسیار لە کلینیکەکانی تەندروستی دەروونی دەکەن. ژمارەیەکی بەرچاو لەو حاڵەتانە بریتی بوون لە منداڵان کە نیشانەکانی زەبری دەروونییان لەسەر دەرکەوتووە لە ئەنجامی لێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەنگی تەقینەوەکان کە لە کاتی بەئامانجگرتنی ھەولێر بیستراون. ھەروەھا چەندین پەیوەندیم لە ھاوڕێ و خزمەکانمەوە پێگەیشتووە کە پرسیاریان کردووە دەربارەی باشترین رێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان لەم جۆرە بارودۆخانەدا. ئەم ئەزموونانە، تەنانەت ئەگەر بەلای گەورەکانەوە تارادەیەک زوو تێپەڕتربن، دەتوانن کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دەروونی منداڵ ھەبێت، پەڵەی دەروونی بۆ منداڵان دروست بکەن ھەموو ئەمانە پێویستیان بە تێگەیشتن و پشتگیری ھەیە. لە سەردەمی شەڕ و قەیرانە گەورەکاندا، زۆرترین ئاستەنگ و زەبری دەروونی بەر منداڵان دەکەوێت. و چەندین کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بەسەردا جێدەھێلێت ئەگەر پاڵپشتیەکی گونجاویان بۆ نەکرێت، ئەم کاریگەریانە بۆی ھەیە تەمەنێک بەردەوام ببن. بۆیە دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پاڵپشت بۆ منداڵان لەم جۆرە بارودۆخانەدا زۆر گرنگە بۆ پاراستنیان لە تێکچوونی دەروونی و بەرزکردنەوەی توانای خۆڕاگرییان.
راستگۆ بوون لەگەڵ منداڵان... بەڵام بە شێوەیەکی دڵنیاکەرەوە.
یەکەم ھەنگاو بۆ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێی منداڵان ئەوەیە کە بە ڕاستگۆیانە وەڵامی پرسیارەکانیان بدەیتەوە. راستگۆیی لەگەڵ منداڵان وەک رێسایەکی بنەڕەتی دەمێنێتەوە، بەڵام گرنگە بە شێوەیەک پێشکەشی بکرێت کە لەگەڵ تەمەن و تێگەیشتنیان بگونجێت.لەبری ئەوەی راستییەکان بشاریتەوە یان وردەکاری ترسناکیان لەگەڵدا باس بکەی کە رەنگە سەریان لێ بشێوێنێت و تەنگەژەیان بۆ دروست بکات، دەستەواژەی سادە و دڵنیاکەرەوە بەکاربھێنە، وەک:"ناکۆکییەک لە ئارادایە، بەڵام ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی باش بین."ئەگەر پێویست بوو شوێنی خەوتن بگۆڕیت، لە پەنجەرەکان دوور بکەویتەوە، یان بۆ ماوەیەکی کاتی بگوازیتەوە بۆ ژوورێکی تر، بە سادەیی بەم شێوەیە روونی بکەرەوە: "پێمان خۆشە لە یەکتر نزیک بین، بۆیە بڕیارماندا ھەموومان بۆ ماوەیەکی کاتی ژوورێکی سەلامەتتر ھەڵبژێرین و بەیەکەوە بین."ئەم شێوازە یارمەتی منداڵان دەدات وردە وردە لە دۆخەکە تێبگەن و پرۆسێسی بکەن بەبێ ئەوەی ترس و تۆقان بەسەریاندا زاڵبێت. بە پێچەوانەوە شاردنەوەی راستییەکان وادەکات متمانەی منداڵ بە گەورەکان بھەژێنێت یان دڵەڕاوکێی زیاتر بکات.
کەمکردنەوەی بەرکەوتنی میدیای گوشارئامێز
لە کاتی قەیرانەکاندا، میدیاکان دەبنە سەرچاوەیەکی بەردەوامی وێنەو دەنگی نائارامکار  وەک: وێنەی وێرانکاری، دەنگی بۆمب و  تەقینەوەکان، و ئاگادارکەرەوەی ئەمبولانس لە کاتی پەخشی راستەوخۆدا. سەیرکردنی ئەم دیمەنانە دڵەڕاوکێ لە منداڵاندا زیاد دەکات. بۆیە گرنگە بەرکەوتنیان بە دیمەنە توندوتیژەکان یان وێنەی شێواو و کارەساتبار سنووردار بکرێت، ھەروەھا تا دەتوانرێت لە بانگەشەی میدیاکان بیانپارێزین. بەڵکو دەکرێت کات لە چالاکییە ئەرێنییەکانی خێزان وەک خوێندنەوە، یاریکردن بەیەکەوە، یان ھاوبەشکردنی چیرۆکی ژیان کە پەیامی ھیوا و ھاوکاری دەگەیەنن، وەبەربھێنرێت.

ئارامی گەورەساڵان دڵنیایی بۆ منداڵان دروست دەکات
منداڵان بەردەوام چاودێری کاردانەوەی گەورەکان دەکەن و زۆرجار ھەستی ئاسایشی خۆیان لە چۆنیەتی ھەڵسوکەوتی دایک و باوکیانەوە وەردەگرن. بۆیە زیادەڕەویکردن لە نیگەرانییەکان یان ھەستیارکردنی رووداوەکان لەبەردەم منداڵدا دەتوانێت ترسیان زیاتر بکات. تەنانەت لەگەڵ راگەیاندنی داخستنی قوتابخانەکان لە ھەرێمی کوردستان، گرنگە ئەمە وەک دەرفەتێک بۆ پشوودان و ئیسراحەت پێشکەشی منداڵان بکرێت نەک وەک نیشانەی مەترسی. ھەوڵدان بۆ پاراستنی ھەندێک رۆتینی ڕۆژانە ھەستێکی سەقامگیری بە منداڵان دەبەخشێت، وەک خوێندنەوەی چیرۆکێک پێش خەوتن یان دانانی کاتێکی دیاریکراو و رێکخراو بۆ یاریکردن. ھەروەھا پێدانی ھەڵبژاردەی بچووک بە منداڵان- وەک ھەڵبژاردنی چیرۆکێک یان بڕیاردان لەسەر یارییەکی ئێواران, ھەستی کۆنترۆڵکردنیان بەھێزتر دەکات لە کاتێکدا کە زۆر شت لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان دەردەکەون.
بەشداریکردنی منداڵان بۆ کەمکردنەوەی ھەستکردن بە بێدەسەڵاتی
گرنگ و بە سوودە کە منداڵان بەشداربن لە کارە سادە و گونجاوەکانی ماڵەوە کە لەگەڵ تەمەنیاندا بگونجێت، وەک رێکخستنی یارییەکانیان و ژوری نوستنیان یان یارمەتیدان لە کارە بچووکەکاندا. ئەم چالاکییانە یارمەتیان دەدەن ھەست بە بەشداریکردن بکەن و ھەستکردن بە بێدەسەڵاتی کەم بکەنەوە. ھەروەھا دەتوانیت چەند راھێنانێکی ھەناسەدانی قووڵیان فێربکەیت کە یارمەتی ھێورکردنەوەی جەستە و کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ دەدات.
شاشەکان جێگرەوەی ئاسایشی دەروونی نین.
سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئێستا و داخستنی قوتابخانەکان، ڕەنگە ھەندێک لە دایک و باوکان پەنا بۆ جێھێشتنی منداڵەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەم ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان ببەن وەک ڕێگەیەک بۆ سەرقاڵکردن یان ھێورکردنەوەیان. بەڵام زیادەڕەوی لە بەکارھێنانی ئایپاد و تابلێت و مۆبایل و یارییە دیجیتاڵییەکان چارەسەرێکی گونجاو نییە و ناتوانێت جێگەی کارلێکی راستەقینەی مرۆڤ بگرێتەوە. ئالوودەبوون بە شاشە پەیوەستە بە چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان، لەوانە زیادبوونی فشار و دڵەڕاوکێ، تێکچوونی خەو، خراپی تەرکیز و دابڕانی کۆمەڵایەتی. بۆیە گرنگە ھانی منداڵان بدرێت بۆ بەشداریکردن لە بژاردەی تەندروستتر و ھاوسەنگتر، وەک ئەنجامدانی سەردانی سادەی خێزانی کە برەو بە ھەستکردن بە ئینتما و ئاسایش دەدات لای منداڵ، رەخساندنی دەرفەتی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ منداڵانی دیکە، چالاکییە دەستییەکانی وەک وێنەکێشان یان کاری دەستی، ھەروەھا وەرزش یان یارییە جەستەییەکان لە ماڵەوە یان لە شوێنە سەلامەتەکاندا. ئەم جۆرە چالاکییانە نەک تەنھا یارمەتیدەرن بۆ پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکان بەڵکو بەشدارن لە کەمکردنەوەی فشار و بەرەوپێشبردنی باشی دەروونی منداڵان لە کاتی قەیرانەکاندا.
باوەشکردن... سادەترین و بەھێزترین فۆڕمی پشتگیری دەروونی
لە نێوان ھەموو ئەم شێوازانەدا، باوەشکردن وەک یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی پاڵپشتی دەروونی بۆ منداڵان دەمێنێتەوە. کاتێک منداڵ ھەست بە ترس دەکات، باوەشی دایک و باوک تەنھا دەربڕینی خۆشەویستی نییە، بەڵکو پەیامێکی قووڵی دەروونی و جەستەییە بۆ ھەستکردن بە ئاسایشی دەروونی. لەکاتی قەیرانەکاندت ھەوڵدا لەمنداڵاکەت نزیک بیت، دەستبەسەریدا بێنە، سۆزی پێبەخشە. توێژینەوە دەروونییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرکەوتنی جەستەیی گەرموگوڕی دایباب لەگەڵ منداڵ، وەک باوەشکردن، یارمەتی دابەزاندنی ئاستی گوشاری دەروونی دەدات لە جەستەدا و ھەستی ئاسایش و سەربەخۆیی منداڵ بەرز دەکاتەوە. لە ساتەکانی دڵەڕاوکێدا، باوەشی دایک یان باوک دەتوانێت کاریگەری زیاتری ھەبێت لە دەربڕینی سەدان وشە. کاتێک کەمنداڵ لە جیھانی دەرەوە ھەست بە نائارامی دەکات، باوەشی دایباب دەبێتە پەناگەیەکی سەلامەتی راستەقینە بۆ ئەوەی منداڵەکە ئارام بێتەوە و ھاوسەنگی دەروونی خۆی بەدەستبھێنێتەوە.

کاریگەرییە دەروونییەکان ئەگەر لەکاتی قەیرانەکاندا بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا نەکرێت
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی چاودێرییەکی دروست بۆ منداڵان لە کاتی شەڕ و قەیرانەکاندا دەتوانێت پەڵەی دەروونی درێژخایەن بەجێبھێڵێت.  زەبری دەروونی بەردەوام و درێژخایەنە دەتوانێت ببێتە ھۆی دڵەڕاوکێی بەردەوام، یان سەرھەڵدانی نیشانەکانی دورەپەرێزی و رەفتاری شەڕانگێزی، ئەمەنە جگە لە چەندین نیشانەی جەستەییەکانی پەیوەست بە گوشار و تەنگەژەی دەروونی وەک سەرئێشە و ئازاری سنگ. ھەندێک لە توێژینەوە دەرونیەکان باس لەوە دەکەن کە لە ھەر سێ منداڵێک کە لە ناوچەکانی ململانێدان، یەکێکیان لەوانەیە تووشی تێکچون و تەنگەژە دەروونیەکانی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، یان نیشانەکانی دوای زەبری دەروونی بێت، ئەمەش وایکردووە پشتیوانی دەروونی بۆ منداڵان پێویست بێت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و گەراندنەوەی ھەستکردن بە ئاسایشی دەروونی.

لە کۆتاییدا ڕەنگە دایک و باوک نەتوانن ئەو شتانە بگۆڕن کە لە جیھانی دەوروبەریاندا روودەدەن، بەڵام دەتوانن کەشێکی سەلامەت لەنێو ماڵەکەیاندا دروست بکەن. وشەیەکی دڵنیاکەرەوە، چەند ساتێک ھاوبەشی لە یاریکردن، یان باوەشێکی گەرم... ئەمانە رەنگە وەک شتێکی بچووک دەرکەون، بەڵام کاریگەریی بەرچاوی دەروونیان ھەیە. کاتێک دڵەڕاوکێ لە دەوری دیواری دەرەوەدا زاڵ دەبێت، ماڵیکی ئارام و سەلامەت پەناگەو قەڵایە بۆ دەروونی منداڵ.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×