لەچەند ساڵی ڕابوردودا هەمومان هەستمان بە دیاردەیەک کردوە ، ئەویش ساردو سڕی و چۆڵی پرسەی هونەرمەندان و نوسەرانی کوردستانە .
کۆتا پرسە کە جێی سەرنجی زۆربەی خەڵک بوو پرسەی هاوسەرەکەی شاعیری ناسراوی نەتەوەکەمان لەتیف هەڵمەت بوو.
جێگای پرسیارو تێڕامانە کە بۆچی پرسەی ئەو ناودارانەی کوردستان بەم ساردو سڕیەوە بەڕێوە دەچن ، بۆچی خەڵک بەشداری پرسەو ماتەمینییان ناکات ؟
دەکرێت هۆکارەکان زۆربن ، ئەوەی بەڕونی هەستی پێدەکرێت ئەم هۆکارانەی خوارەوەن :
یەکەم –لەبەر ئەوەی پرسە بەم شێوازەی ئێستای ناچێتە بازنەیەکی شەرعیەوە، واتە دینی ئیسلام هاندانی بۆ ئەم جۆرە بەڕێوەبردنەی پرسە نیە . بەپێێ ئاینی ئیسلام ئەوەی لەسەر موسوڵمانان واجبە بۆ مردوو بکرێت ، جا مردوەکە خزم بێت یان بێگانە تا ئەو کاتەیە دفن دەکرێت .پاش ئەوە هیچ هەڵنان و هاندانێکی ئاینی نیە بۆ سازدانی مەراسیمی پرسە. لەبەر ئەوە بەپێی شەرع ئەگەر کەسێک خزم نەبوو لەسەر قەبران کۆتایی بە هەموو شتێکی دێت . ئەم واجبەش ئەگەر چەند کەسێک پێێ هەستن تەکلیفەکە لەسەر کۆی کۆمەڵگا لادەچێت .
دووەم –پێدەچێت زۆرێک لەنوسەران و هونەرمەندان واهەستکەن کە نوسین و هونەرەکەیان کەناڵێکی تێرو پڕە بۆ پەیوەندیان لەگەڵ کۆمەڵگا ، لەکاتێکدا زۆربەی کۆمەڵگا بەپێی پێویست ناخوێننەوەو بەشێکی زۆریشیان دەکرێت پەیوەندیان لەگەڵ هەندێک لە جۆری هونەر هەر نەبێت . لەبەر ئەوە هونەرمەندان و نوسەران لەلایەن بەشێکی زۆری کۆمەڵگاوە یان بە نادیاری دەمێننەوە ،یان وەک دژێک سەیر دەکرێن و لەم کاتەشدا هەر مەراسیمێکی پرسەیان هەبێت ساردو سڕ دەبێت .
سێهەم –تا ئێستاش عەقڵیەتی خێڵگەرایی بەسەرخەڵکدا زاڵە ، خێڵیش بەر ئاگردانی خێڵی خۆی گەرم دەکات و ئامادە نیە قەرەباڵغی بە پرسەی هیچ بێگانەیەک ببەخشێ کە خودی قەرەباڵغی لەم جۆرە مەراسیمانەدا نیشانەی هێزو دەسەڵاتە . ساڵی 2007 بوو ، لەشوێنێک چووم بۆ پرسەیەک ، پرسەی مردوەکە وەک پێویست نەبوو، زۆرچۆڵ بوو .ئاگاداربووم بوبوو بە گرێ لەسەر دڵێ خزمەکانی . لەبەردەم حەوزی مزگەوتەکە دەستنوێژم دەگرت .کابرایەک هات دەستنوێژ بگرێ .ووتی ئەوە مردوەکە فڵان عەشرەتە یان فیسار عەشرەتە ؟
منیش ویستم نەفەرێک بۆ پرسەکە زیادکەم ، ووتم جا فەرقی چیە ، بڕۆ فاتیحایەک بخوێنەو تۆزێک دانیشە . بەڵام وتی : وەڵا فڵان عەشرەت نەبێ ناچم .
چوارەم –پرسە بەهۆی گۆڕانی جۆری گوزەرانی خەڵکەوە خۆی لە خۆیدا ئەمڕۆ بۆ ئەوانەی بەشدار دەبن ئەرکەو تێچونیشی هەیە ، بەتایبەت ئەگەر لە شوێنێکی دووربێ ، لەبەر ئەوە ئەگەر خاوەن مردوەکە کەسێکی دیار یان کاریگەر نەبێ هەموو کەس ئەو ئەرکە ناخاتە سەرخۆی .
پێنجەم –ئەمڕۆ دونیا دونیای مەسالیح و بەرژەوەندیە ، خەڵک دەچێتە پرسەی یەکێک کە پیویستی بە ئیمزاکەی بێت ، یان پێویستی مادی پێی بێت ، یان وەک هەرەوەزەکەی جاران چۆن هەرماڵێک کەم خێزانبوایە لەکاروباری کشتوکاڵداهەرەوەزیان لەگەڵ نەدەکرد ، ئیستاش خەڵک دەچێتە پرسەی ئەو کەسەی برای زۆرو ئامۆزای زۆر و خزمی زۆری هەیە، بۆ ئەوەی سبەینێ پرسەکەی خۆشی ئەمان قەرەباڵغی بکەن ، ئاشکراشە لەکۆمەڵگای خێڵەکیدا قەرەباڵغی نیشانەی هێزو دەسەڵاتە .
مادام پرسە کۆمەڵگا دەکات بە دوو کەرتەوەو چۆڵی و قەرەباڵغی پرسە پێناسەی نوێ بە خێزانێک یان تاکێک دەبەخشی ، جا ئیتر یان دەیکاتە پاشای کۆمەڵگا یان گەداکەی ، باشترە هەم خەڵک و هەم حکومەت هەوڵ بدەن کۆمەڵگا ڕاست بکەنەوەو بیبەنەوە بەرەو پرسە شەرعیەکە ، ئەو کاتە کەس لە کۆمەڵگادا دەوری خۆی بە چۆڵی نابینێ و هەست بە کەمیش ناکات .ئەو کاتە کەس لەتیف هەڵمەت ئاسا ناڵێت "نەکوڕێکت هەیە بۆت بگری ، نەکچێکیشت هەیە قژت بۆ بڕنێ "