چالاکی ماڵی چالاک
پێدەچێت بۆ من سەرەتا نیگەرانییەکی گەورەبووبێت، کە چۆن بتوانم ماڵێک بۆ گاسترۆنۆمی کوردی دروستکەم، ماڵێک ڕێنێسانس بکات لە نەریتی خواردنلێنان و خواردنخواردن. هاوکات ماڵەکە جێگایەکیش بێت بۆ ژوان و چرکە رۆمانسییەکان.
ماڵی چالاک دەستپێکی ماڵی هونەریی من بوو؛ ماڵێک پڕ لە جۆرەکانی هونەر: هونەری خوان یان مێزڕازاندنەوە، هونەری ڕازاندنەوەی سەرمێزی نانخواردن، چۆنیەتی پێشکەشکردنی سەرڤیس لەسەر مێزی خواردن و خواردنەوە. هەموو ئەوانە ئاسان نەبوو لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی و ترادیشنال بەخێرایی پراکتیزەکرێن.
لەڕاستیدا ڕۆمانسیەتی ژیانی تاکەکەسیی دەکرێت لە خواردنخواردن و خواردنەوە و ئەتەکێتی چۆنیەتی ئامادەکردنی سەرمێزەوە دەستپێبکات. لێرەوە دەتوانم ڕاشکاوانە بڵێم، کە ماڵی چالاک ڕێبازێک بوو لە ڕیستۆرانی نوێ، ڕێنێسانس لە گاسترۆنۆمی، کە لەوێ زۆرێک لە شێوازی تازە پیادەدەکرا، هەرلە چۆنیەتی خواردنخواردن و مەی (شەراب) خواردنەوە و چۆنیەتی خواردنخستنە سەرمێز تادەگاتە ئەتەکێتی بەکاربردنی چەقۆ و چەتاڵ و کەوچک. بۆئەوەی ئەو ڕێنێسانسە بێتەدی دەبوو کارلەسەر ئەوە بکرێت، کە چۆن کەسەکان لە نەریتێکی قاڵبگرتوو داماڵێنرێت. بەبێگومانەوە دەڵێم، هەر زوو زانییم، ئەوە شەڕێکی دوور مەودایە، ئیشی لەوە زۆرتری دەوێت، کە لەو ماوەکورتەدا لە ماڵی چالاک هەوڵی بۆدرا. بۆیە ئەوەی لە ماڵی چالاکدا گوزەرا دەکرێت لە زۆر ڕووەوە بکرێتە بابەتی بیرکردنەوە؛ بیرکردنەوە لە ژیان، لە زەوقوەرگرتن لە خواردنخواردن و گوێگرتن لە موزیک بەدەم خواردنخواردنەوەوە تادەگاتە هاورێیەتی. بۆیە لە ماڵی چالاک دانانی مێز بریتیبوو لە دروستکردنی کەشێکی بانگهێشتکەر و جێبەجێکردنی چەند یاسایەکی سادە بۆ ئاسوودەیی میوانەکان. بنەماکان بریتیبوون لە دانانی چەقۆکان یان پەرداخەکان بەو جۆرە کە سەرمێزداوایدەکات.
ماڵی چالاک هەر ریستۆرانت یان بارریستۆ نەبوو، مۆدێلێکیش بوو لە بیرکردنەوە لە پێکەوەبوونی سەرمێز و گفتوگۆ بەدەم ناخواردن و گوێگرتن لە موزیک(گوێگرتن لە موزیکی فەرەنسی، ئیسپانی، ئیتالی و فارسی...). هاوکات ئاوازەکانی شەجەریان، ژاک برێل، شارل ئازناڤوخ و خۆلیۆ ئێستگەیەک بوون لە هونەری تێکەڵکردنی قوڕگی هونەریی بێگانە بە ڕیتمی ماڵێکی کوردیی لەوێ گۆرانیە کوردیەکان نەدەچوونە ژێرسایەی ئاوازە بیانیەکان. بەواتایەکیتر ماڵی چالاک وەرچەرخانێک بوو؛ ئەزموونێکی ژیان بوو. ئەم جۆرە ماڵە دەبایە هەبێت، ژیانەکەش دەبوو لەرێگای ئەو ماڵەوە ئەزموونکرێت.
بۆ من ماڵی چالاک ڕاستییەکانی ژیانی تیابوو.شوێنەکە زۆرجار لە خۆیدا ماڵێک بوو بۆ ژیانکردن. شوێنێک نەبوو بۆ خواردنی کەڵەشێرکی خێرا یان خواردنی قابلەمەیەک برنج بە فاسولیاوە. ئەوە دەکرێت لە هەموو شوێنێک هەبێت، بەس بۆ من ئەوە تامی هونەریی گاسترۆنۆمی نەدەدا و نەشیدەتوانی موزیکێک بەرهەمبهێنێت.
لەڕاستیدا، پێدەچێت لە یەکەم نیگادا ماڵی چالاک بۆ هەندێک کەس، کە ئاشنانەببوون بە هونەری گاسترۆنۆمی (هونەری چێشتلێنان، خواردنناسی)و ڕێسای دانیشتن لە جێگایەک گاسترۆنۆمی وەک هونەر دەبینرێت و ئەم هونەرەش ئاوێزان کراوە بە خودی هونەری موزیک و دانیشتن بەدیار بوتڵێ شەرابەوە شتێکی ناپەسەند و دور بووبێت لە ئادابی جێگایەک، کە پڕە لە نەریتی خواردنخواردنی پەلە و سەرپێیی هەرزانبەها.
لە ماڵی چالاک ویستم زەمینەیەک بۆ هونەری خواردنی باش بهێنمەکایەوە، هەروەها بۆ کات تەرخانکردن بۆ خواردنخواردن و لەزەتوەرگرتن لە چۆنیەتی خواردنیخواردن. واتە دەمویست لەناو ئەم ماڵە قەدرزانی بۆ خواردن و خواردنەوە باشەکان بگەڕێنمەوە؛ تا میوانەکانم ئاسوودەبکەم.
هەر لەسەرەتاوە کە چوومە ناو بواری گاسترۆنۆمی(خواردنناسی)گومانم نەبوو پەیوەندیەکی بەتین لەنێوان هونەری چێشتلێنان لەلایەک و لەلایەکیتر لایەنی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا هەیە. ئەمەش بەپێی ئەوەی لە گەشتەکانم دیم،کە نەریتەکانی چێشتلێنان سەرچاوە لە ناسنامەی کۆمەڵایەتی، میرات و مێژووی نەتەوەکانەوە وەردەگرن.
چێژوەرگرتنی سادە و ڕۆژانە لە ژەمە خواردنەکان، ئەمە هەر هەیە لە گشت کولتوورەکان. من قسەم لەم لایەنە نییە. بەڵام گشت هونەری خواردنلێنان ئەوە نییە. بۆیە لە ماڵی چالاک لەسەر ئەم لایەنە نەوەستام. ئەوەی بۆ ئەم ماڵە تاقانەیەی سلێمانی گرنگ بوو نانخواردن وەک ئەزموونێکی باڵا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت تا خواردنخواردن ببێتە تاملێوەرگرتن نەک زوو خواردن و لەکۆڵکردنەوەی خواردن بە ئامانجی تێربوون.
من دەکرێت بڵێم: کاتێک ماڵە خنجیلانەکەی چالاکم دامەزراند دیم، کە من هاتوومەتەسەر دەستورێک لە خواردنلێنانی نەریتی(تەقلیدی)، دەبوو یان لەگەڵیدابم یان تێیپەڕێنم. ئەمە تەنها خودی خواردنی نەگرتەوە، دیوی تریشی هەبوو.. وەک: خواردن و خواردنەوە چۆن یەکبگرنەوە، ڕۆڵی میز لەو بەینەدا، چۆنیەتی پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوە، ڕازاندنەوەی سەرمێز، ئەتمۆسفێری گونجاو بۆ ئەو چرکە بەجۆشە؛ تادەگاتە ئاوێزانکردنی جیهانی موزیک و دیزاینی ماڵەکە لەگەڵ مێزەکان و میوانەکان.
کەواتە، لەناو گاسترۆنۆمی لەوەش حاڵیبووم کە شتێک هەیە بەناوی زانستی خۆراک. خواردنخواردن هەر شکاندنی برسیەتی نییە، هەڵدانی پارونییە بۆ ناو ورگ. بۆیە دەبێت هەموو ئەو ڕاستییە بزانین،کە""لێکۆڵینەوەی بایۆلۆژی و کیمیایی لە چێشتلێنان و گۆڕینی خۆراک بە خواردنی ووردتر، لە ئەمرۆدا لە جیهاندا باسێکی زۆری لەسەرە بەتایبەت لەژێر کاریگەریی گەشتیاریی(توریزم)"" .
*گاسترۆنۆمی Gastronomy واتە هونەری چێشتلێنان، بوارێکی فرە پسپۆڕییە و فۆرمێکی هونەرییە بۆمامەڵەکردن لەگەڵ خۆراک و کولتوور و کۆمەڵگادا. دەکرێت بوترێت ئەم بوارە تەواوی ئەزموونی خواردنلێنان لەخۆدەگرێت،هەرلە هەڵبژاردن و ئامادەکردنی پێکهاتەی باشەوە تا پێشکەشکردن و تامکردنی خواردن، و تێگەیشتن لەوەش چۆن خۆراکی مرۆڤ لەگەڵ مێژوو، بایۆلۆجی و نەریتی مرۆڤدا یەکدەگرنەوە.
ئەم بابەتە درێژەی هەیە...
