مێژوی بندیواریی

محەمەد نوری
  2020-08-13     782

1

كاپتن ئارهەی لەسەرەتاكانی ساڵانی بیستی سەدەی پێشو حاكمی عەسكەریی ئینگلیز دەبێت لەهەولێر، پاش گەڕانەوەی كتێبێك دەنوسێت بە ناونیشانی دو ساڵ لە كوردستان، كە لەڕوی مێژوییەوە كتێبێكی گرنگە.

لە پەرەگرافێكی كتێبەكەیدا باس لە جۆرە كەسانێك دەكات كە هاوشێوەی بندیواری ئێستان، ئەو دەڵێت: هەمو ئاغاو سەرۆك عەشیرەتێك كۆمەڵێك كەسی هەبوە كە پیاندەوتن خوبزە، بەمانای نانخۆر، یان دەستەی چەكدار، ئەمانە لەماڵی ئاغادا دەژیان و لەوێ نانیان دەخواردو هیچ كارێكیان نەدەكرد، تەنها چاودێری رێگەكانیان دەكردو خەڵكیان روتدەكردەوەو بارو كاروانی تاڵانكراویان بۆ ئاغا دەبردەوە، ئەمانە ئاغاشیان ناشرین كردبو. بەزمانی حاڵ خوبزە، بندیوارەكانی ئێستان .

هەرێمی كوردستان پڕە لە بندیوار، مەڵبەندو لق و كۆمیتەو مەكۆو مەكتەبەكانی یەكێتی و پارتی و گۆڕان پڕن لەخانەنشینی گەورە (لیواو عەمیدو عەقید جمەی دێت لەژورەكان)، ئەمانە موچەیان لەسەر ئەو بودجەیەیە كە هەرێم دایناوە بۆ موچە. لەپاڵ ئەم لەشكرە لەڕوتبەی عەسكەری، كەسانێك هەن لەناو حزبدا مەقامات دەڵێن بەڵام حكومەت لەسەر موچەی فەرمانبەری تاپۆو نەخۆشخانەو كارەباو مامۆستا ئەژماری كردون. ئێستا باری ئەم سەدان هەزار خوبزەیە بەسەر شانی فەرمانبەرو مامۆستاو كارمەندانی ناوخۆو تەندروستییەوەیە، جورئەتی سیاسیی و ئیداریی پێویستە بۆ كۆتاییهێنان .

بڕیاری راستی دەوێت ئەوانەی شایستە نین و لەسێبەری دیواری حزبدان، بەڵام زیان بەكۆی خەڵك دەگەیەنن، بیانبڕن و كۆتایی بەم  گەندەڵییە بهێنن.

ناكرێت سكرتێری رێكخراو بە لیوا خانەنشین بێت و سكرتێری بەرپرس بە رائیدو ئەندامی مەكتەب و ئەندام لق عەقیدو عەمید بن، ئەم سوپا گەندەڵە بە بڕیاری بوێر دەبێت هەڵوەشێنرێتەوە، باری قورسی گەندەڵی چەند ساڵەی بندیوارەكانی سێبەری حزب لەسەر شانی حكومەت نەهێڵدرێت. جورئەتی سیاسی گەورە دەتوانێت بیكات .

٢
ماڵی سپی بۆ رۆژی رەش وەك قەتران

ویل دیورانت لە كتێبەكەیدا بەناوی كۆمەڵێ وانە لەبارەی مێژوەوە لەبەشی (ئەخلاق و مێژو) دەنوسێت: مرۆڤە سەرەتاییەكان هەر راوێكیان كردبێت تا تێربون لەنێچیرەكەیان خواردوە دوایی بەجێیان هێشتوە، بیریان لەوە نەكردۆتەوە كە ئەوەی دەمێنێتەوە بیشارنەوە یان هەڵیگرن بۆ سبەی، واتا بیركردنەوەی سبەی لەناو مێشكیاندا نەبوە .

جەلال ئەمین كە یەكێكە لە بیریارە گەورەكانی بواری گەشەپێدان  و ئابوریی دەنوسێت: ژمارەیەك پسپۆری ئابوری دەچنە لای ئەنوەر ساداتی سەرۆكی پێشوتری میسر داوای لێدەكەن كە گەنجینەی شاراوە دابمەزرێنێت بۆیە لە هەر قەیرانێكی گەورە پشتی پێببەسترێت، ئەنوەری سەرۆك لەوەڵامدا دەڵێت: ئەمڕۆ هی منە رەنگە سبەی هی من نەبێت، با ئەوانی تر چارەسەری بكەن.

هەمان بیركردنەوەی مرۆڤی سەرەتایی بۆ ژیان، هەمان دیدگای سادات بۆ دەسەڵات لەناو حكومڕانی كوردیدا دوبارەبوەتەوە، كابینەكانی پێشوتر باری گەورەی بۆ سەرباری ئەوەی تر زیادكردوە، هیچ كەس خەمی پڕكردنی خەزینەی حكومەتی نەبوە، كەس پلانی نەبوە كە سبەینێ لەقەیرانی گەورەدا چی بكرێت؟ هەموی هەوڵی داوە ئەمڕۆی خۆی مسوگەربكات، كە پلانی دورمەدای كاركردن و بەرنامەی دروستی ئابوری نەبو، حكومەت قاسەی بەتاڵی بۆ دەمێنیتەوە، لەبەرامبەردا حزب و كۆمپانیاو بەرپرسەكان پڕدەبن .

قەرزی گەورە درا بە كۆمپانیاكان لەپاڵیداو تەخشانكردنی پارە لە هەندێ پرۆژەو بەرنامەدا پێشوتر كراوە، ئەمانە بنەگیایەكیان بۆ حكومەت سەوزنەكردوە بەڵكو ئێستا بوەتە بار، لەسەرو ئەمانەوە گرێبەستە زەبەلاحەكانی پێشو شانی حوكمەتیان شكاندوە، بەواتای هیچ بەرنامەیەك بۆ سبەی نەبوە، ئێستاش حزب قەت ئامادە نییە دەستبەرداری داهاتی كاكەكانی خۆی بێت بۆ باشكردنی ژیانی خەڵك.

زۆربەی ماڵەكانمان بامێ و تەماتەو باینجان وشك دەكەن بۆ زستان، ئەم وانە سادەیە نەبوەتە پەندێك لەدوای دامەزراندنی حكومەتەوە دوای روداوی ١٩٩١(كە پێیدەوترێت راپەرین) جیبەجێ بكرێت، چونكە هەمو سەرۆك حكومەتەكان بەس ئەمڕۆیان بینیوە تا ژیانی ئابوری و سیاسی خۆیان مسۆگەربكەن، سبەی چی لێدیت جاڕ بە جەهنەم. حكومڕانیی و پارتیزانیان نەوتوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×