بەشی سێیەم: ململانێی زلھێزەکان و مەترسیەکانی لەسەر کوردستانی عێراق

جەلال جەوهەر
  2020-09-26     547

١-ھەڕەشە و مەترسیەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان

٢-٢: مەترسی دابڕانی جەماوەر لە پرۆسەی  سیاسی و لە هێز و  لایەنە سیاسیەکان

شوێنەواری شەڕو داگیرکردن و لێکەوتەکانی فیکری، سیاسی، کۆمەڵایەتی،... ئەو شەڕ و داگیرکردنە هێشتا بە زەقی دیارە بە خەڵکی کوردستانەوە، و بە دەیان ساڵی تریش دەمێنێت.
ستراتیج و بەرنامەی داگیرکەران وابوە کە زۆر بەوردی کاربکەن لە سەر باری کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد، بە مەبەستی بەکارھێنانی توانای جەماوەری، کۆمەڵایەتی، و سیاسی و ئابوری وھێزی مرۆیی کورد، بۆ شەڕو ململانێی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتان لە لایەک، و لە لایەکیتریشەوە بۆ سەرکوتکردنی جوڵانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وچەکداری کو رد لە کوردستان.

لە حەفتا و ھەشتاکانی سەدەی رابردودا دەسەڵاتدارانی بەعس لەعێراق توانیان زیاتر لە (٤٠٠) چوارسەد فەوجی جاشی خەفیفە دروست بکەن لە کوردستانی عێراق (جینۆسایدی کورد "تاوانی ئەنفال" ل (٢٠٠ـ ٢١٧ )ـ تەھا سلیمان ـ چاپی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٥)، و زیاتر لە دو سەد و پەنجا ھەزار کورد چەکدار بکەن لەو فەوجانە( گەر ھەر فەوجێک بە شەش سەد چەکدار تەقدیر بکرێ) و مەفرەزەی خاصە و طوارئ و یەکەکانی جەیشی شەعبی، ئەمە جگە لەوەی بەدەیان ھەزار کوردیان لە ئۆرگانەکانی حزبی بەعس رێکخستبو، بۆ شەڕ و روبەروبونەوەی دە ھەزار پێشمەرگەی ھەمو لایەنەکانی کوردستان، و بۆ ھێرش و بەرگریکردن لە جەنگی عێراق ـ ئێران.

لەم راستی و ژمارانەی سەرەوە دەردەکەوێ، کە داگیرکەران تارادەیەکی زۆر سەرکەتوبون لە بەکارھێنانی کورد بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان، وتوانیان وابکەن کە :
١-کورد بڕوا و متمانەیان بە یەکتر زۆر زۆر کەمبێ و نەمێنێ.

٢- کورد بڕوا و متمانەیان بە جولانەوەی سیاسی و چەکداری نەمێنێ تارادەیەکی یەکجار زۆر لە کوردستان، و ھێز ولایەنەکانیش بڕوا و متمانەیان بەیەک نەبێ و ھەمیشە لە دۆخی ململانێ وشەڕدابن.

٣ـ بەعسییەکان توانیان ئینتیمائی قەومی و سیاسی ئەو ژمارە زۆرە  لەقبکەن و بگۆڕن، تەنانەت بەشێکیان ناسنامەی نەتەوەیی خۆشیان گۆڕی بۆ سەر نەتەوەی عەرەب.

لە جەنگی جیهانی یەکەمیشەوە تا ئەمرۆ (جگە لە ڕاپەڕینی ئازارو بەهاری ساڵی 1991)، و بەپێچەوانەی داگیرکەرانەوە، جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی عێراق، وەک ئەوەی کاریان نەکرد لە سەر سڕینەوەی شوێنەوارەکانی شەڕ و داگیرکردن، و سڕینەوەی شوێنەواری تەعریب، و دروستکردنەوەی ئینتیمای نەتەوەیی، و بڕوا و متمانە بە کوردو لایەنەکان، جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری بەردەوامبون لەسەر ھەڵەیەکی ستراتیجی، ئەویش درێژەدان بو بەململانێی و شەڕی ناوخۆو فەرامۆشکردنی رۆڵی جەماوەر بو لە کایە سیاسیەکان.

جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد لەو ماوەیەدا، ئەوەندەی بیریان لای جوڵانەوەی  چەکداری، وچاویان لە کۆمەک و هاوکاری و یارمەتی دەرەکی بوە، بیریان لە ئامادەکاری جەماوەری و سیاسی نەکردۆتەوە، تەنانەت لە پرسە چارەنوسازەکانیش، بیریان لەوە نەکردۆتەوە، ئامادەکاری سیاسی (یەکڕیزی لایەنەکان)و جەماوەری (یەکڕیزی جەماوەری)،... ناوخۆیی دروست بکەن، بە پێچەوانەوە، شەڕی ناوخۆی لایەنە چەکدارەکان، دوبەرەکی سیاسی و جەماوەری دروست کرد لە کوردستانی عێراق .

بەسود وەرگرتن لە بارو زروفی جەنگی ھاوپەیمانی نێودەڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی حکومەتی عێراق و دروستبونی یەک ئیرادەو ویستی ھاوبەشی جەماوەرو لایەنەکانی ناو بەرەی کوردستانی و لایەنەکانیتر، زەمینە ساز بو بۆ قۆزتنەوەی ھەلی بەرپاکردنی راپەڕین لە کوردستانی عێراق.

لە ئازارو بەھاری ساڵی (1991ز) بە پشت و پەنای جەماوەری کوردستان ڕاپەڕین ئەنجام درا، هەر ئەو جەماوەرەیش بو، بە گڕوتینێکی زۆربەهێزەوە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی (19/5/1992)یان سەرخست، کە دواتر پەرلەمان و حکومەتی لێ بەرهەم هات.

هەمو چین و توێژەکانی جەماوەری کوردستان بە پشویەکی درێژ خۆیان گرت لە بەرامبەر نەبونی و نەهامەتیەکانی ئەو ڕۆژگارەو زۆر دڵسۆزانە ڕوبەڕوی ئابڵوقەی سیاسی و ئابوری و دارایی و کارگێڕی رژێمی بەعس بونەوە.

راپەڕین و روداو و پەرەسەندنەکانی دواتر، ھەلێکی لەبار وزێڕینیان ڕەخساند بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی لایەنەکان لەگەڵ جەماوەرو چاککردنی پەیوەندی نێوان لایەنەکانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە تەمەنی پەیوەندی باشی جەماوەری کوردستان و هێزو لایەنە سیاسیەکان زۆر کورت بو، بەهۆی پشتگوێ خستن و پێشێلکردنی رۆڵ و مافەکانی جەماوەرو لەبەر سەرقاڵی و سەرگەرمی هێزو لایەنە چەکدارەکان، بە شەڕو ململانێ و گەندەڵی لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی.

ئەمڕۆش پەیوەندی بەشێکی زۆری جەماوەرو هێزو لایەنەکان گەیشتۆتە ئاستی نیگەرانی و توڕەیی و دورکەوتنەوەی جەماوەر لەو هێزانە.

گەندەڵی بەرفراوان و هەمە لایەنەو شەڕو ململانێی حیزبایەتی بۆ بەرژەوەندی کەسیەتی و حیزب، ئێش و ئازاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و دارایی، دەرونی،... گەیاندۆتە بەشێکی زۆری تاکەکانی کوردستان.

دو بەرەکی و گەندەڵی وەک دو دەردی کوشندە، بڕواو ئومێدو متمانەی بە پرسی کوردو بە هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان نەھێشتوە تا ڕادەیەکی زۆر.

لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستانیش و مانەوەی میللەتەکەمان لە ژێر ترس و هەڕەشەی سیاسەتی تەعریب و ڕاگوازتن،... میللەتی کوردی بێ هیواترکرد بە قەزیەکەی و بە پارتی و یەکێتی و ھێزە سیاسیەکان.

ئەم ھەمو قەیرانە سیاسی و ئابوری و داراییە یەک لە دوای یەکە، و ئەو گەندەڵیە بێسنورە لە ھەرێم  و عێراق و بێ ئیرادەیی لە چاکسازی و شکستھێنان لە دروستکردنی ھەرێمێکی یەکگرتو و حکومەتێکی یەکگرتو و ھێزێکی چەکداری یەکگرتو و ئابوریەکی یەکگرتو و پەیوەندیەکی سیاسی یەکگرتو لە هەرێمی کوردستان، بڕواو قەناعەتی لای بەشێک دروست کردوە، کە ئەم هێزانە ئەهلی حکومڕانی و ئەهلی بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی نین، چونکە سەرەڕای دروستنەبونی دامەزراوەی نیشتیمانی، لە سایەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا، میللەت زوڵم و ناڕەوایی زۆری لەگەڵدا کراوەو بێ بەشکرا لە بەشێکی زۆری مافە سیاسی و دارایی و ئابوری و پەروەردەیی و خزمەتگوزاریەکان.

لەبەر ئەو ھۆکارانەی سەرەوە دەنگدەری کوردستان هۆشداری یەکەمی خۆی گەیاندە دەسەڵاتداران و حیزبەکان، بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (12/5/2018)، و هەڵبژاردنەکانی (30/9/2018) پەرلەمانی کوردستان، وەک ناڕەزایەتیکی توندی جەماوەری کوردستان.

هەرچەندە بایکۆتکردنی دەنگدان لە ئێستادا کە زەمینەی ساختەو تەزویرو دەستکاری کردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان زۆر بەھێزە، لەبەرئەوە بایکۆتکردنی دەنگدان بژاردەیەکە لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و پرسی دیموکراسی نیەو تەنیاو تەنیا لە خزمەتی لایەنە چەکدارەکانە، چونکە بە ناڕاستەوخۆ دەنگدانە بە دەسەڵات و پشتگیریە لەمانەوەی زوڵم و بێدادی.

چون بۆ سەر سندوقی دەنگدان، جگە لەوەی بەشداریکردنە لە پرۆسەیەکی شارستانی و گوزارشتکردنیشە لە ڕای دەنگدەر، ئیتر دەنگدەر دەنگ بە هەر کەس و لایەنێک ئەدات، بەڵام  کە دەنگدەر ناچێت بۆ سەر سندوقی دەنگدان، هەلی لەبار دەڕەخسێنێت دەنگەکەی بە کار بێت بۆ لایەنەکانی دەسەڵات. بەم جۆرە ئەوانەی بایکۆتی دەنگدان دەکەن لەم بارودۆخەدا، بزانن یان نەزانن، خۆیان دەکەن بە هاوبەش لە گەندەڵی سیاسی.

ئەم وێستگەیە لە ژیانی سیاسی میللەتەکەمان، زۆر گرنگ و چارەنوسازو مەترسیدارە، لەبەرئەوە بەرپرسیاریەتی جەماوەر زۆر زیاترو گەورەترە، بەهۆی لادانی بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، لەبەرئەوە نابێت جەماوەری کوردستان پشت لە پرسی نیشتیمانی و نەتەوەیی بکەن و خۆیان بدەنە دەست قەدەر. کات و قۆناغەکەو بەرپرسیارییەتی جەماوەر وایە، میللەتەکەمان بە توندی دەست بە یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزی گەلەوە بێت و نەبێت بە بەشێک لە شەڕو ململانێی دابەشبونی خاک و خەڵکی کوردستان. دەبێ جەماوەری کوردستان فشار دروست بکات بۆ سەر ھەمو لایەنەکان، بۆ یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی و روبەڕوبونەوەی ھەڕەشە و ئاڵنگاریەکان و قۆستنەوەی ھەلەکان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.

چی بکرێ بۆ ڕەواندنەوەی مەترسی دابڕانی جەماوەر لە پرۆسەی  سیاسی و لە ھێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان؟

گومانی تێدا نیە کە کەلێنیکی زۆر گەورە دروست بوە لە نێوان بەشێکی زۆری جەماوەری کوردستان و دەسەڵاتدارانی هەرێم (بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم لە ساڵی 2018 نزیکترین بەڵگەیە)، بەهۆی نەبونی دیموکراسیەتی ڕاستەقینەو بڵاوبونەوەی گەندەڵی، کە زوڵم و بێدادی و نەبونی و بێکاری و هەژاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ڕەواندنەوەو نەھێشتنی مەترسیەکان بەوە دەبێت، کە دەسەڵات خۆی چاکبکات وەک ھەنگاوی یەکەم، چونکە لەماوەی ڕابردودا ھێزو لایەنە چەکدارەکانی دەسەڵات گەورەترین ھەڕەشە بون بۆ سەر ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان بەھۆی گەندەڵی و نەبونی دیموکراسی راستەقینە، پاشان جەماوەر گرنگی خۆی پێبدرێ و بۆ ھەر پرسێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئامادەکاری جەماوەری و سیاسی،...بکرێ و دەسەڵاتدارانی هەرێم موساڵەحەو ڕێکەوتنی ڕاستگۆیانە بکەن لەگەڵ جەماوەر، گەرەنتی و زەمانی جێبەجێکردنی رێکەوتنیش تەنیا بە جێبەجێکردنی دەستور و یاساکان تەواو دەبێ و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی گەندەڵی و سیاسی و پرسی دیموکراسیش، ھەر بە پابەندبون بەجێبەجێکردنی دەستورو یاسا دەبێت، ھەر بەوەش دادپەروەری و یەکسانی و سەقامگیری تەواو و یەکڕیزی لە هەرێمی کوردستان دروست دەبێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×