ئایا لاھور شێخ جەنگیی دیاردەیەکی نوێیە؟

ڕێباز حەسەن
  2020-10-15     479
لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە، باکوری عێراق گیرۆدەی ململانێی دوو بییرکردنەوەیە، بەڵام دوو قوتابخانە و دوو دونیا بینیی و فیکری سیاسیی نییە، بەڵکو دوو دیدی خێڵەکییە بۆ پاوانکردنی زۆرتریین دەسەڵات بۆ دوو نوخبەی ناو دوو بنەماڵە. ئەم دوانەیش یەکێکیان رێژەی نەگۆڕە کە بنەماڵەی بارزانییە ئەوەی تریش زیاد لەجارێ خۆی گۆڕیوە و تێکڕای زۆنی ژێر ھەژموونی خۆی کردووە بە سیزیف و بەتەواوی بەرەو خولانەوەیەکی تاقەتپروکێن بردووە. رۆژ بە ڕۆژیش بازنەکانی بچوکدەبنەوە و خاوەندارەکانیشی پارەدارتر دەبن، لە منداڵەکانی ئیبرایم ئەحمەدەوە بۆ کوڕەکانی تاڵەبانیی و دواجاریش بۆ دوو کوڕەکەی نەوشیروان کە بوون بە گوێڕایەڵتریین و باشتریین دەسکێش و مەقاشەکانی پارتیی و بارزانیی لە سنوری سلێمانیی، واتا ڕێچکەی خەبات ھەمیشە دەچێتەوە ملکەچیی، تەسلیمبوون، پەشیمانیی و میللەتیش مات و مەلول و زەبون و ریسوا و تێھەڵدرا دەبێت و فەقەد ھەڵچۆڕانی دوایین دڵۆپ خوێن، لە جەستە و سزادانی ماددیی و مەعنەویی بۆ دەمێنێتەوە و دەخرێنە ناو مەنجەنیقی داخراوی حوکمی تاریک و ڕەشی کوردایەتیی .
لە دوایین نمایشی ئەم شانۆگەرییە سیاسییەدا، دەرکەوتن و ھاتنەپێشەوەی گەنجێکی تازەیە، ڕەنگە یەکەم کەس بێت لە مێژووی حیزبی سیاسیی کوردییدا کە بەو ماوە کەمە توانیبێتی بگات بە لوتکەی حیزب و سەرەڕمی ئەم بەرەیەی کە شەست ساڵ زیاترە شکەستی چنیوەتەوە. ئەمەیش ئایا مۆدیلێکی نوێیە، لە کاتێکدا ھیچ ڕوئیا و فیکرێکی ڕوونی سیاسیی دیارنییە، بەڵام لە پراکتیکی سیاسییدا ئاکتیڤیستێکی بەھێزە و مێژووی دەساڵی کارکردنی پێمان دەڵێت دوورە لە موجامەلە و شەرم و ترس .
لاھور شێخ جەنگیی، بە سود وەرگرتن لە دەزگای دژەتیرۆری حیزبەکەی بووە بە ناوێک کە ترسێکی بەھێزی پێش نەیارەکانی خۆی خستە دڵی بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکەی، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبەکەی بووە چاودێر بەسەر وەسوەسە و دەرون و گیان و پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی بڕیار بەدەستەکانی حیزبەکەی کە سەرئەنجام لە کۆنگرەدا کردیە کارتی بەھێز بۆ بوون بە سەرۆکی بێ ڕکابەری حیزبەکەی. ئەم ھەنگاوە خێرایەشی لەمێژووی چل و چوار ساڵی حیزبەکەیدا بە تاڵەبانیی و نەوشیروان مستەفا نەکرابوو، بەڵام ئەو توانی بیکات! بەجۆرێک ئەوانەی ھەر سەردەمە و بەناوێک لەتک و باڵێکی یەکێتییان دەخستە ئاشێکەوە بۆ ھاڕین! ئەوا لاھور ھات و ھەموو ئەوانەی ناردە ماڵەوە، کردنی بە یاداشتنامەنووسیی درۆزن و گەڕیدە و خوێنەری ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیی ھەتا لە میتافۆڕی کاراکتەرەکاندا شەڕی باڵباڵێنی ھەشتاکان شەنوکەوبکەن و دەرونی قرچاویان بەوە ختوکەبدەن .
لاھور شێخ جەنگیی، توانی بەکەمتریین کات و زۆرتریین دەنگ ببێت بە سەرۆکی حیزب، بەڵام لە کۆی ٢١ پەرلەمانتاری حیزبەکەی تاقیان جورئەت و ھێزی ئەوەیان نەبوو ئیمزایەک دژی ڕکابەرەکەی بکەن لەحکومەت.
لاھور شێخ جەنگیی، توانی لە شەڕی داعشدا بە ھێزی دژەتیرۆری حیزبەکەی و بەیارمەتیی پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە سەرپەرشتیی پاراستنی ھەولێر بکات، بە گرتنەوە مەخمور .
ھەروەھا لە شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کەرکوک کە شاری پێکەوەژیانی ھەموو گەلانی عێراقە، توانی لە شەڕێکی نەتەوەیی بیپارێزێت بە کەمتریین ھەڵە و خوێنڕشتن، دووری بخاتەوە لە شەڕێکی خۆتڕێن! ھەڵبەت شەھیدبوونی ئەو ٨٠ پێشمەرگەیە لە ئەستۆی حیزبەکەیەتیی پاشان پارتیی، بەڵام ھەتا ئێستا نەیتوانیوە داکۆکیی لەو کردە عەقڵانییەی خۆی بکات، لەترسی تەخوینی کوردایەتیی بەڵام پارتی ھەمان کاری پێنج ڕۆژ پێش ئێستا لە شەنگال ئەنجامدا ھیچ کەس جەرائەتی نەبوو بڵێت خیانەتە بەڵکو بەیتوبالۆرەو شانامەی دیبلۆماسیەتی سەرکەوتووی بۆ ھۆنرایەوە.
ھەروەھا لاھور لە سیاسیەتی سەرکەوتووی خاوەنی پەیوەندییەکی بەھێزە، لەگەڵ ئیدارەی باکوری سوریا کە ناوەندێکی گرنگی سیاسیی و سەربازییە لە ململانێی و گۆڕانکاریی نوێ لە ناوچەکەدا.
ئەوەی ھەتا ئێرە ئەوەبوو کە ئەنجامی داوە، بەس ئەوەی گرنگە لەمەودوا دەتوانێت چیی بکات؟ بەتایبەتیی لە ئێستادا کە لەگەڵ ئەوەی ھیچ کەسێک لە حیزبەکەیدا ھێزی ئەوەی نییە و ناتوانێت بە خەونیش ببێت بە رکابەری، هەروەها لە دەرەوەی حیزبەکەیشی، بەرەی نەیاری پارتی تێکڕا بەجۆرێک لە جۆرەکان و بەشێکی حیزبەکەی خۆیشی ھەر یەکە و بەشێوازیێک و بە ڕۆڵ و پلەوپێگەی جیاوازبوون بە پارتیی نمرە دوو بەرەوخوار. ئەو گردەیش کە بووبوو بە مەکۆی سەرەکیی دژایەتییکردنی مێژووی حەفتا ساڵەی پارتیی و بارزانیی، ئێستا بووە بە لقی چوار، تەنیا نەوەی نوێ نەبێت کە ئەویش حیزبێکە ھێزی ئەوەی نییە بەرگەی دانیشتنێکی فازڵ میرانیی بگرێت و نەتوێتەوە !
ئایا لاھور شێخ جەنگیی، بەرگەی ئەو ھەموو لەمپەرەی بەردەم پارتیی دەگرێت؟ بەتایبەت گەر بەشێکی حیزبەکەی لەگەڵ پارتیی بکەونە رێککەوتنێکی نوێ و بیانەوێت بیخەنە دەرەوەی گۆڕەپانی سیاسیی؟
ئایا سەرلەبەری ئەم ھاتوھاوارە! تەنیا ڕۆڵدابەشکردن نییە لەناو حیزبەکەیدا بۆ درێژەدان بە بزنسی ئابوریی و سیاسیی و مانەوە لە بازنەیەکی بچوکدا بەڕازیی بوونی پارتییش؟ ئایا لاھورشێخ جەنگیی شەڕ بۆ دانپێدانانی ناکات لەلایان پارتییەوە؟
ئەگەر پارتیی، بەھەر جۆرێک بیەوێت لێی نزیک ببێتەوە سیحر و کاریزمای ئەو لە دڵی ھەوادار و لایەنگرەکانیدا بەتاڵ نابێتەوە؟
سەرچاوەی دارایی و توانای ئابوری لاھور لەکوێوە دێت کەوەک حکومەت دەرئەکەوێ ؟لە هەولێر مەکتەب ولە سلێمانی مەلعەب و لە راپەرین نەخۆشخانە دەکاتەوە چیە؟ لە قاچاغی گورمرگەکانە یان پارەی ئەمریکیەکانە؟
دواجار، وەک چۆن لە حیزبەکەیدا توانی تاڵەبانیی و نەوشیروان تێپەڕێنێت، ئایا دەتوانێت لە دژایەتییکردنی پارتیی-شدا ئەوان تێدەپەڕێنێت یان دواجار ڕێگەی سیاسیی ئەویش بەناوی یەکدەنگیی ناوماڵی کوردایەتیی، ئەویش دەچێتە ناو ئەو ڕیزەی حەفتا ساڵە قەتارەی بەستووە بەرەو پایزی زەردی تەمەنی سیاسییان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×