"باهۆز" یان "باغوز"؟

سه‌روه‌ر پێنجوێنی
  2019-03-28     1875

شانۆی پرۆسەکانی نەبەردی "جەنگی ئەل-باغووز" (٩ / ٢ تا ٢٣ / ٣ی ٢٠١٩) کە هێزەکانی سووریای دێمۆکرات یاخود "هێزە دێمۆکراتەکانی سووریا" (هه‌سه‌ده‌) کە ئێستە دووەم هێزە لە سووریا لەدوای سوپای سووریاوە، بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، تۆماریان کرد، و دوایین مۆڵگە و قایمکاریی داعشیان لێ پاک کردەوە؛ شوێنێکە بە ناوی "باغوزی ژووروو" ("الباغوز فوقانی")، کە گوندێکی گەورە یان شارۆچکەیەکە سەر بە ناحیەی (سووسە) لە پارێزگای (دیر الزور) لە سووریا، باشووری خۆرهەڵاتی سووریا. پێی دەوترێت "فوقانی" چونکە "الباغوز"ێکی خواروو "تحتانی"ـیش هەیە، بە هەردووکیان دەوترێت "الباغوز".


ئێستە لە میدیای کوردیدا، خەریکە ناوەکەی دەکرێتە "باهۆز"، گوایە ئەمە بنچینەکەیەتی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە کورداندنێکی ئاشکرایە، "تەکرید"ە.


ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم ناوە "باغوز" لە وشە تورکیەکەوە هاتووە بە واتای 'تەنگە'، یانی شوێنی تەنگی تێپەڕبوون لە سەرسنوور یان لەنێوان چیاکان، وەکوو وشەی "بۆغاز" boğazی تورکیی ئەنەدۆڵیی نوێ، کە ئێستە وتنەکەی لە نێوان |بۆغەز| و |بۆوەز|ـدایە، و لە تورکیەکانی تریشدا بە چەند شێوەیەکی نزیکە، وەکوو "بۆغاز" boğazی ئازەربەیجانی. پێشتر، وەکوو لە تورکیی ناوەڕاست و کۆندا، "بۆغوز" بووە (و تورکیی ڕەسەنە و ڕیشەی ئەڵتایی هەیە). وشە تورکیەکە لە بنەڕەتدا بە واتای 'گەروو'ە، گەرووی مرۆڤ، دوایی بە هەر تەنگەیەکی تر وتراوە، هەتا بە کەنداویش وتراوە.


وشەکە هەر بە شێوەی "بوغاز" |بووغاز-| چووەتە شێوەزارە عەرەبیەکانیشەوە، بەڵام دیارە بەم شێوەیەش "باغوز" |باغووز-| عەرەبیێنراوە (کە بەم شێوەیە بەلای "بۆغوز"ی تورکیی ناوەڕاستدا دەڕوانێت). کە بە شێوەی "الباغووز" بووەتە ناوی ئەو ئاوەدانیە.


ئەم ناوە ئێستە لە تورکیدا بە شێوەی Bağuz دەنووسرێت، کە بە شێوەیەک لەنێوان |باغوز| و |باووز| گۆدەکرێت، چونکە ğ دەنگێکی /غ/ی کلۆر دەنوێنێت. ڕەنگە ئەم گۆکردنە "باووز" سەری کێشابێت بۆ خەیاڵ‌کردنی وشەکە بە شێوەی "باهۆز". یان ڕەنگە هەر بەکوردی‌کردنێکی ناوەکە بێت بە شێوە باوەکەی سەر زمانی خەڵک کە دەوترێت "باغۆز".
جا مەگەر هەر حەزبکەین بیکوردێنین، ئەگەرنا بنچینەی ناوەکە "باهۆز" نیە.


تەنها بۆ ئەوەی ئەم هەڵەیە تێپەڕ نەبێت بەسەرماندا. هەرچەند دڵنیام ڕاگەیاندنی کوردی دوای ماوەیەک نەک هەر "باهۆز" بەڵکوو "باغوز"ـیش لە بیر دەکات.

زۆرترین بینراو
قوباد تاڵەبانی: بەگەنجی زۆرجار لێدانم خواردووە وایانزانیوە پاکستانیم
​ئاسایش گرووپێکی داعش دەستگیر دەکات کە سەرجەمیان کوردن
تۆڵەسەندنەوەی ترەمپ لەسعودیە: ئێوە نەتانویست لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتی بکەن، ئەمە باجەکەیەتی
مامۆستا عەینەدین مەریوانی، هونەرمەندی هەژاری نەتەوەیەکی بندەست و وڵاتێکی داگیرکراو
پێشانگای شێوه‌كاران له‌ كۆڵن-ئه‌ڵمانیا به‌ به‌شداری هه‌ژار كه‌لهوڕی، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورد
مه‌سعود بارزانی: نابێت ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ببێته‌ هۆی تێکچونی پەیوەندیی نێوان کوردو عەرەب
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی گشتی دەکات
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا
ئێران وردەکاریی ڕێڕەوە دەریاییە نوێیەکەی گەرووی هورمز دەداتە عێراق و وڵاتانی کەنداو
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق دوایین مۆڵه‌ت ده‌داته‌ به‌كارهێنه‌رانی سیمكارتی كوڕه‌ك تیلیكۆم
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×