لەیادی 237 ساڵەی سلێمانی-دا

ئاراس عەبدولکەریم مەعروف
  2021-11-10     800
ئەم رۆژانە لەنێو ژاوەژاوی زۆرانبازییەكی سیاسیدا كە بەرۆكی بەم شارە گرتووە، بەهێمنی‌و دڵەڕاوكێوە یادی 237 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی لە11/14دا دەكرێتەوە، شارێك كە سەركردە مێژووییەكانی كورد هەمیشە وتویانە "بۆ ئەوە دروستبووە شاری دەستپێشخەریی‌و نوێسازی‌و داهێنان بێت"!

ئەم شارە بەم تەمەنە كەمەیەوە كە بەراورد بەزۆربەی شارەكانی دیكەی كوردستان لەتەمەنی لاویدایە، توانیویەتی چەندین سەروەری گەورەی مێژوویی لەڕووی ئەدەبی‌و كلتوری‌و سیاسییەوە تۆمار بكات‌و دەستپێشخەرو پێشەنگ بێت.
لەڕووی ئەدەبی‌و كلتورییەوە سلێمانی پێشەنگ بووە، هەر لەچاپكردنی یەكەمین رۆژنامەی كوردییەوە لەكوردستاندا تا دەگات بەنمایش كردنی یەكەمین شانۆگەری كوردی لەسەر تەختی شانۆ‌و سەرهەڵدانی یەكەمین یانەی وەرزشی‌و یەكەمین تیپی مۆسیقا‌و نواندن‌و یەكەمین زانكۆی كوردستان، هەر لەسێكوچكەی ئەدەبی كلاسیكی كوردی نالی‌و سالم‌و كوردییەوە بگرە تا دەگات بەمامۆستا گۆرانی پێشەنگی شیعری نوێی كوردی‌و شێركۆ بێكەس‌و بەختیار عەلی كە بەهۆی ئاست بەرزیی داهێنانی ئەدەبییانەوە ناوبانگێكی جیهانیان بەدەستهێناوە.
تەنانەت لەڕووی نوێگەریی ئایینیشەوە، گەورە پیاوانی تەریقەتەكانی نەقشبەندی‌و قادری‌و رێبازی حەقەكان لەم شارەوە سەریانهەڵدا. بەدڵنیایی لەڕووی خەبات‌و تێكۆشانیشەوە سلێمانی هەر دەستپێشخەرو پێشەنگ بووە، كە یەكەمین حكومەتی كوردستان لەم شارەدا راگەیەنرا‌و بەدرێژایی 100 ساڵی رابردووش شاری سلێمانی شاری هەڵمەت‌و قوربانیدان بووە‌و تا ئێستاش برین‌و ئازارەكانی كوشتار‌و كۆمەڵكوژییەكانی ساڕێژ نەبوون‌و هێشتا خوێنیان لێدەچۆڕێ‌، هەر لەخۆپیشاندانەكەی بەردەركی سەراوە بگرە تا دەگات بەیەكەم تەقەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول‌و دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ‌‌و راپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991. 
بەڵام ئەوەی پێویستە لەیادی دروستكردنی ئەم شارە جوان‌و ئازیزەدا لەبیری نەكەین ئەوەیە كە سلێمانی نەك هەر لەو بوارە گرنگانەدا، بەڵكو لەبواری ئابوری‌و پیشەوەریشدا هەمیشە سەرمەشق‌و پێشەنگ بووە، كە لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵی داوە زۆربەی پێویستییەكانی، خۆی دابینبكات‌و شارێكی پڕ لەپیشەو پیشەوەری دەستڕەنگین بووە.
خەڵكی سلێمانی بەخەڵكێكی كردەو چالاك بەناوبانگ بوون، كە سەردەمانێكی زۆر بۆ دابین كردنی پێداویستییەكانی ژیانیان پشتیان بەخۆیان بەستووەو دانەماون‌و هەمیشە بازاڕەكانی پڕ لەجوڵەو جموجۆڵ بووە: هەلاجە بەتواناكانی لەڕێگەی شیكردنەوەی لۆكەوە سەرقاڵی دابینكردنی لێفەو دۆشەك‌و سەرین‌و فەرەنجی پەستەك‌و سەرزین بوون، جۆڵاكان بەرمال‌و جاجم‌و پەشمینی شالیان دروستدەكرد. خومچییەكان خەریكی رەنگ كردنی قوماشی خام‌و بلوری بوون. چەخماخساز چەكیان چاكدەكردەوەو كلیل‌و قفڵا‌و ئەڵقەڕێزی دروستدەكرد. شیرگەرەكان چەندین جۆر خەنجەری دەبان‌و خۆراسانیان دروست دەكرد. كەوشدرو پێڵاوی پیاوان‌و پانی بەرزی ژنانیان دروستدەكرد. مسگەر حاجەت‌و مەنجەڵ‌و سینی‌و تاسی حەمام‌و لەگەن‌و دەوری‌و تاوەو كەوگیرو سوزگیان لەمس دروست دەكرد. نەقارە دەستڕەنگینەکانی بەچەكوش بەردی مەڵكەندیان رێكدەخست بۆ بەكارهێنانی لەبیناسازیدا‌و لەجیاتی مەڕمەڕ دیكۆریان بۆ دەكرد. ئاسنگەرەكانی كورە تەنوری گەورەیان بەخەڵوز یان مەعدەن جۆش دەدا‌و گاسن‌و تەورداس‌و خاكەنازو پاچ‌و بێڵا‌و نوێڵیان دروستدەكرد. تەنەكەچی تەنەكەی بەنزین‌و نەوت لە لەوحی چینكۆ‌و سەماوەر‌و سۆپا‌ی دروستدەكرد. بەرگدروی ژنان‌و پیاوان كەواو دەسماڵ‌و كراس‌و رانكوژۆغەو شەروال‌و مراخانیان دەدوریی. موتابچیەكانی لەموی بزن گوریس‌و قەیاسەو خەراریان دروستدەكرد. شار هەندێك هەر لەزوەوە تا ئەمڕۆ هەندێک پیشەی تایبەت بەخۆی هەبووە وەك حەڵوای گەزۆ‌و كفتەی سابونكەران‌و شەربەتی مێوژ. گوندەكانی دەوروبەری شاریش هەمیشە ئاوەدان بوون‌و خەڵکە چالاکەکەی بەژن‌و پیاوەوە باشترین جۆری ماست‌و شیرەمەنی‌و میوەو گۆشتی سوورو پەلەوەریان بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرد. بەکورتی: خەڵكی جوامێری ئەم شارە تا سەردەمانێكی زۆر خۆیان توانای خۆژیاندنیان هەبوو، چەند بەرهەم‌و كاڵایەكی دیاریكراو نەبێت، هیچی دیكەیان هاوردە نەدەكرد. تەنانەت بەهۆی زۆریی بەرهەمی توتن‌و چەوەندەرەوە بە بەرزترین كوالێتی جگەرەو شەكریان بەرهەمدەهێناو هەناردەی دەرەوەشیان دەكرد.
بۆیە ئەوەی پێویستە لەم یادەدا بوترێت: حەیفە شارێك كە مەڵبەندی شارستانی یەكەمین شۆڕشی كشتوكاڵی بوبێت لەگوندی چەرمۆ‌و ئاسەواری دێرینترین مرۆڤ لەئەشكەوتی هەزار مێردەكەیدا دۆزرابێتەوە ئەمڕۆ ئابوری‌و كارو كاسپی‌و پرۆسەی بەرهەمهێنانی لەپاشەكشەدا بێت‌و دڵسۆزانە بیر لەدواڕۆژی نەكرێتەوە. 
حەیفە كارگەكانی بەردەوام لەبەردەم مەترسی داخستندا بێت، پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو رێگەو بان‌و ژێرخانە ئابورییەكەی بەم ئەندازەیە لاوازو پەكخرابێت! حەیفە ئەم شارە رازاوەو نازدارە كە دەكرێ‌ بكرێتە سەرنجڕاكێشترین شوێنی گەشتیاریی، كەچی زیادەڕەویی‌و داگیركردنی شۆستەو شەقامەكانی بەجۆرێك پەرەیسەندبێت كە رێ‌ بەر رێبوار نەكەوێ‌ بڕوات.
ئەوەی ئێستا هەموو هاوڵاتیەكی سلێمانی هەستی پێدەكات ئەوەیە ئەم شارە رۆژ بەرۆژ لەڕووی ئیدارەو بەرێوەبردنەوە لەپاشەكشەدایەو ئیشی لەبەر ناڕوا، كە كاریگەریی گەورەی لەسەر هەموو بوارەکان بەگشتی‌و لەسەر بواری ئابوری‌و ئاوەدانی بەشێوەیەکی سەرەکی هەبووە، بەتایبەتی لەڕووی جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو دروست نەكردنی ناوچەی بازاڕی ئازاد‌و نەكردنی ئەم شارە بەمەڵبەندی سەرەكی لقی بانكە بیانیەكان‌و كۆمپانیا گەورەكانی نەوت‌و هاوکات دەروازە سنورییەكانیشی رۆژ بەڕۆژ رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تیا روو لەكەمی بكات.  لەم یادەدا ئەوەی دەبێت بشوترێت ئەوەیە کە سلێمانی پێویستی بەپلانی گونجاوو پڕۆژەی هەمەلایەنەی ئابوری‌و كلتورییە بۆ ئەوەی هەنگاوی جدی‌و خێرا بنرێت تا بۆ هەمیشە بەشارێكی پێشەنگ‌و نوێخوازو سەرمەشق بمێنێتەوە.
بەدڵنیایی سلێمانی هەمیشە روحی دەستپێشخەریی‌و نوێسازی‌و داهێنانی تیا بەهێز بووەو هەرواش دەمێنێتەوە، وەك "شێركۆ بێكەس" دەڵێت:
سلێمانی دارتوویەكە هەموو ساڵێ‌ 
بە مشاری ڕقێكی نوێ‌ ئەیبڕنەوە
ئەو دێتەوە .... ئەیبڕنەوە 
جارێكی تر هەر دێتەوە
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×