فەلسەفەی خۆشەویستی: سێکس زەفەر بە خۆشەویستی دەبات!

ئازاد حەمە
  2022-01-08     1092

بەشی شەشەم

 

دەستپێک: زەبری سێکس و نەرمی خۆشەویستی

سێکس غەدارە و خۆشەویستیش نەرمونیان. وەکیتر، خۆشەویستی خەریکە لەژێر زەبری سێکس وردە وردە ئاوا دەبێت. ئەمەش تا دڵ دەخوازێت خەمناکمان دەکات، چونکە لەناو ژیانی تازەی ئەستێرەی ئێستامان، لەهەر جێگایەکدا بین، خۆشەویستی کەوتووەتە ژێر چەپۆکی سێکسەوە. ئەم دیاردەیە یەکێکە لە ناساغترین دیاردەکانی شارستانی تەکنەلۆژیاوی هەنووکەمان. دوانەکان، جووتەکان، لە گشت شوێنێک سێکس پتر لە خۆشەویستی کۆیاندەکاتەوە؛ هەر سێکسیش خودی پێکەوەبوونەکە دادەڕمێنێت. زۆرێک بەدوای هۆکاردا دەگەڕێن و ئەمەش وادەکات خۆمان لەبەردەم شرۆڤەی جیاجیادا ببینینەوە، لێ شرۆڤەکارەکان بە شوێنگەلێکمان دەگەیێنن، کە هێشتا پێویستمان بە شرۆڤە و شیتەڵکاری تر و ترە.

چۆن بتوانین ڕوانین بۆ سێکس بگۆڕین؟ چۆن وابکەین سێکس جێی لەق بێت لەبەردەم خۆشەویستی دا؟ مەگەر ئەمە کاری فەلسەفە نییە؟ بەڵێ تا سەر ئێسقان ئەوە کاری فەلسەفەیە، کە ڕوانین بۆ سێکس بگۆڕێت و وا لە سێکسیش بکات لەبەردەم خۆشەویستی دا جێی لەق بێت. ئەمە تەنیا بە شرۆڤەکارییە فەلسەفییەکان نایەتەدی، دەبێت فەلسەفە کارە سەرەکییەکە بگرێتە ئەستۆ؛ کاری فەلسەفە گۆڕینی دیاردە ناساغەکانە، نەک شرۆڤەکردنیان.

لێرەوە، لەسەرەخۆ، پێدەنێینەناو مۆدێلێک لە شرۆڤەی فەلسەفییانە بۆ خۆشەویستی، ئەوەش ئەزموونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی ئالان بادیوە. ڕوانینە تێر و تەسەلەکانی ئەم بیرمەندە دەکەین بە کۆڵەکەی شرۆڤەکارییە فەلسەفییەکەمان و پشتئەستووریش بەو ڕوانینانە دەگەین بە ئەنجامگەلێکی پێویست. باشە فەلسەفە، یان دەروونناسی دوا وتنمان لەمەڕ خۆشەویستی پێدەڵێت؟ ئالان بادیو چ فەلسەفەیەکمان سەبارەت بە خۆشەویستی بۆپێشنیاردەکات؟ لە ئەفلاتونەوە بۆ فرۆید و لاکان خۆمان بە قەرزاری چ هزرێکی فەلسەفی دەزانین؟

لەکۆتایدا دەخوازم بڵێم، کە خۆم بە قەرزاری فەلسەفیی ئالان بادیو دەزانم، کە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە منی هەڵدایە ناو واتای خۆشەویستییەوە. فەلسەفاندنی خۆشەویستی ڕێگاچارەیە بۆ دەربازبوون لە غەدری سێکس، لە یارییەکانی شەهوەت و گەڕانەوە بۆ زێدی ڕاستەقینەی ئەڤینداری. لەسەر ئەو بناغەیە، بە پاڵپشتی بۆچوونێکی شیعرگەرائامێزی (ڕامبۆ) دەخوازم بێژم پێویستمان بە""سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پێناسەیەکە بۆ ئەڤینداری"". بە هەڵکەوتیش نییە، کە بەندە و پێشرتریش بادیو و زۆرێکی تر کەوتوونەتە ژێر سیحری ئەو تێگەیشتنە نازدارەی ڕامبۆوە.

پوختەی ئەوەی وتمان، فەلسەفە دەبێت وابکات، کە دەربازمانبیت لە غەدری سێکس، بگەڕێینەوە بۆ زێدی خۆشەویستی (دڵخوازیی، ئەڤینداریی). لەوێشەوە، لەژێرسایەی خۆشەویستی وەک هزر، کار بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی تێگەیشتن بۆ خۆشەویستی بکەین.

 

ئالان بادیو و فەلسەفەی خۆشەویستی

ئالان بادیو لە ""بوون و ڕووداو""دا، کە یەکێکە لە کارە فەلسەفییە سەرەکییەکانی،  کە بە ڕوناکبیر و هزرەڤانانی فەڕەنسی و ڕۆژئاوایی ناساند، لەوێ و لە كارەكانی دواتریشیدا بە وردی لەسەری تێزێکی خۆی دەوەستێت، ئەوەش بابەتی خۆشەویستییە. ئەڵبەتە، خۆشەویستی وەك یەكێك لە هەل و مەرجەكانی فەلسەفە. گومانیشی ناوێت فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنی قسەی خۆی لەسەر خۆشەویستی كردووە بۆیە لێرەدا هەوڵدەدەین زۆر بە پوختی خۆشەویستی لە دیدێكی فەلسەفییەوە گفتوگۆبكەین و لەسەر ڕوانینی بادیو بۆ واتای خۆشەویستی بوەستین و تێگەیشتنێكی فەلسەفی تایبەت بەم واتایە لە هزری ئەم فەیلەسووفە دەربهێنین و بیكەین بە جەمسەرێك لە جەمسەرەكانی توێژینەوە تایبەت بە دیاردەی خۆشەویستی. دیارە پێشتریش لە چەند نوسینێكماندا هێمامان بۆ تێگەیشتنی بادیو بۆ خۆشەویستی كردووە، بەڵام لەم نوسینەماندا زۆنی وتنەكانمان لەسەر هەندێك ئاستی باسنەكراو بەرباسدەخەین و واشدەكەین بینینەكانمان ئاڕاستەی تر وەرگرن و گەشتێكی فەلسەفی بن بۆ ناو دونیابینی فەلسەفی بادیو سەبارەت بە خۆشەویستی، سێكس و خود.

بۆ زۆربەی ئەوانەی لە هزری فەلسەفی بادیودا پسپۆڕن لەوە بەئاگان، كە بادیو لە سێ نوسین دا باس لە واتای خۆشەویستی، یان چییەتی خۆشەویستی دەكات. لە نوسینی:"مانیفێستی فەلسەفەManifeste pour la philosophie(1) "، خۆشەویستی چییە؟ Qu'est-ce que l'amour ?" (2)، "لە ستایشی خۆشەویستیدا" Éloge de l'amour (3).

بادیو لە نوسینی "مانیفێستی فەلسەفە"دا، كە لە ساڵی 1989 دا نوسیویەتی، ئەڵبەتە پێشتریش و لە بەرهەمە قەبەكەیدا، كە لە ساڵی 1988دا چاپیكردووە (بوون و ڕووداو) باس لەوە دەكات، كە خۆشەویستی لەگەڵ بیركاری (یان زانست)، هونەر (یان شیعر) و سیاسەت دروستكەری ڕاستی  فەلسەفیین، یان ئەم چوارە بەو هەل و مەرجانە دەناسێنێت، كە فەلسەفە بەهۆیانەوە دێتەسازاندن. بەپێی ئەم هاوكێشە فەلسەفییە بادیوییانەیە بێت "خۆشەویستی بەرهەمهێنەری ڕاستییە، ڕاستی فەلسەفیی". خۆشەویستی لە دیدی بادیو بریتی نییە لە ئەزموونی ئەوەیتر، بەڵكو لە "ئەزموونی جیهان، یان دۆزێك". ئەو خۆشەویستیەی بادیو ستایشی دەكات ئەوا "دووان (جووتێك)پێكەوە دروستیدەكەن و بەرهەمی یەكگرتنەوەشیانە، كە ئەوەش لەلایەن خۆیەوە ڕووداوێك پێكدێنێت". هاوكات بۆ ئەوەی بادیو خۆشەویستیمان بۆ ڕاڤەبكات پرسیارگەلێك وەك پیاو چییە؟ ژن چییە؟ دەوروژێنێت و خۆی وتەنیش" فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە ئەفلاتونەوە تا نیچە هەوڵیداوە واتای ژن شرۆڤەبكات"(4).

 

بەرەو دامەزراندنەوەی فەلسەفەیەک تایبەت بە خۆشەویستی

فرۆید و لاکان

چیییەتی خۆشەویستی بۆ زۆربەی بیرمەندانی ڕۆژئاوا گرنگی خۆی هەبووە و ئەم گرنگیەش بەجۆرێك لە جۆرەكان قەرزاری ئەو وتنە فەلسەفیانەن ئەفلاتون لە دیالۆگی سیمپۆزیۆن (خوان، Symposion) بە ئامادەبوونی ئێرۆس (خواوەندی خۆشەویستی) و سوكرات لەو دیالۆگەدا، بەردەستمانی خستووە و ئەمەش وایكردووە لەو دەمەوە خۆشەویستی ببێت بە بابەتێكی مانادار بۆ فەلسەفە.

بادیو لە شرۆڤەكانی سەبارەت بە خۆشەویستی لە گەڕانەوەی بەردەوامدایە بۆ ئەفلاتون و لاكان. بادیو پێیوایە "تێۆری لاكان تایبەت بە خۆشەویستی هەمان دیدی فرۆید نییە"، یان لاكان سەبارەت بە بابەتی خۆشەویستی قەرزاری فرۆید نییە. بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی بادیو ئەوەی لاكان لەم ڕوەوە لە فرۆید جیادەكاتەوە ئەوەیە، كە "لاكان واتای خۆشەویستی و حەز بە زاراوەی فەلسەفی تێهەلكێشدەكات". بۆیە بۆ بادیو "لاكان باشترین دەروازەیە بۆ تێگەیشتن لە خۆشەویستی". ئەم ئامادەبوونەی خۆشەویستی لە هزری لاكان بۆ بادیو مانادارە و ڕێگایەكیشە بۆ لكانی فەلسەفە بە شیكردنەوەی دەروونییەوە. ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە تا ڕادەیەكی زۆر پێمانوایە فەلسەفە و شیكردنەوەی دەروونی توانای سازدانی شرۆڤەكردنی قووڵییان سەبارەت بە خۆشەویستی پێییە.

ئاشكرایە خوێنەری بادیو و پسپۆڕ لە فەلسەفەی خۆشەویستی ئەم بیریارە فەڕنسییە، هەست بەوە دەكات، كە شیكردنەوەی دەروونی نەبووە بە یەكێك لە چوار هەل و مەرجەكەی دروستبونی فەلسەفە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا بادیو لە نوسینەكانیدا بەبێ سلەمینەوە جەخت لەوە دەكات، كە "فرۆید و لاكان دوو فەیلەسووفی مەزنن و رۆڵێكی سەرەكیشیان لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی واتای خود دا دیووە". ئەوەی بۆ بادیو تایبەت بە لاكان جێی تێڕامانە ئەوەیە"لاكان پێویستە وەك تێۆریزەكەری خۆشەویستی، نەك خود، یان هەوەس تەماشابكرێت"(5).

كەواتە بادیو بۆ پێكهێنانی چوارەم هەل و مەرجی دروستكردنی فەلسەفە لە تێۆری خۆشەویستی لاكان سوودمەندە. بادیو پێیوایە "هیچ تێۆرییەك هێندەی تێۆری لاكان سەبارەت بە خۆشەویستی كاریگەری نییە". گومانیش ناكات، كە "لاكان لەو تێۆرییەیدا لەژێر كاریگەری دیالۆگی "خوان"ی ئەفلاتون نەبێت"(6). وەكی تریش بادیو بەخۆشی لەژێر كاریگەری هەمان دیالۆگە و بەم جۆرە  بێت بادیو دووجاران لەژێركاریگەر دیالۆگی ناوبراوی ئەفلاتونە. لەلایەك لە ڕێگای لاكانەوە و لەلایەكی تر لە ڕێگای ئەو كاریگەرییەی ئەو دیالۆگە و ئەمجار سێستەمی فەلسەفی ئەفلاتون لەسەر هزری بادیو دایناوە. بۆیە لە نوسینی"مانیفێستی فەلسەفە" دا كاریگەری لاكان لەسەر تێۆری خۆشەویستی بادیو شتێكی بەرچاوییە.

 

فەلسەفە/ دەروونناسی لەمەڕ خۆشەویستی

لاکان/ بادیو

فەلسەفە یان دەروونناسی لەمەڕ خۆشەویستی زۆرترین شتمان لەسەر خۆشەویستی پیدەڵێت؟بادیو لەژێرسیحری دیدی لاكان بۆ خۆشەویستی دەڵێت: "لاكان فێریكردوین، کە خۆشەویستی خۆی لە""بوون"" لەرێگەی ژوانەوە نزدیكدەکاتەوە( واتە یەكدەگرنەوە)". ئەم بۆچوونە لاكانییە ڕەنگدانەوەیەكی قووڵی لەسەر هزری فەلسەفی بادیو داكوتیوە و هەربۆیشە لەبەر ڕۆشنای ئەو بۆچوونە بادیو جەخت لەوە دەكات، كە لەلایەک "خۆشەویستی پەیوەندییە لەنێوان دووان ، لەلایەکیتر بەهەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی تاكیش كۆتای دێت"(7).

بادیو گومان لەوە ناكات، كە"خۆشەویستی وێنەی ئەم تاكەی بەسەرەوە نەمێنێت، وەلی تێۆری خۆشەویستی لاكان كار لەسەر دەرخستەیەكی لۆژیكی دەكات، كە بریتییە لە پەیوەندی نێوان دوانەیەك.

تەنانەت لاكان واشیدەبینێت، كە" خۆشەویستی دەكارێت بەلەجیاتی پەیوەندیی سێكسی بكات و بۆ ئەوەش دەچێت حەسودییەكی سێكسیش لەپشت خۆشەویستیەوە هەر دەبێت"، بەڵام بادیو ئاوا تەماشای خۆشەویستی ناكات، کە دواتر دێینەوە سەری.

ماناداری تێۆری خۆشەویستی لاكان بۆ بادیو لەوەدایە، كە بادیو سەرنجێكی زۆر دەخاتە سەر "ڕۆلی دوان لە پێكهێنانی پەیوەندی خۆشەویستی و ئەو پەیوەندیەش لەم تێۆرییەدا سەبارەت بە خۆشەویستی هاوچەرخ و خۆشەویستی ڕێزئامێز ئامادەیە". وەكیتریش بادیو گرنگی بەگشت ئەو پەیوەندیانەش دەدات دووانەیین، بۆ نموونە لە بواری سیاسیدا: پرۆلیتاریا و بۆرجوازی، بەڵام ئەم دووانەیە پەیوەندیەكی سیاسی دژ پێكدێنن(8).

 بادیو باوەڕی بەوەشە ئەم جۆرە دووانانە دەتوانن لەڕێگای بیرێكی سیاسیەوە یەکبگرن و ناكۆكی نێوانیان نەمێنێت. هاوكات بادیو ئامۆژگاری ئەوەشمان دەكات، كە گشت دووانەكان (ژن و پیاو، پرۆلیتاریا و بۆرجوازی) پێویستە لەوە بكەون بابەتی بن. ئەمەش" بۆئەوەی ئەم دووانانە بتوانن پێكەوەكاربكەن و یان كۆكبن و بۆئەوەی ئەمەش بێتەدی پێویستیان بەوە دەبێت واز لە بەبابەتیبوونیان بهێنن"(9). ئەمەش جۆرە ڕێگایەكە لەلایەن بادیوەوە بۆ قووتكردنەوەی تێۆریەك تایبەت بە خود لە بواری خۆشەویستیدا.

 

فێمینیزم و بۆچوونی ئەفلاتونی بادیو بۆ خۆشەویستی

بادیو بەبێ دەنگی لە دوو نوسینیدا (مانیفێستی فەلسەفە، خۆشەویستی چییە؟) ڕەخنەی تێگەیشتنی فێمینیستەكان بۆ واتای ژن و خۆشەویستیش دەكات. كێشەی بادیو لەگەڵ فێمینیستەكان و داكۆكیكەران لە تێۆری كویر (شاز، ناجۆری) Queer یەكناگرێتەوە، چونكە بادیو باوەڕی بە بوونی دوانەییەكی جیایە (دوو ڕەگەزی لێكنەچوو) لە دروستكردنی پرۆسەی خۆشەویستی. بادیو دژایەتی فێمینیزم ناكات، بەڵام بەزۆری دژی ئەو جۆرە ئاراستە فێمینیزمییانەیە، كە پەیوەندی نێوان ژیندەرەكان تێكدەدەن. دڵنیاشین تێزی ناوبراوی بادیو تایبەت بە خۆشەویستی پێناچێت لە لای گەلێك لە فێمینیستەكانی ڕۆژئاوا پەسەندكراوبێت.

گرنگە هێما بۆئەوەش بكرێت، كە ئەو خۆشەویستیەی بادیو کاری لەسەر دەکات، کە لەئاكامی یەكگرتنەوەی دوو ناجۆر دروستدەبێت""رەگەزی ناپەیوەندی دروستدەكات". هەروەها خۆشەویستی، كە"ڕووداوی یەكگرتنەوەی نێوان دووانە ئەزموونێكی بێپایان و تەواونەكراو جڵەودەكات"، بەڵام بادیو لەمڕوەوە زۆر جەخت لەوە دەكاتەوە، كە خۆشەویستی بریتییە لە"روودانی فرەییەكی بێناو، رووداوێك، كە لە دەرئەنجامی رەگەز (جنس)ە جیاكانەوە دروستدەبێت"(10).

بەم جۆرە بێت، خۆشەویستی، بریتییە لە پەیوەندی نێوان دوانەیەك. بناغەی ئەم دوانەیەش دوو رەگەزی (جنسی) جیا پێكیدێنن (پیاو و ژن)". "ئەم دوو رەگەزەش خود پێكدێنن، یان لە خود پێكدێن". ئەم یەكگرتنەوەیەی نێوان ئەم دوو رەگەزە "یەكگرتنەوەی نێوان دوو جەمسەری ناجۆرە: جەمسەری نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ". بەمشێوەیە "خۆشەویستی یەكگرتنەوەی نێوان دوو جەمسەری ناكۆكە: یەكێكیان ژنە، كە ناگشت پێكدێنێت و ئەوەیتر پیاوە، كە گشت ئەبەزێنێت"(11).

 

فەیلەسووفەكان نابێت لە خۆشەویستی بترسن

لێرەدا هێما بۆ ئەوەش دەكەین، كە بادیو لە شرۆڤەكردنە فەلسەفییەكانی تایبەت بە واتای خۆشەویستی بینینی خۆیمان سەبارەت بە سێكس و پەیوەندی ڕۆمانسیش بەرباسدەخات. بادیو ئەمەی لەو كارە تازانەیدا ئەنجامداوە لەم ساڵانەی دوایدا، بۆنموونە"لە ستایشی خۆشەویستیداÉloge de l'amour "(12)، نوسیونی. گرنگیدانی بادیو بە واتای خۆشەویستی لە پەرتووکی "لە ستایشی خۆشەویستیدا" ئاوڕدانەوەیەكی فەلسەفییانەی بێئەندازە جوانە و گفتوگۆ فەلسەفییەكانیشی سەبارەت بە خۆشەویستی بە قەرەی بینینە فەلسەفییەكانی ئەفلاتون، كێركەگۆر  Kierkegaard، سیمۆن دۆ بۆڤوارSimone de Beauvoir، پرۆست Marcel Proustو لاكاندا تێدەپەڕێنێت و پەرچەكرداری فەلسەفی لێدەسازێنێت. هەر لەم كارە فەلسەفییەیدا بادیو واتاگەلێكی وەك سێكس، پەیوەندی و ڕۆمانس (هەقایەتی ئەوینداری) دەخاتە ژێرپرسیارەوە و ساموێل بێكێت Samuel Beckett یش بەنموونە لەسەر ئەو ئەدەبە دێنێتەوە، كە پراكتیزەی خۆشەویستی كردووە.

بادیو لە پەرتووکی  ناوبراودا، كە بریتییە لە هەڤپەیڤینێك لەتەك نوسەر و ڕۆژنامەوانی لۆمۆندی فەڕەنسی نیكۆلا ترۆنگ Nicolas Trunong ، داكۆكی لە خۆشەویستی دەكات و لە سەرەتاوە تا كۆتای پەڕتووكەكە دەیەوێت بڵێت : "ستایشی خۆشەویستی گۆرانییەكە لەلایەن ئەو فەیلەسووفەوە دەچڕدرێت، كە وەك ئەفلاتون بیردەكاتەوە و پێ ماندەڵێت: ئەو كەسەی خۆشەویستیی وەك خاڵی دەستپێك وەرنەگرتووە هەرگیز لە سروشتی فەلسەفە تێناگات"(13).

هەر لەوێڕا ئامۆژگاری بادیو بۆ فەیلەسووفەكان ئەوەیە، كە" نابێت لە خۆشەویستی بترسن" و خۆشەویستیش بە سەرچڵی (موغامەرە) دەشوبهێنێت و داوای ئەوەش دەكات، كە خۆشەویستی مەرجە ڕیسكئامێز(سەرچڵئامێز) بێت. "خۆشەویستی بەبێ ڕیسك نەشیاوە. خۆشەویستی بێ ڕیسك وەك جەنگی بێ مردوو وایە". بەم چەشنە بادیو قسە لە ناسانایەتی خۆشەویستی، لە چركە ئەستەمەكانی خۆشەویستی لە جیهانی هاوچەرخدا، دەكات. كەوابێت دەشێت بپرسین بۆ خۆشەویستی لە كۆمەڵگەی ئێستادا ئەستەمە؟ پێدەچێت بەپێی هزری فەلسەفیی بادیو ئەو دەمە خۆشەویستیكردن ئەستەم دەبێت، كە بە ئارەزووی سێكسی تێكەڵدەكرێت(14).

بەو بینینەی لای سەرەوە بادیو ئەو گومانەش هەڵدەوەشێنێتەوە، كە وایبۆدەچێت "خۆشەویستی بوونی نییە"، ئەمەش لەبەرئەوەی بادیو "مانای خۆشەویستی لە ئارەزووی سێسكسیدا گیرناكات". سەرباری ئەوە، بادیو لەم نوسینەیدا باس لەو هەڕەشەیەش دەكات چاخی تازە لە خۆشەویستی دەیكات. بادیو خۆشەویستی سەردەمی ئێستاش وەك خۆشەویستییەكی بێ موغامەرە پێناسەدەكات. ئەمەو بەبۆچونی بادیو"خۆشەویستی لە ئێستادا لەژێر هەڕەشەی هێدۆنیزم (چێژگەری) Hedonismو لیبڕالیزمدایە" و ئەم دوو دیاردەیەش بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە گەشەی "سێكسگەرایی Sexuality و بەرخۆرییConsumerism  و پێشیوایە سێكسگەرایی و بەرخۆریی لە خۆشەویستی و سۆز خاڵیین"(15).

لەبەرئەوەی خۆشەویستی لە هەنووكەدا لە تالووكەدایە بادیو لەم پەڕتووكەدا كارێكی زۆر بۆ دەربازكردنی خۆشەویستی لە كێشەكانی دەكات. بیریشمان نەچێت بۆ بادیو لە ئەمڕۆدا "خۆشەویستی بریتییە لە ململانێیەك لەودیو تەنیاییەوە، ململانێیەك لەگەڵ گشت شتێك، كە لە جیهاندا دەتوانێت بوون بجووڵێنێت"، بەڵام هاوكاتیش بادیو هێرشدەکاتە سەر ئەو جۆرە خۆشەویستییەی لە ماڵپەڕی دەیتینگDieting ە كاندا باوە(16). لە دیدی بادیو "ئەم جۆرە خۆشەویستییانە خۆشەویستی كۆمەڵگەی بەرخۆرین". بۆیە لەبری ئەوە بادیو مەستی ئەو تێگەیشتنەی ڕامبۆ Rimbaud  ی شاعیرە، كە دەڵێت:"خۆشەویستی پێویستی بە دووبارە دامەزراندنەوە هەیە"(17).

بەپێی تێگەیشتنەكانی بادیو لە پەرتووکی ""لە ستایشی خۆشەویستی دا"" بێت "خۆشەویستی یەك جارە و بۆ هەمیشەشە". لەم بارەیەشەوە بادیو باس لە هەقایەتی خۆی دەكات، كە لەتەمەنی لاویدا ژنێكی خۆشویستووە، كە ئەوە یەكەم خۆشەویستی "ئەو" بووە و بۆ هەمیشەش لە یادی ماوەتەوە. لەبەرئەوە بادیو لە شوێنێكی هەمان پەڕتووك دا وتنێكی تویژەنەوەیەكی تری (تێۆری خود) دووپاتدەكاتەوە، كە بەم شێوەیەیە: "خۆشەویستی ئەو شتەیە دووبارە نایبینیتەوە". لەوەش نكوڵیناكات، كە "خۆشەویستی بریتییە لە "ژیانکردنی خودی ژیان لە میانەی دوو دیدەوە": ئەوەی خۆشەویستیدەكات و ئەوەی خۆشدەویسترێت"(18).

دروستكردنی ژیانیش بەپێی دیدی بادیو"لە میانەی دوانەوەیە نەك تاكەوە". هەر تایبەت بەم لایەنە بۆ بادیو "پەیوەندی خۆشەویستی پێویستی بە دیدی فرە و هاوبەش هەیە". كەواتە خۆشەویستی كەوتنە ناو ژیانی كەسێكی ترەوەیە، سوتانە بۆ ئەو ژیانە. شوێنی وتنە، بادیو دژی تێگەیشتنی ڕۆمانسییانەیە بۆ خۆشەویستی و دژی تێگەیشتنی كلاسیكانەشە بۆ هاوسەرگیریی. بەپێی دیدی فەلسەفییانەی بادیو "خۆشەویستی هەم ژوانە و هەمیش خوڵقاندن. واتە مرۆڤ لەناو خۆشەویستیدا كێشە چارەسەردەكات: پێكەوە ژیان، یان نەخێر، مناڵ دروستكردن، یان نەخێر...". دیارە لە نهێنیدا، لە وتنێكی بێدەنگئامێزانەدا، بادیو حەزدەكات بێژێت: خۆشەویستی دەشێت بریتی بێت لە كردەی ڕووبەڕووبوونەوەش(19).

 

سێکس یان خۆشەویستی؟

بۆ بادیو "خۆشەویستی پێچەوانەی سێكسە". هەربۆیشە بادیو زۆر ڕاستەوخۆ "گاڵتە بەو خۆشەویستییە دەكات لە ئێستادا لە پاریس هەیە و پێیوایە شتێكی خراپیشە، کە زۆربەی جووتەكان، دوانەکان، تەنیا پێنج ساڵێك پێكەوە دەژین و بەباوەڕی بادیو ئەمانە لە خۆشی خۆشەویستی ناگەن، بەس گشت شتێك لەسەر چێژی سێكسی دەزانن"(20). جگەلەوەی "عیشق، بەبۆچوونی بادیو، هەرگیز ناكڕدرێت، لێ سێكس، یان خودی چێژی سێكسی وەك ئەوە تەماشادەكات جەستە بەشمەك دەكات".

سەرباری ئەوە، بادیو پیێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت، كە "خۆشەویستی بەرهەمی ڕاستییەكە ئاماژەیە لەسەر ئەوەی ئەم خۆشەویستییە جێگری زانینە، زانینی ئەوانەی یەكتریان خۆشدەوێت". بەواتایەكی روونتر، خۆشەویستی بەپێی دیتنی بادیو بریتییە لە "رووداوی یەكگرتنەوەی نێوان دوان (جووتێك) و بەرهەمهێنانی راستیی لەمەڕ ئەم دوانە-(جووتە)"(21). 

پێشتریش وتمان، لاكان وایدەبینێت، كە" خۆشەویستی دەكارێت بەلەجیاتی پەیوەندیی سێكسی بكات و بۆ ئەوەش دەچێت حەسودییەكی سێكسیش لەپشت خۆشەویستیەوە هەر دەبێت"، بەڵام بادیو ئاوا تەماشای خۆشەویستی ناكات، کە دواتر دێینەوە سەری. چونكە بادیو خۆشەویستی وەك پرۆسەی یەكگرتنەوەی نێوان دوو دژە جەمسەر دەبینێت و ئەو شتەش ئەم دووانە دروستیدەكەن بە تاكێك دروستناكرێت. خودی پرۆسەكەش وەك دروستكەری ڕاستی دەبینێت. ئەم فەلسەفەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، كە خۆشەویستی پرۆسەی دروستكردنی ڕاستیشە، "خۆشەویستی تەقەلایەكە بۆ ڕاستی". بەمانایەكی تری فەلسەفی، بادیو، كە كار لەسەر دامەزراندنی خۆشەویستی دەكات ئەمە لەمیانەی بە ڕووداوكردنی خۆشەویستییەوە دەكات. هەروەها ئەوەش، كە خۆشەویستی سازێنەری ڕاستییە، ئەو ڕاستییەی بۆ دروستكردنی ڕاستی فەلسەفیی پێویستە.

ئەوەی تایبەت بە تێۆری لاكان لەبارەی خۆشەویستییەوە شوێنی تێڕامانە ئەوەیە بۆ لاكان "چێژی سێكسی لە خۆشەویستیدا شتێكی نارسیسیە (خۆپەرستانەیە) و پەیوەندی سێكسیش بوونی نییە". بەم شێوەیە، لاكان مەیلی كەسەكان بۆ یەكتر لە ئارەزووی سێكسیدا بەرجەستەدەكات، هەرچی بەبۆچوونی بادیوە "ئارەزوو و خۆشەویستی هاو مەیل نیین، چونكە"ئارەزوو مەیلێكی فیتش Fetish ی (بەشتبوونی) هەیە، بەڵام خۆشەویستی مەیلی سووتان و لە ئامێزگرتنی تیایە"(22).

گشت ئەو ڕەخنانەی بادیو لە خۆشەویستی دەیگرێت بۆ زەمینەخۆشكردنە لە داكۆكیكردن لە خۆشەویستی."داكۆكیكردن لە خۆشەویستی بەقەولی بادیو ئەمە ئەركی فەیلەسووفە"."ئەم داكۆكی و بانگەشەكردنە بۆ سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی خۆشەویستی بەپێی فەلسەفەی بادیو بۆ لێدانی سیاسەتی ئەمڕۆ و بازاڕە"(23). بۆیە خۆشەویستی لە ڕوانگەی ئەم فەیلەسووفە فەڕەنسییەوە" بریتی نییە لەپەیمانی نێوان دوو نارسیست (خۆپەرست) Narcissist ، بەڵكو بریتییە لە پتر لەوە.

خۆشەویستی بریتییە لە دامەزراندن و بەشداریكردن لەودیو نارسیزمەوە". واتە نارسیزم (خۆپەرستی)Narcissism   ناچێتە خانەی خۆشەویستییەوە، وەلی زۆر ئەفسووس كۆمەڵگەی هاوچەرخ پڕە لەم جۆرە دیاردەیە (دیاردەی نارسیزم). بەپێی بینینی فەلسەفی بادیو "ئازادكردنی سێكسی كێشەكانی ناو خۆشەویستی وەك خۆی دەهێڵێتەوە"، بۆیە بادیو باوەڕی تەواوی بەوەیە، کە "سێكس پێویستە لە ڕەوشتگەری ئازادبكرێت"(24).

وێڕای ئەوە، بادیو پێشیوایە "كاتێك مرۆڤ سێكسییانە ئازاد دەبیت ناتوانی كێشەی خۆشەویستی چارەسەربكات". هەروەها داكۆكی لەوەش دەكات، كە "چارەسەركردنی كێشەی بووناوی خۆشەویستی لە خۆشییە گەورەكانی ژیانە"(25). كەوابێت، ژیانی ڕاستەقینە ئەو ژیانەیە خۆشەویستی دابیندەكات. بەم جۆرە بێت،  خۆشەویستیمان هەبوو سێكسیشمان هەیە، لێ  بەتەنیا سێكس خۆشەویستی مسۆگەرناكات.

 

سەرئەنجام:

گەشتی شرۆڤەکاری فەلسەفە سەبارەت بە خۆشەویستی لەبن نایەت. لەبەرئەوەی خۆشەویستی کۆتای نایەت؛ فەلسەفەش بەهەمان شێوە. شرۆڤەکاری فەلسەفیی هیچ کات ئۆقرەناگرێت و هەر جارە و بە بیانوێكی ماقووڵ و هەستیارییەكی فەلسەفییەوە قسە لەسەر ئێمە دەکات؛ خۆشەویستیش ئێمەیە. فەلسەفە، کە مەشقكردنێكی هزرییە، و بە كارە فەلسەفییەكانی فەیلەسوفەکانیش بەردەوام دووچاری خورپەی فەلسەفیی و بیریاریی دەبین بۆیە فەلسەفە پێویستە كار لەسەر بەچۆكدادانی ئەو دید و بیرۆكانە بکات، کە زەفەر بە واتای خۆشەویستی دەبەن. خۆشەویستی خۆشییە، سەرەتای بەختەوەرییە هەر بەو هۆکارە ئەرکی فەلسەفە دووبارە شرۆڤەکردنەوەی خۆشەویستییە.

باس لە خۆشەویستی پێویستە گۆڕەپانی هزری بتەنێتەوە ئەگەرنا سێکس براوەیە. لەمیانەی ئەوەشەوە پێویستە هاوخەمی خۆمان بۆ ئەو كێشە و مەینەتییانە نیشاندەین، كە بەهۆی سێکەسەوە بەرۆكی ئێمەی، ئەم ئەستێرە سامناکەی ئێمەی، گرتووە، ئێمەیەک کە لەژێر زەبری تەکنەلۆژیای زانیاریی لاواز و بێچارەین.

سەرباری ئەوە، ئەوانەی لە هزری بادیو گفتوگۆئامێزی شكنابەن ناتوانن مەیلیان بۆ تێخوێندنەوەی كارە فەلسەفییەكانی هەبێت و خۆیان بە هاوهەڵوێستی ئەندێشە بەربڵاوەكانی بزانن. بەهۆکاری ئەوە، لەم نوسینە دا بۆ ئەوەی میكانیزمی هزری ئالان بادیو بەجۆرێک شرۆڤەبکەین، کە مۆدێلێك لە بیركردنەوەی فەلسەفی تر بخاتەڕوو ئاوڕمان لە هەندێک لە تێزە فەلسەفییەکانی دایەوە.

ئەڵبەتە، شانبەشانی فەلسەفە پێویستمان بەو ڕۆمانانەشە، لە شێوەی ئەنا کارینە Anna Kareninaی تۆلستۆی، ماستەر و مارگەرێتەی بوڵگاکۆف Bulgakovو خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرەی مارکیز، سەرلەنوێ خۆشەویستیمان بۆ داڕێژنەوە.

 

رفڕێنسەکان

1. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek? Urval och introduktion: Dariush Moaven Doust. Översättning: Carin Franzén. Glänta produktion. 2005.

2. Ibid.

3. Alain Badiou. In Praise of Love. Translated by Peter Bush . Serpents Tail .2012.

4. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek?

5. Ibid.

6. Ibid.

7. Ibid.

8. Alain Badiou. In Praise of Love.

9. Ibid.

10. Ibid.

11. Ibid.

12. Ibid.

13. Ibid.

14. Ibid.

15. Ibid.

16. Ibid.

17. Ibid.

18. Ibid.

19. Ibid.

20. Ibid.

21. Ibid.

22. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek?

23. Alain Badiou. In Praise of Love.

24. Ibid.

25. Ibid.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×