زۆڵە ژورنالیست

ئازاد حەمە
  2022-07-01     1111

(پێشکەشە بە خانمە ژورنالیست شیرین ئەبو عەقلە و هاوشێوەکانی، کە یەکلابووەوە بە گولەی ئیسرائیلییەکان کوژراوە)

 

دەستپێک: زۆڵەکان بەرهەمی داڕمانی ڕەوشتیین

لەم سەرەتایەوە زۆر بەڕاشکاوی دەڵێم، زۆڵە ژورنالیستەکان بەرهەمی داڕمان(کۆلاپس)ی ڕەوشتیی کۆمەڵگەی ئێمەن و میدیای سێبەریش دایکی ڕاستەقینەی زۆڵە ژورنالیستەکانە. ئەم جۆرە، یان چەشنە(کاتیگۆری) لە ژورنالیست لە زۆر کۆمەڵگەدا هەن و دەکرێت کۆمەڵگە گەندەڵەکان بە شوێنی سەرەکی زۆڵە ژورنالیستەکان لەقەڵەمبدرێت.

لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان، ئەڵبەتە لە کۆمەڵکە زۆرداریی و سەربازیی و دیکتاتۆرەکانیشدا، کە لەوێندەرێ زۆڵە ژورنالیستەکان بازاڕیان گەرمە، سیاسەت دووفاقانە کاردەکات. ئەمەش گرفتارئامێزیی و بێ مافیی بۆ مرۆڤەکان دێنێت.

سەرباری ئەوەی وترا، لە دیدی سیاسیی و سۆسیۆ-ئابوورییەوە توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن، کە کۆمەڵگە گەندەڵەکان کۆمەڵگەگەلێکی چەتەئامێز، مافیاگەرا و تاکڕەون. لەبەرئەوە ژینگەی ئەم جۆرە کۆمەڵگانە لەبارە بۆ هاتنەدونیای زۆڵە ژورنالیست و زۆڵەکانی بواری پێشەکانی تریش(داد، پەروەردە، تەندروستی، ڕوناکبیریی، ئەکادێمی).

هەرچی کۆمەڵگە نا-گەندەڵەکانە دیاردەکانی لەبنڕا جیاوازن. لە کۆمەڵگە نا-گەندەڵەکاندا زۆڵە ژورنالیستەکان جێگایان نابێتەوە. نەک هەر لەبەرئەوەی لەوێندەرێ هاریکاری مادی ناکرێن، مافی تاک پارێزراوە، یاسا سەروەرە و تەمەنی میدیای سێبەریش کورتە، لەبەرئەوەش، کە هاوڵاتیانی ئەو کۆمەڵگانەی بە گەندەڵی ئاشنانیین خاوەنی ئەو جۆرە ئاگایی و روناکبیرییەن، کە دەزانن کاریان بە میدیای سێبەر مەیسەرنابێت و کێشە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانیشیان لەژێرسایەی میدیای سێبەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.

بە حوکمی ئەوەی زۆڵە ژورنالیستەکان لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان دوانەییانە(دووفاقانە) کاردەکەن و پەیوەندیشیان بە کەسی یەکەم و دووەمی ناو حیزبەکان و بگرە سەرمایەدارەکانەوە بەهێزە بەردەوام پارێزراون.  

 لێرەوە بە پێویستم زانیوە لەڕێگای جۆرێک لە زۆڵەوە، زۆڵە ژورنالیست، قسە لە زۆڵگەرایی ناو کۆمەڵگەی نوێی خۆمان بکەم و دواتر بچمە ناخی وشەدانی ئەم چەشنە لە زۆڵ. تا ئەو دەمەی سیاسەتی هەڵە سەروەر بێت کۆمەڵگە بەردەوامدەبێت لە ناولێنانی ئەم جۆرە زۆڵە و زۆڵەکانی ناو پیشەکانی تریش بە لێهاتوو و هۆشیار.

ئەو نیازەی لەدووتۆێی ئەم باسە پوختەدا خوازیارم بیپێکم، ئاکاری سەمەرەی زۆڵەکانی نێوەندی ڕۆژنامەگەریی کوردییە. واتە، ئەوەی لەم کورتە نوسینە باسیدەکەم ئەو زۆڵە نییە بە زۆڵی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو ئەو زۆڵەیە لە ئامێزی خێزانێکی نۆرماڵ پەروەردەدەکرێت و وەکیتریش وەک کەسێکی زۆڵەشەیتانی بێباک و دژە بەها ڕەفتاردەکات.

لەمیانەی ئەم دەستپێکەشەوە دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ چۆن دەبیت بە زۆڵە ژورنالیست؟ ئایا زۆڵی جۆرێکە لە زیرەکیی؟ یان زۆڵی جۆرێک لە زرنگیی تایبەتی تیاپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە تەلەفزیۆنێک کاربکەیت؟ لەناو ستافی ڕوناکبیریی گۆڤار یان ژورناڵیک دا بیت؟ ئەمانە و چەندین پرسیار و تێڕامانی دی دەبنە هەوێنی قسەکردنەکانم.

کۆتا وتنی ئەم دەستپێکە ئەوەیە، کە داوادەکەم خوێنەری ئەم چەند دێڕە زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیابکاتەوە و ئەندێشەی خۆی ڕادەستی زۆڵە ژورنالیست نەکات و هەواڵ و ڕووماڵەکانی بەهەندوەرنەگرێت و وەک دوژمنی وتنی ڕاستیش تەماشایبکات.

 

زۆڵگەردانی

ڕوونە، کە دەستەواژەی زۆڵ لە خودی خۆیدا نەختێک، بگرە زۆریش، سەمەرەیە، ئەو دەمەش، کە دەدرێتە پاڵ ژورنالیست ڕووبەری سەمەرەبوونەکە زیاتردەکات و لەوسەریشەوە خۆی پتر کاریگەر و سەرسامکەر نیشاندەدات. بەڵام زۆڵگەردانی وەک پاشاگەردانی نییە. پاشاگەردانی لەئاکامی بێ سەرۆکی و نەبوونی سەرکردەی ڕاستەقینەوە دەردەکەوێت و پشێویی و نائارامی دەکات بە بنەمای خۆی، هەرچی زۆڵگەردانییە لێرەدا بەو واتایە بەکاردێت، کە هەر زۆڵە و بۆخۆی دەژیت و دونیای خۆی بە ئارەزووی خۆی دروستدەکات.  

بەپێی دەستوری زۆڵگەردانی بێت ڕاستگۆیی لە هەڵوەدا و تەرە دا دەژیت و زۆڵیش زۆڵی تر قوتدەدات و چارەنوسی زۆڵگەردانیش بەدەست زۆڵترینەوە دەبێت. ئەمە سەرباری ئەوەی زۆڵ لە دەمی زۆڵگەردانیدا یاری جیاواز و چاوەڕێنەکراو دەکات.  

لەبەرئەوەی باسکرا، بۆ من نوسین لەسەر زۆڵە ژورنالیست پڕە لە تاسە و پەژارەیی. نوسین لەوبارەیەوە بۆ خۆشی و خەندە نییە. نوسینی لەم شێوەیە نوکتەئامێزی و خەندەئامێزی بەدوای خۆیدا ناهێنێت. بۆ من نوسین لەسەر بوونی زۆڵە ژورنالیست لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا مایەی سیس بوون و ژاکانی ئاکارە(موراڵە).

بوونی ئەم چەشنە لە ژورنالیست ئاماژەیە لەسەر یەکگرتنەوەی  بێباکی لەتەک ناکامیدا. زۆڵە ژورنالیست ڕۆژانە بە پەناماندا تێدەپەڕیت و لەناو گەرمایی ژیان کەسیرەمان دەکات(کەسیرەبوون= گرژهەڵاتن لەسەرماندا). 

 

کێ زۆڵە ژورنالیستە؟

پرسیاری هەرە بناغەیی ئەم نوسینە ئەمەیە: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە تەنیا لە خەونی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان. ئەوانە سایکۆپاتی (دروونبیمار)  psychopath ئێستاشمانن. زۆر بەدەگمەن زۆڵە ژورنالیستەکان زیانیان بەردەکەوێت. گەر تۆزقاڵە زیانێکیشیان بەرکەوێت ئەوا یان نەخشەیان بۆداناوە، یان بە ڕێکەوت بەریانکەوتووە، لێ ئەو دەمەش یەک نەخت زیانیان بەردەکەوێت قازانجێکی زۆر لەوە دەکەن. نموونەشمان لەسەر ئەوە زۆرە.

کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە خەو بە تراجیدیاوە دەبینن. زۆڵە ژورنالیستەکان خوازیارن تراجیدیا ڕووبدات، تا بەهۆیەوە دەرکەون و بێنەگۆ. ئەوەی لەم حاڵەتەدا زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە زۆڵە ژورنالیست لەسەر تراجیدیا و کارەساتی جەرگبڕ مشەخۆرە. ئیدی دوای ئەوە مانشێتی سۆزاوی و وروژێنەری زۆڵە ژورنالیست لە گشت لایەکەوە خۆی دەکات بە ئەندێشەماندا.  

بەو جۆرە بێت کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ زۆڵە ژورنالیستەکان ئەو جۆرەن، کە شەیدای مایکرۆفۆنن. لە کوێ تراجیدیایەک هەبێت لەوێندەرێ دەپەیڤن، کە دەشپەیڤن خۆیان وەک کۆتا مرۆڤدۆستی سەرزەمین نیشاندەدەن. ئەمەش لەبەرئەوەی زۆڵبوونەکەیان وایانلێدەکات پیشەکەیان لا بێ بەها و ناکاریگەر بێت.

ئاشکرایە، کە پیشەی ژورنالیستی شتێکی پڕمانا و بەرپرسیارئامێزییە، لێ زۆڵیەتی وادەکات پیشەی ژورنالیستی بە ئاقارێکی سەرلەبەر جیاوازدا بڕوات.

کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ دەشێت ئەوانەبن، کە بەردەوام چەنەلێدەدەن و پێشیانوایە گشت ڕاستی وا لەبەرباخەڵی ئەواندا. وەکیتریش زۆڵە ژورنالیستەکان سۆفیستەکانی Sophist (سوفستاییەکانی یۆنانی کۆن) سەردەمی ئێستامانن و پرۆتۆگۆراس Protagoras و گۆرگیاس Gorgias یش بە شاگردی خۆیان نازانن. یاریکردن بە ڕاستی و وشەفرۆشی باشترین کاری زۆڵە ژورنالیستەکانە و لەگەڵ زاڵبوونی ئاکاری نیولیبرالیزمیش زۆڵە ژورنالیستی وەک پەتا لێرە و لەوێ دا بڵاوبووەتەوە.

ئەو شیاوییانەی وتاری سیاسیی نیولیبرالیزم خستوویەتە بەردەست زۆڵە ژورنالیستەکان لە دیرۆکی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەدەگرێت. کۆمەڵگەی تازەش لە زۆر ڕووەوە قۆرت و چەوتیەکانی هەر لەم وتارەوە بەدەستهێناوە.

دیسانەوە دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ له‌ بنچینه‌دا، ئەمە ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە لە سەر هەموو شتێک و لە هەموو شوێنێک دەنووسن و لەکۆتایشدا هەستدەکەین هیچیان نەنووسیووە. زۆڵە ژورنالیستەکان زۆر دەنووسن و بێ پرینسیپانەش دەنووسن. نووسین لای ئەمانە وشەسازییەکی ڕۆژانەیە و تانە و پلار، تەشەرە و توانج بەهەندوەرناگرێت. نووسینی پووچ و سەرەڕۆ، یان ئەو جۆرە نووسینەی بێباکی و نابەرپرسیاریی بەرهەمدێنێت بەری بیری زۆڵە ژورنالیستەکانە.

سەرباری ئەوە، دەخوازم دووبارە بپرسمەوە کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەو جۆرەن لە ژورنالیست، کە ناهێمن و چەنەباز و پۆپۆلیستن. زۆڵە ژورنالیستەکان لە وتنا گەرم و زۆربڵێن. وا قسەدەکەن کە دایکی ڕاستیین، لێ دەمێکە ڕاستیی قوربانی دەستی ئەمانەیە و وەکیتریش خۆیان وەک گوناح و فریشتە نیشاندەدەن.

دەپرسمەوە کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانە زۆڵە ژورنالیستن، کە یاریزانن. یاری بە وشە، بە ڕاستی و بە ڕووداو دەکەن. ڕاستی بۆ ئەم جۆرە لە ژورنالیست بریتییە لە ڕیزکردنی وشە. ڕوداوەکانیش بۆ ئەمانە تا ئەو جێگایە مانادارە، کە خۆیان لە ناو مانشێتێکدا دەبیننەوە.

بەم جۆرە بێت بۆ دواجار دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە پارێزەری بێدادییەکانی کۆمەڵگەن، لەسەر خوانی سیاسی و دەوڵەمەندەکانی کوردستان باس لە کاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان دەکەن. بگرە هەر زۆڵە ژورنالیستەکانیشن، کە ڕاستەوخۆ ژیانی هیچ سیاسی و دەوڵەمەندێک ناخەنە ژێرگومان و مەترسییەوە.

بەڵێ زۆڵە ژورنالیستەکان مانشێتە سەرنجڕاکێشەکان لە باخ و سەرمێزی خواردنەوەکان دەستنیشاندەکەن. تاساڵانێکیش لەمەوبەر ئاگام لێبوو، کە زۆڵە ژورنالیستەکان بابەتی مانشێتە گرنگەکانیان لە باخ و سەرمێزی خواردنەوە لەگەڵ سیاسیی و دەوڵەمەندەکان دادەڕشت. زۆرجار زۆڵە ژورنالیستەکان ناونیشانی مانشێتە هەستیارەکانیان بەدەم قاقا و نوکتەوە دەهۆنیەوە و بەجۆرێکیش ڕێزمانی مانشێتەکانیان دادەنا، کە نزیک بێت لە بەرژەوەندی سیاسیی و بازرگانەکان. بەجۆرێک ڕاستییەکانیان لە ناواخنی مانشێتەکانیان دەئاخنی، کە نە شیش بسوتێت نە کەباب.  

 

ئەوەی زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە

 بوون بە زۆڵە ژورنالیست بەڕێکەوت نییە و کۆشش و تەقەلایەکی زۆر و بێ وچانی دەوێت. وەکیتر، گێلەکان نابنە زۆڵە ژورنالیست. ئەوانە دەبنە ئەمە، کە جۆرێک لە زرنگی و هۆشیاری تایبەتیان هەیە و بە بەرژەوەندییەکانیشیان ئاشنان. ئەمانە، زۆڵە ژورنالیستەکان، دەزانن چیدەکەن، لە کوێ چی دەڵێن و چۆنیشی دەڵێن.  بۆیە ئەوەی زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە زۆر شتە. لای خوارەوە هەندێکیان بەسەردەکەینەوە.

 زۆڵە ژورنالیست بەردەوام هەیە و لە هەموو شوێنێکیشدا دەردەکەوێت. ئێستا لێرەیە، لە سلێمانییە و تاوێکیتر لە بادینانە. سبەی لە هەولێرە و دواتر لە هەڵەبجەیە. گشت شوێنێک دەکات بێ ئەوەی دووچاری مەترسی ببێتەوە. ئەوەش، کە وادەکات دووچاری هێچ کێشەیەک نەبێتەوە تایبەتمەندییە سۆفیستییەکەیەتی. ئەمەو ئەم جۆرە زۆڵە جارجارە لەو جەولانە خەو بە ڕووبەڕووبونەوە و پەلاماردانێکیشەوە دەبینێت. ناوبراو مردووی شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکانە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی کارەکەی ئەوەی لێداوادەکات، لەبەرئەوەش، کە سایکۆلۆجیای زۆڵایەتی لە ناخی زۆڵە ژورنالیستدا کارایە.

زۆڵە ژورنالیست بۆ ئەوەی هەبێت و بەردەوامبێت پێویستی بە دراما و داستانە. پێویستی بە درێژدادڕی و کاوێژسازییە. بەواتایەکیتر، ئەم جۆرە ژورنالیستە لەسەر قەیرانەکانی ئێمە دەژیت. تا قەیران هەبێت ئەو مانشێتی وروژێنەر و یاریئامێزانە دادەڕێژێت.

هەرچی ژورنالیستی ڕاستەقینەیە، کە بوونی لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانی خەریکە دەبێتە شتێکی دانسقە و دەگمەن، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ژورنالیستی ڕاستەقینە وتنی ڕاستی سەروی گشت وتنەکانە. هاوکات ئەم جۆرە ژورنالیستە لە خۆڕا ناپەیڤێت، کە دەشپەیڤێت ڕاستی لە ناڕاستی جیادەکاتەوە و خۆی لای سیاسی و دەوڵەمەند ناشریندەکات. ئەمەو ئەم شێوە ژورنالیستە مات و خەمبارە و کارەکانی، کە بریتیین لە بەدواچوون و یەکلاکردنەوە، دوور لە سۆز و ڕاگرتنی بەڵانس ئەنجامدەدات.   

لەوەی باسکرا سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، کە ژورنالیستی ڕاستەقینە بێباک و قۆشمەچی نییە. ئامادەیە سەری خۆی لەپێناو گەیشتن بە وەڵام بۆ پرسیارێکی هەستیار دانێت. ژورنالیستی ڕاستەقینە، ڕێک بە پێچەوانەی زۆڵە ژورنالیست، هۆگری کارەکەیەتی و لە بنەچەی کارەکەشی واحاڵییە، کە ئەرکێکی ئاکاریی(موڕالیی) لەسەرە و قەرزێکی ڕەوشتیشی لەئەستۆدایە.

وێڕای ئەوە، ژورنالیستی ڕاستەقینە بە سەلیقەوە لە سەختگیرییە ژورنالیستییەکان دێتەدەرێ و بەکارامایشەوە دژوێژ (پارادۆکس)ەکان شیکاردەکات. ڕچەشكێنی ژورنالیستی ڕاستەقینە ئەوکاتانە دەردەکەوێت، کە گورزێکی سامناک لە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات دەدات و چاوپۆشیش ناکات لە بی مافییەکان.

 

زۆڵە ژورنالیستەکان بەرهەمی میدیای سێبەرن

سەری باس و بنی باسی زۆڵە ژورنالیستەکان میدیای سێبەرە و هەر خۆشیان زووزوو دەمانکەن بە دوژمنی ئەم جۆرە میدیایە. لەبەرئەوەی میدیای سێبەر بەخێوکەر و دروستکەری زۆڵە ژورنالیستەکانە بەردەوام قاچێکیان لەناو ئەم میدیایەدایە. بەدڵنیاییەوە میدیای سێبەر ئەو چەشنە لە ژورنالیست دروستدەکات، کە دەزانێت کێکە گەورەکە لە کوێیە. بۆ زۆڵە ژورنالیستەکان کێکە گەورەکە وا لەناو میدیای غەیرە سێبەر. باشە بۆ؟  

لەبەرئەوەی ئەم جۆرە ژورنالیستانە کەسانێکی دەبەنگ و ناوریا نیین، ئەو نەختە کێکەیان بەلاوە مەبەست نییە لە دەڤەری میدیای سێبەردایە. ئەمانە چاک لەوە حاڵیین مانەوەیان لە زۆنی میدیای سێبەر شتێکی کاتیی، یارییەکی دۆڕاو و بی گەرانتییە، بۆیە زۆڵە ژورنالیستەکان گشت بوونی خۆیان و تەکنەلۆژیا زۆڵاویەکەیان لە بەرگێکی تردا لەناو میدیای غەیرەسێبەر دەخەنەگەڕ.   

بەزمەکە لەوەدایە، ئەو ماوەیەی زۆڵە ژورنالیستەکان لەناو میدیای سێبەر بەسەریانبردووە، بە جۆرێکی تر بە ئێمەی دەفرۆشنەوە و وەک قۆناغێکی زێڕینی خۆشیان تەماشیدەکەن؛ گوایە لەوێندەرێ کاری دەگمەن و تایبەتییان کردووە. وێڕای ئەوە، ئەوەندەی  لە شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکانەوە فێری ڕاستیبێژی دەبین و بە شاراوەکان ئاشنادەبین ئەوەندە لە شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکان و ژورنالیستە ڕاستەقینەکانەوە شت فێرنابین. شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکان شەڕە لەپێناوی پلەوپایەی ناو ڕاگەیاندن و دابەشکردنی کێکی داهاتوو، نزیکبوونەوە لە سیاسی و سەرمایەدارەکان و چەندین دیاردەیتر.

 

زۆڵە ژورنالیست کەسایەتییەکی سایکۆپاتی (دروونبیمار) هەیە

بە بی گومانەوە، هێما بۆ ئەوە دەکەین، کە زۆڵە ژورنالیست کەسایەتییەکی سایکۆپاتی psychopath (دەروونبیمار) شی هەیە. کەسی سایکۆپات کەسێکی دەروونناساغی بێ سۆز و ئاکار لادەرە. تابڵێیت درۆزن و هەڵخەڵەتێنەر و ڕەفتار ترازاوە. لەوە سەمەرەتر کەسی سایکۆپات هەست بە ناموردای و تێکشکانی خۆی ناکات. ئەگەرچی زیرەکییەکی ڕووکەشیشی هەیە، لێ خۆپەرستییەکەی، کە لە لوتکەدایە، ئەوەی لێتێکدەدات. سەرباری ئەوە، ئەم جۆرە کەسە بێ شەرمە و توانای دادوەری ڕاستەقینەی نییە و بەردەوامیش لە خەمی خۆی دایە.  

کەوابێت ئەوەی لای سەرەوە سەبارەت بە کەسایەتی سایکۆپات وترا لە زۆر ڕووەوە لە زۆڵە ژورنالیستیش دا بەدیدەکرێت. زۆڵە ژورنالیست ئەو دەروونبیمارەیە ناشێت پشتی پێببەسترێت. کەسی لەم جۆرە بەرامبەر بە کێشەکانی کۆمەڵگە بێباکە و خەو بە بەسەرهات و ئاشوبەوە دەببینێت.

زۆڵە ژورنالیست هەرگیز ژیانی، بەرژەوەندییەکانی، ناخاتە بەر مەترسیی و جۆرە هەڕەشەیەکەوە، کە بێدەرەتانی بکات. ئەمە ئەو کەسەشە، کە ناخوازێت موغامەرە بکات و بۆئەوەی دەرفەتی ئەوەشی بۆ دروستبێت لەبەردەم مایکرۆفۆن دا قسەبکات و دلۆڤانی خۆی بۆ سیاسیی و سەرمایەدارەکانی کۆمەڵگە نیشانبدات بێباکانە گومان لە ئاکاری ژورنالیستی ڕاستەقینە دەکات.

 

زۆڵە ژورنالیست دوژمنی ڕاستییە

کاری ژورنالیستی کارێکی لێوڕێژە لە گەڕان بەدوای گەواهی و بەڵگە، لە خستنەڕووی پڕنۆ(دەلیل) و ساغکردنەوەی ڕاستییەکان. ئەمە بۆ زۆڵە ژورنالیست بەجۆرێکی ترە. لەبەرئەوەی ئەو دوژمنی ڕاستییە بکوژی سەرەکی دادیشە. بەم شێوەیە بێت، ئەوەی ناوبراو تێیناگات، یاخود ناخوازێت تێیبگات، ڕاستییە. بەڵام زۆڵە ژورنالیست بۆ ئەوەی هەبێت و بەرژەوەندییەکانیشی پارێزراوبێت لە هیچەوە ڕاستی دروستدەکات. کێشەی ئەم جۆرە لە ڕاستی ئەوەیە، کە کەس پێویستی پێی نییە. ڕاستییەک بەرهەمی هیچیی بێت ناڕاستییە و دژی تاکەکانی کۆمەڵگەشە.

ڕاستییەک لە منداڵدانی هیچییەوە بێتەکایەوە دژە بەهاو و بەدفەڕ و بەدنیهادە. بۆیشە کۆمەڵگەی گەندەڵ بەهەشتی زۆڵە ژورنالیست و دۆزەخی ژورنالیستی ڕاستەقینەیە. لە سۆنگەی ئەم لایەنەشەوە بەوە دەگەین، کە بیر و ڕەفتاری زۆڵەکانی ناو ژورنالیستی ئەمڕۆمان شیرازەی کۆمەڵگەیان لەبەر یەک هەڵوەشاندووەتەوە.

زۆڵەکان لە ئێستادا، لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی دا، زۆر و زەبەندەن، ژمارەیەکی بێ شومار لە زۆڵ لە نێوەندە هەستیارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا کاری خۆیان دەکەن و کاریگەریی زۆڵانەی خۆشیان ڕۆژانە لەو نێوەندانەدا دادەنێن.

لێرەدا هیچ دور ناڕۆم گەر بلێم: ژمارەیەکی بێ شومار زۆڵمان لە پەرلەمان، لە وەزارەتەکان، لە زانکۆکان، لە سەنتەرەکانی ڕوناکبیری، لە پەروەردە و لە تەندروستیدا هەیە. زۆرێکیش لەمانە ژورنالیست و میدیای تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەم زۆڵانە تێکدەری ڕیشاڵی کۆمەڵگەن و لە داڕمان و گەندەڵکردنیشی بەرپرسیارن.

بەبێگومانە دەڵێم: لەژێر سایەی زۆڵەکان، زۆڵەژیرەکان، نەک هەر سیاسەت، پەروەردە، فێربوون و کردی ڕوناکبییریی بی بەها و قێزەوەنکراوە، ئەوەش قێزەوەنکراوە، کە پێیدەڵێن کاری ژورنالیستی و گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی.

 

چۆن لە زۆڵە ژورنالیست ڕزگارمان بێت؟

ئەوەی كه هەمیشه، بۆ زۆرێک، لێرەدا جێگای پرسیاره ئەوەیه، کە زۆڵە ژورنالیست خۆی بەرهەمی خۆیەتی، یان لەدەرەوەی خودی خۆیەوە دێتەکایەوە؟ لە دەستپێکدا جەختمانلیکرد، کە زۆڵەکان بەرهەمی داڕمانی ڕەوشتیی کۆمەڵگەی ئێمەن. بەم جۆرە، بە چاککردنی ئەم ڕەوشتە ڕزگارمان دەبێت لەم جۆرە زۆڵە.

بە نەمانی ڕیشاڵی گەندەڵی لە کۆمەڵگە ڕزگارمان دەبێت لە ئاکاری زۆڵە ژورنالیستەکان. کەواتە تا ئەو دەمەی ئەم چەشنە کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەی ئێمەبێت پێویستمان بەوەیە گوێ لە زۆڵە ژورنالیستەکان نەگرین، ئەوەی ئەوان بە ڕاستی دەزانن ئێمە گومانیلێبکەین، بۆچوون و تێگەیشتنەکانیان ڕەتبکەینەوە و باوەڕیپێنەکەین، تا پێماندەکرێت خوێنەر و گوێگریان نەبین، ئەوان بە سەرچاوەی ڕاستی و زانیاریش نەزانین.

بەو جۆرە بێت، کوشتنی رۆحیی زۆڵە ژورنالیستەکان لەوێوە دەستپێدەکات، کە هەردەم پێیانبوترێت ""تۆ بێ لایەن نییت و من بۆچونەکانتم لا بەهەند نییە"".

 

دوا وتن

پێشتریش (لە باسێک بەناوی "زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی"") وتوومە، زۆڵ ئەو کەسەیە دەستی لە شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا هەیە. وەکیتر، دەشخوازم بڵێم لەڕێگای فەلسەفەوە، وەک ئەرکێکی ڕەوشتی، لای سەرەوە ڕۆچوومە ناو قسەکردن لە زۆڵە ژورنالیست و بە دیاردەیەکی گەمار، پیس و چەپەڵی ناو کۆمەڵگەی تازەی کوردیشم لەقەڵەمدا.

سەرباری ئەوە، کۆمەڵگەی کوردی ئێستای ئێمە، کە وەک گشت کۆمەلگاکان لەژێر فشاری سۆسیال میدیایە، لێوانلێو نییە لە زۆڵە ژورنالیست. کۆمەڵگەی میدیایی ئێمە ژورنالیستی بەئەمەک و مرۆڤدۆستی زۆری بەخۆوە دیووە، لێ دەشناڵێنێت بەدەست ئەو نەختە زۆڵە ژورنالیستەوە، کە لە گشت شوێنێکی هەرێمدا ڕێکەوتدەکرێن.

تێگەیشتن لە زۆڵە ژورنالیست داوای ئەوەمان لێدەکات لەو بونیادە حاڵیببین، کە ئەم چەشنە ژورنالیستە دروستدەکات. بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان توانایەکی ئەفسانەیی لە دروستکردنی ئەم جۆرە ژورنالیستانە هەبووە. ئەمەش مێژووەکەی بۆ پاش ڕاپەرین دەگەڕێتەوە و لەگەڵ گشت قەیران و تەنگژەیەکی سیاسی و ئابوورییش چاک تەشەنەی کردووە.

بەواتەیکیتر، زۆڵە ژورنالیستەکان لەم ساڵانەی دواییدا، بەهۆی قوڵبوونەوەی ئازارە کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسییەکانی تاکی کوردەوە، توانیویانە لەناو پانتاییەکی بەریندا کارابن. لەبەرئەوە پێویستە بەسەلیقەوە، نەک بێباکانە، لەوە حاڵیبین، کە کارایی زۆڵە ژورنالیست لە کۆمەڵگەی ئەم دوو دەیەی دواییدا زادەی چ هەل و مەرجێکە.

گومانیناوێت، کۆمەڵگەی کوردی ئێستای ئێمە خاوەنی پۆلێک ژورنالیستی بێدەنگ و بەمروەتە، لێ لە هەمان کاتدا و لەژێرسایەی زۆڵە ژورنالیستەکان دۆزی ژورنالیستیمان تابڵێیت ماندوو و ناساغە و هەواڵ و زانیاری بێ نرخ و هەرزان، کە بەرهەمی زۆڵە ژورنالیستەکانە، ڕۆژانە گەمارۆماندەدات.    

سەرئەنجام ئەوەش دەڵێم: ڕۆژانە چەندین دیمەنی زۆر و زەبەند لەناو شار، لە شوێنە گشتییەکان، لەناو سۆسیال میدیا، لە دامەزراوەکاندا بەدیدەکەین، کە پێماندەڵێن ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی زۆڵییە. گرفتەکە لێرەدا لەوەدایە، کە ئەو شوێنانە لەزیادبووندان و خۆشیان بۆ ناو گشت کایە ناسک و هەستیارەکانی کۆمەڵگە و ژیان شۆرکردووەتەوە.

زۆڵەکانی ئەو کایە هەستیارانە ئەو وێنەیە لە ئەندێشەماندا بەرجەستەدەکەن، کە زۆڵی ژیرییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. واتە زۆڵ دەبەنگ نییە. ئەمەش داوای ئەوەمان لێدەکات لە زۆڵناسی بکۆڵینەوە و لە دۆزی زۆڵ و زۆڵیەتیش بڕامێین، کە لێوانلێوە لە بێ ڕەوشتی. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بەرامبەر بە ئاییندەشمان بی خەمن.

 

سەرنج: ئەم باسە تەواوکەری ئەو باسەیە پێشتر ، لە ڕێکەوتی  2021-11-11 لە ماڵپەری ئاوینە و دواتر لە دەنگەکان بەناوی (زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی) بڵاوکرایەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×