زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی

ئازاد حەمە
  2021-11-11     1949

بەشی پێنجەم



دەستپێک: زۆڵناسی
زۆر لەمێژەیە نیازمەندین پوخت و پاراو لە زۆڵ بدۆێین، لەو کەسە بدوێین، دەستی لە شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا هەیە. وەکیتر، دەشخوازین بڵێین: فەلسەفە ئەمجارە هاتووە و بەندەی لەگەڵ خۆی ڕاپێچی نێو گفتوگۆیەکی زێدە پێویستی کۆمەڵایەتی کردووە. هەر بۆیە لەم کورتە نوسینەدا سەرەتاتکێیەکی شکۆمەندانە لەتەک فەلسەفە، لەتەک ئەو باشەیەی فەلسەفە لەتەک بەندەدا کردوویەتی، دەکەین و وەک ئەرکێکی ڕەوشتیش، بە پێویستی دەزانین ڕوانگەی خۆمان تایبەت بە دیاردەیەکی گەمار، چڵکن و چەپەڵی ناو کۆمەڵگەی تازەی کوردی بخەینەڕوو، کە ئەوەش دیاردەی زۆڵ و زۆڵیەتییە.
ئەو نیەتەی لەدووتۆێی ئەم باسەدا مەبەستە پێکانی زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی کوردین. واتە، ئەوەی لەم کورتە نوسینە باسیدەکەین ئەو زۆڵە نییە بە زۆڵی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو ئەو زۆڵەیە لە ئامێزی خێزانێکی یاسای (شەرعی) لەدایکدەبێت و کەچی کەسێکی زۆڵەشەیتانی قۆڵبڕ، بێوەفا، هەلپەرست، بێباک و دژە بەهایە.
کێ زۆڵە؟ چۆن دەبیت بە زۆڵ؟ ئایا زۆڵی جۆرێکە لە زیرەکی؟ یان زۆڵی جۆرێک لە زیرەکی  تیاپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە زانکۆیەک پرۆفیسۆر بیت؟ لەناو حیزبێک وەزیر یان ئەندامی سەرکردایەتی بیت؟ یەکێک بیت لە ڕوناکبیرەکانی شار (شێوەکار، شاعیر، نوسەر، ڕۆماننوس، شانۆکار، موزیسیان)؟ پزیشکێکی ناسراوی بواری تەندروستی بیت؟ یاخود پەروەردەکارێکی دیار بیت؟   
لە سۆنگەی ئەم باسەوە بیر و ڕەفتاری زۆڵەکان شیرازەی کۆمەڵگەی ئێمەیان لەبەر یەک ھەڵوەشاندوەتەوە. زۆڵەکان لە ئێستادا، لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی دا، زۆر و زەبەندەن، ژمارەیەکى بێ شومار لە زۆڵ لە نێوەندە هەستیارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا (نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی) کاری خۆیان دەکەن و کاریگەریی زۆڵانەی خۆشیان ڕۆژانە لەو نێوەندانەدا دادەنێن. لێرەدا هیچ دورناڕۆین گەر بلێین: ژمارەیەکى بێ شومار زۆڵمان لە پەرلەمان، لە وەزارەتەکان، لە زانکۆکان، لە سەنتەرەکانی ڕوناکبیری، لە پەروەردە و لە تەندروستیدا هەیە. ئەم زۆڵانە تێکدەری تاڵبەنی کۆمەڵگەن و لە داتەپاندن و گەندەڵکردنی ئەو نێوەندانەش بەرپرسیارن. لەژێر سایەی زۆڵەکان، زۆڵەژیرەکان، دەبینین سیاسەت، پەروەردە، فێربوون و ڕۆشنفکری بی بەها و قێزەوەنکراوە.
چەندین دیمەنی زۆر و زەبەند لەناو شار، لە شوێنە گشتییەکان، لەناو سۆسیال میدیا، لە دامەزراوەکاندا بەدیدەکرێت، کە پێماندەڵێن ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی زۆڵییە. گرفتەکە لێرەدا لەوەدایە، کە ئەو شوێنانە لەزیادبووندان و خۆشیان شۆرکردووەتەوە ناو گشت کایە ناسک و هەستیارەکانی کۆمەڵگە و ژیان.
لێرەوە ئێمە بە پێویستمان زانیوە قسە لە زۆڵ بکەین و بچینە ناخی وشەدانی زۆڵ و ئەو دیاردە قێزەوەن و ناشکۆمەندانەی کەسی زۆڵ لەناو خێزان و پەروەردە و دواتر کۆمەڵگە بەگشتی دروستیدەکات. هێما بەوەش دەکەین، کە تا سیاسەتی هەڵە بەردەوامبێت، کە لە نادادپەروەری و گەندەڵی بەرپرسیارە، زۆڵ دەبێتە نەجیب و شکۆمەند و ژیربێژی کۆمەڵگە.
زۆڵەکانی ئەو سێ نێوەندە خەریکن ئەو وێنەیە لە ئەندێشەماندا بەرجەستەدەکەن، کە زۆڵی ژیرییەکی تایبەت بە خۆی پێویستە. ئەمەش داوای ئەوەمان لێدەکات زۆڵناسی زەقکەینەوە بۆ حاڵیبوون لە دۆزی زۆڵ و زۆڵیەتی، بۆ ئەو دۆزەی زۆڵ دروستکەریەتی لە کۆمەڵگە، کە سەرلەبەری دۆزەکەش لێوانلێوە لە بێ ڕەوشتی.
سەرئەنجام، کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بێباکیشن بەرامبەر بە ئاییندەمان. زۆڵەکان ڕۆژانە نەمامی ناشرینی و دزێوی دەچێنن و لەوسەرەوە بە باشە بە ئیمەی دەفرۆشنەوە. ئێمە لەوەش حاڵیین، کە قسە لە زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی قسەوباسی زۆری لێدەکەوێتەوە، کە لەم نوسینەدا کەمترینی ئاوڕیلێدراوەتەوە.

 

وشەدانی زۆڵ
زۆڵ لە زمانی گشتی و باو و بازاڕی دا بە کەسێکی قێزەوەن، حەقیر، فێڵباز، گزیکەر و قۆڵبڕ دێت. وەکیتریش، زۆڵ بەپێی فەرهەنگ و وشەدانە کوردییەکان بەم جۆرە دێت: بیژی، حەرامزادە، قومەزە، ئەردە، بیژوو، ئەو مناڵەی لە باوکێکی ناڕەوا و ناشەرعی بووە، یان زۆڵ کەسێکە باوکی خۆی ناناسێتەوە.
لە زۆربەی فەرهەنگە عەرەبیەکان (وەک الصحاح، لسان العرب) زۆڵ بە نغل دێت، بەو کەسە دەشوبهێنرێت پیسکەر، شێوێنەر و تێکدەری شتە. لەم حاڵەتەدا زۆڵ ئەو کەسەیە لە پەیوەندییەکی ناشەرعی(نایاسایی) bastard لەدایکدەبێت، کە پێیدەڵێن (ابن الزنا، أو ابن الحرام، أو ابن غير شرعي)، ڵێ لەم نوسینەدا هیچ کات ئێمە لەم دیدەوە سەرنج ناخەینە سەر زۆڵ. لەبەرئەوە، ئەو زۆڵەی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی شەرعی لەدایکدەبێت جیاوازە لەو زۆڵەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە. زۆڵ بەمانای مناڵی نایاسایی و لە دەرەوەی پەیوەندی شەرعی جیایەیە لە زۆڵی فێڵباز. زۆڵەکانی دەرەوەی هاوسەرگیری زۆرجار کەسانی زۆر بایەخ پێدەرن بە بەها و ڕەوشتی کۆمەڵایەتی. زۆریک لەو زۆڵانەش، کە لە دەرەوەی پەیوەندی شەرعی لەدایکبوونە خەڵکی بلیمەت و دانایان تیاهەڵکەوتووە.

 

زۆڵەکان پێشیان دەوترێت شەیتان
زۆڵەکان، ئەوانەشن، کە پێیان دەوترێت شەیتان. ئەم جۆرە زۆڵە داهێنان لە فێڵ و تەڵەکەبازیدا دەکات، کە پێشیان دەوترێت شەیتان لەبەرئەوەیە لە خەڵەتاندن و تەڵەنانەوە بۆ ئەوەیتر زیرەکن. ڕەنگە کارلۆس غوسن Carlos Ghosn، سەرۆکى پێشووى کۆمپانیاى نیسان و ڕینۆ، نموونەیەک بێت لەسەر زۆڵەزیرەکەکان. "هەندێک دەڵێن لەناو سندوقێکی موزیک بەیارمەتی تیمی خزمەتگوزاری تایبەتی خۆی لە ژاپۆنەوە توانیویەتی بۆ لوبنان هەڵبێت". ئەمەیە زۆڵ، کە خۆی دەخاتە ئاستی پارچە موزیکێک. مافیاکان زۆر شتی لەم جۆرەیان کردووە، چ بۆ گواستنەوەی کۆکاین و هێرۆین، چ بۆ بڕینی سنورەکان. هەر بۆخۆی ڕێگا تازەکانی فرۆشتن و گەیاندنی بارمتە، هێرۆین، قاچاخ و پارەی دزراو زۆرترین ژیریی زۆڵانە و شەیتانانەی تیادەکرێت. ئەوەی لە فیلمەکانیش دەیبینین بەشیکی کەمن لەوەی لە دۆسیەی پۆلیسخانەکانی وڵاتاندا هەیە. بۆیە زۆرجار بۆ بەغیلیبردن بە زۆڵێکی لەو جۆرە دەوترێت ئای لەو زۆڵە! ئاو لەو شەیتانە!


زۆڵایەتی بووە بە پیشە
بۆ بەشێک لە زۆڵەکان زۆڵایەتی بووە بە پیشە. ئەڵبەتە پیشەێکیش، کە پێویستی بە ژیرییە. زۆڵ دەشێت ژیر بێت، لێ زۆڵ ئەو ژیرە نییە، کە دەدرێتە پاڵ موزیسیانێکی وەک هایدن، رۆماننوسێکی وەک دەستەێڤسکی، یان شیوەکارێکی وەک کاندینسکی، یاخود فیزیاناسێکی وەک نیوتن. ژیریی زۆڵ لەوەدایە، کە چۆن ئامانجەکانی بپێکێت؟ چۆن بگات بە مەرامی خۆی؟ چۆن ئەوە بکات کە بیگەێنێت بە لوتکە؟ کەوابێت، کەسی زۆڵ نیەت پیس و تێکدەرە. ئەوە دەکات بۆ خۆی چاکە. هیچ شتێکی پێ عەیب نییە و هیچ کەسێکی لە خۆی زیاتر بەلاوە گرنگ نییە. خەمی خۆیەتی و بەس. خەونی زۆرە، گشت ئامانجی ئەوەیە بەرەو لوتکە بچێت، بەڵام چ لوتکەیەک، بۆ ئەوانیتر تەپۆلکەش نییە!
قەد هەڵە ناکەین گەر بڵێین: دەتوانین لەناو وتاری ناسیۆنالیزم و وتاری ڕوناکبیریماندا دەیەها زۆڵە سیاسی و ڕوناکبیر ببینینەوە، کە دەگەی زۆریان لە کردەی سیاسی و ڕوناکبیریمان داوە. ئێستاش هەمان بەزم لە نێوەندی ئەکادێمیمان خۆی دووبارەدەکاتەوە. نەگبەتییەکە لەوەدایە ئەو سێ نێوەندە هەستیارە پڕبووە لە قۆڵبڕ و کلاوچی، لە کەسانی زۆرزانی هەلپەرست و فێڵباز، کە خەمی خۆیان سەرووی گشت خەمەکانە. بۆیە هەمانە زۆڵە و وەزیرە، جێگری وەزیرە، موزیسیانە، رۆماننوسە، پارێزگارە، شاعیرە، شێوەکارە، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبە، پارێزەرە، پرۆفیسۆرە، عاشقە و........... . بەمجۆرە پێویستە پەردە لەسەر زۆر کاری قێزەوەنی زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمیمان هەڵبگرین. تا زۆڵیش لە ڕوناکیبیر و ئەکادێمیست و سیاسی ڕاستەقینە جیانەکەینەوە ئەو سێ نێوەندەمان بەدەست زۆڵیەتی ئەو زۆڵانەوە دەناڵێنێت.

 

زۆڵەکانی مێژوو
کەسانێک هەن، کە بە زۆڵی لەدایکبوونە، قەدەریان وابووە لە دەرەوەی پەیوەندییەکی شەرعی بێنە دونیاوە، لێ مرۆڤایەتی تائێستاش قەرزاریانە. لەوانە، کۆنفووشیوسConfucius ی بیرمەندی چینی، لیۆناردۆ دا ڤینچی Leonardo da Vinci ی وێنەکێش و بیرکاری ئیتالی، تۆماس پاین Thomas Paineی چالاکەوانی سیاسیی ئەمریکی-ئینگلیسی،لاورانسی عەرەب  Lawrence of Arabia، ئێڤا پێرۆن  Eva Peron ی ناسراو بە ئێڤیتە، هاوسەری سەرۆکی ئەرجەنتینی و چەندینی تر. بەشێک لە زۆڵەکانی مێژوو ، کە خەڵکی بلیمەتیان لێدروستبووە، هەستیان بە ئازاری زۆڵبوونی خۆیان کردووە و لەناو خەڵکیش کەسانێکی بە ئازاربوونە و باجی زۆڵ بوونی خۆیان داوە، بەڵام هەرگیز زۆڵبوونی خۆیان بۆ خەڵەتاندنی کۆمەڵگە بەکارنەبردووە.

 

زیرەکی (ژیری) و زۆڵی
زۆڵەکان لە  فێڵبازی و تەڵەکەبازیدا سەرسامتدەکەن. ئەوە دەکەن بیریلێنەکراوەتەوە. دەیانەوێت وێنەیەکی ئەوتۆیان لەسەر دروستبێت، کە ئەمانە مرۆڤگەلێکی تێگەیشتووی بە هۆش، بە ئاوەز و هوشمەندن. هەر لەبەرئەوە زیرەکی (ژیری) و زۆڵی، یان زیرەکی کەسی زۆڵ جێیسەرنجە. ئەمەش بەزۆی لەبەرئەوەی زۆڵەکان زیرەکیشیان پێدەوترێت. زۆڵەکان ژیرییەکی خۆیانیان هەیە. ژیریەکەیان بۆ خۆیانە و بەس. ژیری و زیرەکی زۆڵەکان تەنیا خزمەت بە خۆیان دەکات. گشت ڕێگایەک، ئەڵبەتە بیرلێنەکراو، دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئامانجەکانی زۆڵەکان هەردەم چەپەڵ و قێزەوەنە. زیرەکەزۆڵ ئەو زیرەکە، سمارتە، نییە کە دەدرێتە پاڵ ئەنیشتاین، یان ئەدیسۆن. زیرەکە زۆڵ کەسێکی زیرەکە لە هەلپەرستی و چاوچنۆکی، لەبەرئەوەی گرنگی بە بەهاکان نادات بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی ئامادەیە فێڵ لە نزیکترین کەسی خۆی بکات. داهێنان لە گزی و تەڵەکەبازی پیشە هەمیشەییەکەیەتی. بۆچوون و دیدی ئەوەیتر دەدزێت و دەیکات بە هی خۆی. زۆڵە زیرەکەکان، کە فێڵ لە سێبەری خۆشیان دەکەن، شێتی پۆست و پلەو پایەن. زۆڵ ئامادەیە ببێتە موزیسیان، شاعیر، ئەندام پەرلەمان، پارێزەر، لێ بە ڕەچەڵەک ڕۆحی لە هیچیشیانەوە نزیک نییە.

 

زۆڵ و مەرام
زۆڵەکان کار بۆ مەرامی خۆیان دەکەن. ئەمە کاری بەردەوامیانە. گشت ئەوەی زۆڵی داگیکردووە مەرامەکانیەتی. زۆڵی بێ مەرام بوونی نییە. زۆڵ کاری پێتە تا مەرامەکانی تەواو دەبێت. ئەمە کێشەکە نییە. کێشەکە ئەوەیە مەرامی زۆڵەکان کۆتای نایەت. زۆڵ واتە مەرام. زۆڵی بێ مەرام بوونی نییە. کاتێک کەسێک دەستدەداتە زۆڵی واتە باشترین پەیوەندی بە مەرامەوەیە. مەرامی زۆڵەکان بوونیشیانە. بوونی زۆڵەکان بە مەرامەکانیانەوە گرێدراوە. زۆڵەکانی نێوەندی ئەکادێمی تەنیا کارەساتبار نیین بۆ خودی نێوەندەکە، بگرە شێوێنەری نێوەندەکانی تریشن(سیاسیی و ڕوناکبیریی). گلانی نێوەندی ئەکادێمی بە سیاسەتەوە تاکە خەونی زۆڵەکانە، لێ بەهۆی ئەم گلانەوە سیاسەتیش نالەبار و قێزەوەندەکەن. سیاسەت، کە کاری دروستکردنی یەکسانییە لە کۆمەڵگە(ڕانسیێر)، زۆڵەکان کاری سیاسەت لەناو جەرگەی سیاسەت و لە نێوەندی ئەکادێمیش قێزەوەندەکەن. بوونی زۆڵ لە نێوەندی ئەکادێمی و هەوڵی زۆڵە ئەکادێمی بۆ لێکئاڵانی زانکۆ بە سیاسییەوە تاکە هیوایە لەبەردەم زۆڵە ئەکادێمی بۆ خۆپاراستنی لە داڕمان و ژێرکەوتن.
گومانی ناوێت زۆڵبوون لەگەڵ ئەکادێمیبوون یەکناگرێتەوە، بەڵام زۆڵ دەروەسنایەت نێوەندی ئەکادێمی بەهۆی زۆڵیەتییەکانیەوە چی بەسەردێت. زۆڵی، کە پەتایەکی زیانبەخش و مەترسیدارە، لەگەڵ زۆڵی زۆڵ دا نەبێت لەگەڵ هیچ شتێکی تردا یەکناگرێتەوە. زۆڵ دەروەس نییە بەوەی، کە زانکۆ پێویستە شوێنی زانین و ڕوناکبیری بێت. بۆ زۆڵ باشترین شوێن ئەو شوێنەیە، کە پاشاگەردانی تیایدا سەروەرە.


زۆڵ و قەشمەر

ڕاستە زۆڵەکان قەشمەری بە کۆمەڵگا و بەتایبەت بەهاکان، لەسەرووی هەموویانەوە ڕاستگۆیی، دەکەن، لێ زۆڵەکان خۆشیان قەشمەری کۆمەڵگەن. زۆڵەکان کاتێک بۆیان دەردەکەوێت قەشمەری کۆمەڵگەن، کە شکستدێنن. بەس ئەو کاتانەی زۆڵەکان براوەن تا ئەوپەڕی گاڵتە بە کۆمەڵگە و خودی ژیانیش دەکەن. ژیان ، کە قێزەوەن و بێ بەها بووە، لە زۆر ڕووەوە دەستی زۆڵەکانی کۆمەڵگەی تیایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی زۆڵەکان دوژمنی گەورەی ڕاستی و داد و یەکسانیین. ئەمان، زۆڵەکان، بۆیە هەن چونکە بەرهەمی درۆ و بێ دادی و نایەکسانیین. واتە ڕەچەڵەکی ئەمانە بە بێدادی، بە بێ بەهاییەوە گرێدراوە. بێ بەهایی و گاڵتەجاڕی ماهیەتی زۆڵەکانە. زۆڵەکان هیچ شتێک بە جدی وەرناگرن، ئەوە نەبێت، کە دەینکات بەوەی هەبن. هەن لەبەرئەوەی حورمەتیان بۆ بەهاکان نییە.
قەشمەرجاری زۆڵەکان قەشمەرجارییە پێش هەموو شتێک بە شتە جدییەکان، بە مرۆڤی جدی و دڵسۆز. زۆڵەکان لە جدی دەترسن و گەمەشیان بە ڕۆحپاکی و میهرەبانی دێت. بۆ زۆڵ بلیمەتی بوونی نییە، گەر هەشبێت ئەوا بریتییە لە زۆڵی. بۆ زۆڵەکان بلیمەتی زۆڵیەتی تیانەبێت مانای نییە.

 

زۆڵی و فتبوون
زۆڵ پێیوایە هەر هەیە. ئەم بوونی خۆێ بە بوونی زۆڵییەوە بەستوەتەوە. زۆڵ باوەڕی بە فتبوونی خۆی نییە. زۆڵ وایبۆدەچێت تا زۆڵی مابێت، تا ئەو ژیرییە هەبێت، کە زۆڵ لە زۆڵیدا بەکاریدەبات فتنابێت. واتە زۆڵەکان باوەڕیان بە شکست نییە، یان با بڵێین: زۆڵەکان گاڵتەیان بە شکست دێت. بۆ زۆڵ شتێک نییە ناوی دۆڕان بێت. دۆڕان لە مەزهەبی زۆڵ دا نییە، چونکە زۆڵ بە زۆڵیەتی هاوکێشەکانی دۆڕان دەگۆڕێت بۆ بردنەوە. دۆڕان بۆ زۆڵ شتێکی کاتییە و هەستانەوەش هەر دێت. لەبەرئەوەی زۆڵ گاڵتەی بە ڕەوشت دێت، بۆ زۆڵ دوای دۆڕان فێڵی تازە و زۆڵیەتی نوێ چارەسەرە.

 

زۆڵ بێ شکۆیە
ڕەوشت چییە؟ پرسیارێکە، کە بۆ زۆڵ بوونی نییە. زۆڵ لە پرسیاری وا ڕادەکات. بۆیە یەکێکی تر لە خەسڵەتەکانی زۆڵ بی غرورییە (بی شکۆییە). زۆڵ ناتوانێت شکۆی هەبێت. زۆڵ و شکۆ یەکناگرنەوە. زۆڵ ناتوانێت شکۆدار بێت، چونکە زۆڵ شکۆداری تێناگات. شکۆ، کە بە ڕەوشتەوە گرێدراوە، بۆ زۆڵ بێ بەهایە. بۆیە ژیان بۆ زۆڵ لە گشت شوێنکدا بوونی هەیە لەناو غروردا نەبێت، لە هەموو جێگایەک ئامادەیە ئەوێ نەبێت، کە ڕەوشت تیایا سەروەرە. لەم سەروبەندەدا زۆڵ کاتەکانی، تەمەنی، بە بێ غرور بەسەردەبات. بەپێی ئەوەی درۆ، خراپە و چەپەڵی لەژێر کردە و ڕەفتاری زۆڵەکان شەقڵێکی دیکە وەردەگرێت شکۆ ناتوانێت دڵخوازی زۆڵەکان بێت.

 

سەرئەنجام
چی لەو چەند لاپەڕانەی لای سەرەوە حاڵیبوین؟ ئەوە حاڵیبووین، کە زۆڵەکان دروستکەری پاشاگەردانین، دوژمنی سەرسەختی بەهاکانن، گرنگی بە ڕەوشت نادەن. زۆڵەکان گەر بایەخ بە ڕەوشت بدەن نابنە زۆڵ، ناگەنە مەرامەکانیان. زۆڵەکان ژیرن لە بانگەشەکردن بۆ شت، ئەو شتەی مەبەستیانە و پێویستیانە. زۆڵەکان سواڵی پۆست، سۆز، دەنگ و هەموو شتێک دەکەن تەنها هەیبەت و شکۆداری نەبێت. زۆڵەکان خۆیان بە شەهید نیشاندەدەن. وێڕای ئەوە، غەمی کۆمەڵگەی کڵۆڵی ئێمە بەدەست زۆڵەکانەوە هەم كۆن و هەم تازەیشە، لێ زۆڵەکانی سەردەمی ئایتی، کۆمەڵگەی ئێلکترۆنی، جۆرە غەم و پەژارەییەکی تر بۆ ئێمە دێنن، جیاوازتر کاری دزێوی خۆیان ئەنجامدەدەن. ئەمانە، زۆڵەکان، کە بەربەستن لەبەردەم ڕەوشتباشی ئێمەدا، سەرسوڕھێنەرانە لێرە و لەوێ زۆڵیەتی خۆیان پراکتیزەدەکەن. ئەمە وادەکات بێژین: پێویستە زۆڵی لە کۆمەڵگە ریشەکێشبکەین و خۆمان لە چڕنووکی بەدییەکانیان بۆ هەمیشە دەربازبکەین.
ئەوەی، کە چارەنوسی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمیمان بکەوێتە دەست زۆڵەکانەوە دیاردەیەکی تاڵ و خه‌مبارانه‌یه، کڵۆڵیهێنەر و بەشمەینەتییە. بەهۆی هەڵپەرستی و مامەڵەی پیسی ئەمانەوە کۆمەڵگە شێواو و تێکچڕژاوە. هەر لەبەر ئەوە، جێی خۆیەتی بڵێین: گەر لە کار و ڕەفتاری زۆڵەکان لەو سێ نێوەندەی هێمامان بۆکرد بڕوانین، دەبینین چەندین لێکەوتەی ترسناک و شەرمەزارئامێزی لێکەوتووەتەوە. زیانمەندی یەکەمی ئەم لێکەوتنەوەیەش خەڵکە، خەڵکە بێ پەنا و دڵساف و بەئەمەکەکانە.
لە کۆتاییدا ئەوەش هەر پرسیارێکی دەستکارینەکراوە، کە کێ دەکارێت بۆ لەمەودوا ئارکیۆلۆژیای (هەڵکۆڵینناسی) زۆڵ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بنوسێت؟ گرنگە نوسینی ئەو بەشە، چونکە زۆڵەکان گاڵتە بە کوردایەتی، مرۆڤدۆستی و گشت بەهاکان دەکەن.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×