پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەكانا بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل

ئازاد حەمە
  2020-09-24     1178

بەشی 18

"هیچگەرایش مانای هەیە"
مۆریس بلانشۆ لەمەڕ كافكا

دەستپێك: وتاری فەلسەفی ڕۆژئاوا دەرگا لە پەرچەكرداری ڕەخنەیی دەكاتەوە، كێشمەكێش لەناو پەرچەكردارییەكان دەچێنێت و بەجۆرێكیش كێشمەكێشەكان وەلاوە دەنێت كە دەرگا بە ڕووی چارەسەری گونجاو و پێویست بكاتەوە. قسەكردن لە نەخۆشی و مەرگ ،كە بەشێكن لە پەرچەكرداری فەلسەفە، كارە سەرەتاییە هەمیشەییەكەی فەلسەفەیە. ڕووبەڕووبونەوەی فەلسەفییانەی مەرگ هەوڵێكیشە بۆ سنورداركردنی ترس لە مەرگ. ترس لە مەرگ بۆ فەلسەفە دووبارە و بەردەوامە. مامەڵەی فەلسەفە لەتەك مەرگا بۆ دروستكردنی وێنەی ترە لەسەر ژیان. بیركردنەوەی لەم جۆرەش چارەسەرە بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو ترسەی مەرگ لەسەری دەژیت. بێگومان ئاینیش هەمان شت دەكات. ئاین بەهۆی مەرگەوە بەردەوامی بە خۆی دەدات. شەڕی نێوان مەرك و ترس هەر شەر نییە پەیوەندیشە. مەرگ كە ترس دروستدەكات ترسیش لە مەرگ نزیكماندەكاتەوە. ئەم هاوكێشەیە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا گەیشتە ترۆپك. گرفتەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە مرۆڤەكان مەرگ وەك بەشێك لە مرۆیبوونی خۆیان نابینن. ئەمە و گەلێك دیاردەی دی (ڕەوشت، سیاسەت، ئازادی، گۆشەگیریی) لە ساتەوەختی كۆڤید-19 هاتەئاراوە و فەلسەفەش لەوبارەیەوە پەرچەكرداری خۆی نواند.  سەرباری ئەوە، ئەم بەشە زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ هێنانەگۆی بابەتی پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەكانا، بۆنموونە  تەنگژەیەكی وەك كۆڤید-19، كە تەنیا بە مەرگەوە تایبەت نییە، ڕەوشت، سیاسەت، ئازادی تادەگاتە كەرەنتین، گۆشەگیریی و تەنیاییش دەگرێتەوە. لەم ڕوانگەوە ئەم بەشە دەخەینە سەركار و گوێ بۆ دیتنە فەلسەفییەكانی كۆنت–سپۆنڤیل Comte-Sponville ڕادێرین و لە كەشێكی فەلسەفی ناهاوشێوەی ئەو بەشانە گۆشەنیگای ئەم بەشە بەرهەمدەهێنین کە پێشتر بەم بیرمەندەوە تایبەتبوون. ئەو شێوە پەرچەكردارییە فەلسەفییەی كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بە كۆڤید-19 دەیجوڵێنێت وروژێنەر و خورپاوییە. وروژێنەرە چونكە لە شوێنە هەستیارەكانەوە دەستپێدەكات. خورپەهێنەریشە چونكە بە نەبیستراو و بە بیرلێنەكراو ئاشناماندەكات. وڕێنەیەكی ئەوتۆش لەئارادایە كە ئەم تەنگژەیە كۆمەڵگا دەگۆڕێت؟ ئەوانەی پێیانوایە ئەم تەنگژەیە هیچ شتێك ناگۆڕێت هەڵەن. ئەوانەش هەر هەڵەن كە پێیانوایە تەنگژەکە هەموو شتێك دەگۆڕێت. ئەم پەتایە هەموو جۆرە كێشەیەك دەخاتەڕوو حەیفیش هیچیان چارەسەرناكات. ئابووری هەر وەك پێشتر بەربەستەكانی دەهێڵێتەوە. تۆبڵێیت كرێدەستی هەندێك كار كە سودێكی كۆمەڵایەتیان هەیە بەرزببێتەوە؟ گەر ئەوە بكرێت باشە. یاریكەرەكانی تۆپیپێ هەر لەسەر بەدەستهێنانی پارەی زۆر بەردەوامدەبن بەس ئەمە كارمەندی تەندروستی ناگرێتەوە. كەواتە گۆڕانكاریەكان بەو جۆرە نیین كە پێشبینیدەكرێت. لەو وانانەش كە لەم تەنگژەیەوە فێریدەبین سێ وانەن: وانەی یەکەم هاریكارییە. واتە خۆپارێزی كە ئەویترپارێزییە و پێچەوانەكەشی ڕاستە. وانەی دووەم چێژی ئازادییە. واتە ئازادی پاش كەرەنتین. كۆتا وانەش بریتییە لە خۆشەویستی بۆ ژیان.
بێزاریمان لە ئێستامان، ساردوسڕی ژیانی هەنووكەمان وایلێكردووین هەر هەموو، بە بێ جیاوازی، پرسیارێكی زۆربارە بكەین: جارێكی دی بۆ ژیانی لەمەوبەرمان، بۆ پێش پەتای كۆرۆنا دەگەڕێیینەوە؟ زۆربەی ئاماژەكان پێماندەڵێن جارێكی دی ناگەڕێینەوە جیهانی پێش كۆرۆنا و هەرگیزیش مێژوو لە سفرەوە دەستپێناكات. مێژوو لاپەڕەیەكی سپی نییە. كۆنت–سپۆنڤیل لەم بارەوە سەرسامانە پێداگری لە تێگەیشتنێکی خۆی سەبارەت بە دیدی کۆتابوون دەكات: ئێستامان گەر بۆنی كۆتایبوونمانی لێبێت ئەوە تەنیا لەبەرئەوەیە كە كۆتایبوونمان بەشێكە لە ئێمە. موخابن، ئەم بیریارە وتەنی، ئەم لایەنە ژورنالیستەكان تێیناگەن. ئەوان تەنیا سەرقاڵی كاری ناڕوونی خۆیانن. ئەم پەتایە خستومانیەتە بەردەم نادیارییەوە، ئەمەش نادڵنیایی دروستكردوە و نادڵنیایش خەریكە دەبێتە بەشێك لە ژیانمان. ئەم فەیلەسوفە ئەوەش ڕەتدەكاتەوە ئەم پەتایە تۆڵەی سروشت بێت لە مرۆڤ، جەختیشدەكات بەرهەمی تێكچوونی هاوسەنگی نێوان مرۆڤ و دەوروبەرەكەیەتی، بەشێكیشە لە شەڕی نێوان مرۆڤ و میكرۆبەكان كە كۆتای نایەت و كۆتایشی بێت بە بەرژەوەندی میكرۆبەكان كۆتای دێت. بەمە هەموو لەسەر ئەوە كۆكین كە، ئەم پەتایە سیاسەت، تەندروستی، سیاسەتی تەندروستی، ئابووری و دەروونناسی تاكەكەكانی خستەژێرتاقیكردنەوەوە. دادوەری ڕەوشتی و بوونی مرۆیی سەرلەبەر كردەوە بە بوارێك بۆ تێڕامان و چەن و چونی فەلسەفی وورد.

پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەی كۆڤید-19

-لەسەر ئاستی ڕەوشتی
كۆنت–سپۆنڤیل مەرگی سوكرات دەكاتە مەحەك بۆ قسەكردن لەسەر ئازادی. سوكرات كە بە مەرگی ئازادی هەڵبژارد لە دادوەرەكانی ئازادتر بوو. لێرەشەوە فەلسەفە دەستپێدەكات، هەروەك ئەوەی كە ڕەوشت دەستپێدەكات. سەرنجڕاكێشترین بۆچوونی ئەم بیرمەندە،  كۆنت–سپۆنڤیل، لەبارەی ڕەوشتەوە ئەوەیە كە گشت ڕەوشتێك پەیوەندی بە ئەویترەوە هەیە. ڕەوشت پێویستە بەرژەوەندی ئەویتر بەهەندوەربگرێت. هەر ڕەوشت ئەو شتەشە كە مرۆڤ بەسەر خۆیا دەیسەپێنێت یان ڕەتیدەكاتەوە. لەم سۆنگەیەوە، هێما بۆ ئەوە دەكەین كە كۆنت–سپۆنڤیل لە نووسینی""نامەی بچووك لەمەڕ پاكدامێنییە(پاكڕەوشتییە) گەورەكان"" دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارە ڕەوشتییە نەریتییەكان (چی پێویستە بیكەین، كێ پێویستە بیكات، چۆن پێویستە بژێین) كە بناغەیان بۆ فەلسەفەی ڕەوشت لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا داناوە. كەواتە پرسیاری ڕەوشتی دەكارێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە بەم جۆرەیە: چی پێویستە لەسەرم كە بیكەم؟ ئەڵبەتە كۆمەڵێك ئەرك. گەر ڕەوشت پێویستیبێت دواجار لە كوێی ژیان ئەم پێویستییە خۆی نمایشدەكات؟ ئەو مانایەی ڕەوشت بۆ ئاین هەیەتی بە دیوەكەی تری ئاینیش بۆ ڕەوشت هەمان مانابەخشی خۆی هەیە. ڕەفتاری مرۆڤەكان كە لە نێوان باشە و خراپەدا دەخولێتەوە بۆ بەشێك باشەكان ئەو باشەیە نین و بۆ بەشەكەی تر خراپەكانیش ئەو خراپەیە نیین. مرۆڤایەتیش كە پێویستی بە شەڕی نێوان باشە و خراپە نییە لە دەرەوەی ئەو شەڕەش بەردەوامی بە بوونی خۆی هەر دەدات. چی كەی باشە سەبارەت بە خراپە دەبێتە چی كەی خراپە. بەدەر لەوە كۆنت–سپۆنڤیل گشت ڕەوشت یەكساندەكات بە ڕۆڵی خود لەناو پرۆسەی ڕەوشتیدا. ئەمەش لە زۆر ڕەوەوە پەیوەندی بە دەركەوتنی خودەوە هەیە وەک بابەتێکی فەلسەفی. لێرە قسەدێتە سەر فەلسەفەی خود لە دیدی دێكارت وەك بابەتێكی گرنگ لە فەلسەفەی مۆدێرنی ڕۆژئاوا. ئەمە وادەكات ویستی ڕەوشتی ئەم خودە جێگای باسی قوڵی كۆنت–سپۆنڤیل بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ' كۆماری ئەفلاتون' ەوە دەستپێدەكات و بە تونێلی فەلسەفی دێكارت و كانت، فەلسەفەی ڕۆشنگەری، دا تێدەپەڕێت. لێرەوە بەو تێزە دەگەین کە: ئەم خودەی، كە خۆی پێویستە چاودێری ڕەفتاری ڕەوشتی خۆی بێت، ویژدان و هۆشی خۆی مەحەكی گشت ڕەفتارە ڕەوشتییەكانیەتی نەك هێزە دەرەكیەكان(ئاین بەنموونە).  
لەسەر قسەی كۆنت–سپۆنڤیل، پێشتر هەندێك بەهای ڕەوشتی و ئاینی كۆیدەكردینەوە ئێستا ئەو بەهایانە لەسەرەمەرگدان. لەكاتێكا مرۆڤایەتی، خەڵك، پێویستی بە كۆبوونەوەیە بە دەوری هەندێك بەها و خەسڵەت وەك سەخاوەت، بەزەی و میهرەبانی. پێشیوایە ئەو دەمەی مرۆڤ لە ڕوبەڕووبونەوەی بەدیدا دەبێت پێویستیەكی زۆری بە چاكەیە. دیارە ئەم بەها و خەسڵەتانە هی سەردەمێكی دیاریكراو نیین، مرۆڤایەتی ئەوەتەی هەیە لە خەمیاندایە و هەمیشەش پێویستیپێیانبووە. لەئێستادا كە كۆڤید-19 لەئارادایە، ئەم جۆرە بەها و خەسڵەتانە (سەخاوەت، بەزەی و میهرەبانی) هەنووكەبوونەتەوە. لە وەڵامی پرسیاری لەئێستادا لە چی دەترسن؟ كۆنت-سپۆنڤیل هێما بۆ ئەوە دەكات، "دڵگرانم بەو شڵەژانەی لە سۆسیال میدیا و لەناو ڕای گشتیدا بڵاوبۆتەوە. وەك خۆشم هەست بە ترس ناكەم". ئەم بیرمەندە ترس لە مردن بە كۆڤید-19 نابەستێتەوە، ترس لە مردن لای كۆنت –سپۆنڤیل ترسە لە مردن بە شێرپەنجە، جەڵتەی دڵ یان ئەلزهایمەر (كە باوك و دایكی ئەم بیریارەیان كوشتووە). لێرەوە ئەم فەیلەسوفە ئێمە بەرەو پرسیارگەلێكی ڕەوشتی ڕیشەی دەبات. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی کۆڤید-19 سەرمایەداری خستەوە نێو گفتوگۆی فەلسەفی. بۆیە پرسیارە ڕەوشتییە گەورەكەی ئەم هزرەڤانە ئاڕاستەی سەرمایەداری دەكرێت. بۆ سەرمایەداری؟ لەبەرئەوەی نایەكسانی بەرهەمدەهێنێت. سەرمایەداری واتە پارە. پارە لای سەرمایەداری پارە دروستدەكات. "بۆئەوەی وەك دەوڵەمەند بمریت پێویستت بەوە دەبێت وەك دەوڵەمەند لەدایكبیت". یەك لەو پرسیارە بنچینەییانەی ئەم بیریارە سەبارەت بە سەرمایەداری ڕووبەڕوومانیدەکاتەوە ئەمەیە: سەرمایەداری ڕەوشتی هەیە؟. باشە گەر سەرمایەداری ڕەوشتی هەبێت چ جۆرە ڕەوشتێكی هەیە؟ ئەی كە بێ ڕەوشت بوو؟ بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل سەرمایەداری نە ڕەوشتی هەیە و نە ڕەوشت هیچ مانایەكی بۆ سەرمایەداری هەیە. سەرمایەداری پێویستە ڕەوشتیبكرێت. ئەم بەڕەوشتیكردنەش مەرجە لە دەرەوەی سەرمایەداری بكرێت نەك لە ناوەوە. ئەمەش دەمێك ساڵە، 150 ساڵێك دەبێت، ڕۆژئاوا كاریتیادەكات: ئازادی سەندیكاكان، یاسای كاركردن، خانەنشینی، بیمەی كۆمەڵایەتی و...هتد بەشێكن لە دەستكەوتەكانی ئەو كارتیاكردنە.  

-لەسەر ئاستی سیاسی
بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل سیاسەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 كەوتە پەراوێزی تەندروستییەوە. پزیشكەكان بە هاوكاری سیاسییەكان لە فەرەنسا كەرەنتینیان سەپاند بێ ئەوەی بیر لە چارەنووسی ئابووری هاوڵاتیان بكەنەوە و بەساڵاچوانیشیان بەوە ترساند گەر لەماڵەوە نەبن دەمرن. كۆنت–سپۆنڤیل لە سەرەتادا ئەوەنەی قسەی لەسەر ماوەی كەرەنتینكردن هەبووە ئەوەنە دژی كەرەنتینكردن نەبووە. لێ دواتر دژی ئەوە وەستاوەتەوە کە بۆ ئەو هەموو بایەخە بە ژیانی بەساڵاچووان دەدرێت لەسەر حسێبی ژیانی لاوان و مناڵان! لێرەوە پرسیارە ڕەوشتیەكە بۆ ئەم بیریارە مەرگ نییە، مەرگ بێ كۆرۆناش بەهۆی نەخۆشی ترەوە بوونی هەر هەبووە. كەوابێت ترس لە مەرگ كەرەنتینی دروستكرد. بۆ ئەوەی كەرەنتین پیادەبكرێت سیاسەت بڕیاربەدەستبوو. سیاسەتیش كەوتەدەست پزیشكەكانەوە. پزیشكەكانیش بەناوی تەندروستی گشتیەوە سیاسەتیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان پیادەكرد.
ئەوەی كە ئەم تەنگژەیە كۆمەڵگەی فەرەنسی بەرەو پتر مرۆی و هاریكارئامێزتر دەبات یان نابات بۆ كۆنت–سپۆنڤیل ئەمە پرسیارێكی گرنگی ئەم قۆناغەیە. شتێكی سروشتییە کە دواترمان وەك پێشتر نەبێت. بەس كەس ناتوانێت فەرەنسای 2021 بۆ 2019 بگەڕێنێتەوە. ئەوەی هەر لە ئێستاوە پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت ئەوەیە كە فەرەنسای 2021 لە زۆر ڕوەوە جیاوازە. بەڵێ فەرەنسا دەگۆڕێت بەس نەك سەرلەبەر. بە وتنی ئەم فەیلەسوفە جگەلەوەی پێویستمان بە ئامرازەكانی ئەو گۆڕینە هەیە هاوکات ئەوەشمان پێویستە كە هەموو دەبێت كۆشش بۆهێنانەدی ئەو گۆڕینە بكەین. ئەوانەی پێیانووایە هیچ شتێك ناگۆڕێت هەڵەن. ئەوانەش هەر هەڵەن كە پێیانوایە هەموو شتێك دەگۆڕێت. گرنگە ئێمەی فەرەنسییەكان نەكەوینە ناو جۆرێك لە بەشیراككردن chiraquisationی ژیانی سیاسییەوە (ژاك شیراك مەبەستە). ئەمە بەو واتایە دێت كە سیاسییەكانی فەرەنسا خۆیان لە هەموو جۆرە ڕێفۆرمێك، هەموو شتێك لەپێناوی چاككردنی تەندروستی یان پاراستنی فەرەنسییەكان، دەدزنەوە: پلانی شیراك دژ بە شێرپەنجە، پلانی سەلامەتی ڕێگاوبان، پلان دژ بە نەخۆشی ئەلزاهایمەر، پلان دژ بە پەتا. كوان ئەم پلانانە؟
ئەم بیرمەندە ڕەخنەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەوانە فەرەنسییەكان دەگرێت كە خۆیان بەپسپۆڕدەزانن لە هەموو بوارێک و ئامۆژگاری سیاسییە فەرەنسییەكان(سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیران) دەكەن و، كەچی سەر لە هیچیش دەرناكەن. هەر لەم هەل و مەرجانە ئەم فەیلەسوفە پێیباشە سیاسییەكان خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیان بن و ئامۆژگاری زانایان و پسپۆڕان نابینایانە وەرنەگرن. لە ئێستادا پسپۆڕەكان ، لە فەرەنسا، ڕۆڵی كەسی پیرۆز دەبینن. ئەمەش شتێكی شەرمهێنەرە!

-لەسەر ئاستی ئازادی
ئازادی یەكێكە لەو چەمكانەی لە فەلسەفەی كۆنت–سپۆنڤیل دا گرنگیەگی زۆری پێدەدرێت. ئازادی واتە نەبوونی هیچ تەگەرەیەك لەبەردەم ڕەفتاری مرۆڤ، كردنی ئەوەی كە دەیەوێت بیكات. زۆربەی فەیلەسوفە گەورەكانیش(لۆك، هۆبز، رۆسۆ) جەختیان لەوە كردووە كە ئازادی بە ئازادی ڕەفتاری تاكەوە پەیوەستە. كێشەكە لەوەدایە كە ئازادی ڕەها بوونی نییە و خودی ئازادیش بێ تەگەرە نابێت. ئازادی ڕەها ڕەنگە بوونی نەبێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی دەوڵەت بوونی هەیە. دەوڵەت گەورەترین تەگەرەیە لەبەردەم ئازادی دا. لە گفتوگۆی قووڵی فەلسەفی بیریاران سەبارەت بە واتای ئازادی دەبینین ئەم واتایە بڕێك ئاقارێکی تەمومژاوی وەردەگرێت بەتایبەت كە واتاكە دەلكێت بە خود، ویستی خود، جەوهەری ویستی ئازاد و... تادەگاتە كردەی هزر. بگرە دەلکێت بەوانەش كە پێیدەڵێن هزری مرۆڤ و ویستی ئەم مرۆڤە، عەقڵ و كردەی ئازادی مرۆڤ. لەبەرئەوە كۆنت-سپۆنڤیل لەسەر بناغەی بۆچوونە فەلسەفییەكانی (سپینوزا، ماركس، هێگڵ) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئازادی هزر ئازادی عەقڵە و پەیوەندی بە ئازادی بژاردەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئازادی پێویستییەوە هەیە. واتە ئازادی دەكەوێتە ژێرسایەی پێویستیەكانی تاكەوە. هەموو ئەمانەش لە سێ ئاقاردا كورتدەكاتەوە: ئازادی كردار، عەفەویەتی ویست، ئازادی پێویست بۆ عەقڵ. گەر ئازادی ڕەها نەشهاتە دی خۆ گرنگە مرۆڤ ئەوەندە ئازاد بێت كە بتوانێت بژیت. ئەمە وادەكات كۆنت-سپۆنڤیل باوەڕی بەوە بێت كە ئێمە بە ئازادی لەدایك نابین، دواتر ئەو ئازادییە بەدەستدە‌ێنین. ئازادیش نە ڕەهایە و نەش بێسنوورە. لەبەرئەوە ئازادی هەر لوغز نییە ئامانجیشە. بۆ كۆنت-سپۆنڤیل گرنگترین شتێك سەبارەت بە ئازادی شایانی قسەبێت ئەوەمەیە: چۆن فێربین ئازاد بین. ئەم جۆرە ئازادیە بە ناوی دووەمی دانایی دەزانێت. واتە ئەوە داناییە كە مرۆڤ فێری ئەوە دەكات چۆن ئازاد بێت.
بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل ئەوەی لە ساتەوەختی كۆڤید-19 بە كردەی ئازادییەوە تایبەتە ئەوەیە كە، بایەخدانی خەڵك لە فەرەنسا بە تەندروستی پتر لە ئازادی هەڵە بوو. ئەم هەڵەیە شیاوە وردە وردە بەرەو وڵاتانی تریش بچێت. لە فەرەنسا وشەی ئازادی (libéral) بەرەو جۆرە تەوهینێك دەچێت. ئەم بیریارە ناچارانە بەم جۆرە دێتەگۆ: ئێستا نازانم لێرە بمێنمەوە یان بچمە سویسرا؟ لە لێدوانێكیش لەگەل ڕۆژنامەیەكی بەلژیكی سەرسامانە قسەدەكات: "لێمانگەڕێن با بمرین". بەمە هێما بۆ ئەوە دەكات كە تەندروستی ناكرێت سەرووی ئازادی بێت، یان شوێنگرەوەی هەموو شتێك بێت. نابێت تەندروستی شوێنی سیاسەت بگرێتەوە، حەیف لە ساتەوەختی پەتاکە گرتیەوە و ئەوەش ئازادی سنورداركرد.

-لەسەر ئاستی كەرەنتین = گۆشەگیریی
یان كوشتنی ئازادی تاك

كۆنت–سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme باس لە شەكەتی خۆی و پارتنێرەكەی دەكات كە چۆن ماوەی كەرەنتینیان لە پاریس بردۆتەسەر. پێیوایە بۆ تەمەنی "ئەو" (68 ساڵە) كەرەنتین بۆ ماوەیەكی زۆر كاردانەوەی نێگەتیڤی دەبێت و پێویستیش ناكات. دەبایە ماكرۆن ،ئەو وتەنی، بیری لەم لایەنە بكردایەتەوە. پێشیوایە ترسناكترین شتێك ئەوە بوو كە هاوتەمەنەكانی ئەم كەرەنتینە درێژخایەنەیان بەخۆیانەوە نەبینیووە. ئاسایی بوو ماوەیەكی کورت ئەمە ڕووبدات نەك ماوەیەكی ئاوا زۆر (لە 11/03 تا 11/05). ئەم فەیلەسوفە خۆی بە سەرمەستی كەرەنتین نازانێت و دەستپێكردنەكەشی هەر لە سەرەتاوە پێناخۆشبووە. دانبەوەشدا دەهێنێت: ئەم جۆرە شتانە كە دەستپێدەكات لە هەژارترینەوە دەگرێتەوە و بژاردەی كەرەنتینش ستراتیژێك بوو لەبەردەم حكومەت. لە فەرەنسا كەرەنتین تووندكرابووەوە. لە ئەڵمانیا شتێك كەمتر دەردەكەوت. لە سوید لابرا بوو ،بەڵام بە ڕێنمایەكانەوە جوڵە هەبوو. كەرەنتینەكە بۆ كۆنت–سپۆنڤیل بریتی بوو لە زەوتكردنی ئازادی و ترسناكترین شتیش بوو كە نەوەی ئەم فەیلەسوفە بەخۆیەوە بینوبێتی. بەپێی تەماشاكردنی فەلسەفی كۆنت–سپۆنڤیل سەیرەكە لەوەدا بوو، ئەو ماوە زۆرەی كەرەنتین زۆرتر پزیشەكان لە شاشەكانەوە دەردەكەوتن تا ئابووریناسان و كۆمەڵناسان. ڕاشکاوانەش دەڵێت: "واملێهات لەماوەی كەرنتینەكە حەزبكەم تووشی كۆڤید-19 ببم و تەنانەت پێشیبمرم بەس ئەوەنە لە كەرەنتین نەمێنمەوە. حەزم لە ژیانە بەس زۆرتر حەزم لە ئازادیە. ناترسم لە نەخۆشی زۆرتر لە كۆیلایەتی دەترسم".
كێ بەرامبەر بەم هەموو هەفتانەمان لە كەرەنتینبوون بەرپرسیارە؟ بێگومان هەموومان! ماكرۆن زوو وتی: دەوڵەت تێچوونەكان دەدات. مەگەر دەوڵەت ئێمە نیین! ماكرۆن لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتاكە ئەوەشی وت كە پارەی ئەفسونایمان نییە. 100 ملیار یۆرۆ پێویستن بۆ تەمویلكردنی كارەكان. پێیوایە پێویستە ئەو ڕاستیە بزانین كە ئەم پارە زۆرە دواتر لەسەر لاوان و نەوەی ئایندەمان دەكەوێت. ئەم لایەنە بۆ ئەم بیریارە بێزاركەرە، ئەوەش هەر بێزارکەرە كە تەندروستی تەنیا بووە بەخەمی بەتەمەنەكان. ئەی ئەو زیانەی لەم هەلو و مەرجە لە لاوان دەكەوێت؟ كەس بیر لەم لایەنە ناكاتەوە. ئەو بڕە پارەیە هەر هەمووشی بەر نەخۆشخانەكان ناكەوێت. ئەم بیریارە فەرەنسییە كەرتی تەندروستی لە وڵاتی فەرەنسا بەو خراپە لەقەڵەمنادات لەچاو وڵاتانی تر. كێ ناڵێت كەرتە خراپەكە قوتابخانەكانن! ئایا مناڵانمان لە فەرەنسا باش دەنووسن و دەخوێننەوە؟ تا ئیملایان پێنەكەین نازانین چەند بێتوانان. تۆبڵێیت نەخۆشخانەكان لە فەرەنسا كەمتر بایەخیپێدرابێت لەچاو زانكۆكان، یان لەچاو: پۆلیسخانەكان، دادگاكان یان زیندانەكان؟ ئەمانە هەموو پرسیارن لەسەر دۆزی دامەزراوە گرنگەكان لە فەرەنسا. كەچی بایەخپێدانەكە تەنیا بە تەندروستی بوو. سەیرە!
كەرەنتین هەڕەشەیە لەسەر ئازادیەكان یان دیوێكە لە دیوەكانی مرۆڤایەتی؟ لای كۆنت–سپۆنڤیل ترسی منێكی 70 ساڵ لە تەندروستی خۆم نییە ترسە لە ئایندەی مناڵەكانم. كەرەنتین دوو دەرئەنجامی ترسناكی لێوەبەرهات: تەنگژەیەكی ئابووری مەترسیدار (بەبۆچوونی ئابووریناسان لە تەنگژەی 1929 ترسناكترە) و كەمكردنەوەیەكی زۆر لە ئاشتی، دێمۆكراسی و ئازادیەكانمان. ئەم بیرمەندە ترسی ئەوەشی هەیە كەرەنتین (گۆشەگیریەكەی كەرەنتین) خەڵكێكی زۆر بكوژێت لەچاو كۆڤید-19 بەتایبەت لە وڵاتە هەژارەكانا. كۆنت-سپۆنڤیل پێیباش نییە كەرەنتین بۆ ئەوانەی لە تەمەنی 70 كانن درێژەبكرێتەوە. ئەوان پتر لەوانیتر ترسناكتر نیین. بۆیە بەتوڕەبوونەوە دەڵێت: گەر گۆشەگیركردنم لەپێناوی خۆم بێت سوپاس نامەوێت. ئەم قسانەی كۆنت–سپۆنڤیل ئەوە دەگەیێنن كە بابەتی كەرەنتین تەنیا بابەتێكی تەندروستی نییە، بابەتە لەمەڕ ئازادیش. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەوەش دەڵێت: "پزیشكەكانم خۆشدەوێت، بەڵام خۆمناخەمە ژێرزەبریانەوە. تێناگەم تاكەی پیرەكان لەناو چوار دیوار دادەنرێن. ئەم كەرەنتینەیە كەی كۆتای دێت؟ خستنەناو چواردیوارەوە بۆ سەرسەلامەتیمانە؟ پێویستە لەناو ماڵی خۆما بەندكرێم؟ پتر لە كۆیلایەتی دەترسم تا مەرگ. لەماوەی ڕابردوودا هەستم بە خەمباری دەكرد كە بۆ سویدی نەبووم. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئازاد تر دەبووم لە جوڵانەوەكانم". 
بەبۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل زۆرجار و لەكاتی تەنگژەكانا ئازادییەكانی تاك دەكەونە ژێرفشارەوە. ئارگیومێنتی ئاسایش لە دەمووەختی پەلاماردانە تێرۆریستیەكان بووە پێشنیار، ئێستاش ئارگیومێنتی تەندروستی پێشنیاردەكرێت. سەختە هەر لەسەرەتاوە ڕێكاریەك بخرێتەگەڕ كە ژیانی زۆرینەیەك بپارێزێت. هاوكات دەشێت پرسیارێك بخەینەڕوو. زۆرێك گومان لەم كەرەنتینەیە دەكەن. هەندێكیتر پێیانوایە چەند مانگێك دەخایەنێت. دەكرێت ڕێكاریەكان توندتر بكرێنەوە، بەڵام ئایا دەشێت ئارگیومێنتی تەندروستی زەفەر بە ئازادیەكانی تاك ببات؟ بێگومان ناشێت.
كۆنت-سپۆنڤیل جەخت لەوە دەكات كە كەرەنتین پێش هەموو شتێك پارێزگاری لە بەتەمەنەكان دەكات و كاردانەوەی ئابووری خراپیش لەسەر لاوان دادەنێت. بۆیە پێماندەڵێت: وەك باوكێك بەمە قایلنییم! بەڵام مرۆڤایەتی بینینی بەجۆرێكی ترە. پێیوایە ئێمەی مرۆڤ هەموو یەكسانین لە مافەكانمان. لەبەرئەوە دەڵێت: ئەمە بۆ من بەو شێوەیە نییە. مرۆڤەكان لای كۆنت-سپۆنڤیل هەمان بەها و گەوهەریان نییە. هەموو ژیانەكان وەك یەك نیین. ژیانی فەیلەسوفێكی قارەمانی وەك كاڤایێس  Cavaillès لە ژیانی قێزەوەنێكی وەك كلاوس باربی  Klaus Barbie  جیاوازە. تەنانەت هەموو مردنەكانیش وەك یەك نین. مردن لە تەمەنی 20 ساڵ یان 30 زۆر جیایە لە مردن لە تەمەنی 68 (كە تەمەنی فەیلەسوفە) یان 90 . 
كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Temps دەڵێت: بۆ ماوەیەكی كورت پێویستبكات كەرەنتین قبوڵدەكەم بەس نەك ببێتە مانەوەی زۆرەملێم لە ماڵەوە. هیوامەندە سێستەمی تەندروستی نەبێتە سێستەمی ڕەوشتی وەك ئەوەی لە سەردەمی ماكارتیزم McCarthyism داکرا (تۆمەتخستنە پاڵ كەسێك بەبێ بەڵگە).

-لەسەر ئاستی مەرگ 
كۆڤید-19 بووە كۆڵەكەی سەرەكی مەرگ. بەهۆی ئەم پەتایەوە مەرگ پتر لە هەر كاتێكی تر خۆی شیاوكرد. بەرۆكی گرتین و وتی هەم. كێشەكە ئەمە نییە كە مەرگ لێرە و لەوێ دەخولێتەوە یان بۆتە باسی هەمووان بەقەد ئەوەی کێشەکە ئەوەیە كە ئەمڕۆ مەرگ وەك شكست سەیردەكرێت نەك شتێكی سروشتی. ئەم لایەنە والە بیریارێكی وەك كۆنت-سپۆنڤیل دەكات داوامانلێكات بۆ خوێندنەوەی مۆنتاین  Montaigne  بگەڕێینەوە: ""مرۆڤ نامرێت لەبەرئەوەی نەخۆشە لەبەرئەوەی لە ژیاندایە"". ئەم گوزارە مۆنتاینییە بەنموونە بۆ داكۆكیكردن لەو تێگەیشتنە دەهێنێتەوە كە مەرگ بەشێكی لێدانەبڕاوە لە ژیان كە زۆرینەیەك بەهۆی كۆڤید-19وە بیریانچووەتەوە. وەكیتریش، مرۆڤەكان خەریكی ژیانی خۆیانن و چیانیشبوێت دەیكەن و مردنیان بیرنییە، ئەو دەمەش كە مەرگ لە خۆیان و خزم و كەس و هاوڕێكانیان نزیكدەبێتەوە دەست بە گازندە، گریان و هاوار دەكەن. لە ساتەوەختی ئێستادا كۆڤید-19 بڕیاردەری مەرگە، ئەمەش جۆرە پەشێویەكی دروستكردوە كە بۆتە هۆکاری دروستبوونی ڵێڵی لە تێگەیشتنمان سەبارەت بە هاتنی بەمشێوەیەی مەرگ. ئەم فەیلەسوفە گومانناكات كە هەموو دەمرین، ئەڵبەتە ئەوە بە هەواڵە ناخۆشەكە لەقەڵەمدەدات. هەواڵە خۆشەكەش لای ئەم ئەوەیە كە زۆربەمان بە نەخۆشیەكی تر جیا لە كۆڤید-19دەمرین. باشە ئەم چەرمەسەریەی بەهۆی كۆڤید-19وە دووچاریبووینە پەیوەندیمان بە مەرگەوە دەگۆڕێت؟ بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل نەخێر نایگۆڕێت، چونكە مەرگ بەشێكە لە ژیان. ڕاستە بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرین، بەڵام خودی مەرگ نەخۆشی نییە. مردنمان شتێكی سروشتییە و ئەمەش پێویستە وەك خۆی قبووڵبكرێت. پێویستمان بە پەسەندكردنی مەرگە ئەمەش بۆئەوەی چێژ لە ژیان وەربگرین، دواتر بۆئەوەی بتوانین باشتر بژین. كە لە مەرگ تێدەگەین باشتر دەژیین. دەژیین چونكە دەزانییین مەرگە هەقیقەتە. ئەم بینینە بەرەو ئەم تێزەمان دەبات: پێویستمان بەوەیە ڕوانینمان بۆ مەرگ چاکبکەینەوە. مەرگ ڕاستی ناو ژیانە. 
كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ  Le Temps داوامانلێدەكات كۆتای بە وڕێنەی بەختەوەری هەمیشەیی بێنین و خودی كۆتابوون، ناكامی و ئاستەنگ وەك بەشێك لە هەل و مەرجی مرۆی خۆمان ببینین. پێشیوایە تا لەگەڵ مەرگا كۆكنەبین هەموو پەتایەك زەفەرمانپێدەبات. بۆ كۆنت-سپۆنڤیل ئێستامان جێگای تێڕامانە كە پەتایەك بۆتە هۆكاری ئەوەی هەمووان دووچاری بێزاریەكی زۆر بكات لەكاتێكا شەڕێكی وەك شەڕی سوریا، كە وێرانی و ئاوارەیی لەگەڵ خۆی هێناوە، لەبیركرێت، ئەمەو جگەلەوەی مناڵان چیان لەناو ئاگری ئەم شەڕە بەسەرهاتووە تادەگاتە بەدخۆراكی و كاولكاریتر هەموو ئەمانە هێندەی كۆڤید-19 نەبۆتە باسی سوسیال میدیای فەرەنسی. "با لێگەڕێن بمرین"، ئەو گوزارە توڕەیەیە ئەم فەیلەسوفە دژ بەو بایەخدانە زۆرە بەكاریدەبات کە بەم پەتایە دەدرێت. پەتاكە مەرگی لەخۆیڕا بەرجەستەكرد، باشە ئەی مەرگەكانی تر؟ ئەلزهایمەر و شێرپەنجە زۆر زۆرتر دەكوژێت لەچاو كۆڤید-19 كەچی باسناكرێت. ئەمە وادەكات ئەم فەیلەسوفە ئەو ترسە گەورەیە لە پەتای ناوبراو بە هەڵە بزانێت و گازندەی ئەوەش بكات مەرگ بەهۆی كۆرۆناوە دۆزێكی هێنایەپێشێ كە جێگای سیاسەت، ئازادی و خۆشەویستیش بگرێتەوە و ئەوەشمان بیربباتەوە كە هۆكارەكانی مردن زۆرن، لێ نەخۆشی بەشێكە لەو هۆکارانە. 
سەرئەنجام كۆنت–سپۆنڤیل دەڵێت: جارێكیان پاتۆلۆجێك (پسپۆر لە نەخۆشیناسی) پێیوتم شەڕی نێوان مرۆڤ و میكرۆبەكان كۆتای نایەت، تەنانەت گەر كۆتایشی هات بە بەرژەوەندی میكرۆبەكان كۆتای دێت. هەرچی مرۆڤایەتیە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەر كۆتای دێت، جا ئەو كۆتایهاتنە بەهۆی ڤایرۆسەوە بێت یان بەكتریاوە، كەوتنەخوارەوەی پارچە نیازكێك بێت یاخود شەڕی ئەتۆمی یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە گەردوون. ئەو گفتوگۆ زۆرەش لەبارەی كۆڤید-19وە دەكرێت پێمانناڵێت ئەم پەتایە كۆتای بە مرۆڤایەتی دێنێت و بەهۆی ئەوەشەوە جیهان كۆتای دێت. شەڕی نێوان مرۆڤەكان و میكرۆبەكان زۆر دەخایەنێت. شەڕێكی بەردەوامە و ئەوان تیاشیا سەركەوتوون. كاتاسترۆفە (بەڵا) تەندروستیەكان بەردەوام هەن و كۆڤید-19 یەكێكە لەوانە. ئەم پەتایە كە زیانێكی زۆر لە مرۆڤایەتی دەدات ئەم كەرەنتین و دیستانسەشی لە سنووری خۆیدا پێویستكرد. هەر لەبەرئەوەی كە شەڕەكە بەردەوامە دەبێت خۆمان بۆ پەتای لەمە كوشندەتر ئامادەبكەین. سەرەڕای ئەمانە، شەڕی نێوان مرۆڤایەتی و میكرۆبەكان تازە نییە و ئەم نەخۆشیەش كۆتای جیهان نییە. لە ڕابردوودا ئەمە زۆر خراپتر بووە. خۆشبەختانەش لەم ماوەیەدا نەمبیستوە كەس باس لەوە بكات كۆڤید-19 سزایەكی یەزدانی بێت، كەسیش نوێژی لە كڵیسە بۆ سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكە نەكردووە. ئەمەش نیشانەی پێشكەوتنە! بەڵگەیە لەسەر لەئارادابوونی باوەڕی كەمتر بە نەزانین و مەیلێكی زۆرتر بۆ عەقڵگەریی.

ژێردەر:
 http://www.gerardostermann.fr/wp-content/uploads/2017/09/ComTe-SponvillePM_N34_-18-23.pdf
https://www.challenges.fr/economie/andre-comte-sponville-face-a-la-crise-du-coronavirus-gare-au-pan-medicalisme_704287
André Comte-Sponville sur le confinement: "Sacrifier les jeunes à la santé des vieux, cest une aberration"
https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/read/id/beregites-sanitarnogo-porjadka
https://www.letelegramme.fr/france/andre-comte-sponville-il-faut-sortir-du-confinement-a-duree-indeterminee-23-04-2020-12542774.php
https://www.lecho.be/dossiers/coronavirus/andre-comte-sponville-j-aime-mieux-attraper-le-covid-19-dans-un-pays-libre-qu-y-echapper-dans-un-etat-totalitaire/10221597.html
https://www.franceinter.fr/idees/le-coup-de-gueule-du-philosophe-andre-comte-sponville-sur-l-apres-confinement
https://www.philomag.com/lactu/dialogues/andre-comte-sponvillefrancis-wolff-preferons-nous-la-sante-a-la-liberte-43148
André Comte-Sponville. : « Laissez-nous mourir comme nous voulons ! ». Le Temps, 27 avril 2020
André Comte-Sponville, Nietzsche le briseur didoles, interview dans le Figaro Magazine du 18 août 2013, p. 76.
سەبارەت بە بابەتی دانایی، ئازادیی و ڕەوشت بڕوانە
André compte sponville,Présentations de la philosophie,éd.Albin Michel S.A,2000,pp : 15-27, 69-79,  143-152


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×