ڕۆژی جیهانی فەلسەفە: ڕۆژێک پڕ لە پرسیار و گومان

ئازاد حەمە
  2022-11-20     907

لەناو جەرگەی مەزنييدا گومانێک دەبينم

René Char ڕۆنێ شار

 

1. فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن. لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، کە لە جیهانی ئێستاماندا گوماندەکەم بەئاسانی هەل و مەرجی فڕاوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن بێتەئاراوە، کار لەسەر پرسە سەرەکییە هاوچەرخەکان بکرێت، فەلسەفە بکرێت بە بابەتی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان. ئەم گومانەم بەری تەسکبوونەوەی پرسیار و خودی گومانیشە لەم چرکەساتە ئاستەنگاوییەی حەزی بە چارەی فەلسەفە نییە. حەیف لە ئێستایەکدا دەژین ڕق لە فەلسەفە ئامادەیە. بەڵام گرنگە ئەوەش بزانین، کە فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن پێویستییەکی ڕۆشنگەریی نیشتیمانیی و جیهانییە. ئەمە دەستپێکی گۆڕانیشە لە پەروەردە و فێربوون، ئەو دەستپێکەی سەرزەوی هەمووی تێکڕا زۆرترین پێویستی پێیەتی. فێربوونی فەلسەفە و وتنەوەی فەلسەفە بەرپرسیارییەکی گشتی مرۆڤە و سەرەتاشە بۆ پێکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە بنەڕەتییە سەردەمییەکان و بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش لە جیهان.

ڕووبەری فەلسەفەکردن فراواننابێت تا ڕووبەری ئازادی فراواننەبێت. لەو شوێنەش، کە ئازادی بوونی نییە فەلسەفە بێ شوێنە. ئەو فەلسەفەیەی لە کۆمەڵگەی نائازاد و گەندەڵ دا هەیە نافەلسەفەیە. ئێستا نافەلسەفە لە زۆر جێگا جێگایەکی بۆخۆی دابینکردووە. باشە بۆ دەبێت جێگایەک لە کۆمەڵگە، لەناو ژیان، بۆ فەلسەفە هەبێت؟ لەبەرئەوەی لەڕێگای فەلسەفەوە دەشێت کار لەسەر تەشەنەسەندن و نەشونمای  شیکردنەوە و توێژینەوەی پرسیارە چارەنوسسازەکان بکرێت. فەلسەفە دەکارێت ئەمە بکات، چونکە کاری لێخوردبوونەوەیە لە تاک و کۆ، لە بوون و کەتواری ئەم تاک و کۆیە.

داواکان لە فەلسەفە زۆرن. داواکان، کە هیوان هەموو دەخوازن فەلسەفە ئەم داوایانە بهێنێتەکایەوە. هەموو دەخوازن فەلسەفە سەرلەبەری گۆی زەوی بەرەو باشە بگۆڕێت. باشەی لەم جۆرە، کە یەکسانی، ئازادی و ماف لەخۆدەگرێت هەر هەموو ئەمانە هێزی خۆیان لە فەلسەفەوە وەردەگرن. بەڵام هێنانەدی ئەم داوایانە، هیوایانە، کاری بەردەوام و هاوبەشی دەوێت.

 

2. فەلسەفە چیپێدەکرێت؟ لە ئێستادا زۆرێک دەپرسن: فەلسەفە چیپێدەکرێت؟ لێ ئێمە دەپرسین : فەلسەفە چیپێبکرێت؟ ئەو شتە چییە فەلسەفە دەبێت بیکات؟ وەکیتریش فەلسەفە چیپێدەکرێت و چیپێبکرێت هەر لەسەر ئەوە وەستاوە، کە فەلسەفە کێیە تا ئەم داوایەی لێبکرێت؟ فەلسەفە خۆمانین، ئەوانەنن، کە بیردەکەنەوە. فەلسەفە ئەو شێوازەیە، کە بۆ بیرکردنەوە دەگیرێتەبەر. ئەڵبەتە فەلسەفە لە هەرە شێوازە دیار و دانسقەکانی بیرکردنەوەشە. بەهۆی فەلسەفەوە دەگەین بەو زانینەی نییمانە. ئەم زانینە چیپێدەکرێت؟ دەمانبات بەرەو تێگەیشتن. تێگەیشتن لەوەی تا هەنووکە لێیتێنەگەیشتووین. ئەم تێگەیشتنەش خاڵی وەرچەرخانی ئێمەیە لە شتێک هێشتا نییە، کە دەشکرێت ئەوە ڕۆشنگەرییبێت، کە دواتر لەمیانە بیرکردنەوەکانەوە دێتەکایەوە.

ڕۆشنگەریی چرکەی لەدایکبوونی عەقڵە لای تاک/ لای گشت منێک.  لێرەوە دەشێت بپرسین: لە ئێستادا شیاویی لەبەردەم  ئاڵوگۆڕی میراتی فەلسەفیدا ماوە؟ مرۆڤەکان باوەڕیان بەم پرینسیپە مرۆییە ماوە؟ ئەم شیاویی و باوەڕە پێویستە مابێت. بیرکردنەوە لە جیهان، ئەمە دەبێت کۆمانبکاتەوە. پاش ئەم بیرکردنەوەیە ئەدی کاری سەرەکی فەلسەفە چییە؟ ڕەنگە یەک لەو کارانە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی بێت. ئەمە ئەرکی یەک کۆمەڵگە و یەک کولتوور یان شارستانی نییە، ئەمە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتی مرۆیی گشت سەرزەوییە.

سەرباری ئەوە، شوێنی فەلسەفە تەنیا هۆڵی زانکۆکان نییە، پرسیارە فەلسەفییەکان هەر لەنێو مامۆستا و خوێندکاران نەشونما ناکات. فەلسەفە، کە مافی هەموانی بەسەرەوەیە بەهۆیەوە دەکارین ئەو کێشانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، فەلسەفە بەشدارە لە پەرەپێدانی تێگەیشتن لەو بنەما و بەهایانەی ڕێنمایی کردار و بڕیارەکانمان دەکەن.

 

3. خەمی ئێستای فەلسەفە ئەو پرسانەیە، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە. ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە کێشەگەلێکی کۆن و هاوچەرخیشن. وەکیتریش لە وشەدانی فەلسەفەدا خۆمان لەناو زۆرێک واتای فەلسەفییدا (ڕاستیی، ڕەوشت، هاوڵاتیببون، لێبووردن، ڕێزلەیەکترگرتن، دادپەروەریی،....) دەبینینەوە، کە گرنگن بۆ هەڵکشانی ئاستی تێگەیشتنی ڕۆژانەی ئێمە لە خۆمان و دەورووبەرمان.

فەلسەفە تەنیا دیاردەیەکی ڕوناکبیریی یان ڕۆشنگەریی نییە دیسیپلینیشە، ئەمەو فەلسەفە تەقەلایەکی پراکتیکی ڕۆژانەشە، کە دەکارێت کۆمەڵگاکان بگۆڕێت و کولتوورەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە. واتە، فەلسەفە یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسوودەتر و ڕێزدارتر. بەم شێوەیە فەلسەفە وا دەکات بتوانرێت لە بەربەست و ئاستەنگە گەورەکانی هاوچەرخ تێبگەین و بە دروستکردنی هەلومەرجی هزریی بۆ گۆڕانکاری وەڵامیان بدرێتەوە.

لەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە بابەتی ڕەوشتە، کە دەتوانێت بابەتگەلێکی تریش لەخۆبگرێت، وەک: ڕێز، ئاکار، تێرۆر، گەندەڵی، ماف.  بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت پێویستمان بەوەیە، کە زوو زوو پێناسەی فەلسەفە بکرێتەوە. ئەوەش ڕوونبکرێتەوە، کە ئەرک و ئامانجی بنەڕەتی فەلسەفە چییە و دەخوازێتیش چی بۆ مرۆڤ بکات. ئەمەش بە پلەی یەکەم پێویستە بۆ مناڵان و دواتر بۆ لاوان بکرێت. لاوان، کە کەوتوونەتە ژێر فشاری کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری دژە بەها و جیهانگیرییەکی پەرت و بۆشەوە پێویستییەکی زۆریان بە خوێندنەوەی فەلسەفەی کلاسیک و هاوچەرخ هەیە.

سەرئەنجام، ئەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە خەمی ئێستای فەلسەفەن و گرنگە وا لە فەلسەفە بکەن خۆی لە عەوام نزیکبکاتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆ لە بەدەستەبژێرخستنی فەلسەفە و تیشک خستنە سەر گرنگی دیدگا ڕەخنەییەکانیشی.

 

4. فەلسەفە واتە بیرکردنەوە لە هەنووکە. فەلسەفە هەنووکەی خۆی هەیە. لەو کاتەی، یان سەردەمەی، فەلسەفە ئامادەیە ئەو کاتە، یان سەردەمە، هەنووکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە لە هەنووکەی خۆی دورکەوتەوە فەلسەفە نییە. فەلسەفە چاودێرە بەسەر هەنووکەی خۆیەوە. هەنووکە ناشێت لە ژێرکۆنترۆڵی فەلسەفە دەرچێت. ئەو دەمەی فەلسەفە بە ڕاڤەی هەنووکە ناوێرێت ئەوە نەک هەر فەلسەفە نییە، بگرە بیریش لەو هەنووکەیەدا بوونی نییە. هەنووکەکان جۆراوجۆرن، لێ فەلسەفە هەمانە. فەلسەفە لە دەمی دەرکەوتنیەوە دیارە ئامانج و ئەرکی چییە، هەنووکەش، کە دەگۆڕدرێت فەلسەفە لەم گۆڕانە حاڵییە.  

گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا، بەرەو ئەو تەماشاکردنەمان دەبات، کە نزیکبوونەوەی فەلسەفە لە هەنووکە مەرجە. ئەمە بە ئاسانی نایەتە دی. بیرکردنەوە لە کردارەکانمان سەرەتای گۆڕینی بیرکردنەوەکانمانە بۆ کردار. گشت هەنووکەیەک لەژێر کاریگەریی کردارەکانە. هەنووکە بۆی هەیە کردارەکانمان بخاتەژێرپرسیارەوە. خودی هەنووکەش گومانیلێدەکرێت بەرهەمی کاتی خۆی نەبێت.

 

5. فەلسەفە وادەکات تێگەیشتنی قوڵت هەبێت. ئەو دەمەی فەلسەفەکردن لە کەسێکدا چرۆدەکات تێگەیشتنی قوڵ زاڵدەبێت. تێگەیشتنی قوڵ لەگەڵ تێگەیشتنی سادە و لاواز دا یەکناگرێتەوە. تێگەیشتنی قوڵ پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر و بەردەوامە. بیرکردنەوەش مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری پێویستە. لە تێگەیشتنی قوڵ دا ئاسۆکانی تێڕامان بەرین و کراوەن. لەوێندەرێ فەلسەفە توانای تێپەڕاندن و بڕینی سنورەکانی لەنێوان زانستە جیاوازەکانیش دا هەیە. ئەوەی فەلسەفە لەتەک یەک زانست(دیسیپلین)دا یەکانگیرنابێت ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە. فەلسەفە بە چییەتی بیرکردنەوە دەستپێدەکات و بە پەروەردەکردنی تێگەیشتن کۆتاییدێت.

زۆر جار بۆ زۆرێک پرسیارەکانی فەلسەفە خۆیان لە ناسادەیی دەدەن. ئەمە ڕاستە و بەشێکیشە لە سروشتی فەلسەفە. بەپێی ئەوەی پرسیارەکانی فەلسەفە سەرساممان دەکەن بیرکردنەوەی وروژێنەریش دەسازێنن. بوون بە فەیلەسوف، نزیکبوونەوە لە فەلسەفە، ڕۆڵی فەلسەفە لە خۆشگوزەرانی مرۆیی و لە هێنانەدی ئاشتیخوازی و....، گشت ئەمانە و گەلێک بیرکردنەوەی تریش وروژاندنێک لەخۆدا بەرجەستەدەکەن، کە ئەوەمان پێدەڵێن هزر و تێگەیشتنی مرۆڤ و ڕۆشنبیرییەکەی لەتەک دەرکەوتنی فەلسەفەدا نەشونمایکردووە.

 

6. فەلسەفە لە سەردەمی خێرایی ئەلێکترۆنی دا لەژێرپرسیاردایە. دەمی هەنووکەمان دەمی زێدەڕۆییە لە خێرایی. رەچەڵەکی خێرایی، کە بۆ شۆرشە زانستییەکان دەگەڕێتەوە بەم ڕۆژەیان گەیاندین. واتە، ئەوەی ئەم خێراییەی هێنایەکایەوە مەکینە هایدرۆلی و میکانیکی و ئەلکترۆنییەکان بوو. ئەم خێراییە ڕەفتارەکانی مرۆڤی ئەم دەمەی بەجۆرێک گۆڕیووە، کە رووداوەکان، دیاردەکان خێرا تێپەڕن. جیهانی تازە لە هەناویدا هەڵاوگۆڕان و ڕیکخستنێکی بەردەوام لە خۆدەگرێت و ئەمەش ئەو خێراییە دروستدەکات مرۆڤایەتی  کاریپێدەکات. ئەم جیهانە دژی وەستان و سستییە، لە گۆڕان و گەیاندن و گوازتنەوەی بەردەوامی خێرادایە. ئەمە وایکردووە جوڵە وەک جاران نەبێت.

جوڵەی ئێمە لەژێر فشاری خێرایی بووتە بەشێک لە ئێمە. جوڵەکانمان نۆرماڵ نییە. لە گشت جێگایەک ئەم جۆرە جوڵەیە ئامادەیە و مەحکومیشیکراوین بە جوڵە: لە بانق، لە ژوری نوستن، لە کاتی خۆشتن، لەناو شەمەندەفەر، لە.... . هاوکات ئەم جوڵەیەی ئێستا هەیە، کە بەرهەمی خێراییە، خێرایی دیگیتاڵی و سابیریانیCyber  جوڵەیەکی سانا و بێ لایەن نییە. تەماشا سێبەری خێرایی لەناو گشت چالاکییەکانماندا بوونی هەیە: هاوڕێیەتی، وەرزش، خوێندن و فێربوون، سێکس، سەما، نانخوادن و..... هتد. هەر ئەم جوڵەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە ئەو شتەی خێرا دەگۆڕێت لە جێگەی خۆی نامێنێت و چییەتیشی دەگۆڕدرێت. خێرایی دیدی ئێمەی بۆ جیهان گۆڕیوە و کاریگەریشی لەسەر پەروەردە، ئابوری، جیۆسیاسی و ژینگە بەجێهێشتووە.

سەرئەنجام، فەلسەفە لەناو ئەم خێراییەدا سست تێدەپەڕێت و فریای خستنەژێرپرسیار و گومانی دیاردە سایبیریانییەکان (فێمینیزمی سایبیریانیCyberfeminism، تاوان و دزی سایبیریانیCybercrime، سێکس و ئەوینداری سایبیریانی،......)ناکەوێت. فەلسەفە، کە شوێنێکی شیاو و گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە تەنگوچەڵەمە ڕەوشتیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، پێویستی بەسەرلەنوێ چالاککردنەوە و وەگەڕخستنەوەیە بۆ شیکارکردن و ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییە فەلسەفییەکان(ڕاستی، ڕێزلەیەکترگرتن، وەفاداریی، ئەمەک، ئاکار،....).

 

7. زەفەربردنی فەلسەفە بە دەروونشیکاریی لە دوورمەودادا دەرئەنجامی پۆزەتیڤی دەبێت. فەلسەفە بە بیرکردنەوە(تێهزرین) یەکسانە نەک شیکارکردنی ڕەفتار، بیرکردنەوەش لەسەر بیرکردنەوە گەشە بە بوونی فەلسەفە دەدات. بیرکردنەوە لە چییەتی فەلسەفە بیرکردنەوەشە لە چییەتی ئێمەی بەرهەمهێنەری فەلسەفە. ئەمە، کە بە دەروونشیکاریی ناکرێت ناسنامەیەکی هزریی لەناو دیسیپلینەکانی تر بۆ فەلسەفە دادەتاشیت.

سەرباری ئەوە، دوا کارکردنەکانی پۆلێک لە بیریارانی فەڕەنسی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو ئەو تێزەی بردوون، کە کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفە دەسەڵاتی شیکاریی لە دەروونناسی وەربگرێتەوە. دەروونناسی ئەم دەسەڵاتەی بە خراپ بەکاربرد: خەمۆکی، بێزاریی، تەنیایی، دابڕان لە خودی خۆ و دواتر لە ئەویتریش وەک خۆیان ماونەتەوە و کەچی دەروونشیکاریی پێیوایە هەر بەردەوام و سەرکەوتووە. بەم تێزەی بیریارانی فەڕەنسی دەگەینە ئەو تێگەیشتنە، کە دەروونناسی پاشەکشەی پێبکرێت لە چارەسەرکردنی مرۆڤ.

هەندێك واتا هەن (سۆزداریی، هاوڕێیەتی، بەختەوەریی، خودگەرایی، خۆشەویستیی و...) تایبەتمەندی گەردووناوی خۆیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە فەلسەفە بەشێوازی خۆی كاری لەسەر دەكات. وەکیتر، هەر ئەوەشە وادەکات فەلسەفە زەفەر بە دەسەڵاتی شیکاریی دەروونناسی بەرێت. دووبارە شیکردنەوەی فەلسەفییانەی ئەم واتایەنەش هیوایەک بەوانە دەبەخشیت قوربانی دەستی دەروونناسی هاوچەرخن

زۆربەمان دەزانین، کە لەگەڵ تاڵیس، یەکەم هزرەڤانی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین، فەلسەفە بووە دەروازەی پاراستنی ڕۆحی ڕوناکبیریی مرۆڤ. هەر لەو دەمەوە لەو شتانەی لە چییەتی فەلسەفەدا پەنهانکرا قسەکردن بوو لە واتاگەلێکی وەک: ڕاستی، هاوڕێیەتی، ئاشتی. وەک بەرپرسیارییەکی فەلسەفیی، لێ دیسیپلینەکانی تر( بەتایبەت دەروونناسی و دواتر سیاسەت، کۆمەڵناسی) بەشێک لەم واتایانەیان خستەژێرڕکێڤی خۆیانەوە و بە شێوازی خۆیان تێۆریزەیان بەسەرەوەکرد.  

 

8. لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا مەرگی فەلسەفە جارێکیتر مایەپووچدەبێتەوە. لەم ڕۆژەدا مەرگی فەلسەفە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە بابەت. خودی ڕۆژەکە وەبیرهێنانەوەی گرنگیی فەلسەفەیە، پرسیاریشە لەسەر ڕەچەڵەکی فەلسەفە و دانپێدانان بە ئایدیای بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ئاشتی، کە داوای توانامان لێدەکەن لە فەلسەفە. بۆیە مەرگی فەلسەفە یەکناگرێتەوە لەگەڵ دۆزی ڕەوشتیی و مرۆیی سەردەم و مەرگی شتێکیشە لە خۆمان پێکهاتووە. فەلسەفە تا بەم جۆرەی ئێستا دروستبووە زۆرێک سەدە و دەڤەر و کولتوور و فەیلەسوف کارییان بۆکردووە. بۆیە فەلسەفە هەر ئێرەیی نییە، ئەوێیشە و خەڵکی گشت جێگا و شارستانییەتێکیشە.

لەبەرئەوە لەناوچوونی فەلسەفە لەناوچوونی ئەو شتەیە، کە هاوبەشە. شتە هاوبەشەکان بە ئاسانی لەناوناچن. نەک هەر لەبەرئەوەی لەخۆڕا دروستنەبوون، لەبەرئەوەش، کە فاکتەری بنچینەیی کاری لە دروستبوون و پەرەسەندنییاندا کردووە. وەکیتریش ئەو شتە هاوبەشانەی هۆکاری دروستبوونی فەلسەفەن تا هەنووکە هەن: جەنگ، ڕەوشت، ماف، ئەوین، دادپەروەریی، سەرباری ئەوانە مرۆڤ. ڕەگەزی مرۆڤ، کە تا هەنووکە ماوە پێویستی بە فەلسەفەیە وەک بیر. ئەم مرۆڤە ڕۆژانە بەریەککەوتنی هەیە لەتەک شەڕ، درۆ، هەڵە، گەندەڵی، بێ وەفایی، نیگەرانیی و..... بۆیە مرۆڤ بێ فەلسەفە ناشێت هەڵبکات و مەرگی فەلسەفەش لە ئێستای مرۆڤایەتییەوە دوورە.  

 

9. خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکان پێویستییە. فەلسەفە بنەچەی خۆی هەیە، دێرینترین زانینە و زانینی زانینەکانیشە، کە فەیلەسوفەکان هەر زوو جەختیان لە دەگمەنی ئەم بنەچەیە کردووەتەوە. شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا بە خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی خوێندن جێگا بۆ خۆی دابیندەکات. خوێندنی فەلسەفە و شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا جگەلەوەی دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چرۆکردنی تێگەیشتن لە فرە کولتوری، هاوڵاتیبوون و ئازادی بریتیشە لە خوێندنی بیر و هیوایەکیشە لەبەردەم سەرلەنوێ بوژاندنەوەی فەلسەفەدا.

خوێندنی فەلسەفە مەشقکردنیشە لەسەر بوونی فەلسەفە بە بابەتی چارەسەر بۆ کێشە و کەموکوڕییەکان. فەلسەفە، کە قوتارماندەکات لە بیرنەکردنەوە، لێهاتوومان دەکات لە زاڵبوون بەسەر نیگارانی و کاتە قەیراناوییەکاندا. خوێندنی بیر لە گشت قۆناغەکانی خوێندن سەرەتای حاڵیبوونی خودە (قوتابییە) لە خودی خۆی، لە کردار و گشت ئاکارەکانی. ئەمە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت، کە فەلسەفە دەبێت بە یەکێک لە مادەکانی قۆناغی بنەڕەتی. خوێندنی فەلسەفە پێش قۆناغی زانکۆ سەرەتای زاڵبوونی قوتابییە بەسەر تەحەدیات و ئەستەمەکان.

خوێندن و فێربوون لە بنەڕەتی بێ فەلسەفە بنەڕەتی دەکات بە شوێنێک بۆ بیرنەکردنەوە، شوێنێک کە زانین تیایدا ناخرێتەژێرپرسیارەوە. فەلسەفە لە قۆناغی بنەڕەتی دا هەر پەیوەندی نێوان زانین و پسپۆرییەکان ڕێکناخات، خودی زانینیش تۆکمە و پرسیارئامێزدەکات، لێ بەبازاڕیکردنی پەروەردە زیانێکی زۆر لە فەلسەفەی خوێندن دەدات. فێربوونی فەلسەفەش لەناو کێبڕکێیەکانی بازاڕ لەگەڵ پەروەردە خودی کردەی فیربوون دوچاری گرفتی گەورەی ڕەوشتی دەکات. هاوکات ئاشناکردنی مناڵ بە فەلسەفە ئاشنابوونیەتی بە پرسیار و وەڵام، بەس ئەمە هەرگیز نایەتەدی تا فەلسەفە نەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی دایەنگە، باخچەی مناڵان و بنەڕەتییەوە.

 

10. فەلسەفە لە وشەدانی فەلسەفیی ئێمەدا كارەساتبارە. ڕوو نییە لە ڕوناکبیریی ئێمەدا فەلسەفە لە  چاوەنواڕی چیبدایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، کە فەلسەفە لە نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی ئێمە ونە. لە ئێستادا دۆزینەوەی فەلسەفە لەو سێ نێوەندە گرنگەدا خۆی لە ئەستەمیی دەدات. ئەوەی دەبینرێتەوە زۆر شتە، لێ فەلسەفە نییە. واتە ڕوناکبیریی هەیە، لێ بێ فەلسەفەیە. نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی هەیە، کەچی زۆر نا فەلسەفییە، دوورە لە فەلسەفە، خۆی لە فەلسەفە دەدزێتەوە. وەکیتر فەلسەفە لەناو خەڵکی و سۆسیال میدیاش نادیار و ناکاریگەرە.

سەرئەنجام، فەلسەفە ونە، ئەمەش ترۆپکی گومانی ئێمەیە لە وتاربێژیی و بڵندگۆیی رۆمان و شیعری سەردەمی نوێ کوردیمان. فەلسەفە پێویستە لەناو ئێمەدا بدۆزرێتەوە. ونبوونی فەلسەفە، هەڵاوێشتن و توڕدانی فەلسەفە بە زیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە، نەک هەر ئێمە. چونکە چەکەرەکردنی فەلسەفە لە گشت نێوەندەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم ،قوتارمان دەکات لە بنەبڕکردنی نەفامی. تەنیا بە فەلسەفە، بە فەلسەفەیەکی کراوە و نەترس، نەفامی و هاوشێوەکانی، بێدادی و تێرۆر، گەندەڵی، بنەبڕدەکرێت.

بەشێك لە ئێمە پێویستە بپرسێت دوای ئەو تێكشكانانەی، کە هاتەسەر كۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم، ئێستاش کە ئەو دوو ئیزمism ە بە ئیسلامی سیاسیی پڕدەکرێتەوە هەمان تێكشكان بەرهەم نایەتەوە؟ ئاییندەی فەلسەفە ئەو دەمە دەبێت چۆن بێت؟

 

11. دوا وتە: گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فەلسەفە بۆ دامرکاندنەوەی نیگارانییەکان نییە. بەپێچەوانەوە فەلسەفە نیگارانییەکانی مرۆڤ وەک کێشە دەبینێت و بەدوای چارەسەریانەوەیە. ئەمەشە جەوهەری جیاکردنەوەی فەلسەفە لە دەروونشیکاریی. فەلسەفە بەدوای داناییەوەیە، لێ جیهانی ئێستا لەژێر زەبری هەژاری، نەداری، نایەکسانی خەریکە دانایی خۆی لەدەستدەدات، خەریکە گاڵتە بە دانایی و وشەدانی ئەم واتایەش دەکات. لەبەرئەوە دروستکردنی ژینگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە زۆر ڕوەوە کاتیهاتووە.  

باشە لە هەل و مەرجێکی وادا چی لە نیگەرانییەکانی زانست بکەین؟ فەلسەفە چی لەو بارەیەوە پێیە بۆ وتن؟ فەلسەفە چاودێری ڕەوشتییە بەسەر زانستەوە. پشتگیریی لە زانست دەکات تا ئەو شوێنەی مرۆیی و ئاکارییە. فەلسەفە لە خودی خۆیدا بریتییە لە ئارەزومەندیەکی خۆییانە و تاکییانە، نەک زۆرەملێیانە. فەلسەفە دوژمنی زۆرەمڵێیی و ستەمە. بۆیە تا ئێستا بابەتی ئاشتی هەمیشەیی بابەتێکی هەستیارە بۆ گفتوگۆکردنێکی فەلسەفییانەی بەردەوام.

بەم جۆرە "فەلسەفە وەک دیسیپلینێک هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە تێگەیشتنێکی باشتر لە جیهان و چەسپاندنی بناغە ڕاستەقینەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی". ئەمە دروشم نییە، بەڵکو ماهیەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان پێویستیەکی زۆری بە فەلسەفەیە، بەو شتەی فێربوونی ژیان دێنێتەدی. داخ و جه‌خار کردەی فەلسەفەکردن و فەلسەفاندن لە دەڤەری ئێمە بە ئاسانی نایەتە سەرپێ. لەم شوێنە ناپسپۆڕ لە فەلسەفە داگیرکەری بواری فەلسەفەیە! پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفەوتنەوە زیانی لە گەیاندنی فەلسەفە بۆ زۆرینە داوە. وەکیتر، لە زانکۆکانی هەرێم غەدرێکی زۆر لە فەلسەفە دەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە و ئەمەش هزر و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەو شوێنەدا خستووەتە گیانەڵاوە. بۆیە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە وەها دەڤەرێک وەک گشت ڕۆژێک تەماشادەکرێت.

 

سەرنج: یۆنسکۆ لە ساڵی 2002 وە رۆژێکی بۆ فەلسەفە تەرخانکردووە، کە دەکەوێتە سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەرەوە(مانگی یانزە).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×