ئالوودەبوون بە فەلسەفە

ئازاد حەمە
  2021-09-08     368

قەرزارییە فەلسەفییەکانم گرفتاری فەلسەفەیان کردووم

 

بەشی چوارهەم

 


دەستپێک

پێشتر هێمام بۆ ئەوە کردووە (لە بەشی یەکەمدا) فەلسەفە منی لە گرفتاربوونەکانم دەربازکرد، لێ خستمییەناو گرفتاربوونی نوێووە. گرفتاربوونی من بەدەست فەلسەفەوە گرفتاربوون بوو لە جۆرێکی تر. گرفتاربوون بوو بەدەست بیرکردنەوەوە، مشتومڕ و سۆراغەکانەوە. بۆیە لەم دەستپێکەدا بەحەپەساوییەوە دەڵێم: لە هەوارگەی فەلسەفەدا گرفتابوون تامێکی تری هەیە. چێژێکی بووناوی هەیە، کە مانا بە بوون دەدات. بەمە فەلسەفە بێمنەتیکردم، فێری مەشقی نوێکردووم لەسەر لەگەڵ خۆ بوون، هەڵوێستەکردن سەبارەت بە بێزاریی و لاپەرێزیی. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکۆ بگرە فەلسەفە وایلێکردم قۆناغی ئه‌بڵه‌ق بوون تێپەڕینم و قوڵتر و فڕاوانتر ڕێوشوێنی گومان بگرمەبەر و هەست بە بوونی سەرمایەیەکی مەعنەویش لە خۆمدا بکەم. زۆرجار لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدا بوومە، لێ فەلسەفە وزەی پێبەخشیوم و لە وێرانبوونی دەروونی پاراستوومی، دووریخستوومەتەوە لە ترس و لە تەنیایی.لە تێنەگەیشتنیش لە بێدەنگی. تەنانەت هاریکاریشمبووە، کە لەو ناشرینیانە بەشدارنەبم سیاسەت لەم هەرێمە داماوە دروستیدەکات. لێرەدا ئەکرێت ئەوەش بگوترێت، کە گلانی مرۆڤ بە فەلسەفەوە گلانێکی سەیرو سەرسوڕھێنەرە، سەرەتای شڵەقاندنی گۆمی بوونی خۆی و ئەویتریشە. ئەم بوونەی مرۆڤ، کە پێش دەرکەوتنی فەلسەفە تەڵخ و ناڕوون بوو بە هۆی فەلسەفەوە شەقڵێکی دیکەی وەرگرت. بەم جۆرە هەركە فەلسەفە لە جیهاندا هاتەكایەوە مرۆڤ وردە وردە بە فەلسەفەوەگلا، گلانی مرۆڤیش بە فەلسەفەوە بەشێكە لە بەختی ئەم بوونەوەرە لە گلانی بەشتێكەوە، کە مانا بە بوونی دەدات، ئەو بوونە ڕاڤەدەکات و تێگەیشتن بەم مرۆڤە سەبارەت بە روداوه‌ تاڵ و خه‌مبارانه‌کان دەدات. سەرئەنجام لێرەوە دێینەسەر گفتوگۆی ئالوودەی فەلسەفەبوون، سەر ئەو شتەی منی گرفتاریخۆیکرد و بە ژیانەوە گرێیدامەوە.

 

ئالوودەبوون بە فەلسەفە دیاردەیەکی مرۆییە

ئالوودەبوون بە فەلسەفە دیاردەیەکی مرۆییە، نەک ئاژەڵیی. تەنیا مرۆڤ دووچاری ئەم دیاردەیە دەبێت. ئێمە هەروەك دەزانین چ مرۆڤ و چ ئاژەڵ هەموو ترسی ئەوەیان لێدەكرێت دووچاری نەخۆشی بن و گەلێك لەو نەخۆشیانەیش، کە هەردوولا دووچاریدەبن هەمان گروندیان هەیە، بەڵام گەلێك نەخۆشی هەن بەشێكی بە مرۆڤ و بەشەكەی تری بە ئاژەڵەوە تایبەتە. بۆ نموونە نەخۆشی فەلسەفە یەك لەو نەخۆشیانەیە تەنها مرۆڤ دووچاری دەبێك، بۆیە مرۆڤ دەبێت بەخۆی خەمی خۆی بخوات و ڕێگاچارەی كۆنكرێت و بەرچاوی بۆ ئەم درمە بدۆزێتەوە، هەرچی ئاژەڵە لەوە بەدوورە، كە دووچاری ئەم درمە بێت، درمی فەلسەفە. وەكیتر، هەر ئەوانە دووچاری ئەم درمە دەبن، كە ئاوەزیان هەیە.
ئێمە ئەوەی لایسەرەوە گوتمان لەسەر ئەو بناغە ئەریستۆتالیسیە ناڵێین، كە مرۆڤ ئاژەڵێكی ژیرە، نەخێر، بەڵكو سروشت و ماهیەتی مرۆڤ بەجۆرێك سازبووە خۆی شفا بۆ خۆی بدۆزێتەوە نەك بوونەوەرێكی تر. تەنانەت ئەركی ڕەوشتی مرۆڤ ئەوەندە سەخت و دژوارە، دەبێت لە هەوڵی دۆزینەوەی شفا و چارەسەری بەردەوامدابێت بۆ گشت بوونەوەرێكی غەیرە مرۆڤیش. بەم جۆرە بێت مرۆڤ بەرپرسیارە بەرانبەر بە خۆی و بەرانبەر بەوەی تریش، واتە بەرانبەر بە بوونوەرەكانی تری ناو بوون، كە لە دەورووبەری مرۆڤدا هەن (ژینگە، سروشت)، کە ئەوە ئاژەڵ و جانەوەرەكانیش دەگرێتەوە.

 

ئالودەی فەلسەفەبوون ئالوودەبوونە بە دۆزینەوەی چارەسەر

ئەوەی ئێمە مەبەستمان بوو لای سەرەوە بیدركێنین پاپەندبوونی مرۆڤە بە فەلسەفەوە، واتە وابەستەبوونی ئەم مرۆڤە بە فەلسەفەوە. بەواتایەكی تر، دووچاربوونی بە فەلسەفەوە، ئەمەیش لە دووتوێی تێكستەكەدا بە چۆنیەتی گلانی مرۆڤ بە نەخۆشییەوە شوبهێنراوە. لەم حاڵەتەدا دەكرێت بیر لەوە بكەینەوە، مرۆڤ دەبێت كۆششی ئەوە بكات خۆی لە فەلسەفە دەربازبكات، ئەو دەربازبوون بەواتای ئەوە دێت، مرۆڤ لە فەلسەفە ڕزگاریببێت، مرۆڤیش بۆئەوەی ئەمە بكات دەبێت خۆی لە فەلسەفە بەدووربگرێت. ئەمەیش ئەو پرسیارە زۆر قوڵە فەلسەفییەمان وەبیردەهێنێتەوە، كە تۆ بڵێیت فەلسەفە ئەو نەخۆشییە كوشندەیە بێت مرۆڤ هەوڵبدات خۆی لێبەدووربگرێت؟ یان هەركە مرۆڤ دووچاری فەلسەفە بوو هەوڵبدات خۆی لێدەربازبكات؟ ئەم دوو پرسیارە بەواتای ئەوە دێن مرۆڤ لەلایەك خۆی لە نەخۆشی فەلسەفە بەدووربگرێت، لەلایەكیتر هەركە دووچاری ئەم نەخۆشیە بوو تا پێیدەكرێت خۆی لێدەربازبكات. دووچاری نەخۆشی فەلسەفەبوون كێشەیەكی بووناوییە، پێش ئەوەی كێشەیەكی پاتۆلۆژیی (نەخۆشیناسیی)Pathology  بێت. دووچاری نەخۆشی فەلسەفەبوون كێشەیەكە لەگەڵ بوونی بوونەوەر وەك مرۆڤ دروستبووە، نەك نەخۆشیناسیی، چونكە نە فەلسەفە بەمانا كلاسیکییەكەی بۆ نەخۆشیی، نەخۆشیە و نە دەشكرێت مرۆڤ خۆی لە فەلسەفە بەدووربگرێت تا چارەسەر بۆ نەخۆشیی دووچاری فەلسەفەبوون بدۆزێتەوە، ئەو تاكە ڕێگایەی مرۆڤ دەیگرێتەبەر بۆئەوەی دووچاری درمێكی دیاریكراو، یان بەگشتی دووچاری هیچ درم و پەتایەك نەبێت ئەوەیە، كە خۆی لەو درم، یان پەتایە بەدوورگرێت و هەمیشە لەو ژینگەیە دووربكەوێتەوە، شیاوی دووچاربوونی ئەو درمە، یان پەتایەی تیابەدیدەكرێت، لێ ئەمە لەگەڵ فەلسەفەدا مەحاڵە. لەلایەك لەبەرئەوەی هەروەك لەمەوبەریش گوتمان فەلسەفە وەك پەتا لەگەڵ مرۆڤ هاتووەتەدنیاوە و بەبوونی مرۆڤیشەوە گرێدراوە، لەلایەكی تر بوونی مرۆڤ گەورەترین واتای بە ماهیەتی فەلسەفە داوە. نەك هەر ئەوە، بەڵكو خۆتێوەگلاندنی مرۆڤ بە فەلسەفەوە بۆئەوەیە تا خۆی لە دووچاربوونی گشت درم (پەتا، نەخۆشیی)ێك بپارێزێت. بەم جۆرە بێت فەلسەفە چارەسەر و دەرمانە. ئەوەیش، كە فەلسەفە نەخۆشیی نییە و بگرە چارەسەرە Therapy(تیراپی یان عیلاج) لەم ڕووەوە فەلسەفەی ڕۆژئاوا وەڵامێكی زۆری لایە و بەدرێژای مێژووی فەلسەفەش ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفە ئیشی بۆ ئەوە كردووە كاری دەرمانسازی بكات و فەیلەسووفیش ڕۆڵی دەرمانسازكەر ببینێت. بەخۆی جیاوازییەكە تەنها لەوەدایە چۆن فەیلەسووفەکان كاریان بۆ ئەمە كردووە و چەند فەلسەفەیان بە دەرمان شوبهاندوە و كارەكەشیان (فەلسەفەكردنەكەیان) بە دەرمانسازیی شوبهاندووە. نوسەرێكی وەك جێنس سۆنەرید ڕونكردنەویەكی ترمان لەم ڕووەوە بەرچاودەخات و جەختلەوەدەكات، كە گوایە بەشێك لە فەیلەسووفەکانی ڕۆژئاوا (ڤیتگێنشتێن، هایدیگەر، نیچە، دێریدا و ڕورتیی) كاریان لەسەر خرابکردنی فەلسەفە کردووە.
ئێمە بەبێ ئەوەی بێینە سەر شێواز و ڕێرەوی كاركردنی هەریەك لەم بیریارانە هەوڵدەدەین ئەو لایەنانە ڕوونبكەینەوە، کە بەو ئارگومێنت (بەڵگانەمان)دەگەیەنن، كە ئەوەی ئەم بیریارانە كردویانە خرابسازیی فەلسەفیی نەبووە، بەڵكو شێوازێك بووە لە دۆزینەوەی چارەسەر و پێشنیازكردنی شیكاریی بۆ نەخۆشیی و ئێشەكان. ناشێت ئێمە پێمانوابێت كێشە بە كێشە، درم بە درم، یان نەخۆشیی بە نەخۆشیی چارەسەربكرێت و فەلسەفە دژ بەخۆی بەكارببرێت تا چارەسەری پێبدۆزرێتەوە. لە پزیشكیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، شیاویی بۆ چوونە ناو پزیشكی هەیە نەك ئەوەی خودی پزیشكیی دژ بە پزیشكیی بوەستێتەوە تا چارەسەر بدۆزرێتەوە. هەروەها لە پزیشكیدا چارەسەرەكان زگماك نین، بەڵكو كار بۆ دۆزینەوەیان دەكرێت. هەروەها نەخۆشیەكانیش ئەگەرچی دووبارەن، بەڵام گەلێك لە نەخۆشییەكان جۆراوجۆر و تایبەتن و بگرە زۆر دەگمەن و نادوبارەشن. بۆنموونە شێرپەنجەكان، چ سەرهەڵدان و چ گەشەشیان زۆر سەیر و ناهاوشێوەن. لە وڵاتی سوید باوترین جۆری شێرپەنجە شێرپەنجەی پرۆستاتە، لە ئەمەریكا جۆری شێرپەنجەی پێست لە گشت جۆرەكانی تری شێرپەنجە باوترە ...هتد. لێرەدا ناشێت نكوڵی لەوە بكرێت ئەوەی پەیوەندیی بە نەخۆشیی و جەستەوە هەیە ئەوەیە، توانای لەش و هێزی ئەو ئادەمیزادەی دووچاری ئەو نەخۆشیە دەبێت واتای خۆی بۆ مانەوە و لەناوچوونی نەخۆشیەكە و ڕاگرتنی پرۆسەی نەشونمای ئەو نەخۆشییە هەیە. هەر لەم ڕووەوە دەشێت مرۆڤ خەیاڵی بۆ شتی دیش بڕوات لەوانە: ڕۆڵی زوو و خێرا دۆزینەوە و ئاشكراكردنی نەخۆشیەكە و ئەمجار ڕێگاكانی چارەسەركردن، ئەم لایەنە لە فەلسەفەدا جیاوازە. فەلسەفە لەگەڵ كێشەكان لەدایكدەبێت و لەمیانەی كاركردن لەگەڵ كێشەكان دەتوانێت چارەسەر بدۆزێتەوە. هەروەها فەلسەفە نە ئیشی ئەوەیە پەتا بڵاوكاتەوە نە ئامرازە بۆ دروستكردنی ئەوە، بەڵام پەیوەستبوون بە فەلسەفەوە دەشێت بەوە بشوبهێنرێت، كە ئەمە پەیوەستبوون بە جۆرە ئەڤینێكەوە ناشێت لەو پێناسە نەریتییە ڕۆژئاواییە دووربخرێتەوە بۆ فەلسەفە دەكرێت (ئەوەی، كە فەلسەفە ئەڤینە بۆ دانایی یاخود بۆ زانین). ئەم جۆرە ئەڤینە دۆستایەتیە لەنێوان ئەڤین و دانایی یاخود زانیندا، كە بەهۆی ئاخاوتنەوە مەیسەردەبێت، ئەم ئاخاوتنەش دەبێت ئاشكرا و كراوە بێت نەك شاراوە و نهێنیی، بوون مرۆییەكەی فەلسەفە ئەو خۆشەویستییەیە مرۆڤ لەنێوان زانین و خودی خۆیدا دروستیدەكات. ئەم خۆشەویستیە بەبێگومانەوە لە ئاكامی پێویستییەكی بووناوییەوە دێتە دروستبوون نەك لە بۆشاییەوە، دروستكردنی پەیوەندیی لەتەك فەلسەفە دەبێت ئامانج و هیوایەكی مرۆیی لەپشتەوەبێت، كە ئەمەیش ئەرك و بەرپرسیاری ئەو كەسەیە ئەم ئەڤینەی لەكۆڵگرتووە.

 

ڕێزمانی ئالوودەبوون بە فەلسەفە

ئالوودەبوون بە فەلسەفە ڕاستییەکی خۆی هەیە. ڕاستییەکە ئازارێکیشە بۆ کەسی ئالوودەبوو. ئازارەکە، کە خۆشی خۆی هەیە ڕاستییەکەشی تیایە. خانمە بیرمەندی ئیتالی رۆزا ماریا لۆپۆ Rosa Maria Lupo لەگەڕان بەدوای ڕاستی ئازار بەدوای شیاوییەکدا وێڵە، کە ناویدەنێت "شیاوی بۆ دامەزراندنی فەلسەفەیەک تایبەت بە ئازار"(1). گەر تەماشای مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا بكەین دەبینین هەموو ئەوانەی كاری فەلسەفییان ئەنجامداوە، یان فەلسەفاندن تاكە پیشەیەكی بەردەوام و نەگۆڕاویان بووە جۆرە ئالوودەبوونێکیان پێوەدیارە بە فەلسەفەوە، كە دواتر هەر ئەوە بووە بە هەوێنی بەرهەمەكانیشیان. ئەو ئالوودەبوونە وەک ئازار ڕێزمانی خۆی هەیە(2). بەواتایەكی تر، دەبینین ئەم كەسانە لەژیانیاندا بەشتێكەوە گرفتارن و مەراق بە شتێكەوە دەخۆن، كەم كەس دەزانێت چییە و كەم كەسیش لەم پێوەبوون و مەراقە دەگات، تەنانەت كەم كەسیش لەوە دەگات هۆكاری ئەو پێوەبوونە تەنها ئالودەبوونیانە بە شتێكەوە، ئەو شتە ڕەوتی سەفەرەكانیان دەگۆڕێت و ئاڕاستەی تێڕامانەكانیشیان وەردەچەرخێنێت، ئەڵبەتە كۆتای بەو نیشتیمانە ساختەیەش دەهێنێت زۆرینە لە خەیاڵیاندایە، یان سەبارەت بە بوون و ڕاستیی شتەكان و ڕووداوەكان دروستیانكردووە. هەروەها ئەوانەی پێیانوتراوە فەیلەسووف دیارە ئالودەی فەلسەفەبوون و فەلسەفەشیان وەك دەرمان بۆ هاتنەدەرەوە لە فەلسەفە بەكاربردووە. ئالێرەوە ئاڵۆزییەكان دەستپێدەكەن و ئەستەمە ئەوانەی ئالوودەی فەلسەفە نەبووبن لەمە بگەن. ئالوودەی فەلسەفەبوون ئەو نەخۆشییەیە بەدەگمەن مرۆڤ ئەتوانێت لێدەربازبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە هەموو كەسێك ئالوودەی فەلسەفەبوون دەبێت، چونكە زەمینە بۆ پێوەبوونی ئەم جۆرە نەخۆشیە هەمیشە لەبارنییە و پاشان ئەم نەخۆشییە ئاسایی نییە و نەخۆشییەكیشە لە جۆرێكی تر.
بەوجۆرە بێت لای سەرەوە خرایەڕوو، بەپێچەوانەی نەخۆشیەكانی ترەوە ئەم نەخۆشیە دەگمەن و تایبەتە. ئەم حاڵەتە لە نەخۆشیەكانی دیدا ڕەنگە بوونی نەبێت. واتە دەشێت هەموو دووچاری ئایدز بین گەر بمانەوێت، یان دووچاری پەتای هەڵامەت و لەرزوتا بین لەبەر هۆیەك لە هۆیەكان، بەڵام ئەوەی دووچاری فەلسەفەببین ئەمە شتێكی لەڕادەبەدەر نائاسایە، گشت كاتێك و لەهەموو باردودۆخێكیشدا ناشێت مرۆڤ دووچاری نەخۆشی فەلسەفە بێت. ڕاستە بە فەلسەفەوە گیرۆدەبوون نەخۆشییەكی زۆر سامناكە و دەربازبوون لێی مەحاڵە. ئەمە بەو واتایە نایەت، کە ئێمە بمانەوێت لێرەدا فەلسەفە وەك بتێك نیشانبدەین و شیاوی بۆ پەرستنی خۆشبكەین. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر ئالوودەی فەلسەفەبوون، نەك هەر نەخۆشیە بگرە فۆڕمێكیشە لە شێتیی، بەڵام ئەم شێتییە زمانی هەیە و ئامادەیە خۆی ڕونبكاتەوە. جیاوازیی نێوان شێتیی لەم شێوەیە و ژیریی تەنها ئەوە نیە شێتیی لە بێ ئاوەزیدا نوقمە و ژیریش لە زەلكاوی ئاوەزدا مەلەدەكات، بەڵكو شێتیی لە گۆڕەپانی خۆیدا پەیوەندییەكی نهێنیی بە ئاوەزەوە هەیە، كە ژیرەكان بەشێوازی خۆیان ئەو پەیوەندییە دروستدەكەن، هەرچی شێتییە نە ئەو شێوازەی ژیرەكان دەبینێت و نە ژیربوونیشی پێیئەستەمە.  
بەپێی ژیل دولۆز فەلسەفە و شیزۆفرێنیا لەیەكەوە نزیكن (3)، نافەلسەفەش، هەر بەبۆچوونی ئەم بیرمەندە فەڕەنسییە، لە فەلسەفە زیاتر لەناو فەلسەفەدا ئامادەیە (4). پەیوەندیی هەریەك لە مانەیش(دەروونپەشێویی Psychosis، شیزۆفرێنیا، یان كەرتبوونی كەسیەتی Schizophrenia ، شێتییMadness) بە فەلسەفەوە داوامان لێدەكات هەر یەك لەو چەمكانە بە بیرمەندێكەوە ببەستینەوە، كە كارەكانی لەو بارەیەوە دواون. فوكۆ و شێتیی، دولۆز و شیزۆفرێنیا، یان كەرتبوونی كەسیەتیی، نیچە و شێتی، لاكان و سایكۆسز(دەروونپەشێویی).
كاركردنی فەلسەفە لەگەڵ شێتیی بۆ فەلسەفەی یۆنانی كۆن دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە زۆرێك لە فەیلەسووفە ڕۆژئاواییەكان، بۆنموونە دێكارت، دیاردە دەروونییەكان Psychotic هێمابوون بۆ هێزە مێنتاڵە Mentalمرۆییەكان، بەڵام ئەوانیتر وەك ئەفلاتون و نیچە شێتییان وەك ڕێگایەك بۆ دەربازبوون لە كۆتوبەندی ئاوەز بینیووە. واتە توندی ئاوەز شێتی دروستكردووە (5). لە دوای ساڵانی 1960 كان بەولاوە سێ ئاڕاستەی فەلسەفەی هاوچەرخ كاریان لەسەر بابەتی دەروونپەشێوییPsychosis، شیزۆفرێنیا یان كەرتبوونی كەسیەتیی Schizophrenia هەروەها شێتی Madnessكرد، پاش نیچە و باتای Bataille ئەوەبوو فوكۆ، دولۆز و گوتاری Guattariشیزۆفرێنیایان وەك هەڵاوگۆڕانێكی چەوسانەوەی كۆمەڵایەتیی و عەقلگەرایی مۆدێرن گوزارەلێكرد. ئەمە تێگەیشتنێكە كاریگەریی بەهێزی لەسەر بزووتنەوەی دژە شیكاری دەروونیی Anti-psychiatricدانا. فەلسەفەی فێنۆمێنۆلۆژیی بەزۆری جەختی لە كێشەی ئۆنتۆلۆژیی بوونی پەشێویی دەروونییPsychoticexistence  كردووە. لەكۆتایدا فەلسەفەی ئاگایی Mind، کۆپییە مۆدێرنەكەی فەلسەفەی شیكاریی ئەنگلۆئەمەریكیی، لێكدانەوەی یەكانگیری لۆژیكیی نێوان دەرئەنجامی پەشێویی دەروونیی و ئەزموونیی كردووە. هەر فەلسەفەی شیكارییشە واتای بۆ توێژینەوە تازەکانی پەشێویی دەروونیی و زانستی دەمارناسییNeuroscience  هەیە(6).
بۆئەوەی پەرە بەوە بدەین لای سەرەوە بەرباسمانخست، دەپرسین: بۆ دەبێت مرۆڤ ئارەزووی ئەوە بکات، دەربازیبێت لە نەخۆشی ئالوودەبوون بە فەلسەفە (دووچاری فەلسەفەبوون)، یان گلان بە فەلسەفەوە؟ ئایا زۆر بەتەندروستیی تر نیە مرۆڤ بەم نەخۆشیەوە سەربنێتەوە؟ مەبەست، بۆ دەبێت مرۆڤ بەدوای چارەسەردا بگەڕێت؟ باشتر وانییە ئەم مرۆڤە بۆ هەمیشە لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا بژیت؟ ئەوەی فەلسەفە تا هەنوكە ئێمەی لەسەر ڕاهێناوە ئەوەیە، کە گشت بۆچوونێكی فەلسەفیی لایەنێك گفتوگۆدەكات، کە دواتر بۆ فەلسەفە دەبێت بە بەشێك لە مێژووەكەی و بۆ مرۆڤیش هەڵوێستەیە لەسەر هەبوونمان. ئێمە هەروەك گوتمان فەلسەفە ستایشناكەین بۆئەوەی لە فەلسەفە دەربازبین ئەوەی لە فەلسەفەدا پەنهانە ئەو هێزە ڕاكێشانەیە بەرەو شوێنێكی تر، دورتر لەوەی چاوەڕوانیمان دەكرد دەمانبات، فەلسەفە هەم دەرمانە و هەم نەخۆشیی. شارستانیی ڕۆژئاوایش بۆ ئەوەی ئەم ئەركە بۆ فەلسەفە بدۆزێتەوە كەم تا زۆر واتای خۆی لەم ڕووەوە دیوە. ئەمەیش وایکردووە شارستانیی ڕۆژئاوا نەتوانێت هەنگاوی تەواوەتیی بۆ كۆتایهێنان بە فەلسەفە و بۆ دەربازبوون لە فەلسەفە و هاتنەدەرەوە لە بازنەی فەلسەفە بنێت، یان لەگەڵ گشت هەنگاوێك، کە بۆ ڕوخاندنی كۆشكی فەلسەفە ناویەتی، سەرلەنوێ خۆی بۆ دروستكردنەوەی ئەم كۆشكە ئامادەكردووەتەوە. زۆربەی ئەو باسانەیش لەو بارەیەوە دەكرێت سەرلەنوێ دەبنەوە بە ئامڕاز و بناغە بۆ دروستكردنەوەیەکی تری فەلسەفە، بەڵام كامە فەلسەفە؟ ئەڵبەتە فەلسەفەیەكی تر Autre / Otherئالێرەدا "تر" بە واتای شتێکی سەرلەبەر جیاواز دێت. جیاوازێک، كە قاڵبی كاركردن و شێوازی ڕاڤەكردنی گۆڕیووە و بەدوای ئامانج و مەبەستی تردا وێڵە، بەڵگە و سەلمێنەی تر بۆ تێۆری و ڕونكردنەوەكانی پەیدادەكات و ئارگومێنت و بیانووی تر لە ڕونكردنەوەكانیدا دەهێنێتەوە و كاریان لەسەر دەكات.

 

کولتوری پەرواێزخستنی فەلسەفە

لێرەدا، لەژێر سایەی باسی گرفتاربوون بە فەسەفەوە، بائەوەیش بڵێین، هەر خودی باس لە مەرگی، یان پایانی فەلسەفە لە نێوەندە فەلسەفییەكانی ڕۆژئاوا فۆڕمێكی تری لە تێكست و خوێندنەوە و ڕوونكردنەوە لەگەڵ خۆیدا هێنایە ناو گفتوگۆ فەلسەفیی و هزرییەكانەوە. ئەمەیش وایكرد بیریاران و قوتابخانە و بزاڤە فەلسەفییەكان سەرلەنوێ بەر پۆلێنخستن بخرێت و جارێكی تر پێداچوونەوە بە بۆچوون و ڕوانینەكانی گەلێك لە بیریار و ڕوناکبیرانی ڕۆژئاوادا ببێتەوە بە جێی باس. لەحاڵەتی واشدا گەلێك لە شەپۆلەكانی بیركردنەوە و شیكردنەوە فرێدەدرێنە خۆڵدانی هزرییەوە و گەلێك لە بیریار و ڕوناکبیرانیش وەك تۆمەتبار تەماشادەكرێن، یان بەپێچەوانەوە هەوڵی ئەوە دەدرێت ستایشی هەندێك لە بزاڤ و قوتابخانەی فەلسەفیی دیاریكراو بكرێت، یاخود پاساو بۆ بیری هەندێك لە بیرمەندان و ڕۆشنفكران بهێنرێتەوە .
ئەوەی پێیدەڵێن پڕۆژەی بیری، یان گوتاری فەلسەفیی، ڕۆژئاوا لەم ڕووەوە (ئەوەی پێشتر باسكرا) زۆر بە ئەزموونە و پێشینەی خۆی تایبەت بەم لایەنە هەیە. مەبەست، زۆرجار دیومانە، یان بیستومانە و تەنانەت خوێندوشمانەتەوە، كە چۆن بیری بیریارێك لە سەدەیەك، یان لە قۆناغێكی دیاریكراودا دەسڕدرێتەوە، یان ڕەتدەكرێتەوە، كەچی لە سەدەیەك، یان لە بارودۆخێكی تردا ستایشێكی گەورەی ئایدیاكانی ئەو بیریارە دەكرێت و زۆرجار پەیكەریشی بۆ دروستدەكرێت. گەلێك وەخت ئەوەیش گوتراوە، كە چۆن كەسێك لەسەر کارێکی هزریی، یان بەرهەمێكی ئەدەبیی، یان تێگەیشتنێكی سیاسیی ڕاودەنرێت و دەربەدەردەكرێت، كەچی پاشان هەر ئەم كەسە سەرلەنوێ دەگەڕێندرێتەوە ناو كۆمەڵ و ئەندێشەی خەڵك و دانیش بەمافەكانی لەهەموو ڕوویەكەوە دەنرێت. هیچ یەك لەم دیاردانە لە شارستانی ڕۆژئاوادا شتێكی سەیرنییە و زۆربەی كولتورەكانیش ئەمەیان بەخۆوە دیووە، بەڵام ئەوەی زۆر سەیرە ئەوەیە، بەشێكی زۆر لە كولتورەكان دەستییان لەم دیاردانە كشاندوەتەوە و بەهەموو جۆرێك پشتی لێدەكەن و بگرە گەلێك ڕێكخراو و گروپ و نێوەندی مرۆیی و یاسایی و ڕوناکبیریش لەم ڕووەوە دروستبوە، كە كاریان نەهێشتنی ئەم دیاردانەیە و تەنانەت بەهەموو جۆرێكیش بۆ ئەوە كۆششدەكەن پەردە لەسەر ئەو ڕەفتارانە لابەرن، كەچی هەندێك لە كولتورەكان جارێ هەر داری ئەم دیاردانە ئاودەدەن و ئەوەی وەك ئەوان بیرنەكاتەوە، یان ڕەفتار نەكات، لەناو كۆمەڵ و لە ئەندێشەی خەڵكدا شوێنی نابێتەوە و بگرە شوێنی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە كەسانە ژێرزەمینی زیندانەكانە، یان لەكۆتایدا واپێویستدەكات ئەو ڕێگا تازەیە هەڵبژێرێت كۆمەڵگەی مۆدێرن بۆی دروستکردووە و شوێنێكی بۆ ئەم جۆرە كەسانە لەو کۆمەڵگەیە دابینكردووە، كە ئەوەیش غوربەت و مەنفایە.
بۆ درێژەدان بە كرۆكی باسەكەمان ئەوەیش دەڵێین، شارستانی ڕۆژئاوا جارێ لە دوالیزمDualismەكان(ڕۆح/ جەستە، باشە/خرابە و....هتد) دەربازینەبووە. بۆیە جارێ ئاوا زوو ناتوانێت لە فەلسەفە دەربازی بێت، یان لەوە بكەوێت، كە دووچاری فەلسەفە نەبێت. بە فەلسەفەوە گیرۆدەبوون، یان دووچاری فەلسەفەبوون پەیوەندیی بە ماهیەتی شارستانیی هەنوكەوەیە. شارستانیی هەنوكە جارێ ئەو مەرج و شیاویانەی نەهێناوەتەكایەوە لەوە بكەوین بە فەلسەفەوە نەگلێین، یان ئەم شارستانییە ناکارێت ئەو دۆزە شیاوكات لە فەلسەفە دەربازبین و بەئاسانی لێیبێینەدەرێ. نەخۆشیی فەلسەفە وەك نەخۆشیی شێرپەنجە نییە، كە جارێ چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، یان بەشێكی زۆر لە جۆرەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە چارەسەری تەواوی نییە، بەڵام کارێکی ئەوتۆش دەكرێت، كە نەخۆشەكانی هەندێك لە جۆرەكانی شێرپەنجە، كە زۆر ترسناك و مەرگدۆستانەیە، وایان لێبكرێت تووشبوەكانی كتووپڕ نەمرن. هاووەخت ئەمڕۆ ڕێگاگەلێك لە جیهانی دەرمانسازیی و نەشتەرگەریی دروستبووە، كە دەتوانێت جۆرە چارەسەرێك بۆ تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە بدۆزێتەوە، كە وا لە نەخۆشیی ناوبراو بكات زەفەر بە لەشی نەخۆشەكە نەبات و لەشیشی بەجۆرێكی ئەوتۆ لاوازنەكات لە مەرگێكی كتوپڕی نزیكبكاتەوە. ئەوەی پەیوەندیی بە نەخۆشیی فەلسەفە و ئەوانەیش، كە دووچاری ئەم نەخۆشیە بوون ئەوەیە، كە شارستانیی ڕۆژئاوا وەك شوێنگەی ڕاستەقینەی بیرە فەلسەفییەكان، ئەمجار خودی شارستانیی مرۆڤایەتیی بەگشتیی وەك مۆلگەی خۆحەشاردانی فەلسەفە، بەوە دەتوانێت لە فەلسەفە بۆ یەكجارەكیی ڕزگاری بێت، كە دەست لە زۆرداریی، ناتەبایی، هەڵە و خرابەكارییەکان بكشێنێتەوە. ئەمەیش تەنها خودی مرۆڤ دەتوانێت بیكات، كە تاکە بوونەوەرە ئەوینی بۆ فەلسەفە هەیە و دووچاری فەلسەفەش دەبێت. فەلسەفە هی مرۆڤە و بۆ مرۆڤیشە. هاتووەتەکایەوە تا مرۆڤ لە بەدییەکان دەربازبکات و گوتنی مرۆڤ سەبارەت بە بوونی گۆبکات.

 

لەفەلسەفەخستنی فەلسەفە

گرنگە لێرە ئاماژە بۆ ئەوەیش بكەین، لێرە گرنگە ئاماژە بەوە بكەین ئەو ئاڵۆزیانەی لەباس لەبارەی فەلسەفەوە دروستدەبێت زۆربەی زۆریان پەیوەندییان بە سەختیی خودی كاری فەلسەفەكردنەوە هەیە. ئەمەیش دیسانەوە بەوەوە بەستراوەتەوە، كە فەلسەفە ئەو شوێنەیە بیریاری تیادەكرێت و ئەو بوارەیشە، كە بیری تیادا بەرهەمدێت. ئەمەیش بەو واتایە نایەت، كە فەلسەفەكردن کارێکی ئاسانە، یان فەلسەفەكردن واتە قسەكردن و دواتر نوسینەوەی ئەو قسانە. فەلسەفەكردن ئەگەر ئەو لایەنەش بگرێتەبەر، بەڵام مەرجیشە لەوە حاڵیبین، كە چۆن فەلسەفە قسەدەكات؟ قسەی فەلسەفە چ جۆرە قسەیەكە؟ هەروەها فەلسەفە كەی و بۆ قسەدەكات؟
تەماشاكردنی فەیلەسووفانی ڕۆژئاوا بۆ فەلسەفە لە تەماشاكردنی فەیلەسووفانی كولتورە فەلسەفییەكانی دی جیاوازە. ئەم جیاوازییە بەو واتایە بەكاردەبەین كردەی فەلسەفەكردن لەنێوان فەیلەسووفە ڕۆژئاوایی و غەیرە ڕۆژئاواییەكاندا، هەمان مەرام و مەبەستی لەكۆڵنەگرتوە. كردەی فەلسەفەكردن لە شارستانییەكەوە بۆ ئەوەی دی بەو چركە كۆمەڵایەتیی و سیاسییانەوە گرێدراوە، کە مرۆڤەكانی ئەو شارستانییە دەیژێن. ڕاستە تەماشاكردنی بەرهەمهێنەرانی كردەی فەلسەفیی لە تەماشاكردنی خەڵكی سادە و بێسەواد لە هەردوو كولتوورە فەلسەفییەكە جیایە، بەڵام ئەو پرسیار و تێڕامانانەی بوون بە وێردی سەرزمانی خەڵكی سادە و بێسەواد لە شارستانیی ڕۆژئاوادا، زۆر لە پرسیار و تێڕامانە فەلسەفییەكانی خەڵكی سادە و بێسەوادی شارستانیی عەرەبیی_ئیسلامیی جیاوازە. ئەم جیاوازییە بۆ دەربازبوون نییە لە فەلسەفە، هەڵشاخانە بە فەلسەفە لە ئاستێك، كە ویستی فەلسەفیی ئەو دەورووبەرە كۆمەڵایەتیی و كولتورییە بەرهەمیدەهێنێت. بۆنموونە خولانەوەی هەریەك لە ئەزموونە فەلسەفییەكان بە دەوری پرسیارە سەرەكیەكانی فەلسەفەدا (باشە، یان بەدی چییە؟ زانین چییە؟ ڕاستیی چییە؟ بۆ دەبێت هەبین؟ بۆ نەمر نیین؟ بۆ ئازار دەبێت هەبێت؟ ..و هتد) ڕامان و سەیركردنی ناهاوشێوە و لێكنەچووی دروستکردووە، كە لەگەلێك ڕووەوە دەشێت بە خودی گەشەی واتای فەلسەفاندن و ویست بۆ ئەم فەلسەفاندنە ببەسترێتەوە. هەروەها ئەم جیاوازییە تەنها بە هەنوكەیی بیركردنەوە لەو شارستانییەتانە نەبەستراوەتەوە، بە كۆی گشتیی كردەی فەلسەفیی هەریەك لەو شارستانییەتانەشەوە وابەستەیە. ئەم وابەستەبوون، كە مێژوویەكی لەپشتەوەیە، دینامۆی ئەو كردەیەشە، کە دواتر گوتاری فەلسەفیی لێپێكدێت. ئەمە بەخۆی ڕوویەكی ئەو بیرۆكەیەمان بۆ ڕووندەكاتەوە خۆی لەسەر ئەم بناغەیە دادەڕێژێت: ویست بۆ خوێندنەوەی فەلسەفە ناتوانێت خۆی لە خوێندنەوەی مێژووی فەلسەفە بەدووربگرێت. مرۆڤایەتیی بۆ گەڕانەوە بۆناو كردەی فەلسەفیی لەبەردەم دوو ویستی فەلسەفیی جیادایە، کە دوو مێژوو یان بگرە چەند مێژوویەكی فەلسەفیی لەبەردەمدایە. هیچ دوور ناڕۆین بۆنموونە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا تەماشاكردنی خۆی بۆ زۆربەی پرسیارە فەلسەفییەكان بەباشی یەكلایكردووەتەوە و لەوڕوەشەوە زۆری ئەنجامداوە. ئەمەیش کارێکی ئەوتۆی كردووە بەڕۆژئاواییكردنی كردەی فەلسەفەكردن سەرچاوە لەم لایەنەوە هەڵبگرێت. واتە سەرچاوە لە زۆر كاركردن لەناو فەلسەفە و بەرینكردنی ڕووبەڕی پرسیارە فەلسەفییەكانەوە هەڵدەگرێت.
بەپێی ئەو بۆچوونانەی لای سەرەوە بێت كردەی فەلسەفەكردن كردەیەكی ناجۆرە. ئەم ناجۆرییەی كردەی فەلسەفەكردن دەمانباتەوە سەر ئەو هەڵكشان و داكشانانەی لە بواری فەلسەفەكردندا لە ڕۆژئاوا ڕوویانداوە. مەبەست لەمە ئەوەیە فەلسەفەكردن ماهیەتێكی بێكۆتایی هەیە، ئەم بێكۆتاییەی بیری فەلسەفەیش، خۆی لەسەر بناغەی ناجۆریی دروستکردووە. ئەم ناجۆرییە، كە خواردنی بەردەوامی فەلسەفەیە، ژیانیشیەتی. بۆیە دووچاری نەخۆشیی فەلسەفەبوون، بەشێك پێكدەهێنێت لە مێژووی فەلسەفە و هەمیشەیش لە پشت كردە فەلسەفییەكانەوە بووە. لەم حاڵەتەدا دووچاری نەخۆشیی فەلسەفەبوون ویستە بۆ فەلسەفەكردن لەژێركاریگەریی پێوەری تردا(وەك تێگەیشتن لە ماهیەتی بوون، لە ڕاستیی بوونمان و.. ).
هەر تایبەت بەو لایەنەی باسکرا، دەشێت هێما بۆ ئەوەیش بكەین، كە لەفەلسەفەخستنی فەلسەفە لە فەلسەفاندن، ئەمە ئەو ناونیشانەیە زۆرجار دەمانباتەوە ناو زۆنێك لەپرسیاری فەلسەفیی، كە واتای خۆی بۆ فەلسەفەكردن و خودی دووچاربوون بە نەخۆشیی فەلسەفەبوونەوە هەیە. بۆ گەلێك لەفەلسەفەخستنی فەلسەفە لە فەلسەفاندن، خۆی وەك ناونیشانێكی ئاڵۆز و گومڕا دەردەخات، وەلی لە ئاكامی ژێرتوێژینەوەخستنێكی ماهیەتی كردەی فەلسەفەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە گشت بیرمەندێك لە چوارچێوەی ویست و توانای خۆیدا، خۆی ئاوێزانی بینین و تەماشاكردنە فەلسەفییەكان دەكات. بەپێی ئەوەی خودی پڕۆسەی فەلسەفەكردن پڕۆسەیەكی خودیی و تایبەتە ئەم لایەنە لە بیریارێكەوە بۆ ئەوەیتر جیایە.
سەرباری ئەوەی گوترا، لەفەلسەفەخستنی فەلسەفە لە فەلسەفاندن، ئەو ناونیشانەیە لەم فۆرمەشدا دەتوانێت خۆی لە بابەتی دووچاربوون بە نەخۆشی فەلسەفەبوونەوە نزیكبكاتەوە: ئایا فەلسەفە لە ئێستادا لەوە كەوتووە بکارێت بفەلسەفێنێت؟ فەلسەفاندن، کە مەرامی سەرەكیی فەیلەسووفەکانە كردەیەكی ئاسان نییە و شیاوی دۆزینەوەیش لەئەمڕۆدا لەبەردەم فەلسەفاندن پەیوەندیی بە بینینی ئەو شیاوییانەوەیە لەبەردەم فەلسەفەدا ئامادەن. گرنگە لێرە بپرسین بۆ؟ چونكە فەلسەفەكردن فەلسەفە لە مردن دەربازدەكات. دەربازكردنی فەلسەفەش لە مردن پێویستییەكە بۆ مرۆڤ و گەشەی شارستانیی ئەم مرۆڤە. بەشێك لە فەیلەسووفەکانیش ڕەنگە پێیانوابێت ئەوەی هەوەسی ویستی فەلسەفەكردن لەخۆیڕا سەوزدەكات پێویستە لەوە بگات ئەمە پاش ئەو مەرگە دەیكات، کە لای سەرەوە باسكرا. واتە بابەتی مەرگی فەلسەفە كاتێك خۆی لە نەمان دەدات و بیری فەلسەفیی سەرلەنوێ زیندودەبێتەوە، كە فەیلەسووفەکان لە مەترسی مەرگی فەلسەفە دەگەن. بەدڵنیاییەوە ئەو دەمە دووچاری نەخۆشیی فەلسەفەبوون شیاوییەكی زۆرتری لەبەردەمدا دەكرێتەوە.

 

شێوەی ئالوودەبوونی ڤیتگێنشتێن بە فەلسەفە

خراپ نییە لێرەدا بۆ ئالوودەبوون بە فەلسەفە بچینەوە سەر تێگەیشتنی فەیلەسووفی لۆژیكیی نەمساوی_بەریتانی ڤیتگێنشتێنWittgenstein، کە زۆر بەباشی لەو تاكە پەرتوكەی پێش مەرگی بەناوی "تراكتاتۆس لۆژیكۆ فیلۆسۆفیكۆس"(7) (تێزی لۆژیكی فەلسەفیی) نوسیویەتی، ئەوەی ڕونكردووەتەوە، كە گوتن یان گوتراو دەبێت گوتراوئامێزبێت. واتە گوتراوێك بێت، یان قسەیەك بێت، بەهادار و بەمانابێت نەك پووچ و بێكەڵك. بۆیە ڤیتگێنشتێن ئەو كارە لۆژیكییە فەلسەفییە ناودارەی خۆی بە گوزارەیەكی سەرنجڕاكێشانە كۆتاییپێهێناوە، كە تا ئەمڕۆش لە ناو بیریاران و لە نێوەندە فەلسەفییەكاندا بووە بەوێردی سەرزمان، كە بەم جۆرەیە: "ئەوەی ناتوانین لەبارەیەوە بدۆێین، پێویستە لەوبارەیەوە بێدەنگبین". لێرەدا زۆر شیاوە ئەم دەڕبڕینە فەلسەفییە وەك بەشێك لە دانایی ئەم بیریارە تەماشابكەین و وەك ئەوەیش، كە فەلسەفە کارێکی جیای هەیە لەوەی هەندێك بەجۆرێكی تر تەماشایدەكات، بەڵام هەموو ئەوەی گوتمان ئەوە ناسڕێتەوە، كە ڤیتگێنشتێن لەو كارە فەلسەفیەیدا كۆششی بۆئەوە نەكردووە كۆتایی بە فەلسەفە نەهێنێت.
ئەوەی ڤیتگێنشتێن لە "تراكتاتۆس لۆژیكۆ فیلۆسۆفیكۆس"دا گفتوگۆیدەكات لە بەرهەمەكانی تریدا، كە پاش مەرگی كۆكراونەتەوە و پاشان بڵاوكراونەتەوە، ئاڕاستەی تریان وەرگرتووە. مەبەست، پاش گەڕانەوەی ڤیتگێنشتێن بۆ سەر فەلسەفە، كە دەكات ئەو بەرهەمانەی پاش مەرگی ڤیتگێنشتێن بڵاوكراونەتەوە، لەو شێوە بیركردنەوە فەلسەفییە جیایە لە تراكتاتۆسدا كاری تیاداكراوە و گەلێك لە توێژەرەوەكانیش وای بۆدەچن بەرهەمەكانی پاش تراكتاتۆس جۆرە پەشیمان بوونەوەیەكیان پێوەدیارە، تەنانەت لەنێو توێژەرەوەكانی گەلێك لە نێوەندە فەلسەفییە جیاجیاكانیش (ئەسكەندەناڤیا، ئەنگلۆئەمەریكی) تراكتاتۆس بەكاری سەردەمی لاویی لەقەڵەمدەدرێت. ئێمە پێمانوایە ئەزموونی فەلسەفیی ڤیتگێنشتێن جگەلەوەی تایبەتە بەشێكیشە لە دیاردەی دووچاربوون بە نەخۆشی فەلسەفەبوونەوە. وازهێنانی ڤیتگێنشتێن لە فەلسەفە و دواتر گەڕانەوەی جارێكی تری بۆسەر فەلسەفە ئەو ئالودەبوونمان بۆ شیدەكاتەوە دەشێت مرۆڤ جارێك لە جاران دووچاریبێت. دووچاربوونەكە بۆ زۆربەی فەیلەسووفەكان شفابوون لە ئالوودەبوونێكی گەورەتر، كە ئەوەیش دووركەوتنەوەیە لە فەلسەفە یان بێئاگابوون لە بیری فەلسەفیی. ئالوودەبوون بە فەلسەفەوە ئالوودەبوون بە شفابوون لەوەی تێیناگەین و ناتوانین زانینی لەسەر بدەین. فەلسەفەكردن خۆ ئالوودەكردنە بە زانینەوە، بە خۆئامادەكردن بۆ گەیشتن بە زانین لەڕێگای نەزانینەوە. نەزانین سەرەتای دەركەوتنی كردەی فەلسەفەكردنە. نەزانین وادەكات وێڵی فەلسەفە بین، خۆمان لەو تێنەگەیشتنە دەربازبكەین پێوەیبووینە.

 

سەرئەنجام:

سەرچڵی هزریی مرۆڤ لەپشت دەركەوتنی فەلسەفەوەیە و دیاریكردنی لایەنەكانی ئەو سەرچڵییە هزرییەی مرۆڤیش ئاسۆی هزر دیاریدەكات و بیركردنەوەی بەرینیش سەبارەت بە چۆنیەتی گلانی مرۆڤ بە فەلسەفەوە پێكدەهێنێت. هەڵكۆڵینی بەردەوامی فەیلەسووفەکانیش لە بەها و گرنگی فەلسەفە پەیوەندیی مرۆڤ بە فەلسەفەوە ژێرتێڕاماندەخات. هەركە فەلسەفەش لە جیهاندا هاتەكایەوە مرۆڤ وردە وردە بە فەلسەفەوەگلا، گلانی مرۆڤیش بە فەلسەفەوە بەشێكە لە بەختی ئەم بوونەوەرە لە گلانی بەشتێكەوە، حاڵیبوونی لەمەڕ دۆزی خۆی و دەورووبەرەكەی دەداتێ و ویستیشی بۆ تێگەیشتن لە خۆی و لەویتریش بەرینتر دەكات. ئەم لایەنەش هەر لەسەرەتاوە ئایدیای سەرەكیی فەلسەفەی پێكهێناوە. ڕاستە دەركەوتنی فەلسەفە لە ڕۆژئاوا پەیوەندییەكی زۆری بە دروستبوونی نوسینەوە هەبووە، واتە دەركەوتنی ئەلفوبێ، بەڵام مەیلی فەیلەسووف بۆ گەیشتن بە زانین لە سەر بوونی خۆی و بوونەوەرانی تر مەرجی بنەڕەتی نەشونمای فەلسەفەی لەخۆگرتووە. هەقایەتیی وەفاداریی مرۆڤیش بۆ فەلسەفە لێرەوە دەستپێدەكات. ئەوە تەنها ئەركی مرۆڤە درك بە گرنگی فەلسەفە بكات و بەوەش هەستێت لە ڕووی فەلسەفییەوە پێویستن و ویستیش بۆ فەلسەفە پەیوەندیی بەو دڵبەستنەوەیە فەلسەفە پێیدەگات و مرۆڤیشی لەسەر ڕادەهێنێت.

 

رفڕێنسەکان
1.Rosa Maria Lupo. Sanningens Smärta, i Att tänka smärtan , Södertörn Philosophical Studies nr: 5.2009 .s.63.
2.Niklas Forsberg. Smärtans Grammatik, i Att tänka smärtan , Södertörn Philosophical Studies nr: 5.2009 .s.203.
3.Gilles Deleuze & Felix Guattari. What is Philosophy? Translated by Graham Birchill. Verso Books. 1994.p.70.
4. Ibid.p.40.
5. Stompe T, Ritter K. The discourse of psychosis in contemporary philosophy
https://www.researchgate.net/publication/24187630_The_discourse_of_psychosis_in_contemporary_philosophyas StompeKristina Ritter.
6. Ibid.
7. .Ludwig Wittgenstein, Tractatus logico-philosophicus, översättning, inledning och noter av Anders Wedberg, Thales, 1997

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×