حەڤدە خاڵ...؟

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2022-03-26     746

یەک: لەھیچ شوێنێکی ئەم پەراوەدا نەنوسراوە: لایەنەکان ئیلتیزامیان نەکرد چی دەبێ.

دو: نەوەی نوێ و سەرۆکەکەشی پێمان ناڵێن: ئەگەر سەدرو ھاوپەیمانەکانی، ئیلتیزامیان نەکرد بەواژوەکانیانەوەو ١٧ خاڵەکەیان جێبەجێنەکرد، لێکەوتەکانی چیدەبێ و نەوەی نوێ چیدەکات؟

سێ: سەرنجی ئیمزاکان بدەن، بەراست ئەوانە ئیمزای ڕێکەوتن و جێبەجێکردنن یان شتی تر؟

چوار: تەنھا چوارکەس ئیمزایان کردوە "علاء کامل، حسن العذاری،سروە عبدالواحد، شعلان الکریم". ھیچ ئاماژەیەک نەدراوە بۆ پۆست و عنوانی ئەم چوارکەسە، ناوی لایەن و حیزبەکانیشیان لە ھیچ شوێنێکی پەراوەکەدا نەنوسراوە. ئەگەر لەداھاتودا یەکێک لە خاوەنەکانی ئەو واژوانە پەشیمانبویەوە یاخود لەژیاندا نەما، چارەنوسی ئەم پەراوە چی دەبێ؟

پێنج: شێوازی نوسینی ناوو ئیمزاکان زۆر سادەو بێمانایەو دورە لەسادەترین بنەماکانی رێکەوتن و بەڵێن و پلانی کاری داھاتو.

شەش: لەداھاتودا، دەیان بیانوی قانونی و مالی و سیاسی و عەمەلی ڕێگردەبن لەوەی کە ھیچکام لەخاڵەکان جێبەجێبکرێن. بۆ نمونە: مەرج و رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە چین؟ حکومەتی داھاتوی عێراق لە چەند لایەنێکی جیاواز پێکدێ، ئەگەری زۆرە لایەنێک یان زیاتر ببنە ھۆی پەککخستنی جێبەجێکردنی ھەمو یان ھەندێک لەم خاڵانە. لەم سیناریۆیەدا، نەوەی نوێ پێمان ناڵێ چیدەبێ یاخود کاردانەوەی چی دەبێ.

حەوت: نەوەی نوێ دەڵێ "گەرەنتیمان وەرگرتوە کەئەم خاڵانە جێبەجێدەکرێن". زەحمەت نەبێ ئەو گرەنتیە کامەیە؟

ھەشت: لایەنی سێیەم یان نێوەندگیر یاخود بەندێکی یاسایی نیە وەک لانی کەمی گەرەنتی بۆ جێبەجێکرنی خاڵەکان.

نۆ: پارتی تەرەفی سەرەکی ئەو ھاوپەیمانیەیە کەئێوە داوای لێدەکەن ئەم حەڤدە خاڵە جێبەجێبکات، بەڕاستی ئەمە وەھمنیە؟

دە: بەھیج جۆرێک قۆناغبەندی و سەقفی زەمەنی نیە بۆ ئەو ھەمو داواکاریە قەبەیەی لەو خاڵانەدا ھەن.

یازدە: حەقنیە ئەم یاری و جوڵەیە ناوبنێن "لەپێناوی خەڵک". چونکە لەرابردودا زۆربەی زۆری سیاسەت و بەژەوەندیە حیزبی و شەخسیەکانی تریش بە "لەپێناو خەڵک " ناوزەدکراون. وەک: ڕێکەوتننامەی ستراتیژی پارتی و یەکێتی، سەربەخۆی ئابوری، ڕیفراندۆم، بەشداری گۆڕان لەحکومەت....ھتد.

دوازدە: خاڵێکی جەوهەری پەیوەست بەوەهمی جێبەجێکردنی ئەو حەڤدە خاڵە ئەوەیە: سەدر بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردو کە خۆی بەشدارێکی گرنگی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بووە، نیوەی ئەم داواکارییانەی بۆ جێبەجێنەکراوە.

ئێوە بەکام پێوەر و دڵنیایی چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەکەن؟ ئەگەر بڵێن "سەدر دەبێت بە بڕیاردەری یەکەمی حکومەت وجێبەجێی ئەکات". خۆ ڕێکخراوی خێرخوازی دانەناوە ئەو هەمو دەستکەوتە گرنگە بخاتە گیرفانی ئێوەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×