ڕەخنەگر یاخود گلەیی و گازەندەکەری نابەرپرسیار؟

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2021-07-22     524
یەکەم: یەکێک لەوسیاسیانەی لەڕابردودا ڕۆڵی زۆر خراپی ھەبوە، ماوەیەک کەوتبوە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و حکومڕانی ھەرێم. کۆڕو کۆبونەوەی سازدەکرد و (کورتیلە ڕەخنەی سیاسی) دەنوسی و ئەو قسانەی دووبارەدەکردەوە کە بەر لەو دەیان ھەزار کەسی تر کردویانە. بەڵام یەک دیداری ئەو (سیاسیە) لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆربەی زۆری قەناعەتەکانی قڵببونەوە و چووەوە پێستە کۆنەکەی خۆی و کەوتە نەسیحەتکردن. 
ڕەخنەی ئەمجۆرە سیاسییە لەو دۆخەی لە ھەرێمدا دروستبووە، پابەستی قەناعەت و دیدێکی سیاسیی بەرپرسیار و بیرلێکراوە نییە، بەڵکو پابەستی پلە و پایەو دۆخی شەخسی خۆیەتی لەناو حیزبەکەی خۆیدا. کەی ئەو دۆخە خراپبوو دەبێتە ڕەخنەگر، کەی سەرێک لەسەرە گەورەکانی دەسەڵاتی بینی و موجامەلەیەکی وەرگرت، لە ڕەخنەگرەوە دەگۆڕێت بۆ نەسیحەتکەر. 
دوەم: ھەم مامۆستای زانکۆیە و ھەم خانەنشین وەک ئەندام پەرلەمان. لەبەرنامەیەکی ٥٤,٥٤ (پەنجاو چواردەقەو پەنجاو چوار چرکە)، باس لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەکات و زو زو پێماندەڵێ "کۆمەڵگای کوردی دواکەوتو و داخراوەو پێویستە ڕەخنەگرانە بیربکەینەوە". 
بەڵام ئەم بەڕێزە پێمان ناڵێ (پێشکەشکارەکەش ناپرسێ): 
-زەحمەت نەبێ ھیچ ڕەخنەیەکی لەو یاسایە ھەیە کە دوای دووساڵ پەرلەمانتاربوون (لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١) و لەتەمەنی چل ساڵیەوە بە موچەی ...,٦,٥٠٠ (شەش ملیۆن و پێنجسەد ھەزار دینار)، تاکۆتایی ژیانی خانەنشینی کردوە؟ 
کامیان دواکەوتوە و دەبێت ڕەخنەبکرێت، کۆمەڵگا یان کەسێک بە دوو ساڵ پەرلەمانتاربوون و لەتەمەنی ٤٠ ساڵییەوە تا مردن شەش ملیۆن و پێنجسەد ھەزار دینار وەربگرێت؟
ئایا ڕەوایە مامۆستایەکی بنەڕەتی، یاخود ئامادەیی یان فەرمانبەرێک دوای لەچل ساڵ خزمەت، بە کەمتر لە یەک ملیۆن دینار خانەنشین بکرێت؟ کەچی ئەو بەڕێزە بەو پارە خەیاڵییە و دووای دووساڵ پەرلەمانتاربوون، خانەنشین بکرێت. لەوەش خراپتر ئایا ڕەوایە خانەنشینی بۆ کەسانێک بوونی نەبێت کە فەرمانبەری حکومەت نین؟
 -بۆچی بۆ ھەمو یان زۆربەی زۆری بوارەکانی ژیان بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەت ھەبێت، کۆمەڵگا بە دواکەوتو بزانیت، ڕێزی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک نەگریت کە خۆیان خۆیان بەخێودەکەن و پارەی بێمانا لە دەوڵەت وەرناگرن. کەچی زیاد لەدەساڵە بەیاسایەکی زۆر دواکەوتوی ناڕەوا خانەنشین بکرێیت؟ سەیر نییە ڕەخنەلە کۆمەڵگا بگریت و بەدواکەوتوی بزانیت کەچی ھیچ ڕەخنەیەکت لەو یاسا بێمانا و ستەمگەرە نەبێت کە مانگانە ئەو ھەموو پارە ناڕەوایە دەخاتە گیرفانتەوە ؟ 
زۆرێک لە نوخبە خوێندەوارەکە کە قسەدەکەن، ڕەخنەدەگرن و لەبواری تیۆری و زانینی فاکتەکانا کێشەیەکی ئەوتۆیان نیە. دەتوانن ناوی دەیان فەیلەسوف و قوتابخانەی فیکریی بەدوای یەکدا ڕیزبکەن، کەچی لە ئاستی کردەییدا، نەک تەنھا بەھیچ یەکێک لەو تیورە و قوتابخانە فیکریانە کارناکەن، بەڵکو تاقە شتێک کە کاردەکات  بەرژەوەندی و قازانجی شەخسی خۆیانە. ھیچ شتێک لەوشتانەی دەیانڵێن و دەیاننوسن نایانباتەوە ناو ژیانی خۆیانەوە. کۆمەڵگا بە دواکەوتو دەزانن بەڵام خۆیان لەسایەی دواکەوتوترین و ستەمگەرترین یاسادا دەژین. 
کۆمەڵگا ناھەقی نییە متمانە بەم جۆرە نووسەر و سیاسیانە نەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×