‎شەڕی بەوەکالەتی تەوریسی سیاسی: ڕۆژنامەی زەمەن بە نمونە

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2019-01-03     3847

‎لەساڵانی ڕابردودا، میرەکانی جەنگ و نوخبەی سیاسی، ھۆکاری سەرەکی گرفتەکانی ھەرێم بون. بەڵام دەرکەوتن و ڕەفتاری نەوەو بنەماڵەی سەرکردە سیاسیەکان بەبێ جیاوازی، بوەتە گرفتێکی تری کۆمەڵگاو حیزبەکان. زەقترین سیمای ئەم دیاردەیەش: دەستگرتنی ئەم گروپەیە بەسەر سەرچاوەی ئابوریی و گۆڕانیانە بۆ سەرمایەداری گەورە لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا، بەبێ ھیچ ماندووبوون و ھیچ ئەزمونێک لە بواری کارکردندا.

 

کێشەکە تەنھا لەم گۆڕانە گەورەیەدا نییە، بەڵکو ئەم نەوە تازانە ھەموویان خەونی سیاسیی ناماقوڵ و نابەجێیان ھەیە. بۆ وەدیھێنانی ئەو خەونانەش ئەو پارەیەی کە بەناھەق دەستیانکەوتوە دەخەنە کار، بۆ نموونە ڕۆژنامەی تایبەت دەردەکەن، ژمارەیەک کەناڵی تی ڤی و ڕادیۆ و سایت و ژمارەیەکی بێشومار لە پەیجی فەیسبوک دادەنێن. ئەڵبەتە کواڵێتی و پێویستی، بڕیاردەرنین لەسەربونی ئەم ھەموو ئامرازانەی ڕاگەیاندن، بەڵکو وەدیھێنانی خەونی سیاسیی ناماقوڵ و نادیموکراسیی و ناتەندروست ئەو دوکانە میدییایە گەورانە ئاڕاستە دەکات. 

‎ئەوەشی لەھەموی خراپترە، ئەم نەوە تازەیە، کە کوڕەکانن یان خزمە نزیکەکانی سەرکردە کۆچکردوەکانن، خاوەنی لانی کەمی توانای فکری و سیاسی و ئیعلامی نین. زۆریشیان بەشی ئەوە زمانی کوردی نازانن کە ئینشایەکی بێھەڵەی پێ بنووسن. مەبەستی سەرەکی ئەم کوڕە گەنجانە ململانێی یەکتر و پەیداکردنی ھەژمون و کڕینی وەلای گروپێک لە میدیاکارانە بۆئەوەی شەڕی بەوەکالەتیان پێبکەن. جگە لە کەناڵەکانی: ڕوداوو کوردسات و کوردستان ٢٤، ڕۆژنامەکانی: باس و ڕوداو و ئاژانس و ژیان و ھەولێر، سایتی پەیسەر و ڕۆژنامەی زەمەن، دوایەمین پەردەی ئەم نمایشە بێمانایەیە (ئامادەکاری بۆ کردنەوەی کەناڵی تری تیڤی و ڕادیۆش دەکرێت !). ئەگەر وەڵامەکە: بونی خوێنەر و بینەر و پڕکردنەوەی بۆشاییەکی میدیایی و بەئیشخستنی کۆمەڵێک توانای باشی ستافی ئەم کەناڵانەیە، نەک ئەوەی لەسەرەوە باسمانکرد، ئەوا لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەم ڕایە کە بێگومان ھەڵەیە، داخستنی ڕۆژنامەی ئاوێنە، ئەم بۆچونە پوچەڵدەکاتەوە.

‎ئێستا دەکرێ بپرسین: بەڕاست کێ خاوەنی ڕاستەقینەی سایتی پەیسەرو ڕۆژنامەی زەمەنە؟ ئایا بەڕاست ھیچ کەلێنێکی ئیعلامی ھەیە ئەم سایت وڕۆژنامەیە پڕی بکەنەوە؟ یان تەنھاو تەنھا ھەبونی پارە لەلایەن خاوەندارە حەقیقیەکانی ئەم ڕۆژنامە و سایتەیە؟ لە ھەموشی کارەساتتر وەبیرھێنانەوەی دوو ڕاستی گرنگە کە ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ژێر پێ دەخرێن: 

‎یەکەم: ئایا قەرارنەبو سەرکردەکانی گۆڕان ونەوەکانیان و نوخبەکەی، کلتورێکی سیاسی نوێی نابنەماڵەیی دابھێنن، نەوەک کوڕەکان و سەرکردەکانی ئەم بزوتنەوەیە ھاوشێوەی پارتی و یەکێتی ڕەفتاربکەن. 

‎دوەم: بزوتنەوەی گۆڕان و ڕاگەیاندنەکەی لەوپەڕی دۆخی خراپی ئابوریدان، بەچ پاساوێک (کوڕەکان) بینای نوێ بەکرێ دەگرن و سایت و ڕۆژنامەی تر بەرێدەخەن؟


زۆرترین بینراو
له‌سنوری "پاوه‌"ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان شه‌ڕ رویداو پاسه‌وانێكی سنوری ئێران كوژرا
مه‌زڵوم عه‌بدی: ده‌بێت مافه‌ نەتەوەیی، كو‌لتوری و ئیدارییه‌كانی كورد له‌ سوریا به‌ ده‌ستور مسۆگه‌ر بكرێن
دادگای باڵای عێراق بە فەرمانی فایەق زێدان هێرشکردنە سەر ناوچە دیپلۆماسییەکان بە "تیرۆر" ناودەبات
لە حەسەکەوە بەرەو دیمەشق: مەزڵوم عەبدی بە فەرمی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی دەستبەکار دەبێت
ترەمپ: بە کامێرا چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەین
سوپای پاسداران بە موشەک هێرشی کردەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا ئوردن
سۆمۆ: داهاتی پێشبینیکراوی نه‌وت دەگاتە نزیکەی 4.5 ملیار دۆلار و نه‌وتی هه‌رێم به‌ 87 دۆلار ده‌فرۆشرێت
هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌: بە بڕیاری دادگا شەرعییەت لە دانا ئەحمەد مەجید وەردەگرینەوە
عراقچی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، وه‌ڵامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن ده‌داته‌وه‌: ده‌بوایه‌ چه‌ند چاوه‌ڕێمان بكردایه‌
هێشتا وەرزی زستان نەهاتوە، نرخی نەوتی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×