وەزیری ناوخۆو مەرزی باشماخ

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2020-06-02     409
لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، وەزیری ناوخۆ وتی 'هۆكارێكی سه‌ره‌كی زۆربوون و سەرھەڵدانەوەی كۆرۆنا له‌ سلێمانی و پێنجوێن، لابردنی تیمی ته‌ندروستی مه‌رزی باشماخ بووه‌ له‌ ٢٠٢٠/٥/١٤ەوە'.

یەکەم: لەسەر ئەم دانپیانانە، بۆ داواکاری گشتی لە وەزیری ناوخۆو حکومەت ناپرسێتەوە نەوەک ھەڕەشەی سزادانی کاسبکارو دوکاندارەکان؟

دوەم: ئه‌م تیمه‌ بۆ لابرا؟ كێ به‌رپرسه‌ له‌زیانه‌ گیانی و ماددیەکانی ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌م ڤایرۆسه‌؟ ئایا ئه‌م مه‌رزه‌ له‌ لایه‌ن ھەردو وه‌زاره‌تی ناوخۆو دارایی ئه‌م حكومه‌ته‌وه‌ ئیداره‌ نادرێت؟

سێیەم: ئەگەر نەتوانن ئیجرائات بکەن لەسەر لابردنی تیمێکی تەندروستی مەرزی باشماخ، زەحمەت نەبێ پێمانناڵێن: (حکومەتی بەھێز!) یانی چی؟!

چوارەم: لەترسی خۆپیشاندان، ھەولێرتان پڕکردوە لە مێک زەمینی و ھێزی چەکدار، بەڵام بەڕێوەبەری ھۆبەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی ھەولێر دەڵێت: 'بڵاوکردنەوەی ئەو ھێزانە، بۆڕێگریە لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا'. میک زەمینی چ پەیوەندیەکی بە کۆرۆناوە ھەیە؟! دوای وتنی ئەم ناڕاستیەو بۆ لێدوانەکانی تریشتان، چۆن و بۆچی ھاوڵاتی متمانەتان پێبکات؟

پێنجەم: ئەگەر بەڕاستی پەرلەمان و حکومەت و دادگاو داواکاری گشتیمان ھەبوایە، دەبو لەسەر لابردنی ئەو تیمە تەندروستیە ھەردو وەزیری ناوخۆو تەندروستی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرایە نەوەک سزادانی ھاوڵاتیان.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×