‏‎دوانزە لەسەیر و سەمەرەکانی ساڵی ٢٠١٩

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2019-03-28     1709

‏‎یەکەم: ”بارەگای بارزانی“ وەڵامی عەبادی دەداتەوە؟! زیادکردنی ئەم دامەزراوەیە لەھەرێمدا، دەبێتە داھێنانێکی تری پارتی بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە سەدەی بیست و یەکدا!

‏‎دوەم: لەساڵیادی کارەساتی ھەڵەبجە، ئەردۆغان لەتویتەر دەنوسێت: ”کارەساتی هەڵەبجە پەڵەیەکی رەش بو لەمێژوی مرۆڤایەتیدا“. دەسەڵاتەکەی خۆی بەشدارە لەزیندانیکردن و کوشتنی سەدان کورد له‌تورکیاو سوریاو ڕوخاندن و وێرانکردنی چەندان گەڕەک و شارو شارۆچکەدا، بەڵام ناڕەحەتە بە کوژرانی دانیشتوانی ھەڵەبجە؟

‏‎سێیەم: بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ میشێڵ ڤیڤۆرکا نەخشە ڕێگای پاریس و کوردستان دادەڕێژنەوە! دوفاقی یەکێتی لەوەدایە: لەیەککاتدا سپۆنسەری (پرۆژەی ڕۆشنگەری و دابڕان)و بزوتنەوە سەلەفیەکان دەکات. ژمارەیەک نوسەریش خۆیان لەو ڕاستییە گێلدەکەن کە حیزبی کوردی شەڕی نفوزو ھەیمەنە دەکات، نەک پرۆژەو کارنامەی جدی!

‏‎چوارەم: سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ٢١٧/١١/٢١، نوسی: ماڵئاوا ئێن ئاڕ تی! ئێن ئاڕ تی-م فرۆشتوە بە کۆمپانیایەکی بیانی و پەیوەندی بە منەوە نەماوە.  بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستەش ئەم کەناڵە نەک نەفرۆشراوەو ھی نەوەی نوێیە، بەڵکو خەریکی بە پاڵەوان و فریادڕەسکردنی خاوەنەکەیەتی، کە کەسی یەکەمی نەوەی نوێیە. ئەبێت ئەم برادەرە چ میسداقیەتێکی ھەبێت و چ متمانەیەکی پێ بکرێت؟

‏‎پێنجەم: ھادی عه‌لی دەڵێت: ”قورسایی یەکگرتو بەقورسایی کورسییەکانی پەرلەمان ئەژمار ناکرێت“. ئەمە ھەمان لۆجیکی پارتی و یەکێتییە. جا ئەگەر وایە ئیتر ھەڵبژاردن بۆ ئەنجامبدرێت؟ ئەی زەحمەت نەبێت جگە لە دەرکەوتنی کۆمەڵێک سیاسی بازرگان و دەوڵەمەند، داھێنانە گەورەکەی حیزبی کوردی چییە، تاکو بەبێ کورسییەکانی پەرلەمان قورساییەکەی بپێوین؟

‏‎شەشەم: جارێکیان سکرتێری پێشوی یەکێتی وتی: ”بە ھاوسەرەکەمم وتوە ئەوەندە ھەژارین، ئەگەر بمرین مەگەر شارەوانی بماننێژێت؟!“ بەڵام پاش مردنی، ٧٥ ملیۆن دۆلار لەمەزارەکەیدا خەرجدەکرێت! ئایا سلێمانی و حیزبەکەی سکرتێری گشتی، دژ بە بنەماڵە و تەقدیسکردن نەبون؟ ئەی ئێستا چی دەگوزەرێت و چی ڕوئەدات؟ خەڵکینە سلێمانی پێویستی بە شەقامی سەدمەتری و قوتابخانەی نوێ ھەیە یان بە پرۆژەی مام؟!

‏‎حەوتەم: فازیل میرانی وتی: ”گۆڕان پاش نەوشیروان مستەفا عاقڵ بوە“. ئەم ئیھانە گەورەیە بە ڕێکخەری پێشوی گۆڕان و بزوتنەوەکەی، بەبێ ھیچ وەڵام و کاردانەوەیەکی جدی بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆڕان تێپەڕی! وەڵامەکە زۆر ئاسانە: خاوەن بڕیارەکانی گۆڕان، ڕابردو و ئێستاو داھاتوی بزوتنەکەوەیان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو بەرژەوەندی خۆیان و ژمارەیەک پۆست لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا ئەولەویەتیانە!

‏‎ھەشتەم: وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: ”جگە لە دەمانچەو کڵانشکیۆف، دەست بەسەر ھەمو چەکێکدا دەگیرێت“. بەڕاست تاوانە ڕۆژانەییەکانی کوشتن و بڕین و ئازاردان و دزیکردن، بە فڕۆکە و تانک و ھەلیکۆپتەر و ئاڕ پی جی دەکرێن، یاخود بە دەمانچە و کڵاشینکۆف؟

‏‎نۆیەم: عه‌لی قەرەداغی دەڵێت: ”ڕۆژئاوای کوردستان پرۆژەیەکی زایۆنیستی ئەمریکییەو پێویستە لەناوببرێت“. چەند ناشرینە مرۆڤ ئیدیعای عەقڵ و ویژدان و میانەڕەوی بکات، بەڵام لەگەڵ ھاوفیکرەکەی: مامۆستا سەید ئەحمەد،  ببنە برغویەک لە ماشێنە ستەمکارو تاکڕەوەکەی ئەردۆغاندا.

‏‎دەیەم: دیل بە دیلی یەکێتی و پارتی لەماوەی ڕابردودا، ناشرینترین داھێنانی ئەم دوحیزبەیە، وەک ھەمیشە ئاسایش و دادگاکانی ھەردولاش وەک دو بارەگای حیزبی مامەڵەیان کرد. وەک پیشەی ھەمیشەیشیی، داواکاری گشتی بێدەنگ بو؟!

‏‎یازدەیەم: نەوەی نوێ: ”ھەر حیزبێک لەگەڵ دەسەڵات دانیشێت، مامەڵەی ھاوشێوەی دەسەڵاتی لەگەڵ دەکەین“. ئەم وتەیە تەعبیر لە تێنەگەیشتن و چەواشەکارییەکی گەورە دەکات لە چەمکەکانی: دەسەڵات و دانوسان و پێکەوەژیان، ھاوکات پۆپۆلیزمێکی عەیار بیست و چوارە. لەھەموشی کارەساتتر، پاش چەند ھەفتەیەک لەم بەیاننامەیەی نەوەی نوێ، سەرۆکەکەیان کۆنفرانسێکی سازدا بەناوی: پێکەوەژیان؟!

‏‎دوانزەیەم: ”لەڕۆژی لێپرسینەوەدا، ئاڵای عێراق لەبەردەکەم بۆئەوەی خودا بزانێت کە پێشتر لە دۆزەخ بوم“ (نوسراوی سەر مۆتۆرسایکڵێک). دەبو ئەم پەیامە کورتە پڕمانایەی ھاوڵاتیەکی ئاسایی عێراقی، ھەمو شەھادەدارو ئەفەندی و سیاسییە مەغرورەکانی عێراقی بھێنایەتە گۆ،  نەک سەرقاڵی کۆنفرانس و کۆبونەوەی بێماناو بێدەرەنجام بن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×