فیرعەونەکانی کورد

شێرزاد شێخانی‌
  2023-08-10     610

کاتى خۆی کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەت ماڵەکانیان لەناو گەڕەکەکانی شاردا بوو . ئەوانیش وەکو خەڵکی ئاسا دەژیان . دەچوونە لای هەمان ئەو سەرتاشانەی ئێمە دەچووینە لایان بۆ سەرتاشین . بەخۆم زۆرجار لەچایخەنەی عەبۆ حاکمو محامی ومودیرعامی دائیرەکانم دەدیت لەتەنیشت مام نادری دادەنیشتن و قاوەیان دەخواردەوە . زۆربەی زۆری مەسئولە گەورەکان ئێواران لەنادی مۆزەفین دەبینران . کەواتە ئەوان هەمیشە لەناو خەڵکی شاردا بوون ، بۆیە هەستت نەدەکرد ئەوان لەمیللەت جیاوازتر بن . ئێستا زۆربەی مەسئولەکان لەبەر ئەوەی دزو تاوانبارن بۆیە وەکو دزەکان خۆیان لەخەڵک دەشارنەوە !. یان جامی سەیارەکانیان رەش دەکەن خەڵک نەیانبینێ ، یاخود دەوروپشتی خانووەکانیان تەلبەند دەکەن خەڵک لێیان نزیک نەبێتەوە ! .ئێستا مەسئولە بچووکەکانیش لاسایی گەورەکانیان دەکەنەوە ، ئەوانیش سەری کۆڵانەکانیان بە بلۆک دادەخەن !.

سەرۆک وسەرکردە حزبیەکان دەیان هەزار دۆنم زەوی دەوڵەتیان داگییر کردووە ،  لەدووری چەند سەت مەترێکەوە دیواری کۆنکریتیان بەرزکردۆتەوە ، لەهەر چواردەوری قەسرەکانیان نوقتەی حەرەساتیان داناوە چۆلەکەش ناتوانی بەسەر ئاسمانی قەسرو ڤیڵلاو مەزرەعەکانیان تێپەڕی !!.ئەوجا نازانم ئەوە لەترسی خەڵکە ئەو هەموو تەدابیرە دەکەن ، یاخود لەژوورەکانیان کاری ئابرووبەرو ناشەرعی دەکەن و نایانەوێ کەس پێیان بزانێ ؟.

هەندێ مەسئولی گەورەتریش هەن هەر یەکەو لەمەنتیقەکەی خۆیدا قەسری شاهانەو فیرعەونیانە دروستکردووە وچواردەورەکەشی کراوەتە معەسکەر ، خوا نەبێ کەس نازانێ چی تیا دەگوزەرێ !!. کێ کار لەو قەسرانە دەکا ؟ کێ تێیدا دادەنیشی ؟ . چەند خزمەتکاریان هەیە ، رەگەزنامەکەیان چییە ؟ . ئەوانە هەموویان خستۆتە خانەی ئەسراری دەوڵەت و زانیاریەکانی ( بڤەیە ) !!! .

دڵنیام ئەم مەسئولانە ژیانێکی شاهانە لەو قەسرانەدا بەسەر دەبەن . جارێ نازانم بە چی رازاندیتیانەوەو چۆن تەئسیساتیان بۆ کردووە ، چەند ژێرزەمینیان هەیە بۆ خۆ شاردنەوەو پارە دزراوەکانیان ، بەڵام دڵنیام کە ئەو مەسئولانە وەکو ئێمە ناژین . لەم قەسرانە ژینگەیەکی سافوسپیان بۆ خۆیان دابینکردووە ، وەکو ئێمە دووکەڵی موەلیدە چاویان کوێر ناکات . بۆنی غازی پاڵاوگە نایاساییەکان ناکەن . وەکو ئێمە ئاو بە تانکەر ناکڕن . دەیان حەوزو مەسبەحیان تێدایە . کارەبای بیستوچوار سەعاتیان هەیە بە شەو قەسرەکانیان چراخانە. نە مناڵەکانیان جۆزەی موەلیدە هەڵئەدەن ، نە ژنەکانیان شەوانە بە دیار مزەخەوە رۆژ ئەکەنەوە . نە پارەی کارەبا ئەدەن نە پارەی ئاو !.

دڵنیام ئەوان ئەو برنجە ناخۆن کە تاجیرە قۆڵبڕەکان دەرخواردی ئێمەی ئەدەن . دەزانم هەموو خۆراکێکی ئەوان بە تەیارە لەئەوروپاوە بۆیان دێ . دەزانم دەرمانەکانیان لەسەیدەلیەکانی ئەڵمانیاو ئەمریکاوە بۆ دەنێرنو هیچیان ئێکسپایەرو کوالیتنزم نیە. دەزانم ئەوان سەریان بێشی یان ددانیان جوانبکەن ئەچنە ئەوروپا . ئەوان لەسڕەی بەنزین ناوەستن ، پاڵاوگەی تایبەت بە خۆیان هەیە . فیت پەمپیان ناسوتێ سەیارەیان گڕ ناگرێ ، ساڵ لەدوای ساڵ مۆدیلی سەیارەکانیان تازەتر ئەکەنەوە !.

زۆر دڵنیام هەر یەک لەو مەسئولە گەورانە دەیان قەسرو شوققەیان لەوڵاتانی دونیادا هەیە ، تەنانەت گومانم لەوەدا نیە چەندین جەزیرەشیان لەو وڵاتانە کڕیبێ و هاوینان بچن لەدەو بەحرەکان ئیسراحەت بکەن !. ئاخر ئەوانە خۆیان بە پاشاو ئیمپراتۆرەکانی دونیا ناگۆڕنەوە ، ئەو هەموو سامانی میللەتەیان تاڵان کردووە بۆ ئەوەی بەم ژیانە شاهانەیە بژین ، مییراتەکەشیان بۆ نەوەی نەوەکانیان هەڵگرتووە ! .

بڕوا بکەن هەر دۆلارێکی سامانەکانیان لەقووتی منداڵەکانمان دەرهاتووە . هەر دینارێکی ئەوان رەنجی شانی ئەو میللەتە بەستەزمانەیە کە بە باجوسەرانە لێیان ئەسەنرێتەوە ! . بەرهەمی خەباتو خوێنی ئەو هەزاران پێشمەرگەو شەهیدانەیە کە لەپێناو خاکو وڵاتو ژیانێکی شاییستەی مرۆڤانە بۆ میللەتەکەیان گیانیان بەخشیوە . رەنجی ئەو کرێکارو کاسبانەیە کە رۆژانە ئارەقە دەرێژن بۆ پارووە نانێک  . هیلاکی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەیە کە روبعە معاشەکیان پێ ڕەوا نابینن !.

سەرباری ئەم هەموو شتەش ، ئەوەندە بێ شعووریشن ، وێنەی قەسرو فێلاو فڕۆکە تایبەتیەکان و مەیدانی ئەسپ و سەیارەی ئاخیر مۆدیلەکانیشیان پیشانی خەڵک دەدەن بۆ ئەوەی پێیان بڵێن ئێمە لەئێوە جیاوازترین !. ئەوەش هەمووی نەتیجەی نەخۆشی هەستکردنە بە نەقس لەشەخسیاتیان . چونکە ئەوانە لەهیچەوە بوونە شت !.

پاشاکانی عیراق یەک خانویان بەناو نەبوو . عەبدولکەریم قاسم کاتێک کوژرا تەنها دینارێک وسێ روبعی لەگیرفان بوو . عبدالرحمن عارف نەفی کرا تەنها یەک معاشی تەقاعودی هەبوو . دەیانگۆت سەدامیش ٢٣ قەسری لەئەنحای عیراق هەیە . بەڵام دوایی دەرکەوت تەنها یەک قەسریش بەناوی خۆیەوە نەبوو . ئەوجا تێبگەن ئەوە رەحمەت نیە لۆ قەبری ئەو سەرۆکانەی عیراق کە دوژمنی میللەتەکەم بوون ، بەڵام ئەمە بەراووردێکە لەنێوان پاشاو ئیمپراتۆرەکان لەگەر ئەو فیرعەونانەی ئێستا حوکمی میللەتی کورد دەکەن .

بیرمەندی بلییمەتی عەرەب ( ئیبن روشد ) لەکتێبەکەیدا باسی هۆکارەکانی رووخانی دەوڵەت دەکات ودەڵێ : یەکەم ئاماژەی رووخانی دەوڵەت ، دەوڵەمەندی و چاوچنۆکی و خۆشگوزەرانی دەستەی بەڕێوەبەری دەوڵەتەکەیە . لەم کاتەدا لەبری هەستکردنی دەسەڵاتداران بە مەسئولیەتی ئەخلاقی وسیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتییەکانەوە دەگۆڕێ بۆ دەستگرتن بە بەرژەوەندی تاکەکەسی و بنەماڵە لەپێناو خۆشگوزەرانی .

بەپێی قسەکانی ئەم زانا کۆمەڵناسییە : دەسەڵاتداران هەوڵئەدەن سەردەمی نەبوونی و قاتوقڕی رابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوەو ژیانێکی شاهانە بۆ خۆیان دابینبکەن ، بەمەش ئەبن بە بار بەسەر شانی دەوڵەتەوە. هەوڵئەدەن هێزی خۆیان بە چەکدارو سوپا دەرخەن ، بۆ ئەوەی هەر کاتێک میللەت ویستی راپەڕێ ئەم هێزە بەکار بێنن بۆ سەرکوتکردنیان . بەبەر چاوی خەڵکەوە بە جلی ڕازاوەو بە سواری ئەسپ و خۆ دەرخستن وەکو رۆشنبیر خۆیان نمایش ئەکەن ، لە کاتێکدا ئەوانە لەژنان ترسنۆکترن .

لەکۆتاییدا زاناودانای عەرەب ئیبن خەلدون دەڵێ : زوڵموزۆرداری یەکەم نیشانەی رووخانی دەوڵەتە . بۆ ئەمەش ئاماژەی بە هەندێ وێنە داوە لەوانەش، سەپاندنی باجێکی زۆر بەسەر میللەت ، تەخشانوپەخشانی سامانی وڵات ، زەوتکردنی مافی خەڵک !!..هەر دەڵێی ئەم بلییمەتە باسی رۆژگاری ئەمڕۆمان بۆ ئەکات بە دەست ئەم دەسەڵاتەوە .

کورت وموختەسەر ئەوەی فیرعەونە کوردەکانی ئێستا بە میللەتەکەی خۆیان ئەیکەن ، هێشتا فیرعەونی میسریەکانیش بە قەومی جولەکەی نەکردووە !!!. باقی وەلسەلام ..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×