مەسجەکانی بەغد بۆ پارتی وخودی مەسعود بارزانی؟

شێرزاد شێخانی‌
  2022-06-25     1013

لەدەوروبەری ساڵی ١٩٥٨ دەزگای هەوڵگری عەسکەری عیراقی جموجۆڵێکی نائاسایی لەناو رێزەکانی سوپای عیراقدا هەستپێکرد . تەنانەت ناوی هەندێ سەرکردەو هەڵسوڕینەری تاقمەکەی ئەفسەرە رزگاریخوازەکان ( الضباط الأحرار ) یش ئاشکرابوون لەسەرووشیانەوە عبدالکریم قاسم ، بەڵام قیادەی باڵای عەسکەری زۆر گوێی پێنەدان . بەپێی هەندێ سەرچاوەی مێژوویی نوری سەعید کە ئەوکاتی سەرۆک وەزیرانبوو باوەڕی وابوو کە سوپای عیراق ، سوپایەکی خاوەن عەقیدەو دڵسۆزە بۆ عەرشی مەلەکی و کودەتای بەسەردا ناکەن . لەوێوە ئەو قسەیەی کرد کە بووە وێردی سەرزوبانی سیاسییە بێهۆشەکانی دوای خۆی کاتی وتی ( دار السید مأمونە ) واتە مالێ پادشا ئاسایش وئارامە  .

لەسەرەتای مانگی تەموزیش مەلیک حوسێنی ئوردن ئامۆزای مەلیک فەیسەڵی دووەمی عیراق  سەرۆکی دیوانی خۆی زۆر بەپەلە ناردە بەغداو پێی راگەیاندن کە زانیاریان لایە بەمزووانە سوپای عیراق کودەتا دەکات بەسەر حوکمی پاشایەتیدا . دیسان ئەو ئاگادارکرنەوەش گوێی لێنەگییرا . سەرۆکی ساواکیش کە ئەودەم ئێران لەهاوپەیمانی بەغدا لەگەڵ عیراق لەیەک بەرەدابوون ، ئەویش لەتورکیاوە ئاگاداری باڵوێزی عیراقی کردبوو کەوا شتێکی لەو بابەتە لەئارادایە . دیسان گوێی لێنەگییرا .

بڕیاربوو مەلیک فەیسەڵ رۆژی ١٤ تەموز بەیانییەکەی سەعات هەشت بەرێبکەوێ بۆ فرۆکەخانەی بەغدا بۆ سەفەری تورکیا بۆ بینینی دەستگییرانەکەی ، سەعاتی سفری سوپای کودتاچییەکانیش لەو رۆژەدا بوو کە مەلیک عیراق بەجێدەهێڵی . سێ رۆژ بەر لەسەفەرەکەی مەلیک حوسێنی ئامۆزای داوای بەهجەت ئەلعەتییەی سەرۆکی ئەمنی عامەی عیراقی کرد بەپەلە بگاتە عەممانی پایتەختی ئوردن . لەوێ هەموو جموجۆڵەکانی تاقمەکەی ناو سوپای بۆ کەشفکردن . بەڵام کە ئەویش گەڕایەوە دیسان نوری سەعید باوەڕی نەبوو و دووبارە وتبووی ( دار السید مأمونە ) . ئیدی ئینقلاب روویداو خێزانی مەلیک هەموویان قەتلوعام کران ، نوری سەعیدیش پارچەپارچەکرا و بەدوای ئۆتۆمیبلەوە بەناو شەقامەکانی بەغدا راکێشرا !! .

ئەمە عاقیبەتی ئەو کەسانەیە کە مەودای بینینیان کورتە ، چارەنووسی ئەو کەسانەشە کە کۆمەڵێک ماستاوچی ودرۆزن و مشەخۆرو کەسی نابووت لەدەوری خۆیان کۆدەکەنەوە کە درۆ لەگەڵ سەرووی خۆیان دەکەن ، واقیعی وڵاتەکەیان دەکەنە بەهەشتێکی لەوەهم دروستکراو . لەو هەموو مەسجە تێناگەن کە عەرشوعروشیان تێکئەدا ، وەختێک بەخەر دێنەوە هەموو شتێکیان لەدەستچووە ، ئەو کاتەش پەشیمانی دادیان نادات .

زورجار دەڵێن مێژوو خۆی دووبارە ئەکاتەوە . ئەوەتا لەلای خۆشمان سەرکردەیەکمان هەیە لەهەمان وەهمی ( دار السید مأمونە)دا دەژی و گوێ بەو هەموو مەسجانە نادات کە یەکلەدوای یەک بۆی دەنێردرێتە بەردەرگای ماڵەکەی ، تەنانەت دەوروبەرەکەشی ناوێرن بەخەبەری بێنن ، چونکی جەنابی سەرکردە حەزی لێنییە خەبەری ناخۆشی پێبدرێ . مەسجەکان :

- بڕینی بودجەو مووچەی هەرێم لەساڵی ٢٠١٤ ەوە .

- دەرهێنانی ٥١% خاکی هەرێم لەژێردەستی حکومەتی هەرێم لە ١٦ ئۆکتۆبەر .

- فەزیحەی شکستپێهێنانی کاندیدی پارتی فوئاد حوسین لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ٢٠١٨.

- لێپرسینەوەو متمانە سەندنەوە لەخاڵی سەرۆکی پارتی هوشیار زێباری .

- رەتکردنەوەی کاندیدبوونی هوشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار .

- دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە نادەستووری یاسای نەوتوغازی هەرێم .

- بۆردومانکردنی ماڵی شێخ باز بە ١٢ موشەکی ئێرانی .

- سووتاندنی بارەگای پارتی لەبەغدا .

- موشەک گرتنە پاڵاوگەیەکی نزیک لەهەولێر .

- یاسای قەدەغەکردنی مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل .

- بێبەشکردنی هەرێم لەبودجەی یاسای ئاساییشی خۆراک .

- بڕینی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران .

- موشەکبارانکردنی رێگای مەسیف – پیرمام .

- کاتیۆشابارانی فرۆکەخانەی هەولێر .

- دوایین مەسجیش سێجار موشەکبارانی داناغاز .

ئەمانە ئەگەر مەسج نەبن بۆ دژایەتی دەسەڵاتی هەرێم و بۆ خودی پارتی وسەرۆکەکەی ، ئەبێ چ مانایەکی تری هەبێت ؟.

شەڕی ئوکراینا نامەیەکی بۆ هەموو ئەو دیکتاتۆرانی دونیا نارد ئەوانەی پشت بە دەوڵەتانی بێگانە دەبەستن بۆ درێژەدان بە حوکمی دیکتاتۆریییانەیان ، ئەوان لەو وەهمەدا دەژین کە لەکاتی لێقەومان دەوڵەتی دەرەکی دێن بە هانایانەوەو رزگاریان دەکەن لەدەست ناڕەزایی میللەتەکانیان ، بیریان چووە کە هیچ هێزێک لەدونیادا ناتوانی لەبەر خاتری دەسەڵاتیک و وڵاتیک خۆی بخاتە ناو جەنگەوە بە تایبەتیش وڵاتێکی وەکو تورکیا کە لەئەساسدا رقی لەبیستنی تەنانەت زمانی کوردیش ئەبێتەوە چ جای کورد خاوەن کیانێکی نەتەوەیی خۆی بێت !! .

دەسەڵاتی هەرێم ئەگەر پشت بە میللەتەکەی خۆی نەبەستێ ، تورکیا هیچکات ئامادە نیە لەبەرخاتری کورد وحزبێکی کوردی خۆی تووشی شەڕێکی ئیقلیمی بکات لەگەڵ دەوڵەتانی دونیا . بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پارتی وەکو تاکە حزبی دەسەڵات پێداچوونەوە بە سیاسەتە چەوتەکانی خۆیدا بکات و هەم لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێ ولەعینادی بێتە خوارەوە ، هەمیش متمانەی خەڵکی خۆی بگەڕینێتەوە بە ، چونکی ئەو مەسجانە زۆر بەروونی پێیان دەڵێ : ( دار السید غیر مأمونە ) .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×