سووتانی گۆڕان بە ئاگری پارتییەوە

شێرزاد شێخانی‌
  2023-07-13     479

دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان ، دەستەیەکی رادیکاڵ بوو . بوونی کاک نەوشیروانیش وەک سەرکردەو رەمزی بزووتنەوەکە جۆرێک لەمیسداقییەتی پێبەخشیبوو.  بۆیە هەر لەسەرەتاوە خەڵک بە لێشاو هاتنە ناو بزووتنەوەکەو لەیەکەم هەڵبژاردنی دوای دامەزراندنیان لەساڵی ٢٠٠٩ توانیان ٢٥ کورسی پەرلەمانی بەدەستبێنن . ئەمە گەورەترین گۆڕانکاری سیاسی بوو لەماوەی هەژدە ساڵی دامەزراندنی قەوارەی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستاندا . لەم چوار ساڵەی کە بۆ یەکەمجار گۆڕان هاتە ناو پەرلەمانەوە بە ئەدایەکی جوانو هەڵوێستە ئازایەکانی توانی گوڕوتینێکی زۆر گەورە بداتە پەرلەمان و بوونی ئۆپۆسزیۆنێکی کاراو کاریگەریش بکاتە ئەمری واقیع ومل بە حزبە سەرەکییە تەقلیدیەکان شۆڕ بکات . بۆیە لەهەڵبژاردنی دواتر لەساڵی ٢٠١٣ بە وجوودی کاک نەوشیروانەوە توانی هەمان رێژەی کورسییەکانی بەدەست بھینێتەوە . لەم ئانو ساتەدا مشتومڕێکی زۆر کەوتە ناو دەزگاو هەڵسوڕاوانی گۆڕان سەبارەت بە ئەرکی داهاتوویان . بەشێک لەهەڵسوڕاوەکان پێیان وابوو کاتی ئەوە هاتووە گۆڕان بەشدار بێت لەبەڕێوەبردنی حکومەت . بەشێکیش لەگەڵ ئەوەدا بوون هەر وەکو پێشتر بە کوتلەیەکی ئۆپۆسزیۆنیەوە بمێننەوە .

لەم ئانوساتەدا دوو دانیشتنی تایبەتیم لەگەڵ کاک نەوشیروان کرد کە زۆرجار بۆ سەردان لەسلێمانی ئەمبینی و باسی زۆر شتمان پێکەوە ئەکرد . بۆ مێژوو تەفاسیلی ئەو دوو دانیشتنەم ئەخەمە ڕوو بۆ ئەوەی ئەسڵی مەسەلەی شکستی گۆڕان باسبکەم لەرووانگەی خۆمەوە .

جاری یەکەم لەسەردانێکم بۆ سلێمانی لەماڵەوە سەردانی کاکە نەوەم کرد . چەند گفتوگۆیەکمان کرد لەسەر زۆربەی مەسەلەکانی ئەو سەردەمە . کاک نەوە زۆر رێزی لێدەگرتم ، حەزیشی لێبوو راوبۆچوونی من بزانی لەسەر هەندێ مەسەلەی رۆژەف ، دانیشتنەکانیشمان وەکو دوو رۆشنبیر بەبێ پێچوپەناو بە راشکاوانە بەڕێوە دەچوو . بۆیە بە ئازادییەوە قسەکانی خۆم ئەکردو ئەویش بە دڵێکی فراوانەوە لێمی وەرئەگرت ، چونکە من هیچ مەسڵەحەتێکم لەگەڵیدا نەبوو و لەدەرەوەی گۆڕانیشدا بووم .

ئەو کاتە نێوانی یەکێتی و گۆڕان تێکچووبوو. هەڵبەت زۆر هۆکار هەبوو وایکرد پەیوەندییەکانیان تێک بچێ . لەوەلاشەوە پەیوەندییەکانی گۆڕان لەگەڵ پارتیش زۆر خراپ بوو . من زۆر بە راشکاوی پێموت " کاکە نەوە ، تۆ شەڕێکی سەختت لەگەڵ پارتی هەیە لەسەر شێوازی حوکمڕانییەکەیان ، بۆچی هێشتا شەڕەکەت حەسم نەبووە ، جەبهەیەکی تر لەگەڵ یەکێتیدا ئەکەیتەوە ؟ گۆڕان بەرگەی شەڕی دوو جەبهە ناگرێ کە هێزی عەسکەریشیان هەیە ، وا مەکە لەسەر لاشەی گۆڕان رێکبکەون و لەسەر قاعیدەی دوژمنی دوژمنم هاوڕێمە زەرەری گەورەتان لێبدەن " .ئەو باسی هەندێ کاری دژایەتی بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی کرد کە زۆر تووڕەی کردبوون . هەندێ قسەی کرد کە بۆ بڵاوکردنەوە ناشێت بۆیە وەکو رێزێک بۆ بۆچوونەکانی لێرەدا باسی ناکەم . لەمەحسەڵەدا نە من توانیم قەناعەت بەو بێنم ، نە ئەویش توانی قەناعەت بە من بکات . بۆیە لەو حەددە راوەستاین.

جاری دووەم ، دیسان بە سەفەر لەسلێمانی بووم . حەزمکرد سەردانێکی بکەم . ئەوسا لەژوورەکەی خۆی لەمەکۆی گۆڕانبوو . کە چوومە ژوورەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک لەسەرکردەو هەڵسوڕاوانی گۆڕان دانیشتبوو دیار بوو باسی چوونە ناو حکومەتیان دەکرد . ئەو کاتی هەڵبژاردن تەواو ببوو ، هاتبوونە سەر دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەت . کاک نەوە کە منی بینی بانگی کردم ووتی" وەرە دانیشە باشبوو هاتی . ئەمەوێ ڕای تۆ بزانم وەکو ڕۆشنبیرێک  لەسەر ئەو مەسەلەیە . پێت باشە گۆڕان بچێتە ناو حکومەت یان نا " ؟ . پێموت " کاک نەوە ئێوە لەخولی پێشوودا لەپەرلەمان کاری زۆر باشتان کرد وەکو ئۆپۆسزیۆنێکی ئازا توانیتان زۆر شت بکەن . ئەم حکومەتە تا تەوقی سەری گەندەڵە ، ئێوە بۆچی خۆتان ناشیرین ئەکەن لەگەڵیان . گریمان پێنج وەزارەتیان دانێ ، ئایا ئەم پێنج وەزیرەی ئـێوە ئەتوانن هیچ شتێ بکەن کە سەرۆکی حکومەتەکەیان پارتی بێت ؟. بۆیە بە ڕای من واز لەحکومەت بێنن و سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرن کە دەزگایەکە نوێنەرایەتی گەل ئەکات ئێوەش وەکو بزووتنەوەیەکی جەماوەری نوێنەری خەڵکن لەپەرلەمان ئەتوانن کار بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بکەن ، بەڵام لەوەزارەت هیچ دەسەڵاتێکتان نادەنێ تەنانەت لەناو وەزارەتەکانی خۆشتان چاکسازی دژی گەندەڵی بکەن . ئێوە حزبێکی پاکن خۆتان بەم حکومەتەوە پییس مەکەن ". ئا لێرەدا کاک نەوە روویکردە هەڤاڵەکانی و وتی " منیش لەگەڵ ئەو ڕایەی کاک شێرزادم ". بەڵام دواتر بە هۆی فشاری مفتەخۆرو چاوچڵێسەکانی ناو گۆڕان ناچاریان کرد لەوەزارەتیش بەشداری بکەن ئەمە بوو کە لەهەڵبژاردنی دوای ئەوە هێدی هێدی دەنگەکانیان نزمبوونەوە !.

لەم کابینەی نۆیەدا بەچاوی خۆمان ئەبینین وەزعی گۆڕان چی بەسەرهاتووە . جارێ چوونی گۆڕان بۆ ناو حکومەتەکە وایکرد لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا کورسیەکانی سفر ببنەوە . ئێستاش ئەبینین وەزیرەکانی گۆڕان چەندە ناشرین بوونە لەبەرچاوی میللەت . بێزراوترینیان وەزیری داراییە کە لەژێر سایەی ئەودا باج وسەرانەی حکومەت و بەتاڵکردنی گیرفانی هاوڵاتیان گەیشتۆتە ئاستێکی پێوانەیی . مووچە بە حاڵ پێی ئەدرێ هەفتەی جارێ بە رێگای بەغداوەیە بۆ سواڵی پارە بۆ حکومەتە گەندەڵەکەی !. وەزیرەکەی ئاوەدانکردنەوەشیان هەموودەم درۆ بۆ حکومەتەکەی ئەکات و رۆژێک باسی هێلی شەمەندەفەرو رۆژێک پرۆژەی رێگاوبان کە هیچیان نایەتە دی ! . ئەمانە هەمووی سەلمێنەری بۆچوونەکەی من بوون لەشکستی گۆڕان لەناو حکومەتدا کە لەگەل نەمانی سێبەری کاک نەوشیروان تووشی بوو .

یۆیە هیچ ئاسۆیەک نابینم جارێکیتر بزووتنەوەی گۆڕان بەم کاستە سیاسییەی ئێستا هەڵسێتەوەو ببێتە ئەو بزوتنەوەی جاران خەڵک ئومێدی پێ ببەستێ . تازە ئەوانیش غلوور بووونەوە بۆ ناو گەندەڵییەکەی حکومەتو بەدەستی خۆیان ئاگریان لەجەستەی بزووتنەوەکەیان بەردا بە نزیکبوونەوەیان لەپارتی وحکومە تاکڕەوەکەی .

لەم کوردستانە قاعیدەیەکی نەگۆڕ هەیە ، ئەویش ئەوەیە : هەر کەسێک لەپارتی نزیک ببێتەوە بە ئاگرەکەیەوە ئەسووتێ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×