پێشەوایەتی کارامە لە کارگێڕی زانکۆدا

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2024-02-12     214

ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان 

 

((بەخشندە ئەبێ ملکەچ کا لەڕاستی مووچەخۆری خۆی، سوراحێ سەر فرودێنی لەبۆ پیاڵە کە تێکا بۆی)) ئەم هۆنراوەیە، پیرەمێرد وەک پاکانەیەک بۆ تووڕەیی شێخ مەحموودی نووسیوە، هەندێک لەخۆبردوویی پێشەوای تێدایە بەرامبەر دارودەستەکەی. 

 

کاتێک کەسێک بەرپرسیارێتیەک دەگرێتە دەست، دەبێت پلانی داهاتوو و پلانی ئێستا و پلانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕابردوو بنوسێتەوە لە سەر کاغەز. هەر حاڵەتێک کە هەوڵی چارەسەری بۆ دەدات، دەبێت لەیەک لاوە سەیری بکات و تەرکیزی تەواوی بخاتە سەر تا تەواو چارەسەری دەکات، نەک لە نیوەدا وازی لێ بهێنێت و بڕوات بۆ ورووژاندنی کێشەیەکی تر. 

 

خۆ ئەگەر بارودۆخێکی تر هاتە پێشەوە، دووبارە دەبێت لەسەر کاغەز لیستی کارە تەواونەکراوەکانی بنووسێتەوە. لێرەدا ئەگەر سەرۆک بێت، خۆی بواری نەبێت، دەبێت کەسێکی خوارەوەی هەرەمەکەی ڕابسپێرێت بۆ تەرکیزکردنە سەر کێشەکە. دەبێت ماوە بۆ کەسی ڕاسپپێردراو دابنێت، ئەگەر کەمتەرخەم بوو، ئاگاداری بکاتەوە و بەدواداچوون بۆ کارەکانی بکات، خۆ ئەگەر جێبەجێی کرد، سوپاس یان پاداشتی بکات.

 

پڵنگ ئەگەر وا نانی خۆی پەیدا بکردایە، حەوت زەمانە بوو لەناوچووبوو! زۆر جۆر پڵنگی تر هەبوو لە رابردوودا، لەم پڵنگەی ئێستاش کڵپە و ماسوولکەی بەهێزتر بوو، بەڵام تووشی لەناوچوون بوو، ئێستا تەنها ئێسک و پروسک یان بەبەردبوویان ماوەتەوە. پڵنگی کارامە پلانەکان و ئەگەرەکان لە مێشکی خۆی دەنووسێتەوە، بەڵام کە بڕیاریدا، تەنها هێرش دەکاتە سەر یەک نێچیر. چونکە بەدواکەوتنی دوو نێچێر لەیەک کاتدا، هیچیانی دەست ناکەوێت.

 

هێنانەوەی مێتافۆرێکی لەم جۆرە تەنها بۆ ئەو کاربەدەستانەیە کە تەنها بە نموونەی سروشتی بەچاوبینراو تێ دەگەن! چونکە مێشکیان تەنها لە بەشی دەماری چاویان گەشەی سەندووە! شوێنێکە پێی دەوترێت خاچی چاو، کە بە شێوەی خاچ، هەردوو دەماری چاو، چەپ و ڕاست لەسەر یەک نیشتوون. واتە دەماری چاوی ڕاست دەچێت بۆ بەشی چەپی مێشک، و بەپێچەوانەوە. هەر بۆیە چاو و هەستی بینین، لەڕووی توێکارییەوە، درۆزنترین ئەندامە لە لەشدا. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت کە ئەمە وای کردبێت لە کاربەدەستی (چاو+لە+مێشک) کۆی دیاردەکان و چارەسەرەکانیان بە سەراولێژ هەڵسەنگێنێت!

 

 هەم دووبارە ئەم مێتافۆرەش کە ڕەنگە دووربێت لە ڕاستیەوە، بۆ ئەوە هێنرایەوە کە کاربەدەستی زانستی وا بیربخرێتەوە کە مەرج نیە ئەوەی بە چاو دەیبینین ڕێک ئەوە بێت کە هەیە! کەواتە لە پێشەوایەتیدا دەبێت لە یەک لاوە سەیری کێشەکان بکەیت، و تەرکیزت تەنها لەسەر کێشەکە بێت تا چۆکی پێدا دەدەیت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ دەکەیت، بەڵام لایەنەکانی تر لە سەر کاغەز بنووسیتەوە و ڕۆژانە خەت بدەیت بەسەر چارەسەرکراوەکاندا.

 

 پێشەوای ئەم زەمانە، بە بیانوی (واقعی بوون) و (سیاسی بوون) و (دیبلۆماسیبوون)، یان پاپەندبوون و دڵ-خەڵک-خۆشکردن، و یان بە هۆکاری کەمتوانایی مێشکیان، ناتوانن کێشەکان چارە بکەن. لەجیاتی ئەوە، میکانیزمی بەرگریکردن لە خۆیان بەوە دەبەستنەوە، کە کێشەکان تێکەڵ و پێکەڵن و نابێت لە یەک لاوە تەماشای بکەین!

 

 با گشت کایەکانی کۆمەڵ دیالێکتیکیانە بەستراو بن بەیەکەوە و کاریگەریان لەسەر یەکتر بێت، بەڵام دواجار ئیشی پێشەوایە کە گرێیەکان بکاتەوە و تەرکیزی یەکلایەنە بخاتە سەریان، یەک یەک، بەتایبەتی لەبواری کارگێڕیدا، تیرێک دوو ئەژدیها ناکوژێت. لەم کاتەدا ئاساییە کە لە چەند لایەکەوە تەماشای یەک کێشە بکەیت، بەڵام ئەگەر بە گرێ کوێرەیی، بە هەزار چاویش سەیری بکەیت و بە مایکرۆسکۆبیش گەورەی بکەیتەوە، هەر نایبینیت و بۆشت چارەسەر ناکرێن. بۆیە سەرەتا دەبێت لەیەک لاوە کێشەکە بخەیتە بەرچاوت، جیای بکەیتەوە، ئینجا بە ئارەزووی خۆت سەیری گشت لاکانی بکەیت. ئەمجارەیان بە جوانتر گشت لاکانی دەبینیت، بەڵام پێشتر هیچ لاکانی نابینیت. ئەمەیە کە ناتوانیت بچوکترین کێشەت پێ چارە بکرێت. کاربەدەستی ناکارامە ئەوەیە کە گوێ لەخەڵکی گەجەر و گوجەر بگرێت، و پشت بکات لە کەسانی پسپۆڕ. 

 

پێشەوا یان کاربەدەستی کارامە، ئەو کەسە نیە کە دەبێت هەموو شت لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت، ئەوەش نیە کە دەبێت وردودرشتی کارەکانی کارمەندەکانی بزانێت و بە چاویلکەی سیخوڕانەوە تەماشایان بکات. بەڵکو تەنها لە پلان و پرانسیپەکان ئاگاداربێت، وە لەماوەیەکی دیاریکراودا هەڵسەنگاندن بکات بۆ دەستەکەوتەکانیان، لێپێچینەوە بکات لە سەرنەکەوتنەکانیان، سزا و پاداشتیان بۆ دابنێت. کاربەدەستی کارامە ئەوەیە کە سیستەم و ڕێکخستنێک دادەنێت کە پاش خۆی، کاربەدەستێکی تر پیادەی بکات. 

 

لە سەرۆکایەتیکردندا، ئەوەی کە بە خەیاڵتا دەبێت نەیەت، پارە و بەرژەوەندی کەسێتییە. چونکە ئەگەر بۆ بەرژەوەندی گشتی کار بکەیت، ڕاستە ماندوو دەبیت، بەڵام هەر لەکۆتاییدا بەرهەمەکەی دەخۆی، پاداشتەکە وەردەگریتەوە، نەک پێت بدرێت، واتە پارەکە خۆی بە حەڵاڵی دێتەوە بەردەستت. تاقی بکەرەوە، بەڵام دەبێت تەحەمولت هەبێت. 

 

لەپێشەواییدا نابێت بە یەک چاو سەیری هەموو کەسێک بکەیت، بەڵکو بەگوێرەی لێهاتووی کەسەکان هەڵسوکەوت بکەیت، پاداشت و سزا ئەگەر بە دەمیش بێت جێ بەجێی بکەیت. تەنها بە ووتنی تۆ ناتوانایت، تۆ خراپیت، یان تۆ باشیت، نیوەی ئامانجی پێشەوایەتیت پێکاوە. بەپێچەوانەوە کووشندەترین زەبر لە کارگێڕیی و پێشەواییدا، بە یەک چاو سەیرکردنی هەموو کامەندانتە! 

 

لە پێشەواییدا، دڵفراوانی بە واتای ئەوە نایەت کە دڵی هەموو کەس ڕازی بکەیت و هەموو بە یەک چاویلکە سەیر بکەیت، و تەسلیمی واقیع بێت، واقیعێکی بێ بنەمای فشەڵ کە خەڵکی عەوام خۆی دروستی کردووە و پێشەوای ناکارامە هاندەرێتی. پێشەوا بەگوێرەی قەبارەی خۆی، بە یەک بڕیار دەتوانیت ئەو واقعە لەرزۆکە لەماوەیەکی کورتدا، نەک هەر هەرەس پێبێنێت، بەڵکو دەتوانێت لەبیری خەڵکیشی بباتەوە. بەپێچەوانەی بیروڕاکانی تر، خەڵک وەک مادەیەکی خاوی پاک و پەڕەیەکی سپی وایە، کە پێشەوا دەتوانێت بە پێی بەرژەوەندی گشتی، پلانی لەسەر دابڕێژێت. هەروەک چۆن ناپێشەواش دەتوانێت بە میزاج و بەرژەوەندی کەسێتی خۆی بیانوێووژێنێت و بەکاریانبهێنێت. زۆرینەی خەڵک وان کە پێشەوا دەتوانێت لە گەمژەوە بیانکات بە زیرەک، لە شەیتانەوە بیانکات بە فریشتە.

 

زانکۆیەک، بۆ ئەوەی خەون بە ئاستبەرزی خۆیەوە ببینێت، دەبێت پێشەوایەکی ڕاستەقینە ئەسپەکەی تاو بدات، پێشەوا بتوانێت ئاستی مامۆستا و کارمەند و مووچەخۆری خۆی بزانێت. سوراحێکە بۆ هەموو پێڵایەک تێ نەکات. چونکە گرنگیدان بە مامۆستا و کارمەندی زانکۆ، لەسەر بنەمای نازانستی و ناکارامەیی، بە شێوەی موجامەلە و هاوڕێیەتی، دوورە لە پرەنسیپە هەر سەرەتاییەکانی مێژووی دروستبوونی زانکۆ لە ڕۆژئاوادا، بەڵکو لەسەر بنەمای کارامەیی دێت لە بوارەکانی مامۆستا و کارمەند خۆیدا. 

زیادەڕەوی نیە، هەر ئەم ناکارامەیی و لاوازیی لە کارگێڕییە، وایکردووە کە کاتی خۆی زلهێزەکان لە مافی بە دەوڵەتبوون بە کورد، پەشیمان ببنەوە. 

 

 با زانکۆ هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی نەبێت، هەموو مێژوویەک دەکرێت لە کاتی سفرەوە دەستی پێ بکرێت. مێژوویەک بناغەکەی تۆکمە بێت با لە سفریشەوە دەست پێبکرێت،  باشترە لە مێژوویەک کە لەسەر واقعێکی لەرزۆک دروستکرابێت. 

 

تەسلیم بوون بە واقعێک کە خەڵکی پەپلیک دایبڕێژێت، هەرگیز لە لاپەڕەی مێژوودا، مەرەکەبی تێدا سەرف ناکرێت. ( ئەو مێژووە هەر ئاوارە دەبێت، بەدەستی دووژمن پارە پارە دەبێت). تەسلیم بوونی پێشەوای زانکۆکان بە واقیعێکی فشەڵ، خۆی دەبینێتەوە لە چوار ساڵ دەستەووسان، ترس لە قسەی خەڵک، و ڕازیکردنی دڵی خەڵک. لەبەرامبەریشدا، بەتاڵبوون لە زانست و مەعریفە، و دواجاریش نزمبوونەوەی ئاستی زانکۆ و هەرەسهێنانی.  

 

تەسلیم نەبوون بە واقیع، بەقەد ووزەی لێ بوونەوەی دوو ئەلیکترۆن، ووزەی دەوێت. فیزیاناسان پێمان دەڵێن لێک جیاکردنەوەی دوو ئەلیکترۆن، وزەیەکی بێپایانی دەوێت، بەڵام دەرەنجامەکەشی دەستکەوتێکی بێپایانی دەبێت، تیشکی لێوە بەرهەم دێت کە ئەمڕۆ بووە بە بنەمای ئامێری دەستنیشانکردنی نەخۆشی.  بەهەمان شێوەش، ئەم تەسلیم نەبوونە، ڕاستە وزەی دەوێت، بەڵام هەر سەرفکردنێکی وزە، ڕووناکی بەدوادا دێت. ئەم ڕووناکییە ڕوناکیەکی ئاسایی نابێت، بەڵکو ڕووناکییەک دەبێت، لە ڕووناکی لێکردنەوەی دوو ئەلیکترۆن بە نرخترە. 

 

پێشەوای زانکۆ ئەو کاتە کارامەیە کە ڕاگرێک یان سەرۆک بەشێک یان هەر دەستکەوتێکی کە لە سەرۆکی زانکۆکانی پێشوودا هاتبێتە دی، بەردەوامی پێ بدات، نەک بە هی خۆی نەزانێت و پشتگوێی بخات. 

 بەڵام پاش دانانی ڕاگرێکی تر لە سەر پێشنیاری سەرۆک، لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکار بوونی ڕاگری نوێ، هەوڵ بدرێت بۆ هێنانی ستاف و دابینکردنی بینا بۆ کۆلێج! ئەمە چ عەقڵیەتێکە، مەگەر عەشایەریی و لادێی نەبێت؟ ئەی بۆ لایەنە باش و بەوەفاکانی لادێ و خێڵ پیادە ناکەن؟ بۆچی تەنها چا خواردنەوە و دێوەخان دروستکردن بۆ ژوورە کارگێڕییەکان لە خێڵ و گوند بچێت؟! ئەی بۆچی هاریکاری و ڕاستگۆیی و پشتگرتنی یەکدی لە سیستەمی خێڵ نەچێت؟! هەر ژوورێک دەبینیت، ڕاستەوخۆ کۆپی دێوەخانی ئاغا و شێخت بیردەکەوێتەوە! 

 

سەرکەوتن بە تەسلیمبوون بە واقیع نایەتە دی، بەڵکو بە ئیرادەی بەهێز و بەکارهێنانی هێزی کارمەندی لێهاتوو و هاندان و پاداشتکردنیان دەبێت. کەواتە ئەو پەندەی کە پیرەمێرد سەد ساڵ لەمەوبەر گوتوویەتی، مەبەستی نە لە تەسلیمبوونە بە واقیع، وە نە سەردانەواندنە بۆ گشت کارمەندێکت وەک یەک، بەڵکو تەنها بۆ لێهاتووان و ئیشکەران و ماندوونەناسانە. ئەگەر شاعیر زیندووبا، هەر ئێستا یەک ئیمەیڵم بۆ دەنووسی: بەڕێز پیرەمێردی مەزن، پێشنیار دەکەم شیعرەکەت وا بێت:

بەخشندە ئەبێ ملکەچ کا لەڕاستی مووچەخۆری (کارامە) ی خۆی، سوراحێ سەر فرودێنی لەبۆ پێڵای (زێڕین) کە تێکا بۆی. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×