داهاتوی کۆرۆنا

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2020-08-07     623
زانای بڵاوبوونەوەی پەتاکان (Epidemiologists) کە پێشبینییەکانیان بە شێوازی کۆمپیوتەری( Modelling) و هاوشێوەکردن (Simulation) ە، پێمان دەڵێن کە تا بەهاری ٢٠٢١ نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن خەڵک لە جیھاندا تووشی کۆرانا دەبن و نزیکەی ٢ ملیۆن دەمرن.

پێشبینی کردنی داهاتووی پەتاکان پشت دەبەستێت بە وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە:

١- تا چەند مانگ، خەڵکی تووشبوو یان بەرکەوتوو، بەرگری لەشیان لە دژی پەتاکە، دەمێنێتەوە؟

٢-  تا چەند میکرۆبی پەتاکە بازدانی بۆماوەیی تێدا ڕوو دەدات و خۆی دەگۆڕێت؟

٣- تا چەند کەش و هەواو و وەرزەکان کاریگەری دەبێت لە سەر بڵاوبونەوەی میکرۆبەکە؟

٤- ئایا میکرۆبەکە خانەخوێی نوێ دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی تێیدا بمێنێتەوە، چ ئاژەڵان، پەلەوەر یان مێرووەکان، وەک هەڵگری بێ نیشانەی میکرۆبەکە؟ 

٥- ئایا ڤاکسینێکی وا بەرهەم دەهێنرێت کە لانیکەم ساڵێک مرۆڤ بپارێزێت لە میکرۆبە؟ 

٦- خۆپارێزی لە شوێنە داخراوەکان: ئایا قەرەباڵخی لە شوێنە داخراوەکان تا چەند وەک خۆی دەمێنێتەوە، لە سوپەرمارکێت و مۆڵ و کافتریا و پەرستگاکان؟ 

٧- شێوازی ژیان: ئایا خەڵکی خواردن و خەوتن و هەڵسوکەوتیان بە شێوازی سرووشتی ئاسایی دەکەنەوە؟

جگە لە خاڵی ٦ و ٧، وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە سەبارەت بە ڤایرۆسی پەتای کۆرۆنای نوێ تا ئێستا ڕوون نیە. دەرکەوت کە خۆپارێزیی لەشوێنە داخراوە قەرەباڵخەکاندا چەند گرنگە بۆ ڕێگرتن لە پەتای کۆرۆنا. ئاشکراشە کە هەڵسوکەتەکانی مرۆڤ چارەنووسی دیاری دەکات. 

 دووبارە تووشبوونەوە: نازانرێت ئەو کەسانەی کە چاکبوونەتەوە لە نەخۆشییەکە تا کەی جارێکی تر تووش نابنەوە! لە زۆربەی ئامۆزاکانی تری کۆرۆنادا، ئەم بەرگری لەشە تا ساڵێک دەخایەنێت. لە ڤایرۆسی کۆرۆنای سارسی یەکەم کە ساڵی ٢٠٠٣ بڵاوبوویەوە، بەرگری لەشی چاکبووەکان تا دوو ساڵ کەسەکان دەپارێزێت لە دووبارە تووشبوونەوە. 

کاریگەری وەرز لەسەر ڤایرۆسەکە: ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ جیاواز لە ڤایرۆسەکانی تر لە گشت وەرزەکان و کەشەکاندا بڵاوبۆتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە وەرزی داهاتوو کاریگەری نەبێت. دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت کە وەرزی زستان، وەرزی پەتاکانە، چی بەکتریا بێت یان ڤایرۆس، چ کۆرۆناکانی تر بێت یان ئەنفلۆنزاکانی مرۆڤ و بەراز و باڵندە. بۆیە وەرزی زستانی داهاتوو زۆر سەخت دەبێت، چونکە خەڵکی لە ترسی سەرما و سۆڵە لە شوێنە داخراوەکان دەبن. 

گۆڕینی بۆماوەیی ڤایرۆسەکە: تا ئێستا ڤایرۆسەکە بازدانی بۆماوەیی کەمی تێدا ڕوویداوە بەبەراورد بە ڤایرۆسی ئینفلوێنزا، بەڵام گۆڕانکاریی هەر لە چڵ و پۆپی ڤایرۆسەکە ڕوویداوە کە ڕەنگە ببێتە کێشە لەبەردەم بەرگری لەش و ڤاکسیندا. 

خانەخوێی ناوەندی: تا ئێستا نەک هەر نەزانراوە چ ئاژەڵێک، باڵندەیەک یان مێروویەک ڕۆڵی هەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵکو زاناکان تا ئێستا نازانن چۆن لە شەمشەمەکوێرەوە هاتۆتە ناو مرۆڤ؟ تا ئێستا خانەخوێی ناوەنجی نەدۆزراوەتەوە. تازە بە تازە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرقاڵی گەڕانە بەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە وڵاتی چین. 

پێکوتە یان ڤاکسین: ڤاکسینەکان جێگای هیوان، بە تایبەتی ڤاکسینەکەی مۆدێرنا و ئەسترازینسکا. ئەم ڤاکسینانە بەرگری لەش زۆر لەوە بەهێزتر دەکەن کە مرۆڤێک بە خەستی تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت و چاکبووبێتەوە. ئەگەر بتوانرێت ئەم ڤاکسینانە بگەنە گشت جیهان، و بەردەوام لە توێژینەوە بن، ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ دەبێت. 

بەڵام ڤاکسینیش تا ماوەیەک مرۆڤ دەپارێزێت. لەم حاڵەتەدا، نازانرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا تا چەند جیاواز دەبێت لە ڤایرۆسەکانی تر. بۆ نموونە ڤایرۆسی سورێژە یان شەلەلی منداڵان، ڤاکسین تا کۆتایی تەمەن مرۆڤ دەپارێزێت، کەچی ڤاکسینی ئینفلوەنزا تا ٦ مانگ بڕ ناکات! پێ دەچێت ڤاکسینی کۆرۆنا، نە وەک سورێژە هەتا هەتایی بێت، و نە وەک ئینفلوەنزاش کاتی بێت، ڕەنگە هاوشێوەی ڤاکسینی سارسی ئامۆزای، بۆ دەوروبەری دوو ساڵ مرۆڤ پارێزراو بکات. 

بەرگری بەکۆمەڵ: خەون بینین بە دروستبوونی بەرگری بەکۆمەڵ لە ڕێگەی ڤاکسینەوە، خەونێکی زانستیانەیە، چونکە توێژەری ڕاستەقینە لە تاقیگەی ڕاستەقینە، لە تاقیکردنەوەی هەڕەمەکی کۆنترۆڵکراو، ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ تاقی دەکەنەوە. 
 بەڵام خەون بینین بە بەرگری بەکۆمەڵی سروشتی، خەونێکی نەگونجاوە، چونکە دەبێت سێ چارەکی خەڵکی تووش بن و بەرگری لەشیشیان بۆ دروست ببێت، ئینجا ئەم خەونە نالۆجیکیە، بێ بەزەییە، نامرۆڤانەیە، بەرژەوەندخوازانەیە بێتە دی! بۆیە نالۆجیکیە، چونکە ناکرێت دەست شل بکرێت بۆ میکرۆبێکی نادیاری وەکو کۆرۆنا، کە کەس نازانێت کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر داهاتووی چاکبوان چۆن دەبێت! هەروەها  مەرجیش نیە هەموو کەسە تووشبووەکان بەرگرییان بۆ دروست بێت.   

دەرەنجام: وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی سەرەوە بە توێژینەوەی زانستی دەمانگەیەنێتە ئەنجامێک کە پێشبینی داهاتووی کۆرۆنا بکرێت. بە واتایەکی تر ماوەی بەرگری لەشی چاکبوو، وەرزی پەتاکان، خانەخوێ، ڤاکسین، شوێنی قەرەباڵخی داخراو، هەڵسوکەوت و شێوازی ژیان چارەنووسی کۆرۆنا دیاری دەکەن.


د.شێرکۆ نەریمان سوبحان
دکتۆرا- بەرگری لەش- زانکۆی گەرمیان
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×