دانانی سەرۆکی زانکۆ 

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2024-03-11     239

وەزارەتی خویندنی باڵا هەر چوار ساڵ جارێک بە فیلتەری لایەنە سیاسییەکان و سی ڤی و لیژنەیەک لە وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت، سەرۆکی زانکۆکان دەستنیشان دەکەن. دەکرێت هەریەک لەو سێ فیلتەرە (سیڤی و سیاسی و لیژنە) تاوتوێ بکەین، کە ئایا تا چەند ڕۆڵی دەبێت لە دانانی سەرۆکی زانکۆ کە ببێتە هۆی پێشکەوتن و باش بەڕێوەبردنی زانکۆ و دواجار خزمەتی خەڵک. ئەوەی پەیوەندی بە سیڤییەوە هەبێت، چەند خاڵێکە کە بریتین لە هەبوونی بڕوانامەی دکتۆرا و پرۆفیسۆری یاریدەدەر و زانینی زمانی ئینگلیزیی و کۆمپیوتەر و توێژینەوە و کارنامەی کاندیدی سەرۆکی زانکۆی داهاتوو. 

ئەوەی پەیوەندی بە فیلتەری لایەنی سیاسییەوە هەبێت، لایەنە سیاسییەکان پرس بە نوێنەر و کەسایەتی خۆیان دەکەن لەو شارەی سەرۆکی زانکۆی تێدا کاندید دەکرێت، ئەم نوێنەر و کەسایەتیانە کەسانی خراپ نین، کەسانی کۆمەڵایەتین، هەر ئەوەندەشی لێ دەزانن، چونکە کەسیان توانای هەڵسەنگاندنی لێهاتوویی و بڕوانامەی و لایەنی زانستیی و ئەکادیمی سەرۆک زانکۆی لە فیلتەر دراو نین. بە بڕوای من حەق نیە حیزب بیانخاتە بەردەم هەڵوێستی هەڵبژاردنی سەرۆکی زانکۆوە، چونکە ئەوان ناتوانن لایەنگر نەبن لە سەر بنەمای خزمایەتی و هاوڕێیەتی و ئینتیمای باڵباڵێنەوە. لەبەرئەوە دواجار هەم کەسی پاڵێوراو سەرکەوو نابێت، هەم نوێنەری حیزبەکەش تووشی مەوقیفی ئیحراجی دەبێت کە پاش چوار ساڵ، زانکۆ لە شوێنی خۆی پێش نەکەوتووە، کە ئەمەش وا دەکات حیزب زیانی ستراتیجی بەربکەوێت و لەپێش چاوی خەڵکیش بکەوێت. 

ئەوەی پەیوەندی بە فیلتەری لیژنەی ناو وەزارەتەوە هەبێت، ئایا چۆن دەکرێت کە لیژنەیەک بتوانێت بەرپرسی زانکۆیەک هەڵبژێرێت کە خۆی پلەکەی لەو بەرزتر نەبێت؟! لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ناو وەزارەت، هەرهەموویان کەسانی لێهاتوو و بەڕێزن. بەڵام ئەمە پەیوەندی بە پلەوە هەیە، پێویستە ڕێز لە پلەکان بگیردرێن. پلەی سەرۆکی زانکۆ ئاستی وەکیل وەزیرە، چۆن دەکرێت بەڕێوەبەری گشتییەک بتوانێت وەکیل وەزیرێک هەڵبژێرێت؟! بە بڕوای من پێویستە لیژنەکە لە وەکیل وەزیر یان وەزیرەکانی پێشووتر بێت کە ئەوان لە ناو کێشەکانی ساڵانی رابردوو ژیاون.

بە بڕوای من بەرەوە پێشچوونی زانکۆ بە هیچ کام لەو فیلتەرانەی تا ئێستا دانراون بۆ پاڵاوتنی سەرۆکی زانکۆکان، ڕۆڵی نەبووە لە بەرەو پێشبردنی زانکۆکان. ئەمە پێویست بە بەڵگە ناکات، تا ئێستا هیچ زانکۆیەک، بە زانکۆکانی دایکیشەوە، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی زانکۆیەکی مۆدێرن کە ناوچەگەرێتی و خزمخزمێنە و حزب حزبێنەی تێدا نەبێت و داهێنانی جیهانی تێدا بێت. زانکۆکان، بێ جیاکاریی، کۆمەڵێک کێشەی بونیادیی و ئاڵۆزیی ئیدارەدان و خێڵەکی تێدایە کە بەم شێوە هەرگیز ناتوانێت کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکات. زانکۆ پێویستە سەربەست و ئەکادیمی و زانستی بێت بۆ ئەوەی کێشەی خەڵک و ووڵات چارەسەر بکات. لە هەڵبژاردنی سەرۆکی زانکۆدا، ناکرێت لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی و ناوچەگەرێتی و ڕەگەزپەرستی بێت. ڕێک بە پێچەوانەوە، دامەزراوەی ئەکادیمی، پێویستە سنوردار بێت لە ڕووی پەیوەندی کەسێتیەوە لەگەڵ خەڵک. دواتر زانکۆ دەتوانێت بە بەرگێکی مۆدێرن و ئەکادیمی و زانستی کێشەی خەڵک چارەسەر بکات. ئەو بۆچوونە هەڵەیە کە پێویستە سەرۆکی زانکۆ خەڵکی شارەکە بێت، ئەمە ئەوپەڕی ئاستی نزمی کەلتورە لە دنیای مۆدێرندا کە زانکۆ یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی. 

پێویستە لایەنە سیاسییەکان، سەرۆکی زانکۆکان تەنها لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی و سیاسی و سیڤییەوە هەڵنەبژێرن، بەڵکو لەلایەنەکانی تر بکۆڵنەوە کە پێویستە لە کەسایەتیی سەرکردەدا هەبێت و ناپێورێن، وەک دڵسۆزیی، لەخواترسی، ماندوونەناسی، نەفسبەرزیی، سەر دا نە نواندن بۆ پارە، حیساب نەکردن بۆ ڕەگەزپەرستی و ناوچەگەرێتی. کەسانێک کاندیدی سەرۆکی زانکۆ بن کە خودسەنتەر و سیفاتی نێرگسیان تێدا نەبێت و هەموو شتێک لە خۆیان و بۆخۆیان نەبینن و ئەوانی تر وەک کۆیلەی مۆدێرن تەماشا نەکەن. پێویستە ئەو کەسەی دەبێت بە سەرۆکی زانکۆ باوەش بکات بە یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتدا، ئەگینا دوای چوار ساڵ لە دادگا خۆی دەبینێتەوە. دەرکەوت ئەم وڵاتە تەنها بە قانون کۆنترۆڵ دەکرێت. بۆ ئەو کەسانەی کە بڕوایان بەمە نیە، ئێستا هەمووان چاوەڕێی ئیمزای خاتوونێکی پابەندی قانونین کە مووچەکەمان بۆ بنێرێت!

وا باشترە حیزب خۆی بە دوای کەسانی شیاو، لێهاتوو، ئەکادیمی، لەخواترس، پابەند بە قانون، چاونەترس، سەربەست، دڵسۆز، ئیشکەر، مەدەنی و خۆنەویستدا بگەڕێت. ئەگەرنا دواجار حیزب و خەڵک و سەرۆکی زانکۆی بە فیلتەردراو خۆیشی زیانی پێدەگات.

 

نوسەری ئەم بابەتە ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیانە 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×