کێشەی تاقیگەکانی کوردستان 

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2024-01-05     247

پرۆفیسۆری یاریدەدەرو دکتۆرا لەبەرگری لەش و ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان 

 

زۆرینەی تێستەکان (پشکنینەکان) ی تاقیگەکان لەسەر بنەمای زانستی شلەی خوێن (Serology ) ئەنجام دەدرێن، کە بەشێکی زۆر گرنگە لە پسپۆری بەرگری لەش. ئەم زانستەش پشت دەبەستێت بە کارلێکی دژەتەن (Antibody ) لەگەڵ دژەپەیداکەر (Antigen ). 

ئەم تێستانە بەکاردێن بۆ دەست نیشانکردن و دیاریکردنی بری میکرۆبەکان (بەتایبەتی بەکتریا و ڤایرۆسەکان) و پرۆتینەکان و هۆرمۆنەکان، چونکە ئەمانە پێک دێن لە دژە پەیداکەر (ئەنتیجین). لێرەدا تەکنیککاری تاقیگەیی پێویستە بواری پسپۆرییەکەی لە بەرگریی لەش (Immunology ) بێت. چونکە پرەنسیپی تێستەکان وا کار دەکەن، ئەگەر کەسێک پسپۆرییەکەی ئەوە نەبێت، بە دڵنیاییەوە هەر دەکەوێتە هەڵەی کوشندە (Fatal mistake ) ەوە.

 

ئیتر پسپۆریی بۆچی گرنگە؟ ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە کەس لەو پسپۆرییە تێناگات و لێی نازانێت، بەڵکو گرنگی پسپۆریی لەوەدایە کە کەسی پسپۆر لەگەڵ پسپۆرییەکەی خۆیدا ژیاوە و دەژێت و خۆی و ژیانی بۆ تەرخان کردووە. کەسانی تریش لەگەڵ پسپۆرییەکەی خۆیان ژیاون و دەژین. بۆ نموونە کەسێک پسپۆریی مایکرۆبایۆلۆجی بێت، خۆی تەرخان دەکاتەوە بۆ ئەوە، بەڵام ناتوانێت و کاتی ئەوەی نیە خۆی تەرخان بکاتەوە بۆ زانستی شلەی خوێن (سیرۆلۆجی). چونکە سیرۆلۆجی گاڵتە نیە، یەک هەڵەی بچووک کارەساتێکی بەدوادا دێت! لەبەر ئەوە لە زانستی سیرۆلۆجیدا، پۆزەتیڤی درۆینە (False positive ) و نێگەتیڤی درۆینە (False negative ) هەیە، بە جۆرێک کە دەشێت بەگوێرەی تێستەکە، کەسەکە تووشی میکرۆبێک بێت یان هۆرمۆنێک یان پرۆتینێکی پۆزەتیڤ بێت، کەچی خۆی لە ئەسڵدا نێگەتیڤ بێت، یان بە پێچەوانەوە!

 

ئەم پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی درۆینە بۆچی ڕوودەدات؟ هەندێک جار لە هەڵەی تەکنیککاری ناپسپۆرەوە ڕوودەدات، هەندێک جاریش هەر ڕوو دەدات، چونکە دواجار پرۆتینەکان و میکرۆبەکان و هۆرمۆنەکان هاوشێوەی زۆریان تێدایە، کە وا دەکات پارچەکانیان لەیەک بچن یان لە بەشێکی لەشی مرۆڤ بچن. هەروەک لە پێشدا باسکرا، کە تێستەکە لەسەر بنەمای کارلێکی نێوان ئەنتی بەدی و ئەنتیجین کار دەکات. بۆ نموونە ڕەنگە ئەنتیجین (پارچەیەک لەلەشی) ڤایرۆسی ئایدز لە ئەنتیجینێک بچێت کە لەلەشی کەسێک یان میکرۆبێک یان پرۆتینێکی تر بچێت، بۆیە ڕەنگە کەسێک بە پۆزەتیڤی درۆینە ئایدزی هەبێت و تێستەکە بە درۆوە دەڵێت کەسەکە ئایدزی هەیە! بەڵام لە راستیدا ئایدزیشی نیە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایە کە ئەنتی بەدی تێستەکەی دروستکردووە،  ئەنتی بۆدییەکە کارلێک دەکات لەگەڵ پرۆتینی تر کە هاوشێوەی ئەنتیجینی ئایدزە و لە لەشی هەندێک کەسدا هەیە. واتا تێستەکە لێی تێک دەچێت. سەدان ئەگەری تر لەم شێوەیە هەیە کە ئەگەر تەکنیککار هەڵەش نەکات، ئەم پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی درۆینە هەر ڕوودەدات لە هەندێک حاڵەتدا. 

 

دۆزینەی ئەم هەڵانەش بە هەماهەنگی نێوان پسپۆری بەرگری لەش و پزیشکی پسپۆڕ دەدۆزرێتەوە. بەڕاستی بەرپرسیارێتی و جورئەتی دەوێت کە پسپۆرییەکەت بەرگری لەش نەبێت و کاری سیرۆلۆجی بکەیت. دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە مانای ئەوە نیە کەس لەم کارە نازانێت، بەڵکو گرنگیی پسپۆری لەوەدایە کە خۆت تەرخان دەکەیتەوە بۆ پسپۆرییەکەت و لەناویدا دەژیت. لە تاقیگەدا، زیرەکی ئەوە نیە کە تۆ پرۆتۆکۆڵی کۆمپانیاکە وەک خۆی جێبەجێ بکەیت، ئازایی ئەوەیە لەگەڵ پشکنین و ئامێرەکاندا بژیت. پێویستە بەدواداچوونی زانستی بکەیت بۆ ئەو ئەنتیجین و ئەنتی بۆدیانەی کە کۆمپانیاکان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان دروستی دەکەن. پێویستە پزیشکانیش بە کۆنکرێتی پشت نەبەستن بە پشکنینەکان، چونکە دواجار تەکنیککار مرۆڤە و مرۆڤیش هەڵە دەکات، تاقیگەکانیش پسپۆری تێدا نیە. بۆیە هەر پشکنینێک کە جێگای گومان بوو و لەگەڵ نیشانە و مێژووی کەیسەکەدا یەکی نەگرتەوە، ئەوا ئەرکی پزیشکە بەدواداچوون بکات، بۆ ئەوەی بزانرێت هەڵەکە لە کوێدایە؟ ئایا لە تێستی کۆمپانیایەکەیە؟ هەڵەی کوشندەی تەکنیککارەکەیە؟ یان پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی درۆینەیە؟

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×