ئاستی زانکۆکان

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2023-09-03     360

وەکو زانکۆ نابێت دڵ بەوە خۆش بکەین کە ئاستی زانکۆ لە سایتی وێبمەتریک، لە ئەوەندە هەزارەوە بۆتە ئەوەندە هەزار، بەڕاستی هەر شایانی ئەوە نیە کە ژمارەکە بزانرێت، چونکە پێوەرەکانی وێبمەتریک لە چاو ئەوانەی کیو ئێس و شەنگەهای و تایمس هایەر ئیچوکەیشن، کاریگەر نین. 

 

وێب مەتریک وێبسایتێکە بە حیساب ئاستی زانکۆکانی جیهان دیاری دەکات. پێوەرەکانی وێبمتریک بەزۆری پشت دەبەستێت سایتەشن (بەکارهێنانی توێژینەوە لە لایەن توێژەرانی تر)، هەروەها بوونی لینکی زانستی بە وێبسایتی زانکۆکانەوە. واتە تەنها توێژەران دەبێت شانازی بە وێبمەتریکەوە بکەن، نەک سەرۆکی زانکۆکان. 

هەر سەرۆک زانکۆیەک توانی هاندانی توێژینەوە یەکسەر دوای بڵاوبوونەوەی توێژینەوە خەرج بکات، ئەوە تا ڕادەیەک ئەرکی خۆی جێ بەجێ کردووە، دەتوانێت شانازی بکات کە کەمتەرخەمی نەکردووە. بەڵام سەرۆک زانکۆیەک دوای ساڵێک یان دوو ساڵ پارەی توێژینەوەی توێژەرانی خەرج بکات و بایەخ بدات بە دروستکردنی دیوار و گەشت کردن، بە بڕوای من مافی ئەوەی نیە شانازی بە وێبمەتریکەوە بکات. خۆ لە وێبمەتریک باسی پەرژین و گەڕان و وێنەگرتن و کۆبوونەوە و ۆرکشۆپ و کۆنفرانسی بێ بەرهەم ناکات، تا ببێتە بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆ.

 

توێژینەوەکانی مامۆستایانی کۆلێجی پزیشکی و زانستی بایۆلۆجی و کیمیا و ئەندازیاری و فیزیا ئاستی زانکۆیان بەرزکردۆتەوە، کە ئەم توێژینەوانەش شایانی ڕەخنەن، چونکە بێ پلان و بێ ئامانجن، چونکە سەرۆکی زانکۆکان ناتوانن پێکەوە پلان دابنێن بۆ دروست کردنی گرانت (پارەی توێژینەوەی پێشوەخت)، گرانتەکانیش لەسەر بناغەی پلانی ستراتیجی زانکۆ بێت بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە. کاتێک پێشنیارێکی ئاوا دەدرێت بە گوێیاندا، ئەوان بە خەونی لەقەڵەم دەدەن! بێ ئاگا لەوەی کە هەر خەونە و دەبێتە ڕاستی! 

 

کیو ئێس و تایمس و شەنگەهای تەنها لەسەر بنەمای سایتەیشن و وێبسایت نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای تری حەقیقی و زاستییە، بۆ نموونە داهێنانی زانستی، توێژینەوە، فێرکرن، کاریگەریی زانکۆ لەسەر کۆمەڵگە، ڕێژەی مامۆستا بۆ خوێندکار، ژمارەی خوێندکاری نێودەوڵەتی، و گرانتی توێژینەوە. 

 

بەگوێرەی پێوەرەکانی وەزارەت، ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی زانکۆ پێویستە زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر بزانێت و خزمەتی زانکۆیی و کارگێڕیی و پلانی لە هەمووان زیاتر بێت، کەچی پێچەوانەکەی ڕاستە! 

بۆیە حەق نیە ئیتر سەرۆکی زانکۆکان باسی وێبمەتریک و ڕانکی زانکۆکان بکەن، وە هەروەها پێویستە سەرۆکی زانکۆکان لە گشت ڕووەکانەوە لە هەموان باشتر بن، بەتایبەت پێوەرەکانی وەزارەت بۆ کاندیدی سەرۆک زانکۆکان و پێوەرەکانی ڕانکینگی وەزارەت بۆ دیاریکردنی ئاستی زانکۆکان.

 

سەرەڕای ئەمانە، ئەوەی کە وەزارەت ئەنجامی دەدات دەکرێت پەرەی پێ بدرێت و سێ ساڵ جارێک پێداچوونەوە بۆ پێوەرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک زانکۆکان و ئاستی زانکۆکان بکرێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×