کێشەکانی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2023-10-07     335

بە بێ زانینی مێژووی کۆلێجەکە و کارو چالاکیەکانی، دەکرێت لێدوانی چەواشەکاریی، ڕای گشتی بەلارێدا ببات. وەک ئەوەی لەسەرەتای دروستبوونی کۆلێجەوە لە ناو کۆلێجە خزمەتم کردووە، لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم کۆلێجەکە بناسێنم، تاکو بتوانم کێشەکانی بخەمە ڕوو.

بە خوێندنەوەی ئەم بابەت دەردەکەوێت، بەو شێوەیە نیە کە کەسانێک لە دەرەوەی گەرمیان و زانکۆکانی تر، دەرچوانی داهاتووی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان بە مەترسی دابنێن، بەڵکو باشترە ئەو کەسانە هاوکارمان بن، هەروەها خەریکی خۆیان و بەرزکردنەوەی ئاستی دەرچوانی خۆیان بن! ئێمە ڕۆژانە ئەو کەسانە و پزیشکە دەرچووەکانی ژێردەستیان وەک پزیشکی نیشتەجێ دەبینین کە له ئاستی خوێندکارانی قۆناغی سێیەمی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان نین!

ئەگەر خوانەخواست دەرچوانی ئێمە لێهاتوو نەبن، هۆکارەکەی ئەوە نیە کە لە کۆی دوانزە وانە، چوار وانەیان خوێندبێت! هۆکارەکەی ئەوە نیە کە جیاوازی لە نێوان خوێندکاران بکەین! هۆکارەکەی ئەوە نیە تاقیکردنەوەی ئۆسکی بە چێک لیست نەکەین و بە میزاج نمرە دابنێین. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێمە ٢٠٠ مامۆستامان نیە! سەرەڕای نەبوونی نەخۆشخانەی فێرکاری، خوێندکارانی ئێمە لە نەخۆشخانەکانی کەلار، بە هەوڵی مامۆستایانی کۆلێج و پزیشکەکانی تەندروستی گەرمیان، کەیسی نەخۆش بە شێوەی سیسمینار پێکەش دەکەن و تاوتوێیی دەکەن! واتا گەرمیانی واتەنی: خوێندکارانی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، (نانی خۆیان لەبان بەرد پەیدا دەکەن!) لەوە ناخۆشتر نیە کێشەت هەبێت، بەڵام کەسانی تر لە جیاتی هاوکاریت بکەن، بەرببەننە گیانت و هەستت بریندار بکەن! ئێمەش مافی خۆمانە ڕاستی بخەینە ڕوو.

بە پێچەوانەشەوە، لەناو زانکۆی گەرمیان وا چەواشەکاری دەکرا کە کۆلێجی پزیشکی له داهاتی زانکۆ کاری زۆر بۆ کراوە. بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە کۆلێجی پزیشکی لەسەر داهاتی زانکۆی گەرمیان، ئەوەندە پارەی کەم بۆ خەرج کراوە، شایەنی باس نیە. پارەکان لەسەر بودجەی وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵاوە خەرج کراوە، نەک داهاتی سەرۆکایەتی زانکۆ. وا بە گوێی خەڵکدا دەهێنرا کە کۆلێجی پزیشکی نەخۆشخانەی فێرکاری هەیە، بەڵام ڕاستیەکەی مامۆستایانی کۆلێج و پزیشکانی تەندروستی کەشێکی وایان دروست کردووە کە خوێندکاران وا هەست بکەن لە نەخۆشخانەی فێرکارین. ئێمە لە کۆلێج پشتگیری خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەو چالاکییەکانی فێرکردنی پزیشکی بەردەوام لە ناو نەخۆشخانەکانی گەرمیان، وەک سەرەتایەک بۆ بە فێرکاریکردنی نەخۆشخانەکان. بەڵام لەڕووی فەرمیەوە، نەخۆشخانەی فێرکاری لە گەرمیان وجودی نیە، بەڵکو سەنتەری لاوەکی هەیە کە لقێکە له دەستەی بۆردی کوردستانی. ئەگەر وایە، پێمان خۆشە، با تەندروستی گەرمیان لەوحەی نەخۆشخانەکان بگۆڕێت بۆ فێرکاری. سەرەڕای هەموو شت، هەمەئاهەنگی باش هەیە لە نێوان مامۆستایانی کۆلێج و پزیشکانی تەندروستی گەرمیان بۆ وانە کلینیکیەکان و تاقیکردنەوەی ئۆسکی کلینیکی. بەڵکو خوێندکاران و مامۆستایانمان کێشەیان لەگەڵ ئیدارەی تەندروستی گەرمیان هەیە، کە کارمەندی تەندروستی سوکایەتی و تەشقەڵە و ڕێگرییان لێ دەکەن لەناو نەخۆشخانەکان. ڕێگا ڕاستەکە ئەوەیە کە هەموو نەخۆشخانەیەک دەبێت وەک قوتابخانە وا بێت، خوێندکار و پەرستار و پزیشکی نیشتەجێ و نیشتەجێی خولاو و فیلۆشیپ و پرۆفیسۆری تێدا بێت! بەشەکانی نەشتەرگەری و مناڵان و ژنان و هەناوی، فێرکردنی پزیشکی بەردەوامی تێدا بێت، کە خستنەڕووی کەیسی نەخۆشەکان و کۆبوونەوەی پۆست کۆڵ و هۆکاری مردووان، لە نێوان خوێندکار و مامۆستاکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئایا پێش دامەزراندنی کۆلێج ئەمە هەبوو؟

کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان و زاخۆ لە ساڵی ٢٠١٨ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم دامەزرا. هەر لەدەستپێکدا، نە بینا، نە نەخۆشخانەی فێرکاری، نە پزیشکی پسپۆر، نە تاقیگەی پزیشکی نەبوو. لە قاتی دووی بینای کۆلێجی زانست، ژوورێک درا بە ڕاگر و یاریدەدەری ڕاگر و سێ ژووریش بۆ چوار فەرمانبەری کاگێڕی و خۆیەتی و ژمێریاری و گەنجینە، دواتر سێ ژوور بۆ هۆڵی خوێندن و گرووپکردن و کتێبخانە و کۆمپیوتەر. ئەوکات د.سیروان محمد امین ڕاگر بوو، منیش یاریدەدەری ڕاگر. بیرم دێت خۆمان ژوورەکانمان پاک کردووە، تۆز لێی نیشتبوون. واتە ئێمە بە گسک دەستمان پێکرد!

هەمان ساڵ، بە،سوپاس و پێزانینەوە، بەشداری کۆنفرانس و چەند خولێکی فێرکردنی پزیشکیمان کرد لە زانکۆکانی سلێمانی و دهۆک، بەمەبەستی ئاشنابوون لە سیستەمی نوێی پزیشکی، کە پێی دەوترێت سیستەمی ئینتیگرەیشن (تێکهەڵکێش)، واتە پرینسپڵی بابەتە کلینیکی و زانستە بنچینەییەکان تێکهەڵکێش دەکرێن و لەسەر بنەمای چارەسەری کێشەی نەخۆش پرۆگرامی خوێندن دادەنرێت. ئەمەش جیاواز لە سیستەمی کۆنی پزیشکی کە بابەتە بنچینەییەکانی وەک بایۆلۆجی و کیمیا و فسیۆلۆجیا و بەرگری لەش ... هتد، لە قۆناغەکانی سێ ساڵی یەکەم دەخوێنرا، دواتر بابەتە کلینیکیەکانیش بەتەنها. بەڵام لە سیستەمی تێکهەڵکێش، وانەکان بە تێکەڵ و سیستەم بە سیستەمی لەش دەخوێنرێت، بۆ نموونە سیستەمی هەناسەدان، سوڕانی خوێن، زاوزێ، میزەڕۆ.... هتد. تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکانیش بە تێکهەڵکێش دەکرێن، واتا هەموو وانەکان لەیەک کاتدا تاقیکردنەوە دەکەن، بە دوو پاکێجی جیا، پرسیاری وەڵام کورت و هەڵبژاردن. ئەم سیستەمە سیستەمێکی بریتانیە، زانکۆی دهۆک لەڕێگەی زانکۆی کوفەوە، پرۆگرامەکانی لە زانکۆی لیستەری بریتانی هێنایە ناو عێراق و کوردستانەوە، چونکە تا ٢٠٢٤ پێویستە گشت زانکۆکانی جیهان ئەم سیستەمە نوێیە پەیڕەو بکەن، ئەگینا ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دانی پێدا نانێن. ئەوە بوو زانکۆکانی دهۆک و سلێمانی و زاخۆ و گەرمیان دەستیان کرد بە پەیڕەوکردنی. زانکۆی کۆیە نەهاتە ناو سیستەمەکەوە، وە زانکۆی هەولێری پزیشکیش بەشێوەیەکی بەشی (جزئی) هاتە ناوی.  ئێستا ئەمانیش وردە وردە چوونەتە ناو سیستەمەکەوە.

هەر ئەو ساڵەی خوێندن (٢٠١٨-٢٠١٩)، سی و چار (٣٤) خوێندکار لە کۆلێج وەرگیران. لە وەرزی یەکەمدا (کە سیستەمی تێکهەڵکێش نیە) چەند مامۆستایەک لە بەشەکانی بایۆلۆجی و کیمیا و ئینگلیزی و کۆمپیوتەر و کوردی سەربە کۆلێجەکانی پەروەردە و زانست، وانەکانی زانستە بنچینەییە پزیشکییەکانیان ووتەوە. تاقیگەکانی بەشی بایۆلۆجی بەکارهێنران بۆ چەند وانەیەکی پراکتیکی. چەند پزیشکێکی پسپۆری خۆبەخشی دڵسۆز لە تەندروستی گەرمیانەوە، وانە پزیشکیە بەراییەکانی وەک زارەوەی پزیشکییان ووتەوە.

لە وەرزی دووەمی هەمان ساڵی خوێندن، سیستەمی تێکهەڵکێش پەیڕەوکرا. وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕی ٦٨ ملیۆن دیناری خەرج کرد بۆ دابینکردنی ژووری بە گرووپ خوێندن، بۆردی داتاشۆی زیرەک، کتێبخانە، هۆڵی کۆمپیوتەر. وەزارەتی دارایی بڕی ١٣٤ ملیۆنی خەرج کرد بۆ ئامێری دیجیتاڵی توێکاری لەشی مرۆڤ و مۆدێڵی پلاستیکی لەش، کە لە جیهاندا بۆ شێوازی فێرکردنی پزیشکی بەکاردێت. حەوت (٧) پزیشکی پسپۆر لە تەندروستی گەرمیانەوە، ڕاژەکانیان گواسترایەوە بۆ کۆلێج، لە هەمان کاتیشکدا هەمان دەوامی ئێشکگری و ڕاوێژکاری و نەشتەرگرییان بۆ نەخۆشخانەکانی تەندروستی گەرمیان بە خۆبەخش دەکرد.

ساڵی یەکەم و نیوەی ساڵی دووەم، بە شاهیدی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی کوفە بە باشترین شێوە بەڕێوەچوو. چونکە ئەوانمان بانگهێشت کرد، ۆرکشۆپێکی سێ ڕۆژی تێر و تەسەلمان ئەنجامدا، یاداشتی لێک تێگەشتن کرا، زۆر هاوکارمان بوون. پرۆگرامی سیستەمی تێکهەڵکێشی شەش ساڵی خوێندنیان دا پێمان، مامۆستایانی ئێمەش سەردانی کوفەیان کرد.

ساڵی ٢٠٢٠ سەرۆکی زانکۆ گۆڕدرا. ڤایرۆسی کۆرۆناش هات. کامپی زانکۆکان داخران، بە بڕیاری وەزارەت، خوێندن بووبە ئۆنلاین. ئێمە ئەو ساڵە کەمترین کێشەمان هەبوو، چونکە پێشتر هەر بە گوگڵ کڵاسڕووم وانەکان دەنێردران بۆ خوێندکاران. مامۆستاکان شارەزای ئۆنلاین بوووبوون، خوێندکاران و مامۆستایان هەموویان پێش کۆرۆنا، ئیمەیڵ و گوگڵ کڵاسڕوومی ئۆنلاینیان هەبوو. دەتووت دەمانزانی کۆرۆنا دێت! بە هاوکاری سەرۆکایەتی زانکۆ و خێرخوازان، لەگەڵ د.سیروانی ڕاگر و چەند هاوڕێیەکی تر لە بەشی بایۆلۆجی تاقیگەی کۆرۆنامان دامەزراند. دواتر ئەم تاقیگە لەکار کەوت!

لە کۆتایی ساڵی دووەمی خوێندن (٢٠١٩-٢٠٢٠)، هەردووکمان وازمان لە کۆلێج هێنا، چونکە پێمان وابوو کۆلێجی پزیشکی وا خەریکە پشتگوێ دەخرێت. سەرۆکایەتی زانکۆ بە بیانووی کۆرۆنا هیچی نەکرد بۆ کۆلێج. خۆمان تەرخانکرد بۆ توێژینەوە. دە (١٠) توێژینەوەمان لە سەر جیناتی کۆرۆنا و جیناتی مرۆڤ لە گۆڤارە جیهانییەکان بڵاوکردەوە.

ساڵەکانی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و (٢٠٢١-٢٠٢٢) ، د.سامان محمدامین و د.دیار اکبر، بە پێشنیاری ئێمە بوون بە ڕاگر و یاریدەدەری ڕاگر. کاری زۆر باشیان کرد. ئێمەش بە وانە ووتنەوە و لیژنەی تاقیکردنەوەکان هاوکارییان بووین. بینای کۆلێج گوستراوە بۆ بینای باڵەخانەی تاقیگەکان کە بە پارەی پترۆدۆلار دروست کرابوو. لەڕووی ژوور و بینا و مێز و کورسی و فەرمانبەر کۆلێج بووژایەوە. ڕۆبۆتی ئەلێکس لەسەر داهاتی وەزارەتی دارایی کڕا. لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا، ٨ پزیشکی تر گواسترانەوە بۆ کۆلێج.

ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ گەڕاینەوە بۆ کۆلێجی پزیشکی، من کرام بە سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەکان، د.سیروانیش کرا بە سەرپەرشتیاری تاقیگەی کۆرۆنا. د.سامان بەهۆکاری نەخۆشی، دەستی لەکار کێشایەوە، بە تەکلیف من کرام بە ڕاگر لە ٣١/٨/٢٠٢٢.

ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣، سەخت ترین ساڵ بوو، چونکە نە گواستنەوە بۆ پزیشک کرا، نە هیچ خەرج کرا بۆ پێداویستیەکانی کۆلێج کە داواکرابوون، وەک تاقیگەی پزیشکی و باخچە. ئەمساڵی خوێندن گشت مامۆستاکانمان لە وەرزی هاوین بە تەکلیفی جەنابی وەزیر دەواممان کرد بۆ ئەوەی خوێندن پەکی نەکەوێت، بەڕێز سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئامادە نەبوو بە تەکلیفی یاسایی دەوام بکەین.

واجبە لەسەرم هەوڵی گشت مامۆستایان و فەرمانبەران و ئارامی خوێندکاران بیری هەمووان بخەمەوە، بە تایبەتیش لیژنەی زانستی و لیژنەی تاقیکردنەوەکانی کۆلێج. مەگەر خوا بزانێت هەمووان چەند ماندوو و دڵپاک و بە سەبر بوون.

شایانی باسە لەماوەی ڕابردوودا، هەموو ساڵێک داواکاری کەمی مامۆستا و نەبوونی تاقیگەی پزیشکی و نەخۆشخانەی فێرکاری، نەبونی پەیکەری کارگێڕیی، و خەرج نەکردنی داهاتی کۆلێج بۆ کۆلێج، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان کراوە. تا ساتی نووسینی ئەم بابەت هیچیان چارەسەر نەکراون. لیژنەی زانستی کۆلێج، نۆ کۆنووسی ناردووە بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ کە تێیدا ئەو کێشانەی باسکردووە و چارەسەری بۆ داناون. پرۆژەی نەخۆشخانەی فێرکاری و تاقیگەی پزیشکی خستۆتە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆ. لە نەخۆشخانەکانی تەندروستی گەرمیان سوکایەتی بە مامۆستاکان و خوێندکارانمان کراوە.

ئێمە پێمان وایە سەرۆکایەتی زانکۆ بەرپرسیارێتی گەورەی بەردەکەوێت، بە تایبەت بەڕێز سەرۆکی زانکۆ. هەر بۆیە ئێمە ئەم کێشانەمان ناردووە بۆ وەزارەت و لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و بڕیار دەدات کێ هاوکار نەبووە! کێ کەمتەرخەم بووە لە چارەسەرنەکردنی کێشەکان!

لە ئێستادا پێشنیاری هەنووکەیی و ستراتیجی دەکەین بۆ کۆلێجەکە:

یەکەم: پلانی هەنووکەیی:

١- گواستنەوەی ڕاژەی ١٤ پزیشکی پسپۆر: کە پێشتر دوامان کردوون و بە دوو نوسراو لە ئەنجومەنی وەزیرانی حوکمەتی هەرێمی کوردستانن، بە زووترین کات لە ماوەی یەک هەفتەدا هەوڵی بۆ بدرێت.

٢- بە فێرکاریکردنی نەخۆشخانەکانی گەرمیان: بە زوترین کات لە ماوەی هەفتەیەکدا هەوڵ بدرێت نەخۆشخانەکانی سنوری گەرمیان، بە بڕیار و فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی خوێندنی باڵ و توێژینەوەی زانستی، بکرێت بە نەخۆشخانەی فێرکاریی، بۆ ئەوەی خوێندکارانمان وانە پراکتیکییەکانیان تێدا بخوێنن.

٣- تاقیگەی پزیشكی: ئەم تاقیگەیە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕەزامەندی لەسەرداوە و پارەکەی کراوە بە چێک، داوا لە بانک بکرێت کە بو زوترین کات لە ماوەی هەفتەیەکدا خەرج بکرێت.

٤- گواستنەوە (بە شێوەی میوانداریی) ی خوێندکارانی قۆناغی چوارەم و پێنجەم و شەشەم: بۆ ئەو وانانەی کە مامۆستایان نیە، بۆ ماوەی دوو مانگ، بۆ کۆلێجی پزیشكی زانکۆی سلێمانی. ئەگەر پرۆگرامی خوێندنی هەردوولا هاوتەریب و هاوتا بن، وە لارییان نەبێت و هەمووان ڕەزامەند بن.

٥- خەرجکردنی داهاتی کۆلێج بۆ کۆلێج.

دووەم: پلانی ستراتیژی:

١- کردنەوەی گوستنەوەی ڕاژە: داوا بکرێت لە ئەنجوومەنی وەزیران کە گواستنەوەی ڕاژەی پزیشكی پسپۆر لە وەزارەتی تەندروستی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش هەر سیسمیستەرێک خوێندن، لانیکەم ٥ پزیشک گوستنەوەی ڕاژەی بۆ بکرێت بۆ سەر کۆلێجی پزیشكی زانکۆی گەرمیان.

٢- نەخۆشخانەی فێرکاریی و بینای کۆلێج: داوا بکرێت لە وەزارەتی شارەوانی زەوییەک لە شاری کەلار تەرخان بکات بۆ نەخۆشخانە و بینای تایبەت بە کۆلێجی پزیشكی. بە هەمەئاهەنگی پرۆژەکە لەلایەن هەر سێ وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا و شارەوانی و داریی جێ بەجێ بکرێت.

٣- دان پێدانان: هەوڵدان بۆ دان پێدانانی کۆلێج لەلایەن حوکمەتی عێراقی فیدراڵ و لیست کردنی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە.

لەگەڵ ڕێزدا

د.شێرکۆ نریمان سبحان

پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەرگری لەش دژی پەتا

ڕاگری کۆلێجی پزیشكی زانکۆی گەرمیان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×