پێش نەکەوتنی زانکۆکانی کوردستان: بەراوردێکی سەرپێی سۆسیاڵ میدیای پەیجی زانکۆکانی ئەوروپا لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان 

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2023-08-07     816

لەبەرئەوەی وەزارەتمان پلانی وایە کە زانکۆکانی کوردستان ببەستێت بە زانکۆکانی ئەوروپاوە،  ئەمەش لە ڕێگەی بۆلۆنیا پرۆسێس و سیستەمی پزیشکی نوێ، و بەرزکردنەوەی ڕیزبەندی ئاستی زانکۆکانەوە، من لێرەدا تەنها جیاوازی نێوان پەیج و سایتی زانکۆکانی ئەوروپا و زانکۆکانی  لای خۆمان دەکەم، کە پێم وایە یەکێک لە هۆکارەکانی پێش نەکەوتنی زانکۆکانی خۆمان، بە-کەسێتی-کردنی زانکۆیە لە لایەن بەرپرسانی زانکۆوە. بێگومان پەیج و سایتی زانکۆکانیش ڕەنگدانەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی ئەو زانکۆیە پیشان دەدات. لێرەدا چەند خاڵێکی کەم دەخەمە روو سەبارەت بە پەیجی زانکۆکان: 

١- لە پەیج و سایتی زانکۆکانی ئەوروپا بە دەگمەن دەتوانرێت وێنەی سەرۆکی زانکۆکە بدۆزرێتەوە، ئەویش تەنها لە بابەتێکی باسکردنی ستراتیجی زانکۆدا، وێنەیەکی سادە دانراوە. کەچی لە پەیجی زانکۆیەکی کوردستان دەتوانیت زیاتر لە (١٠ هەزار) وێنەی سەرۆکی زانکۆ و بەرپرسانی تری ناو زانکۆ ببینیت. شایانی باسە لە بابەتێکدا سەرۆکی زانکۆیەکی ئەوروپی باسی ئەوە دەکات چۆن بەرەنگاری گۆڕانکاری کەش و هەوا ببینەوە! کەچی لە زانکۆکانی خۆمان دار دەبڕێتەوە چونکە ڕێگەی لە دروستکردنی پەرژینی زانکۆ گرتووە!

 لە زانکۆکانی ئەوروپا پەرژین نیە، کەچی زانکۆکانی لای خۆمان ئەو پارەی بە دروستکردن پەرژین و بڕینەوەی دار خەرج دەکرێت، دەتوانرێت سیستەمی دەرگای کۆلێجەکانی پێ بکرێت بە سیستەمی زیرەک (سمارت کارد). واتا دەرگاکان بە کۆد بکرێنەوە!

 زانکۆکانی کوردستان بە بیانووی زیادبوونی سەگی بەرەڵا، و تێکەڵاوی خەڵکی گشتی لەگەڵ زانکۆ، پەرژین دروست دەکات! لە کاتێکدا ئەوە ئەرکی زانکۆیە بە هەمەئاهەنکی لەگەڵ پزیشکانی ڤێتێرنەری، چارەسەر بۆ زیادبوونی سەگی بەرەڵا بدۆزێتەوە. خۆی دەبێت پەرژینەکە بۆ داڵدەدانی سەگەکان بێت، نەک بە سجن کردنی زانکۆ. سەرۆکی زانکۆکانی ئەوروپا لە خەمی پاراستنی هەسارەی زەویین! کەچی بەرپرسانی  زانکۆکانی لای خۆمان لە خەمی ئەوەیانە چۆن زانکۆ لە سەگ بپاڕێزێن و لە خەڵک و بازاڕی داببڕن! 

 بەرپرسانی زانکۆیەکی کوردستان ئەو پوش و پەڵاشەی ناو زانکۆیان سوتاندبوو، چەند مامۆستایەک ڕەخنەیان لێ گرتبوو، کەچی ئاگادار کرانەوە کە بە (پێی یاسا و ڕێنمایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات)!، گوایە لە ترسی هەورە بروسکە سوتاندویانە! ئاخر بە چ (یاسا و رێنماییەک) دار دەبڕێتەوە و پووش و پەڵاش دەسوتێنیت؟! چۆن دەبێت تەنانەت زانکۆ بکرێت بە دوژمنی کەروێشک و سوێسک و پۆڕ و جۆراوجۆری زیندەوەران! چەند ساڵێک پێش ئێستا زانکۆیەکی ئەمریکی داوای هەمەئاهەنگی لێ کردبووین بۆ پاراستنی جۆراوجۆری زیندەوەران. ئەم جۆرە تێکدان و سوتاندنانە، نەک زیانی تەنها زیانی ژینگەیی هەیە، بەڵکو ئابڕووی زانکۆ دەبات.  ئەی خۆ گوندنشینەکان دەزانن ئاگر بڕ چیە، بۆیە لە جیاتی ئەو هەموو ۆرکشۆپە ناپێویستانەی زانکۆ ئەنجامی دەدات بۆ وێنە گرتن و خۆدەرخستن و خەڵات بەخشینەوە، بۆچی داوا نەکەین لە شوانێک ۆرکشۆپێکمان بۆ بکاتەوە، بۆ ئەوەی فێری ئاگر-بڕمان بکەن؟ من دەپرسم ئەی ڕێگا چارە بۆ هەورە بروسکە نیە؟! ئەی بەشی فیزیا و جوگرافیات نیە؟ ئەی خۆ ساڵی پار سوتاندتان، باخەکەی تەنیشتیشمانی پێوە نەسوتاند؟! 

٢- لە پەیج و سایتی زانکۆکانی ئەوروپا وێنەی دەرچوان بە دیمەنی جوانی ناو کامپی زانکۆ دانراوە! چونکە ڕۆژەکە ڕۆژی دەرچووانە نەک سەرۆکی زانکۆ و بەرپرسانی ناو زانکۆ. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە ئەوە پیشان دەدات کە بەرپرسانی ناو زانکۆ هێشتا هەست بە دەرچوون ناکەن. 

٣- لە پەیج و سایتی زانکۆکانی ئەوروپا یەک هەواڵ نابینیت کە سەرۆکی زانکۆ و بەرپرسانی ناو زانکۆ سەردانی تەشریفاتی یان پێشوازی تەشریفاتی کردبێت، یان خەڵاتی دابەش کردبێت! کەچی لە پەیجی زانکۆیەکی لای خۆمان، پڕە لە دابەشکردنی خەڵاتی تەشریفاتی بەسەر کەسایەتییەکان و بەشداربووانی خوولەکان و ۆرکشۆپ و کۆنفرانسدا! 

من تێدەگەم کە کەسایەتییەکان زۆر بەڕێزن شایانی شتی زیاترن، بەڵام ئەوان دەبێت بە شێوازێکی تر ڕێزیان لێ بیگیرێت و هەوڵ و ماندوو بوونیان بەرز بنرخێنرێت، نەک لە پەیجی زانکۆ، وەک پیشانگا، پیشان بدرێن و منداڵ و هەرزەکار کۆمێنتیی نابەجێیان بۆ بنوسێت و گاڵتەیان پێ بکات. ئەم جۆرە کارانە زیان بە خودی سەرۆکی زانکۆ و کەسایەتییەکان دەگەیەنێت و کاتی هەردوولا دەکوژێت. 

سەرۆکی زانکۆکان نابێت ئەوەندە کاتی بەتاڵیان هەبێت بۆ ئەم جۆرە کات کوشتنانە. لە کوێی ڕێنماییەکاندا هاتووە کە سەرۆکی زانکۆکان سەردانی هۆڵی تاقیکردنەوەکان بکات و وێنەی بگیردرێت؟! لە کوێی ئەوروپا و بۆلۆنیا پرۆسێس هەیە؟ 

٤- لە پەیج و سایتی زانکۆکانی ئەوروپا بەرچاوت ناکەوێت کە وێنەی سەرۆکی زانکۆ و بەرپرسانی تری ناو زانکۆ، لە کۆنفرانسی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆ و بۆنەکان دابنرێت، هیچ ناڵێم بۆ لای خۆمان! 

پێویستە  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە هەوڵ بدات بۆ دانانی (پێوەری نێودەوڵەتی و ڕێنمایی) بۆ بەڕێوەبردنی وێبسایت و پەیجی زانکۆکانی کوردستان، چونکە هەر هەواڵێک یان چالاکییەک یان وێنەی زۆری سەرۆکی زانکۆ دابنرێت لە پەیجی زانکۆ، کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر سایکۆلۆجیای خەڵکی گشتی بەرامبەر زانکۆکان. ئەم خۆ-نمایشکردنە لاشەییەی کە سەرۆکی زانکۆکان دەیکەن لە پەیجەکانی زانکۆ، زانکۆیان لە بەرچاوی خەڵک خستووە.  

هەروەها پێویستە مەرجەکانی بوون بە سەرۆک زانکۆ قوڵتر و لەسەر بنەمای فەلسەفی و ستانداردی نێودەوڵەتی بێت، نەک تەنها بڕوانامە و نازناو، چونکە ئەم دوو شتە کەس ناکات بە مرۆڤ. پێویستە ئەو کەسەی دەبێت بە بەرپرسی زانکۆ، مرۆڤ بێت پێش ئەوەی سەرۆک بێت، ئەگینا زانکۆکەی بەم دەردە دەبات کە ئێستا تێیدایە!

 دەبێت هەڵسەنگاندنی سی ڤی سەرۆک زانکۆکان لە سەر بنەمای ئەوە بێت کە ئەو کەسەی هەڵدەبژێرن بۆ سەرۆکی زانکۆ، کارەکانی لە بەرژەوەندی گشتی و دروستکردنی فەزای زانستیدا بێت لە کەرتی خوێندنی باڵادا، نەک مرۆڤی خود-سەنتەر بکرێت بە سەرۆکی زانکۆ، کە نە خۆی، نە حیزب، نە وەزارەت، نە زانکۆ سودی لێ نەبینێت. 

واتە پێویستە وەزارەتمان هەڵسەنگاندنی دەرونی بۆ کاندید کردنی بەرپرسانی ناو زانکۆ دابنێن، چونکە کێشەیەکی زۆر گەورەی بەرپرسانی زانکۆ بریتیە لە هەست-بەکەمی-کردن و خود-سەنتەری، بە جۆرێک هەموو شت بۆ خۆیان ببێت و لە پێناوی ئەواندا بن. وا دەزانن سەرۆک زانکۆیی ئیمپراتۆرە و ئەوانی تر بە ڕاگر و سەرۆک بەشە و مامۆستا و فەرمانبەران کۆیلەن. بیریان چووە کە دەسەڵات لە هێزی (تاکە کەس) خۆیدایە نەک (پۆست). لە لیاقە و کارکردنی تاکە کەسدایە، نەک خۆ بادان و خۆ-بە- ئیمپراتۆر کردن. 

 بۆیە پێویستە وەزارەتمان لەسەر کەسایەتی کاندیدی سەرۆک زانکۆ و ڕاگر و سەرۆک بەشەکان بکۆڵێتەوەوە، کار بکات لەسەر دەستنیشان کردنی پێشوەختەی هەست-بە- کەمی و خود-سەنتەری و دووڕوویی و ناڕاستگۆیی و چاوچنۆکی کاندیدەکان، و ڕێگریان لێ بکات بۆ بوون بە سەرۆکی زانکۆ و ڕاگر و سەرۆک بەش. چونکە دواجار دەبن بە بارگرانی بەسەر وەزارەت و حکومەتەوە و بۆلۆنیا پرۆسێسی ئەوروپا دانمان پێدا نانێت. 

 

نوسەری ئەم بابەتە پرۆفیسۆری یاریدەدەرو ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیانە 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×