خەڵاتی نۆبڵ‌و زانکۆکانی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی وەزارەت

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2023-10-04     237

خەڵاتی نۆبڵ دەدرێت بە کێ؟

دوێنێ خەڵاتی نۆبڵ لە بواری پزیشکی و فسیۆلۆجی درا بە ژنێکی هەنگاری و پیاوێکی ئەمریکی، لە بەرئەوەی هەردووکیان توانیان بە هەمەئاهەنکی، پاش چەندین ساڵ هەوڵدان، ترشی ناوکی ئاڕ ئێن ئەی دەستکاری بکەن، بە بێ ئەوەی ئەم ئاڕ ئێن ئەیە گۆڕدراوە لەلایەن بەرگری لەشەوە کاری تێبکرێت و بێتە هۆی هەوکردنی لەش، واتا بە جۆرێک ترشی ناوکی یوراسیلیان گۆڕی کە لەکاتی بەکارهێنان وەک دەرزی، لەشی مرۆڤ وەڵامدانەوەی پێشوەختەی نەبێت بۆ تێکشانی ئێم ئاڕ ئێن ئەیەکە، بۆ ئەوەی دواتر ئەم ئێم ئاڕ ئێن ئەیە لە لەشی مرۆڤدا بێت بە پڕۆتین و پرۆتینەکەش هانی بەرگری لەش بدات دژی ئەو پرۆتینەی کە ڕیزبەندی ئێم ئاڕ ئێن ئەیەکی دیزاین کراوە بۆ دژەتەنی میکرۆبێک یان شێرپەنجەیەک. ئەمە شۆڕشێکی ناوازەی زانستیە لە زانستی بنچینەیی پزیشکیدا بۆ بەرهەم هێنانی ڤاکسینی ئێم ئاڕ ئین ئەی، کە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا وئیبۆڵا سودی لێبینرا، بۆ ڤاکسینی شێرپەنجەش دەبێتە یەکێک لە داهێنانە ناوازەکانی مێژووی مرۆڤی هۆشمەند. هەروەک چۆن خەڵاتەکانی ساڵانی پێشووتریش بۆ کیمیای ژیانی بۆ ئەو دوو زانا ژنە بوو کە کاری ناوازەیان لە زانستە بنچینەییەکاندا کردووە، نموونەی چاککردنەوەی جینەکان بە سیستەمی کرێسپەر، ئەم سیستەمە لە بنەڕەتدا بەکتریا دژی ڤایرۆس بەکاری دێنێت، کەچی ئەو دوو زانایە ئەوەندە زیرەکن ئەم سیستەمەیان گەشە پێکردووە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو گۆڕانکارییە بۆماوەییانەی کە دەبنە هۆی نەخۆشی بۆماوەیی لە مرۆڤدا چاک بکرێنەوە. نموونەیەکی تری وەرگری خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی، زانایەکە (ساڤانتی پابو) توانی جینۆمی مرۆڤە کۆنەکانی وەک نیاندەرتاڵ و دینۆسۆڤان بدۆزێتەوە کە پەنجا هەزار ساڵ پێش ئێستا هاوکات لەگەڵ مرۆڤی هۆشمەند ژیاون، کە ئەمەش نەک هەر وەڵامی هەندێک لە پرسیارە ووجودییەکانی دایەوە، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ تێگەشتن لەو نەخۆشییانەی کە لە ڕووی پەرەسەندنی مرۆڤەوە بۆمان ماوتەوە، بەوەی کە هەندێک تێکەڵاوی جینی لە نێوان مرۆڤی کۆن و مرۆڤی هۆشمند هەبووە، ئەم زانایە توانی بیسەلمێنێت کە ڕێژەی ٢ بۆ ٧ ٪ جینی مرۆڤی کۆن لە ناو جینۆمی مرۆڤی مۆدێرنی هۆشمند هەیە. بەکورتی خەڵاتی نۆبڵ دەدرێت بەو کەسانەی کە لە داهێناندا شۆڕشی زانستی بەرپا دەکەن و داهێنانەکەیان ڕەوتی مێژوو دەگۆڕێت. 

 

ژیانی زاناکانی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ

مەرج نیە خۆشی ژیان وا بکات کە داهێنەر بیت، هەروەک مەرجیش نیە ناخۆشی ژیان بتکات بە داهێنەر، بەڵام ئێرادە و دڵپاکی و نیەتی باش وئارامگرتن و نەترسان لە دۆڕان دەتخەنە سەر ڕێگای ڕۆشن بۆ سەرکەوتن. بۆ نموونە خانمی پۆڵەندی ماری کیوری دوو جار خەڵاتەکانی نۆبڵی لە بواری کیمیا و فیزیا بە دەست هێنا، لە کاتێکدا چیرۆکی ژیانی هەردەم لە تراژیدیادا بوو. هەر کە لە تەمەنی پێش هەرزەکایی ماری، دایکی بە نەخۆشی سیل دەمرێت، سێ ساڵ پێشتر خوشکی بە نەخۆشی تایفوس گیان لەدەستدەدات. ئەو دەمەی کە پۆڵەندییەکان لە ڕاپەڕین دەبن، هەموو ماڵ و سامانیان لەدەست دەدەن. خۆی و خوشکێکی تر بە نۆرە بەردەوامیان بە خوێندن داوە بۆ ئەوەی لەڕووی داراییەوە یارمەتی یەکتر بدەن. لە خۆشەویستیدا لەگەڵ کوڕێک و ناڕازیبوونی باوانی کوڕەکە، ماری بە تەنیایی ماوەتەوە. ئەو دەمە لە پۆڵاند کچ بۆی نەبووە بڕواتە زانکۆ، ئەو نەک هەر کۆڵی نەداوە، بەڵکو خۆی بووە بە مامۆستای خۆی. تا کۆچی کردووە بۆ پاریس لەوێ زانکۆی تەواو کردووە. لەگەڵ پرۆفیسۆر پێری کیوری هاوسەرگیری کردووە. ئەم پیاوە دوایی بە ڕووداوێکی دڵتەزێن کۆچی دوایی دەکات و دەبێتە کارەساتێکی تر لە تراژیدیاکانی ماری. سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتی و دەربەدەرییانە، ماری هەردوو گەردیلەی کیمیایی و فیزیایی ڕادیەم و پۆلۆنیەم دەدۆزێتەوە. ئەو نەک هەر ڕقی هەڵ نەگرت لە وڵاتی خۆی، بەڵکو ناوی داهێنانەکەی بە ناوی وڵاتەکەی ناو نا پۆڵۆنیۆم. ئەو نەک هەر ڕقی مرۆڤ نەبوویەوە، بەڵکو بووبە قوربانی داهێنانەکانی کە مادەی تیشکدەر بوون، بوونە هۆی تووشبوونی شێرپەنجەی هێلکەدان و کۆچی کۆتایی خۆی. کێ هەیە ژیانی لەمە تراژیدی تر؟ کێ هەیە لەمە داهێنەڕ تر؟ کێ هەیە لەمە دڵپاکتر و بەئارام و نیازپاکتر؟

 

زانکۆکانی کوردستان و ڕێنماییەکانی وەزارەت

ئەگەر وردبینەوە لە خەڵاتی نۆبڵی ئەم ساڵ کە دوێنی درا بە خاتونێکی هەنگاری بە ناوی کاتالاین کاریکۆ کە پسپۆرییەکەی کیمیای ژیانییە، لەگەڵ پیاوێکی ئەمریکی بە ناوی درو وایسمان کە بەکەلۆریۆسەکەی کیمیای ژیانیە، کەچی دکتۆراکەی لەسەر میکرۆب و بەرگری لەشە. کەچی بەگوێرەی یاسا وڕێنمایەکانی خوێندنی باڵا کە لە پەرلەمان و وەزارەتەوە دەرچووە، بڤەیە کەس نابێت پسپۆری خۆی بگۆڕێت!!! 

ئەگەر تەماشای توێژینەوەکانی خاتوو کاریکۆ بکەن لە گووگڵ سکۆلەرەکەی توێژینەوەی نیە بە تەنها، جگە لە نامەی زانستی و چاپتەر، توێژینەوەکانی هەمووی بە هەمەئاهەنگییە. تەبعەن ڕێنماییەکانی وەزارەت وامان پێ دەڵێن کە هەر دەبێت توێژینەوەت هەبێت بە تاق و تەنها!! بۆجی؟ بۆ ڕێگریی لە ساختەکاری! ساختەکار بە ڕێنماییەک ناگیرێت کە ببێتە ڕێگر بۆ سنعەتکار. تۆ ڕێنماییەکەت بۆتە هۆی ڕێگری و ساردکردنەوەی توێژەری حەقیقی، لە پێناو ڕێگری ساختەکار؟! بێ ئاگا لەوەی کە کۆمەڵێک پرۆفیسۆری بێ بەرهەم هەڵتۆقیون! 

ئەگەر سەیری توێژینەوەکان بکەن هەموویان حەقیقین. حەقیقی واتای چیە؟ مەبەست لەوەیە کە توێژەر لەسەر یەک هێڵی ستراتیجی پلان بۆ دانراو کاری کردووە، بەڵام لە چەند بوارێکی پسپۆریدا. واتا تۆ لە توێژینەوەدا دەبێت ئامانجێکت هەبێت، نابێت توێژەر لەپێناوی زۆری توێژینەوە و سایتەیشن و ناوبانگ، کوێرانە خۆی فڕێ بداتە ناو گروپێک لە توێژینەوەی وڵاتێکی تردا. ئەمە وزەی توێژەر بە فیڕۆ دەدات لە پێناو جێ بەجێ کردنی پلانێکی زانستی وڵاتێکی تر، بێ ئەوەی زانکۆی خۆت سودی لێ ببینێت. واتا توێژەری شەرقی سودێکی کورت مەودای تەنها بۆ خۆی دەبێت کە لە زۆری و بۆری توێژینەوەکانی و سودی مادی زۆر کەمی بۆ دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر ووزەی توێژەرانی ووڵاتی من بە پلان بەکاربهێنرێت، بە هەدەرناچێت. ئەگەر نۆبڵ بزانێت توێژینەوەکانی ئێمە چەند تاقەت پروکێنەرە، چەند ماندووکەرە، چەند ڕێگری لێ دەکرێت، خەڵاتێکی تایبەتی دەردەکرد بۆ ووڵاتە گەشەسەندووەکان. 

ئەگەر دیقەت بدەن خانمی وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەم ساڵ، ساڵی نزیکەی ٥ توێژینەوەی هەیە. کۆی توێژینەوەکانی نزیکەی ١٨٠ توێژینەوەیە، کە لە ساڵی ١٩٩٠ ەوە خەریکی توێژینەوەیە، کەچی توێژەرانی ووڵاتی من ساڵی ٢٠ توێژینەوەی هەیە! 

لە وردبوونەوە لە پرۆسەی خەڵاتی نۆبڵدا، بۆمان دەردەکەوێت کە سەرۆکایەتی زانکۆکان دەتوانن پلانی زانستیان هەبێت، برەو بە توێژینەوەی حەقیقی بدەن.خوێندکار و مامۆستا نابێت لە ئەرکەکانیان کۆڵ بدەن و سوکایەتی بە ووڵات و پیرۆزییەکان بکەن، ئەگەرچی مافیشیان دەخورێت، ئەمە بە واتای ئەوە نایات کۆیلایەتی قبوڵ بکەن، بەڵکو دەبێت پێداگیر بن لەسەر مافەکانی خۆیان. وەزارەتیش دەتوانێت پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی بکات، چونکە دواجار کۆمەڵێک کەسی ساختەکار بە بەرگی زانستەوە هەڵدەتۆپزێن و دەبنەی مافیای زانستی. 

 

پێشنیار

١- لابردنی توێژینەوەی تاک و تەنیا

٢- توێژینەوەکان لە پلانی وەزارەت و زانکۆدا بن.

٣- توێژینەوەکان توێژەری حەقیقی بەرهەم بهێنێت.

٤- ڕێگەنەدان بە توێژینەوەی زۆر و بۆری بە گرووپ کە توێژەری ساختە و وەهمی دروست دەکەن. 

٥- توێژینەوەکان لە چوارچێوەی ئیتیکی توێژینەوەدا بن. 

٦- ئەو توێژینەوانەی کە بۆ بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی بەکاردەهێنرێت، پێوستە حەقیقی بن، نەک وەهمی. توێژەر دەبینین فڕی بە زانستەوە نیە، لە پڕێکدا توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە!! 

ئەمانەی پێشنیار کران، مەترسیدارن و پێویستی بە پلانی جدی هەیە، ئەگینا نەک حوکمەت بەڵکو کەرتی تایبەتیشی لەگەڵ دەڕووخێت، دوایی شتێک نامێنێتەوە بە ناو بازاڕی کارەوە، بە تایبەت ئێمە ئێستا پێمان خستۆتە ناو زیرەکی دەستکرد و دەسکاری جیناتەوە. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×