نه‌وال سه‌عداوی ئازاره‌كانی ده‌نوسێته‌وه‌

به‌ڕێز عه‌باس
  2019-02-22     539
نه‌وال سه‌عداوی له‌ئافره‌ته‌ ناسراوو ڕۆشنبیره‌كانی دونیای عه‌ره‌بییه‌، كه‌م كه‌س هه‌یه‌ ناوی نه‌بیستبێت به‌هۆی بۆچوونه‌ جیاوازو تایبه‌ته‌كانی له‌سه‌ر مافی ئافره‌ت و ئازاره‌كانی، ساڵی 2000 ده‌ستیكرد به‌ بلاَوكردنه‌وه‌ی یادداشته‌كانی و به‌سێ به‌رگ بلاَویكرده‌وه‌ به‌ناوی "اوراقی حیاتی"، له‌ماوه‌ی پێشوودا هه‌رسێ به‌رگه‌كه‌ له‌كتێبێكدا به‌ناوی "لاپه‌ڕه‌كانی ژیانم" له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌وه‌ به‌قه‌باره‌ی 653 لاپه‌ره‌ بلاَوكرایه‌وه‌، جیڤارا كه‌مال وه‌رێگێڕاوه‌ بۆ زمانی كوردی وپێشووتریش به‌شێكی گرنگی به‌رهه‌مه‌كانی سه‌عداوی هه‌ر له‌لایه‌ن جیڤارا كه‌ماله‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌.

به‌شێكی گرنگی نوسین و ڕۆمانه‌كانی نه‌وال سه‌عداوی باسكردنه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و ئازاره‌كانی ئافره‌ت و مێینه‌بوون، هۆشیارمانده‌كاته‌وه‌و هه‌میشه‌ بیرمانده‌خاته‌وه‌ كه‌ئه‌م عه‌زابی ئافرته‌ مرۆڤكرده‌و سروشتی نییه‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی نووسینه‌كانیه‌وه‌ به‌ها خراپه‌كانی نێوكۆمه‌ڵگه‌ تێك بشكێنێت و ده‌ستكاری تێڕوانینی نامرۆڤانه‌ بۆ ئافره‌ت بكات، بۆ ئه‌مه‌ش باجی گه‌وره‌ی له‌سه‌رژیان و خودی خۆی داوه‌! كتێبی "لاپه‌ڕه‌كانی ژیانم" سه‌رگوزه‌شته‌ی ژیانی نه‌وال سه‌عداوی و ئه‌و ڕووداوانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می نه‌وال سه‌عداویدا ڕوویانداوه‌، گێڕانه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تای ژیانی منداڵیه‌وه‌ واته‌ له‌ سالاَنی سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو ساڵی 2000، زۆرترین گێڕانه‌وه‌كانی بۆ ژیانی منداڵی تاوه‌كو ته‌مه‌نی سی ساڵی ته‌رخان ده‌كات، نه‌وال سه‌عداوی له‌پاڵ گێڕانه‌وه‌كانی ژیانی تایبه‌تی باس له‌ بارودۆخی ژیانی سیاسی لاَته‌كه‌ی و هه‌ندێك له‌ جه‌نگه‌كان ده‌كات كه‌ تێیدا ژیاوه‌.

"نه‌وال سه‌عداوی" منداڵییه‌كی سه‌خت ژیاوه‌ وه‌ك هه‌موو منداڵێكی ئافره‌تی دونیای ڕۆژهه‌لاَتی، ژیانی نه‌وال سه‌عداوی ژیانی ئه‌وانیتره‌، به‌لاَم جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌وال تواناو ئازایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ ئازاره‌كان بنوسێته‌وه‌و ئه‌وانیتر ئه‌و توانایه‌یان نییه‌، نه‌وال ئه‌و جیاوازییانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌و له‌منداڵیه‌وه‌ له‌ناو خێزانه‌كاندا ده‌كرێت له‌نێوان كوڕان و كچاندا خێزانی نه‌والیش له‌مه‌به‌ده‌رنه‌بوه‌و ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ به‌براكه‌ی دراوه‌و پێداویستیه‌كانی بۆ دابینكراوه‌و دڵی ڕاگیراوه‌ هیچكات بایه‌خ به‌ نه‌وال نه‌دراوه‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كچ و مێ بووه‌ له‌ كاتێكدا تواناو زیره‌كییه‌ی نه‌وال زۆر له‌پێش براكه‌یه‌وه‌ بوه‌! ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار حكومه‌ته‌كانی قاهیره‌ش به‌چاوی نزمه‌وه‌ له‌ئافره‌تیان ڕوانیوه‌ له‌شوێنێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كاتی خۆی له‌قۆناغی ناوه‌ندی بۆ كوڕان پێنچ ساڵ بوه‌و بۆ كچانیش شه‌ش ساڵ نه‌وال ده‌ڵێت هۆی ئه‌و جیاوازییه‌م له‌باوكم پرسی باوكم وتی وه‌زاره‌تی مه‌عاریفه‌، واده‌زانێت كچان عه‌قڵیان كه‌متره‌ له‌ رووداوه‌كانی هۆشمه‌ندی و ئایینه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كوڕان له‌ماوه‌ی پێنچ ساڵدا وه‌ری ده‌گرن، كچان به‌شه‌ش ساڵ تێی ده‌گه‌ن و وه‌ری ده‌گرن! 

له‌مێژه‌ ئه‌وه‌ ڕوونبۆته‌وه‌ دونیای رۆژهه‌لاَت دونیایه‌كی پرسیاركوژه‌، نه‌وال له‌و ئافره‌ت و مندالاَنه‌ بوه‌ پرسیار میوانێكی هه‌میشه‌یی بووه‌ لای، پرسیاركردن ده‌رباره‌ی ئافره‌ت و ئایین و بوون و سروشت و ئه‌ودیوسروشت و شته‌كانی ده‌وروبه‌ری، به‌لاَم ئه‌وه‌ی نه‌وال نیگه‌ران ده‌كات سه‌ركوتكردنی پرسیاره‌كانێتی له‌لایه‌ن خێزان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیان وابوه‌ نابێت منداڵ و مێینه‌ پرسیار له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه‌ بكات، پرسیاره‌كانی بڤه‌بوون و پێوه‌ی توشی ئازارده‌بوو بێ ئه‌وه‌ی وه‌لاَمێكی ده‌ست بكه‌وێت، هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ به‌هۆی ترسی گه‌وره‌بونیه‌وه‌ وه‌ك كچێك ترس ده‌خه‌نه‌ دڵیه‌وه‌و هانی ده‌ده‌ن بۆ شوكردن له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر منداڵیه‌وه‌ ئه‌مه‌ی نه‌وال ده‌گێڕێته‌وه‌ تێڕوانینێكه‌ بۆ خێزانه‌كانی ڕۆژهه‌لاَت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌وه‌ی ئافره‌ت ته‌نها له‌شوكردن و زوو چوونه‌ ماڵی مێردی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌و ده‌بینێته‌وه‌.

نه‌وال له‌ژیانی خۆیدا سێجار هاوسه‌رگیری كردووه‌ كوڕو كچێكیشی هه‌یه‌ به‌ناوی موناو عاتف، ئه‌وجۆره‌ هاوسه‌رگیرییانه‌ كه‌ له‌كلتووری ڕۆژهه‌لاَتیدا ده‌كرێت و باوه‌ نه‌وال وه‌ك كڕین و فرۆشتنی ئافره‌تان لێكدانه‌وه‌ی بۆده‌كات و پێی وایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر ئافره‌ت كۆت و به‌ند ده‌كات و له‌ هه‌موو ئازادییه‌ك دایده‌ماڵێت و ده‌یكات به‌ كۆیله‌ی مێرده‌كه‌ی، وه‌رگرتنی بڕێكی زۆر له‌ ماره‌یی له‌لایه‌ن ئافره‌ته‌كه‌وه‌ وای لێده‌كات مێرد وه‌ك موڵكی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات و وه‌ك دوو مرۆڤی یه‌كسان نه‌توانن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدابكه‌ن.

"نه‌وال سه‌عداوی" كۆلێژی پزیشكی له‌ قاهیره‌ ته‌واوكردووه‌، به‌لاَم ڕاستی نه‌وال زیاتر حه‌زی له‌نوسین و هونه‌ربووه‌ به‌تایبه‌تی نووسین و خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان نه‌وال به‌پێی حه‌زو ئاره‌زووی باوكی چۆته‌ كۆلێژی پزیشكی و دواتر هه‌ر به‌هاندانی باوكی نۆرینگه‌ی پزیشكی ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ واده‌رده‌كه‌وێت هێنده‌ ئاره‌زووی له‌ كاری پزیشكی نه‌بووه‌، نه‌وال بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی نێرینه‌ی رۆژهه‌لاَتمان زیاتر بۆ به‌یانكات ده‌رباره‌ی ئافره‌ت باس له‌وه‌ده‌كات ڕۆژێك له‌ به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری پزیشكانی به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری پێیانوتوه‌ چۆن ده‌بێت ئافره‌ت نه‌شته‌رگه‌ری بكات و به‌كارێكی نادروستیان زانیوه‌و گومانیان له‌تواناو بیری ئافره‌ت كردووه‌، له‌رێگه‌ی ئه‌م نمونه‌یه‌وه‌ نه‌وال ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت ئه‌مه‌ تێڕوانینی چینێكی دیارو گرنگی كۆمه‌ڵگه‌ بێت چینه‌ گشتیه‌كه‌ ده‌بێت تیڕوانینی چۆن بوو بێت!

له‌ ژیانی خۆیدا نه‌وال به‌هۆی به‌رگریكردنی له‌مافه‌كانی ئافره‌ت ناوو ناتۆره‌و تۆمه‌تی زۆری بۆ دروستكراوه‌، ته‌كفیركراوه‌و به‌ بێدینیان له‌قه‌ڵه‌مداوه‌و وه‌كو مه‌ترسی بۆسه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ سه‌یركراوه‌ ، نه‌وه‌ك ته‌نها له‌لایه‌ن خه‌ڵكی عه‌وامه‌وه‌ به‌ڵكو له‌لایه‌ن ناوه‌ندو ڕێكخراوه‌ كۆنه‌پارێزه‌كان و حكومه‌ته‌ جیاوازه‌كانی قاهیره‌شه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆرجاریش كتێبه‌كانی قه‌ده‌غه‌كراوه‌!         
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×