سیاسەت لەو دیو نائومێدییەوە
د. نیاز نهجمهدین
2019-04-16   1440
(هەڵە سیاسییەکانی رابردو دوبارەمەکەرەوە)
هەرێمی کوردستان خاڵییە لەهەر پرۆژەیەکی سیاسیی، ئەگەر گۆڕانکارییەک روبدات ئەوا بەحزبەکانی ئێستا ناکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، چەند هەڵەیەک هەیە هەمیشە دووبارەی دەکەینەوە.
چەند ساڵێک لەمەوبەر کەس نەیدەوێرا رەخنە لەبزوتنەوەی گۆڕان بگرێت دەیانوت "ئێستا کاتیی نییە. لەدژی گۆڕان زمانت هەڵبێنایە، دەیانوت خۆی بەیەکێتیی و پارتیی فرۆشتووە... هتد". هەمومان ئەنجامەکەمان بینی:
- دڵشکانی گەنجە دڵسۆزەکان
- دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک لەرێی بزنس و حزب و حکومەت و پەرلەمانەوە.
- ئیفلیجبونی تەواوی پرۆژەکە دوای مەرگی سەرۆک
- بنەماڵەچێتیی
ئەگەر جورئەت بکەیت بەرگریی لەدادپەروەریی بکەیت، دان بەوەدا دەنێیت کە خودی نەوشیروان مستەفا پشکێک لەبەرپرسیارێتیی شکستی ئەم حزبەی دەکەوێتە ئەستۆ (من دەزانم وەک هەمیشە، لەبەرگریکردن لەهەڵەی سەرۆکەکەیدا، کۆیلە پاساوی خۆی هەیە). ئێستا تۆ مەبە بەکۆیلە: بەرامبەر بەنەوەی نوێ هەمان هەڵە دوبارە مەکەرەوە، زو دەنگ هەڵبڕە ئەگەر دڵسۆزانە دوای کەوتویت. بیربکەرەوە:
- شاسوار لابەرە، ئەم حزبە چیی دەمێنێتەوە؟
- لەبنەماڵەچێتییدا، تازەترین شت ئەوەیە کە کاک کەمال چۆمانیی (Kamal Chomanii) لەفەیسبوکەکەی خۆیدا ئاماژەی پێکردووە: لەسلێمانی شاسوارو لەبەغدادیش خوشکەکەی کردووە بەبەرپرس.
- کەمترین روبەر لەمیدیای نەوەی نوێوە بۆ رەخنە ل حزبەکە کراوەتەوە. هێشتا ئاسانترە لەمیدیای روداوەوە رەخنە لەپارتیی بگریت وەک لەمیدیای ئێن ئار تییەوە لەشاسوار و حزبەکەی.
- بەهەمانشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان: هەواڵ دروست بکە تا هەست ب بونت بکەن.
باسی کۆششی فەردیی ناکەم، بۆ ئەوەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا دەست پێبکاتەوە، بۆ ئەوەی جوڵەیەکی جیاوازی دەستەجەمعیی دروست ببێتەوە و گۆڕەپانەکە هەمووی چەند سەرێک و میدیاکانیان کۆنتڕۆڵی نەکەن، دەبێت دڵت لەوەی هەیە تەواو بشکێت، پڕ ببیت لە نائومێدیی بەرامبەر بەو حزبانەی هەن.
هەرێمی کوردستان بزووتنەوەیەکی دەوێت کە وزەی خەڵک لەدامەزراندنی چەند ئەندام پەرلەمان و وەزیرێکدا بەفیڕۆ نەبات.