پیربوون و مەرگی ناوادەی نوسەر

د. نیاز نه‌جمه‌دین
  2023-09-23     252

نوسەر دەشێت زیاتر لە تەمەنی خۆی بژی و یادبکرێتەوە. پێچەوانەکەشی راستە. دەشێت نوسەر زۆر کەمتر لە تەمەنی نوسینی بژی، زۆر زووتر لە تەمەنی نوسینەکانی، تۆ بڵێ دوای دە ساڵ لە نوسین، پیر ببێت و رەنگیشە کۆتایی هاتبێت با لە نوسینیش بەردەوام بێت. نوسەرانێک هەن زوو پیر دەبن و وەک نوسەر دەمرن بەر لەوەی قەڵەمەکەیان، یان بڵێم پەنجەیان، لە نوسین بوەستێت.

نیشانەیەکی پیربوون لە نوسیندا ئەوە نیە نوسەرەکە چووەتە تەمەنەوە و گەنجێتیی تێپەڕاندووە، بەڵکو ئەوەیە لەگەڵ ناوی نوسەرەکەت بینی، واتە بەر لە خوێندنەوەی، پێشبینیی دەکەیت کە چی دەڵێت و بە چی شێوازێک بیروبۆچونەکانی دەخاتەڕوو. نوسەرەکە هیچی تازە ناخاتەسەر بۆچونەکانی و زمانی نوسین و شێوازی گێڕانەوەی باس و ئایدیاکانی هەمان شتە. بەکورتیی، توشی مایەپوچبوون بووە.

گەنجێتیی لە نوسیندا ئەوەیە نوسەر هەوڵ بدات دادپەروەرانە تیشک بخاتەسەر یار و نەیار، روناکیی و تاریکیی، جوانیی و ناشیرینیی پاڵەوانەکانی خۆی و ئەوانی دیکەش، هیچ نەبێت تۆزێک تۆوی گوڵی نوێ بە باخی نوسینییەوە بکات، کەشفی شتێکی نوێ بکات، زەمەنێک بەشێوەیەکی تر و تەکنیکی تر باس بکاتەوە، هتد.

بەشێکی گەورەی توێژینەوەکانی بواری ئابووریی کە لەسەر ئابووریی هەرێم و عێراق کراون لەم چوارچێوەیەدان، لەوە تێناپەڕن پێمان بڵێن ئابوورییەکە لەسەر نەوت دەژی، زۆرینەی دەرئەنجام و پێشنیارەکانیشیان بەوە قفڵ دەکەن کە دەڵێن دەبێت ئابوورییەکە هەمەڕەنگ بکرێت و لە یەک سەرچاوەوە داهات پەیدا نەکات. بەشێکیان، کە کەم نین، تەنها کاغەز خەسار دەکەن. ئەمە لە سەدەی بیستویەکدا روودەدات لە کاتێکدا لە ئادەم سمیث و مارکسەوە تا ئەمڕۆ هزری ئابووریی دەوڵەمەند دەکرێت. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ هەر یەک لە گۆشەیەکەوە گرفتەکانی کۆمەڵگەیان روونکردووەتەوە و جەهلی ئێمەیان سوتاندووە.

لە بواری سیاسییشدا هەمان شتە. نوسین لە دژی یەکێتیی و پارتیی لە دوو دەیەی رابردوودا مێشکی بردین، بەبێ ئەوەی ئیزافەیەکی تێدابێت. یان باسی ئیسلامییەکانە بەبێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی قوڵی پێ بێت. دەشێت لە فەلسەفەشدا هەمان شت بێت. بەشی زۆری ئەم قسانە تەنها بۆشاییەک لە ئینتەرنێتدا داگیر دەکەن.

پیربوون و بە دوایدا مەرگ دەشێت لە زۆر بواری تریشدا ببینیت. ئەکتەر هەیە سی ساڵە یەک جۆر تەمسیل دەکات. موزیککار هەیە دەست بۆ ئامێری موزیکەکەی ببات، یەکسەر پێشبینیی دەکەیت کە چی موزیکێک دەژەنێت و چۆن دەیژەنێت. هەمان شتیش بۆ چیرۆکنووس، رۆماننووس، شاعیر، میدیاکارانی هەندێک بەرنامە، سیاسیی، تەنانەت پیاوانی وتاری مینبەرەکانیش راستە.

زۆر دەرکەوتن رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی بێتامبوونی نوسین و خۆدووبارەکردنەوە بێت، بەڵام مەرج نییە نوسەر بکوژێت. هۆکارێکی تریش ئامانجی نوسینەکە خۆیەتی، بۆ نمونە، توێژینەوەکان بۆ ئەوە دەنوسرێن پلەی زانستیی نوسەرەکەی بەرزبکرێتەوە، ئامانجەکەی کەشفکردن نییە.

لە نوسیندا، پیربوون دۆخێکە ئیدی توانای خۆرەخنەگرتنت نەماوە، ئاگات لەوە نەماوە نوسینەکانت تەنها لای خۆت گرنگن و لەناو دووبارەبوونەوەدا خۆت خنکاندووە، شتێکت پێ نەماوە بۆ وتن. پیربوون ئەو کاتەیە ئەرشیفی خۆت پیرۆز دەکەیت و وەک گەوهەری زانستیی، ئەدەبیی، یان هونەریی، هتد، دەیانبینیت، رەخنەگرانە نایانخوێنیتەوە و شتێکی نوێش ناخەیتەسەر خەرمانی زانستییت.

وەک چۆن وەرزش لە پیربوون و مەرگی ناوادەی جەستەمان دەمانپارێزێت، ئاواش پێچەوانەی ئەوانەی باسم کردن کۆمەڵە وەرزشێکن (رێگەیەکن) بۆ خۆپاراستن لە پیربوون و مەرگی ناوادە لە نوسیندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×