بۆچی وازم لە گفتوگۆی تەلەفزیۆنەكان هێنا؟
د. نیاز نهجمهدین
2021-09-17   628
هەندێك هۆكاریان شتی شەخسییە و هەندێكیان بابەتی. باسی ئەوەی دووەمیان دەكەم.
كەناڵەكانی ئێمە بە گشتی دوو بەشن، یار و نەیار. خاڵی هاوبەشی هەردوكیان ئەوەیە ئاڕاستەكراون. بڵێ چۆن؟
هەرچەند بەشدار دەبووم لە بەرنامەكان و تەلەفزیۆنەكانی حزبە ئیسلامییەكان، بە كورتی بەرەی "نەیار ، یەكەم پرسیار شتێكی لەم بابەتە بوو:
"د.گیان وەك خۆت ئەزانیت دۆخی ئابوریی هەرێم زۆر خراپە. حكومڕانانی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟". پرسیارەكە لە ئەسڵدا وا دیزاین كرابوو كە من زەمی حزب و حكومەتی هەرێم بكەم. واتە لە رێوە بیروبۆچونی من ئاڕاستە دەكرا بۆ ئەو شوێنەی كەناڵەكە دەیەوێت. كەناڵەكە خۆی وەك بەشێك لە ستراتیژی حزبەكەی دەبینێت، نەك كۆمەڵگەكەی. تۆزێ زەحمەتە لە ئێن ئاڕ تی بیت و پرسیارێكت لێ بكرێت دەرفەت بكاتەوە رەخنە لە "نەوەی نوێ" بگریت. لای ئیسلامییەكانیش بە هەمان شێوە.
كە ئەشچوومە كەناڵێكی بەرەی یار(ی دەسەلات)، پرسیارەكان پتر شتی لەم چەشنەبوون:
"د.گیان حكومەتی عێراقی بە دۆخێكی ناهەمواردا دەڕوات. قەرزارە و ...هتد. چۆن لەمەتێ دەگەیت؟". ئامانجی پرسیارەكە ئەوە بوو من زەمی دەوڵەتی عێراق بكەم. دیسانەوە "من"ی میوان بەرەو ئەو جێگایە ئاڕاستە دەكرام كە كەناڵەكە دەیەوێت، ئەویش خۆی وەك نوێنەری حزبەكەی دەبینی نەك كۆمەڵگەكەی، یان نوێنەری هەقیقەتێك كە ئەبێ راشكاوانە بگوترێت. ئەویش تەحەمولی بیستنی هەندێك بۆچونی نەدەكرد.
"كوردسات" كەناڵێكە مینارەوتر و نەرمترە. كە دێـتە سەر هەندێك پرسی ئابوریی سیاسیی، دەتباتە شوێنێكی ترەوە، بۆ نموونە" حكومەت مووچەی پێ دابین ناكرێت. خێزان چی بكات و چۆن ئیدارەی داهاتەكەی بكات؟". پرسیارەكە لە شوێنێكی ترەوە دێت، ئاڕاستەت ئەكات بۆ ئەوەی بەر بابەتە قورسەكانی كۆمەڵگە نەكەویت.
لە ئەزمونی خۆمدا، توشی ئەوە بووم كە "گەلی كوردستان" بەو شێوەیە ئاڕاستەی كردووم رەخنەكە بەر بنەماڵەی بارزانی و پارتیی دیموكرات بكەوێت، یان عێراق.
لەم گفتوگۆیانەدا، ئەو هەستەشم هەبووە كە میوان ئەگەر لە ستراتیژی كەناڵەكەدا تەوزیف نەكرێت، ئەوا بۆشاییت پێ پڕ دەكەنەوە و بەس. جگە لە چەند میدیاكارێكی زۆر كەم، كەمجاریش هەبووە بەسەرمان بكەنەوە لەو كاتەی كتێبێكمان بڵاوكردۆتەوە، یان توێژینەوەیەكمان كردووە و دڵمان خۆش بووە بەوەی ئەوانیش ئارەزوی ئەو بابەتانە دەكەن ئێمە پێوەی سەرقاڵین. یان رێ نەكەوتوە پێكەوە ئامانجی بەرنامەكە دابنێین و پرسیارەكان داڕێژین.
قسەكەم موتڵەق نییە، لە هەر یەكێك لەم كەناڵانەدا بوارم بۆ رەخساوە قسەی دڵی خۆشم بكەم. دوو دڵیش نیم لەوەی سوپاسێكی گەرمی زۆر لەو میدیاكارە دۆستانەم بكەم كە لە كەناڵەكان كاردەكەن و لە باشیی خۆیان زۆرجار بەسەرم ئەكەنەوە تا بەشداری گفتوگۆكانیان بم. كاری باشیان ئەبینین۰۰۰هتد۰
هەندێجار دڵیشم پێیان ئەسوتێت كە ئەیانبینم بە ناچاری دەچنە ژێر ركێفی ستراتیژی كەناڵەكە و دەنگی خۆیان وون دەكەن تا كارەكەیان لە دەست نەدەن و بژێوی خۆیان و منداڵیان نەخەنە مەترسییەوە. تێئەگەم مرۆڤی ئێمە تاقەت و توانای قوربانیدانی لە پێناوی ئازادییدا زۆر كەم بۆتەوە، بە خۆشمەوە. یان ململانێكانی بازاڕ ناچاری ئەكات بەرنامەی تایبەت بۆ كەسی ناودار و كاریگەر بكات بەبێ ئەوەی بۆی گرنگ بێت چی بۆچونێك بەرهەمدەهێنێت، گرنگ ئەوەیە ببینرێت .
بەڵام ئەمە لە گلەییەكانم لە دیوەكەیتردا كەم ناكاتەوە. ئەوەی وتم وایكرد ووردە ووردە مۆتیڤم بۆ بەشدارییكردن سست بوو، ئیدی بەیانییەك هەستام لە خەو و بە خۆمم وت:
"تا زەمەنێكی دوور دوور بەشداریی لە گفتوگۆكانی تەلەفزیۆنەكان ناكەم".
.............................................................................
تێبینی: دڵنیام ئەوانیش گلەییان لە ئێمەی میوان زۆرە و هەقی خۆشیانە بیگەیەنن۰