چیتر گومانێکی ترمان ناوێت

د. نیاز نه‌جمه‌دین
  2022-04-29     454

مەمانخەڵەتێنن، رێک و رەوان بڵێن: غاز ئەفرۆشین، بە شەق پێمان ئەکەن و ئێمەش بە شەق بە ئێوەی ئەکەین.

زۆر خۆشە ئاوا راست و دروست پێمان بڵێن. ئەمەیان هیچ غەدرێکی تیادا نییە. پێمان بڵێن یارییەکی نێودەوڵەتیی هەیە و ئێمەش وەک تیمی پلە چوار بەشداری ئەو یارییە ئەکەین، هیچ کێشەیەک نییە.

بەلام بێیت و بڵێیت: غاز لە پێناوی ئەوەدا ئەفرۆشم تۆ ببیت بە خاوەنی دەوڵەت، باری گوزەرانت باش بکەم، دەرمانی نەخۆشە بێهیواکانی نەخۆشخانەی هیوات بۆ دابین بکەم، ناهێڵم پیرە دایکتان بکەوێتە ناو پاڵەپەستۆی بەردەم فەرمانگەی خانەنشینییەوە...یان غاز ئەفرۆشم تا عاشقان بە یەک بگەن، ئەمەیان قؤڵبڕینە، درۆیە.

ئەگەر لەوە بوونایە غاز و نەوتی نەدەویست و زۆر دەرفەتی گەورەتان هەبوو..

ئێمە بە ئاوی درۆ ژیەنراوین و خۆمان شتووە. ئەو میوانەی خواردومانە درۆیەکیان تێدا بووە و راستی نەبوون. ئەو سابونەی گوایە لە گوڵ دروست کراوە، درۆ دەرچوو. درۆ چووە ناو شوتییەکانیشمانەوە و تەنها بە رەنگ سور و ئاڵ خۆیان بۆ ئێمە نمایش کرد. ئێمە نەک باخی میوەکانمان، بەڵکو ژەمی رۆژانەی سەر سفرەکانیشمان پڕن لە درۆ و بە خۆراکی ئەسڵیی بە ئێمەیان فرۆشتەوە.

ئیدی بەیانییەک هەستاین لە خەو و بەبێ ئەوەی بە خۆمان بزانین بووبووین بە درۆزانێکی گەورە.

ئێمەش وەک ئێوەمان کرد، قۆڵی یەکترمان بڕی، لەگەڵ یەکتر ساختەچێتیمان کرد، خیانەتمان کرد. تەواو وەک ئێوە، لە کوێدا دەستمان نەگەیشتبێتە ئێخەی یەکتر، دەستمان کرد بە سوککردنی یەکتر. چیمان بە یەکتر نەکرد؟ ئێمەش فێری پیشەکە بووین و بۆ ئەوەی ئازارەکانمان نەکولێتەوە، رێگەیەکی ترمان نەبوو جگەلەوەی قۆڵێکیتر ببڕین، ساختەچێتییەکیتر بکەین، خیانەتێکی تر بکەین. تەواو کۆپیی ئێوەمان کرد، بۆیە هیچ رێگەیەکی نوێمان بۆ نەدۆزرایەوە.

ئێستا ئەگەر ئەتانەوێت جارێکی تریش قۆڵمان ببڕنەوە، ئامۆژگارییتان ئەکەم هونەرێکی نوێ دابهێنن. گوێی مەدەنێ و گوێی نادەینێ، ئەوە چارەنوسی هەندێک لە مییلەتەکانە کە هیچیان لە داهێناندا بۆ نامێنێتەوە جگە لە داهێنان لە هونەری ساختەچێتییدا.

وا تێدەگەم چیتر هونەری درۆکانی ئێستا، کە بریتییە لە وونکردنی پارە و داهات لەناو داتای جیاوازدا، کارناکات و بەشی چنینەوەی چیرۆکێکی باوەڕپێکراو ناکات.

راستییەکەی، ئێمە زۆر لەوە بێ ئومێدترین غآزفرۆشتن هیوایەکمان پێ ببەخشێتەوە.

ئێمە سەرمایەی مرۆییمان وێران بووە، بە سەرمایەی سروشتیی نایەینەوە مایە.

ئێمە رۆژانە دوكەڵی ناخی سەدان کەس ئەبینین بست بست بەرز دەبێتەوە و هەڵیدەمژین بێ ئەوەی شتێکی ترمان پێ بکرێت، ئێستا بە دوکەڵی نەوت و غاز نایەینەوە مایەوە.

داتاکانی ئێوەمان ناوێ، حیکایەتی ئازارەکانمان لای ئەو دەرچووە دڵشکاوەی زانکۆیە کە دوو ساڵە چاوەڕێیە و کەسێکی دەست ناکەوێت ئامادەبێت سێ سەد هەزار دینار بە تواناکانی بدات، لای ئەو نوسەرە روخاوەیە کە لە بازاڕی حزبدا نەبێت کەس بایی ئەوەی بژی بەرهەمی قەڵەمەکەی لێ ناکڕێت، لای ئەو کرێچیانەیە لە نەدانی کرێی خانووەکانیاندا رووزەردییان بۆ مایەوە.

داتایەکی ترمان ناوێ، حیکایەتی ئێمە لای ئەو باوکەیە کە قەرار بوو قەڵای منداڵەکانی بێت کەچی ئێستا لە دروستکردنیان پەشیمانە، لای ئەو دایکەشە لە میهرەبانیی زیاتری نییە بیبەخشێتە منداڵەکانی.

ئێمە سەرتاپا غەرقی گومانین، گومانێکی ترمان ناوێت. ئێوەش هەوڵ بدەن هونەرەکەتان پێش بخەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×