قەشمەریات بە پرسیاری "چی بكەین؟"

د. نیاز نه‌جمه‌دین
  2021-07-17     823
پێمان ئەڵێن: دەنگهەڵبڕن!
ئاخر بە پشتی كێ قسە بكەین؟
شاری رۆشنبیریی و شت نەما. هەمان بوو نەمان بوو ئەو چەند شاعیر و رۆماننوس و شانۆكارەمان هەبوو سومعەیەكیان بۆ شارەكە دروست كردبوو، ئەمڕۆ بە هەموویان چوار هەزار لایكیان پێ كۆناكرێتەوە چجای ئەوەی دنیا بگۆڕن، یان حسابیان بۆ بكەن؟
شاری رۆشنبیریی چی؟ بووە بە شوێنی تەراتێنی موخابەراتی هەموو دنیا، شەو نییە جەیش نەجوڵێنن. بەشی زۆری خەڵكەكەشی دابەشبوون بەسەر ئەم هێز و ئەو هێزدا و هەر رۆژەی بەیعەت بە كەسێك دەدەن. فێربوونی زانست و تەكنۆلۆجیا بۆ گەشەپێدان و پسپۆڕیی و زانستی ئابوریی و كۆمەڵناسیی و ئەو شتانە لە ئارادا نییە. وانەكانی ژیان لێرە بریتین لە شتی لەم چەشنە: "هەر ئەوە گرنگ نییە ماستاو بكەیت، ئەوەش گرنگە كە كردت ماستاو بۆ بەقوەتەكەیان بكەیت، یعنی بۆ ئەوەیان كە مسۆگەر بە باڵادەستی دەمێنێتەوە ".
شاری شانۆ و شیعری چی؟ هەر رۆژەی زەلامێك تیایا هەڵدەتۆقێ و رۆژی دواتر دەبێت بە هەڵم.
شاری رۆشنبیریی ئێستاكە بووە بە شوێنێكی سەیر. سەرۆكی سەلەفیی ناوچەكە لێرەیە. خاوەنی گەورەترین تەكێخانە لێرەیە. جا كێ لێرە نییە و كێ باڵادەست نییە؟ تەنها زانستكاران و زانست.
خۆ بە تەما نیت خۆت گێل بكەیت و ناوی بنێیت: شاری فرەرەهەند!
داوای شۆڕشم لێ دەكەیت؟ پەنجا ساڵە پێمان ئەڵێن: شۆڕش بكە.. راپەڕە... بكوژە و ببڕە...
دانیشە نەگبەت، حاڵمان زۆر جوانە بەدەست شۆڕشەوە؟ ژیانمان بۆیە فەوتا بیرمان لە هەنگاوی دووەم نەكردەوە. ئەڕوخێنین، بەس نازانین چی لە شوێنیدا بینا بكەینەوە؟ ئەڕۆین، بەس نازانین چیمان بەسەر دێت، هەموو شتەكانی دیكەشمان هەروا كرد.
جا بە رای من و دوای فەشەلی تەواوی پێشنیارەكانمان، ئەمەی خوارەوە دەخەمەڕوو بەڵكو هیچ نەبێت یەكێكیان سودێكی هەبێ بۆ كەسێك:
ئەوەی گەنجە یان تەمەنی بەدەستەوە ماوە و بۆی ئەكرێت بە پلانێكی عاقڵانە بڕوات هیچ عەیبێكی نییە. بەڵام ئەوەیان نا خۆت بەیتە دەست قاچاخچی و چارەنوسی نادیار و لەوسەرەوە بە قوڕبەسەركراویی خۆو بكەیتەوە بە ماڵا و بێیتەوە، ئینجا لەگەڵ هاوڕێكانتدا دەستكەیتەوە بە خواردنەوە و نێرگەلەكێشان.
ئەوەی ئەمێنێتەوە، تا مەجالی هەبوو هاوسەرگیریی دوا بخات، تەنهایی هەرچۆنێكە باشترە لەوەی خێزانت هەبێت لە وڵاتێكدا كە رۆژ نییە خێزانەكەت بەشێوەیەك لە شێوەكان نەكەوێتە ئەزمەیەكەوە.
ئەوەی ناتوانێت هاوسەرگیریی دوا بخات، تا دوا ئەندازە مناڵ دروستكردن دوا بخات. ئینجاش یەك یان دوو دانە بەسە. بەقورئان یەك دانەش بەسە. مناڵ بۆ كێ دروست دەكەیت؟ بۆ بارەگاكانی حزب و موخابەراتی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیی؟ یان بچێ بۆ قەندیل لەوێ شەڕ بكات؟ ئەوە جەوە توخوا؟ ئينجا تا ئیشێكی دەستدەكەوێت رۆحی هەنجن هەنجن دەبێت، ناچاریشی ئەكەن بەشێك لە كەرامەتی تەسلیم بكات. سەرمایەداری زەخم بەدەست ئەم وڵاتەوە داماوە، ئاخۆ مناڵەكەی تۆ چۆن بێت؟
قوربان گیان بۆت كرا سەردانی هەندێك شوێن مەكە، زۆر ناشیرین و ناخۆشە با مەزاجت تێك نەچێ. مەسەلەن لە دنیایا نەبووە شێت و سەگ و پشیلەی داماوی كۆڵان و سواڵكەر و جەیش و خەڵكی ئاسایی هەموویان پێكەوە لە چایخانەیا دانیشن بۆ جەو وەرگرتن.
عەرزت بكەم، روبەری پەیوەندییەكانیشت سنوردار بكە تا كەمتر ماندوت بكەن. خۆ ئەوەی بوناسێ ئەڵێ بچینە دەرەوە پیاسەیەك بكەین؟ لەوێش هەر دەردە دڵەكەیە.
تێی هەڵە لە هەولێر و دهۆكیش. ئێرە فەوزا و ئەوێش سەركوتكاریی. هەردووكیان دوو پارچەی یەك وێنەن و یەكتر تەواو دەكەن و یەكتر بەرهەمدەهێننەوە.
تێی هەڵە لەم ژیانەی ئێمە ژیاین. ئەوەی حورمەت بێت لای دەسەڵاتداران نیمانە. لێرە زۆر ئاساییە تەواوی كەرامەت و سەنگ و پلان و بگرە ژیانت بخەنە قۆنەرەی پێی چەند بەرپرسێكەوە كە خۆیان قۆنەرەی ئەم وڵات و ئەو وڵاتن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×