بۆ كوێ بڕۆین؟

د. نیاز نه‌جمه‌دین
  2020-12-17     605
لە گەمژەییم نییە، تا ئەم دەقەیەش بە سەفەر نەبێت تاقەتی ئەوروپا و شتم نییە.
ئەزانم ژیان لەوێ بەراورد بە ئێرە چۆنە. مەسەلەن لەسەر حەزە بچوكەكانت، لەوانە لێخۆڕینی پاسكیل، نابیتە قەشمەر و جێ قسەوباسی خەڵك. فەرقی هەیە چاوت دوو دیمەنی سروشتیی ببینێت، چوار سەگی روخۆش و پۆشتە بەلاتدا تێپەڕن، پۆلێك كۆتر دڵخۆشیی خۆیان بەوەی لە چواردەورتن و ئازاریان نایەی بە گمەگم دەرببڕن. چی لەوە باشترە منداڵان ببینیت پۆشتە و پڕ لە خەیاڵ بەرەو قوتابخانە كەوتونەتەڕێ، ژنان بێ خەمی دەركەوتنی سنگ و پوزیان دەسوڕێنەوە و نابنە شوێنی توانجی رێبواران، خانەنشینەكان تێر و تەسەل خۆیان گۆڕیوە و لەو سەدان كیلۆمەتر باخ و سەوزاییەی بۆ پیاسەكردن تەرخانكراوە، بجوڵێن و چەند ساڵێكی دیكە بخەنە سەر تەمەنیان؟
ئەزانم لێرە كە دەگەڕێیتەوە ماڵەوە دە جار دڵت تێكهەڵاتووە بەو دیمەنانەی بینیوتن. تەنها تف هەڵدانی هەندێك "بەناو بەشەر" بۆ سەر شەقامەكان بەسە بۆ ئەوەی نیوەڕۆ نانت بۆ نەخورێت. بڕۆ بۆ سەرا و ئەبینیت سەگێكی بێناز كەوتۆتە ناو ژاوەژاوی چاخۆرەكانی ناو بازاڕەوە، هاوهوی ئەو مناڵە عەلاگە فرۆشانەی بە "توو خوا خاڵە گیان لێم بكڕە" ئەیانەوێت دووسەدوپەنجا دینار لە بازاڕەكە بۆ لای خۆیان راكێشن، راوی دەنێت.
لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە لە شوێنێك بژیت هەست نەكەیت دەسەڵات لە مۆبایلەكەتدایە، لە فەیسبوكەوە چاودێریت دەكات، بگرە لە ژووری نوستنەكەشتدایە. خەون بە وڵاتێكەوە ئەبینم بچمە بەردەرگا و لوتم نەتەقێ بە لوتی دەسەڵاتدا. لێرە لە عەمودەكەی بەردەم ماڵتەوە كە وایەر خنكاندویەتیی، هەست بە بوونی حكومەت و دەسەڵات دەكەیت تا دەگات بەو كۆڵان و شەقامە سەرەكییانەی شار كە حزب نەماوە بارگەی خۆی لێ نەخات.
جارێ فریا نەكەوتوین تەنانەت خەمی پیسبون و سوتاندنی روبارەكانمان و دارستانەكانمان بخۆین، چجای ئەوەی ببنە شوێنی مەلەكردن و پیاسەكردن. گلەیی و گازندەی ترمان زۆرن. چاوت بكەوێتە سەر كوێ، شێی دواكەوتوویی دایڕزاندووە و هەتاوی گەشەسەندنی بەرنەكەوتووە.
لەگەڵ ئەمانەشدا، شتی دیكەمان هەیە. من سەیری ئەو پیاوانە ناكەم كە دێنە سەر شاشەكان و دەیانەوێت پێمان بڵێن دۆزەخ لێرە باری كردووە. سەیری ئەو هاوڕێیانە ئەكەم پێیان ئەڵێیت وەڕسم و خێرا لەسەر سەرتن، سەیری ئەو خوێندكارانە ئەكەم كە لە هەموو شوێنێكەوە وشەی شیرین بۆ مامۆستاكانیان دەنێرنەوە، لەو نەخۆشانە ئەڕوانم دڵیان بە پزیشكە بەڕەحم و زیرەكەكان خۆشە و دوعای خێریان بۆ ئەكەن، ئەو نوسەرە قەڵەمجوانانەی دوو خوێنەر خۆیان ئەگەیەننە لایان و رۆحی كزیان بە خۆشەویستیی گەرم ئەكەنەوە. ئیدی هەر بەو شێوەیە.
با ئێرە یەكجار هێندە لە پێشچاوی خۆمان نەخەین. دەیان شوێنی وەك جگەرخانەكەی مام ئەنۆر لە شەقامی مەولەویی، كە لوتفی جوانی و شیشە تەنك و هەرزانەكانی ئەخاتە ناو نانی بازاڕیی گەرمەوە و پێشكەشتی دەكات، بۆ ئێمەیەك كە یادگارییمان لەگەڵی هەیە و چێژبەخشە، لە هیچ شوێنێك نایدۆزیتەوە. لای كەم جیلی ئێمە، تازە فێری ئەوە بووین لەگەڵ خزماندا سەروپێ و كەڵەشێر و مریشكی كوردیی و قاز لە نیوەڕوانی هەینییدا خۆش بكەین، بەیانیانی شەممان ناوساجیی و ماستی بۆكڕوز نۆش بكەین.
دنیای ئێمە تەنها بەسەر كۆیلە و دیكتاتۆریشدا دابەش نەبووە، خەڵكێكی زۆر لەو نێوەندەدا هەن و بە شێواز و رێگای جیاواز لە بەلەمی ژیاندا بەرەو شوێنێكی باشتر سەوڵ لێ دەدەن.
بۆ هەركوێ بڕۆین ئێرە لێمان نابێتەوە. خۆ مێشكمان هاردی كۆمپیوتەر نییە بە گەیشتنمان بە وڵاتێك ئەوەی لەسەری تۆماركراوە بە كلیكێك بسڕینەوە و شتێكی نوێ بەڵام لە هەندێك شوێندا رەق و وشكی لەسەر داونلۆود بكەین. ئەوەش لەولاوە بوەستێت كە زۆر ناخۆشە لە وڵاتێكدا بژیت نە كەس خۆشیبوێیت و نە كەس رقی لێت بێت. بۆ كوێ بڕۆین؟ دەریاكانیش لە سەرهەڵگرتنی ئێمە و لوشدانمان بێزار بوون.
من تۆ سارد ناكەمەوە لە جێهێشتنی ئێرە، بەڵام دەبێت بیرت بخەمەوە كە كۆچبەر ئەو مەخلوقەیە نیوەی لە وڵاتەكەی خۆی جێدەمێنێت و نیوەی دەگات. دەبوو بیرت بخەمەوە ئێرە لە توانایدايە باشتر ببێت، ئەشبێ باشتر بێت. مەگەر ئەو كاتە تۆش وەك جەستەیەكی كامڵ و رۆحێكی پڕ بەسەر زەوییدا هاتوچۆ بكەیت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×